٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم. ئایین (بەشی سێهەم و چوارەم) وەرگێرانی: کەماڵ حەسەنپوور
٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم.
ئایین (بەشی سێهەم)
وەرگێرانی: کەماڵ حەسەنپوور
گیروگرفتی شوناس: هێڵەکانی سەر زیخ
لەگەڵ ئەوەشدا مارکس زێدەڕۆیی کردبوو کاتێک ئایینی وەک تەنیا سەرخانێکی حەشاردانی هێزە تەکنەلۆژیکی و ئابوورییە بەهێزەکان ڕەت کردبۆوە. تەنانەت ئەگەر ئیسلام، هیندوئیسم یان ئایینی کریستیان تەنیا ڕازاندنەوەیەکی ڕەنگاوڕەنگ بە سەر پێکهاتەی ئابووری مودێڕنیش بن، خەڵک زۆر جار خۆیان بە دیکۆر پێناسە دەکەن و، شوناسی خەڵک هێزێکی یەکلاکەرەوەی مێژووییە. هێزی مرۆڤ لە هاوکاریی جەماوەریی دایە، هاوکاریی جەماوەریی بە دروست کردنی شوناسی جەماوەرییەوە گرێ دراوە، و هەموو ئەو شوناسە جەماوەرییانە بناخەیان لەسەر چیرۆکی خەیاڵیی دامەزراوە، نەوەک ڕاستییە زانستییەکان یان تەنانەت پێداویستییە ئابوورییەکان. لە سەدەی بیست و یەکەم، دابەش بوونی مرۆڤان بە سەر جوولەکە و مسوڵمان یان ڕوسیەیی و لەهستانی دیسان بەستراوەتەوە بە ئەفسانە ئایینییەکان. هەوڵەکانی نازیست و کۆمۆنیستان بۆ دیاریکردنی زانستیی ڕەگەز و چینی مرۆڤەکان، دەرکەوت کە شێوە زانستێکی مەترسیدار بێ و، لەو کاتییەوە زانستوانان لە ڕادە بەدەر لە پێناسە کردنی شوناسی ‘سرووشتیی’ مرۆڤ بە گومانن.
کە وابوو لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئایینەکان باران نابارێنن، ئەوان نەخۆشان چارەسەر ناکەن، بۆمبان دروست ناکەن، بەڵام بۆیان هەیە بڕیار بدەن ‘ئێمە’ کێین و ‘ئەوانی دیکە’ کێن، کێ چاک بکەینەوە و کێ بۆردومان بکەین. هەر وەک پێشدا ئاماژەی پێکرا، لە ڕوانگەی کردارییەوە جیاوازییەکی گەلێک کەم لە نێوان ئێرانی شیعە، عەڕەبستانی سعودی سوننە و ئیسڕائیلی جوولەکە هەیە. هەموویان دەوڵەت نەتەوەی بیرۆکراتیکن، هەموویان کەم تا کورتێک دوای سیاسەتی سەرمایەداریی دەکەون، هەموویان مناڵان دژی ئیفلیج بوون ڤاکسین دەکەن و، هەموو پشت بە پسپۆڕانی کیمیا و فیزیا دەبەستن تا بۆمب دروست بکەن. هیچ شتێک بە ناوی بیرۆکراتی شیعە، سەرمایەداریی سوننە یان فیزیای جوولەکە نییە. کە وابوو چۆن خەڵک وا لێ بکەن تا هەست بە تاقانە بوون بکەن و هەست بە وەفاداریی بەرانبەر بە تەنیا هۆزێکی مرۆڤان بکەن و دژایەتی یەکتر بکەن؟
بۆ کێشانەوەی هێڵی نەگۆڕ لە خیزەڵانی هەردەم بگۆڕی مرۆڤایەتیدا، ئایینەکان کەڵک لە ئاهەنگ، بۆنە و ڕیوڕەسم وەر دەگرن. شیعە، سوننە و جوولەکەی ئۆرتۆدۆکس جلوبەرگی جیاواز دەپۆشن، دوعای جیاواز دەخوێنن و تابووی جیاواز لەبەر چاو دەگرن. ئەو نەریتە جیاوازە ئایینییانە زۆر جار ژیانی ڕۆژانە پڕ دەکەن لە جوانیی و خەڵک هان دەدەن کە دڵفراوانتر بن و زۆرتر خێرات بکەن. پێنج جار لە ڕۆژێدا ئاوازی بانگدەر بە سەر دەنگی بازاڕ، نووسینگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا زاڵ دەبێ، بانگی موسڵمانان دەکات لە کاروباری ڕۆژانە پشوو بدەن و هەوڵ بدەن پێوەندی بە ڕاستی تاهەتاییەوە بگرن. دراوسێ هیندوویەکانیان ڕەنگبێ بە دوای هەمان ئامانجەوە بە یارمەتی پوجاکان و گوتنەوەی مانتراکانی ڕۆژانەیان بن. هەموو ئێوارانی ڕۆژی هەینی، بنەماڵە جوولەکەکان بۆ ژەمێکی تایبەتی پڕ لە خۆشیی، سوپاسگوزاریی و پێکەوەبوون، لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە. دوو ڕۆژ دواتر، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، کۆڕی ئاوازی کریستیان هیوای ژیان بە میلیۆنان مرۆڤ دەبەخشن و یارمەتی بە پتەو کردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی متمانە و سۆزداریی دەکەن.
نەریتی دیکەی ئایینی، دنیا پڕ دەکەن لە شتی ناشیرین و دەبنە هۆی هەڵسوکەوتی خراپ و بێ بەزەییانەی خەڵک. بۆ وێنە شتێکی زۆر کەم هەیە مرۆڤ بە قازانجی ڕق و قین بەرانبەر بە ژنان و هەڵاواردنی چینایەتی [وەک لە هیندوستان لە ناو باوەڕمەندانی هیندو باوە. و.] بیڵێ. بەڵام جوان یان ناشیرین، سەرجەم ئەو نەریتە ئایینییانە دەبنە هۆی یەکگرتوویی هێندێک خەڵک لە کاتێکدا ئەوان لە دراوسێکانیان جیا دەکاتەوە. کاتێک لەدەروە ڕا بڕوانییە ئەو دیاردەیە، نەریتە ئایینییەکانی کە خەڵک لێک دادەبڕن بێبایەخ دێنە بەرچاو و فرۆید گاڵتەی بە شەیدایی خەڵک بۆ ئەو شتانە دەکرد و پێی دەگوتن’نارسیسیزمی جیاوازیی بچووک’. [نارسیسیزم نەخۆشییەکی دەروونییە کە لەویدا نەخۆش لە ڕادەبەدەر شەیدای خۆیەتی. و.] بەڵام لە مێژوو و سیاسەتدا، جیاوازیی بچووک تا مەودایەکی زۆر دوور بڕ دەکەن. بۆیە بێتوو تۆ پیاوێک یان ژنێکی هاوڕەگەزخواز بی، دەقاودەق پرسی مان و نەمانە کە ئاخۆ تۆ لە ئیسڕائیل، ئێران یان عەڕەبستانی سعودی بژی. لە ئیسڕائیل کەسانی سەر بە کۆمەڵگەی LGBT، لە لایەن یاساوە پارێزراون و تەنانەت هێندێک مالم هەن کە نزای خێر بۆ هاوسەرگیریی لە نێوان دوو ژندا دەکەن. لە ئێران، پیاو و ژنی هاوڕەگەزخواز بە شێوەی سیستەماتیک سەرکوت دەکرێن و هێندێک جار تەنانەت ئیعدام دەکرێن. لە عەڕەبستانی سعودی، ژنێکی هاوڕەگەزخواز تەنانەت ناتوانێ تا ٢٠١٨ ئوتومبێل لێ بخوڕێ، تەنیا لەبەر ئەوە کە ژنە، جا چ بگا بەوە کە هاوڕەگەز خواز بێ.
ڕەنگبێ باشترین نموونە بۆ دەسەڵات و گرینگیی ئایینە نەریتییەکان لە دنیای مودێڕندا لە ژاپۆن هەبێ. لە ١٨٥٣ هێزێکی دەریاوانیی ئەمریکایی ژاپۆنی ناچار کرد دەرگای خۆی بەرەو دنیای مودێڕن واڵا بکات. لە وەڵامدا دەوڵەتی ژاپۆن دەستی کرد بە پرۆسەیەکی گەلێک سەرکەوتووی نوێ کردنەوە. دوای چەند دەیە، بوو بە دەوڵەتێکی بەهێزی بیرۆکراتیکی پشتئەستوور بە زانست، سەرمایەداری و نوێترین تەکنەلۆژی سەربازیی کە بتوانێ بە سەر چین و ڕوسیە دا سەرکەوێ، تایوان و کۆرە داگیر بکات و لە کۆتاییدا هێزی دەریایی ئەمریکا لە پیرڵ هاربور نوقم بکات و ئیمپراتورییەکانی ئوروپایی لە خۆرهەڵاتی دووری ئاسیا لەناو بەرێ. لەگەڵ ئەوەشدا ژاپۆن کوێر کوێرانە نەخشە ڕێگای ئورووپایی کۆپی نەکرد. ئەو بە تەواوی بڕیاری دابوو شوناسە تاقانەکەی بپارێزێ و دڵنیا بێ کە ژاپۆنییە مودێڕنەکان وەفاداری ژاپۆن بن نەوەک زانست، مودێڕنیتە یان کۆمەڵگەیەکی ناڕوونی جیهانیی.
بۆ ئەو مەبەستە، ژاپۆن ئایینی خۆماڵیی شینتۆی وەک بەردی بناخەی شوناسی ژاپۆنی پاراست. لە ڕاستیدا، دەوڵەتی ژاپۆن شینتۆی لەسەر ڕا داڕشتەوە. شینتۆی نەریتیی تێکەڵاوێک بوو لە بڕوای ئاژەڵخواوەند پەرستیی، ڕووح و جندۆکەی جیاواز کە هەر گوندێک و پەرستگەیەک ڕووحی دڵخواز و نەریتی ناوچەیی خۆی هەبوو. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دەوڵەتی ژاپۆن شێوەیەکی فەرمیی شینتۆی دروست کرد، لە کاتێکدا کە خەڵکی لە زۆر لە نەریتە هەرێمییەکان پاشگەز دەکردەوە. ئەو ‘شینتۆ دەوڵەتییە’ لەگەڵ بیرۆکە نوێیەکانی ناسیۆنالیزم و ڕەگەز تێکەڵ کرا کە ئێلیتی ژاپۆنی لە ئیمپریالیستە ئەرووپاییەکانیان قەرز کرد. هەر توخمێکی بوودایی، کۆنفۆسیۆسیزم و نەریتی فیۆداڵیی سامورایی کە بیتوانیبا بۆ پتەو کردنی وەفاداریی بە دەوڵەت بەکەڵک بێ بەو چێشتی مجەورەیانەوە زیاد کرد. سەرتۆپی هەموو ئەوانە، ئەوە بوو کە لە شینتۆی دەوڵەتیدا پەرستنی ئیمپراتوری ژاپۆن، کە وەک نەوەی ڕاستەوخۆی خواوەندی هەتاو و بۆخۆی وەک خودایەکی زیندوو سەیر دەکرا، وەک بەرزترین پرەنسیپ پەسەند کرد.
لە یەکەم نیگادا، ئەو هەڵبەستنەی کۆن و نوێیە وەک بژارەیەکی گەلێک نەشیاو لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ وانەیەکی خێرای سەردەمیانە کردنی وڵات دێتە بەر چاو. خودایەکی زیندوو؟ ڕووحی ئاژەڵپەرست؟ نەریتی فیۆداڵیی؟ ئەوە زۆرتر وەک کۆتاییەکانی سەردەمی چاخی بەردین دەچێ تا دەسەڵاتێکی پیشەسازیی پێشکەوتوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە وەک جادوویەک کاریگەر بوو. ژاپۆنییەکان بە خێراییەکی سەرسوڕ هێنەر مۆدێرنیزە کران و هاوکات وفادارییەکی توندئاژۆیانەیان بەرانبەر بە دەوڵەتەکەیان پەیدا کرد. دیارترین سیمبۆلی سەرکەوتوویی شینتۆی دەوڵەتی ئەو ڕاستییەیە کە ژاپۆن یەکەم هێز بوو کە مووشەکی هەنگێوی دروست کردن و کەڵکی لێ وەرگرتن. دەیان ساڵ پێش ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆمبی زیرەک لەکار بکات و لە کاتێکدا کە ئاڵمانی نازی تازە خەریک بوو کەڵک لە مووشەکی V-2 وەرگرێ، ژاپۆن چەند دانە پاپۆڕی هاوپەیمانانی بە مووشەکی هەنگێو نوقم کردن. ئێمە ئەو مووشەکانە بە نێوی کامیکازە دەناسین. لە کاتێکدا کە ڕێنوێنیکردنی چەکی هەنگێوی ئەمڕۆیی لە ئەستۆی کامپیوتەرانە، کامیکازەکان فڕۆکەی ئاسایی بوون کە پڕ کرا بوون لە تەقەمەنی و مرۆڤی فڕۆکەوان دەیانهاژووتن کە ئامادە بوون بچنە مەئمورییەتی بێ گەڕانەوە. ئەو ئامادەییە بەرهەمی ڕووحی لە مردن نەترساوی قوربانیدانە کە شینتۆی دەوڵەتی چێنەری بوو. بۆیە کامیکازە پشتی بە تێکەڵاوێک لە تەکنەلۆژی هەرە پێشکەوتوو لەگەڵ مێشک شۆردنەوەی ئایینیی هەرە پێشکەوتوو بەستبوو.
بە ئانقەست بووبێ یان نا، ئەوڕۆ ژمارەیەکی زۆر وڵات لاسایی ژاپۆن دەکەنەوە. ئەوان ئامراز و دامەزراوە گەردوونییەکانی مودێڕنیتە ڕەچاو دەکەن و هاوکات پشت بە ئایینە نەریتییەکان بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان دەبەستن. هەمان ڕۆڵی شینتۆی دەوڵەتی لە ژاپۆن کەم تا کورتێک لە ئەستۆی کریستیانیی ئۆرتۆدۆکس لە ڕوسیە، کریستیانیی کاتۆلیک لە لەهستان ، ئیسلامی شیعە لە ئێران، وەهابیسم لە عەڕەبستانی سعودی و ئایینی جوولەکە لە ئیسڕائیل دەیگێڕێت. قەیناکا ئایین چەند کەونارا بێتە بەر چاو، بە کەمێک هێزی خەیاڵ و لێکدانەوە، نزیکەی هەموو کاتێک دەکرێ لەگەڵ ئامێرەکانی نوێترین تەکنەلۆژی و پێشکەوتووترین دامەزراوەکانی سەردەم لێک گرێ بدرێن.
لە هێندێک دۆخدا ڕەنگبێ دەوڵەتان ئایینێکی بە تەواوی نوێ دروست بکەن تا شوناسە نوێیەکەی خۆیانی پێ گەشە بدەن. یەکێک لە نموونە هەرە توندڕەوەکان دەکرێ لە کۆلۆنی پێشووی ژاپۆن واتە کۆرەی باکوور ببینرێت. ڕێژیمی کۆرەی باکوور مێشکی شارۆمەندانی بە ئایینێکی دەمارگرژانەی دەوڵەتی دەشواتەوە کە ناوی جوچەیە. ئەو تێکەڵاوێکە لە مارکسیزم-لێنینیزم، هێندێک نەریتی کۆنی کۆرەیی، باوەڕێکی ڕەگەز پەرستانە بە تاقانە بوونی ڕەگەزی کۆرەیی و، بە خواوەند کردنی بنەماڵەی کیم ئیل سونگ. ئەگەرچی کەس ئیددیعا ناکا کە کیمەکان نەوەی خودای هەتاو بن، ئەوان تەقریبەن لە سەرجەم خواوەندەکانی مێژوو زۆرتر دەپەرەسترێن. ڕەنگبێ ئەوان وانەیان لە شێوەی هەرەسهێنانی ئیمپراتوریی ژاپۆن وەرگرتبێ، بۆیە جوچەی کۆرەی باکوور زۆر دەمێکە چەکی ئەوتۆمی بەو تێکەڵاوە زیاد کردووە و گەشە کردنی خۆیان وەک ئەرکێکی پیرۆز سەیر دەکەن کە شیاوی ئەوپەڕی گیانفیداییە.
……………………………………
ئایین
(بەشی چوارەم)
ناسیۆنالیزمی دەستکرد
هەرچۆنێک تەکنەلۆژی گەشە بکات، ئێمە دەبێ چاوەڕوان بین دەلیلهێنانەوەکان بۆ شوناسە ئایینی و بۆنەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر کەڵک وەرگرتن لەسەر تەکنەلۆژییە نوێیەکان هەبێ و ڕەنگبێ توانایی ئاگر تێبەردانی دنیا وەدەست بهێننەوە. نوێترین مووشەکە ئەتۆمییەکان و بۆمبە سایبەرییەکان ڕەنگبێ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەسەر نووسراوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست کەڵکیان لێ وەرگیرێت. ئایین، ڕێوڕەسمەکان و بۆنەکان تا ئەو کاتی کە دەسەڵاتی مرۆڤایەتی لە هاوکاریی جەماوەرییدا بێ و تا ئەو هاوکارییانە لە سەر بنەماکانی بڕوای هاوبەش و خەیاڵە هاوبەشەکان بێ، گرینگ دەمێننەوە.
بە داخەوە، هەموو ئەوانە ئایینە نەریتییەکان دەکەنە بەشێک لە گیروگرفتەکانی مرۆڤایەتی، نەوەک بەشێک لە چارەسەرەکە. ئایینەکان هێشتا دەسەڵاتی سیاسی زۆریان هەیە، تا ئەو ڕادەیە کە ئەوان دەتوانن شوناسە نەتەوەییەکان پتەو بکەن و تەنانەت ببنە هۆی دەستپێکی جەنگی جیهانیی سێیەم. بەڵام کاتێک کە دەگاتە چارەسەر کردن نەوەک گەرمتر کردنی گیروگرفتەکانی جیهانیی سەدەی بیست و یەکەم، وێناچی شتێکی ئەوتۆیان پێبێ. ئەگەرچی زۆر لە ئایینە نەریتییەکان ڕێز لە بایەخە گەردوونییەکان دەگرن و ئیددیعای ڕەوابوونی گەردونیی دەکەن، هەنووکە ئەوان زۆرتر بۆ ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی دەستکرد کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، چ لە کۆرەی باکوور، ڕوسیە، ئێران یان ئیسڕائیل بێ. بۆیە ئەوان تەنانەت تێپەڕین لە جیاوازییە نەتەوەییەکان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی جیهانیی بۆ هەڕەشەکانی جەنگی ئەتۆمی، هەرسهێنانی ژینگەیی و لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیکی، دژوارتر دەکەن.
لەبەر ئەو هۆیە کاتێک کە هەڵسوکەت لەگەڵ گەرمبوونی جیهانیی یان بڵاو بوونەوە چەکی ئوتۆمی دەکرێ، مەلا شیعەکان، ئێرانییەکان هان دەدەن تا ئەو گیروگرفتانە لە ڕوانگەی تەسکی ئێرانییەوە سەیر بکەن، مالمە جوولەکەکان ئیلهام دەدەنە ئیسڕائیلییەکان تا زۆرتر لەخەمی ئەو شتانە دابن کە بۆ ئیسڕائیل باشە و، قەشە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕوسیە تکا لە ڕوسیەییەکان دەکەن پێشدا بیر لە بەرژەوەندییەکانی ڕوسیە بکەنەوە. هەرچی بێ، ئێمە نەتەوەی هەڵبژێراوی خوداین، کە وابوو ئەوەی بۆ نەتەوەی ئێمە باش بێ بۆ خوداش باشە. بێگومان بیرمەندی ئایینیش هەن کە زێدەڕۆییە ناسیۆنالیستییەکان ڕەت دەکەنەوە و زۆرتر دیدی دووری گەردوونیی لەبەر چاو دەگرن. بە داخەوە، لەو سەردەمەدا ئەو جۆرە زانایانە دەسەڵاتێکی سیاسی ئەوتۆیان نییە.
کە وابوو، دەبێ بڵێین ئەملام تات و ئەولام تات. هەنووکە توخمی مرۆڤ تاکە شارستانییەتێک پێکدێنێ و، گیروگرفتی وەک جەنگی ئەتۆمی، هەرەسهێنانی ژینگەیی و لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیکی تەنیا دەکرێ لە ئاستی جیهانییدا چارەسەر بکرێن. لە لایەکی دیکەوە، ناسیۆنالیزم و ئایین هێشتا شارستانییەتی مرۆڤایەتی ئێمە زۆر جار بەسەر بەرەی دوژمنی یەکتر دابەش دەکەن. ئەو بەریەککەوتنە لە نێوان گیروگرفتە جیهانییەکان و شوناسە هەرێمییەکان خۆی لەو کێشانەدا دەردەخا کە ئێستا لە مەزنترین ئەزموونی فرە کولتووریی دنیا دەبینرێ، واتە یەکێتی ئورووپا. یەکێتی ئورووپا کە لەسەر بەڵێنییەکانی بایەخە لیبڕاڵییە گەردوونییەکان دامەزراوە ، هەنووکە لە بەر دژوارییەکانی گونجاندن و کۆچبەریدا لە لێواری لێکهەڵوەشانە.