٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم. ئایین (بەشی یەکەم و دووهەم) وەرگێرانی کەماڵ حەسەنپوور
٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم. ئایین
(بەشی یەکەم )
وەرگێرانی کەماڵ حەسەنپوور
٨
ئایین
خودا ئێستا لە خزمەت نەتەوە دایە
تا ئێستا، ئایدیۆلۆژییە مۆدەرنەکان، پسپۆڕانی زانست و دەوڵەت-نەتەوەکان لە دروست کردنی دوورە دیمەنێکی بەهێز بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی شکستیان هێناوە. دەکرێ دوورە دیمەنێکی ئەوتۆ لە چاڵە قووڵەکانی نەریتە ئایینییەکانی مرۆڤ هەڵێنجرێ؟ ڕەنگبێ وەڵامەکە هەموو ئەو ماوەیە لە نێو لاپەڕەکانی ئینجیل، قورئان یان ڤیداکان چاوەڕوانی ئێمە بوون.
وێدەچێ خەڵکی سێکولار بە گاڵتە یان نیگەرانییەوە بەرپەرچی ئەو بیرۆکەیە بدەنەوە. پەرتوکە پیرۆزەکان ڕەنگبێ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گرینگ بووبن، بەڵام ئەوان چۆن دەتوانن لە سەردەمی ژیریی دەستکرد، گەرمبوونی جیهانیی و شەڕی سایبەریدا ڕێنوێنیمان بکەن؟ لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی سێکولار کەمینەن. بە میلیاردان مرۆڤ هێشتا بڕوایان زۆرتر بە قورئان و ئینجیل هەیە تا تیۆری سوڕی گەشەکردن؛ جووڵانەوە ئایینییەکان سیاسەتی وڵاتی فرەچەشن وەک هیندوستان، تورکیە و وڵاتە یەکگرتووەکان دادەڕێژن و دوژمنایەتی ئایینی، سووتەمەنی کێشەکان لە نایجریا تا فیلیپینە.
کەوابوو ئایینی وەک کریستیانیی، ئیسلام و هیندوئیسم چەندە پێوەندیدارن؟ ئەوان دەتوانن گیروگرفتە مەزنەکانی تووشیان دەبین چارە سەر بکەن؟ بۆ تێگەیشتن لە دەوری ئایینە باوەکان لە دنیای سەدەی بیست و یەکەم، ئێمە پێویستیمان بە جیا کردنەوەی سێ جۆرە گیروگرفتە:
گیروگرفتە تەکنیکییەکان. بۆ وێنە، جووتیاران چۆن دەتوانن لە وڵاتە بێ ئاوەکان لەگەڵ وشکەساڵیی بە هۆی گەرمبوونی جیهانیی هەڵسوکەوت بکەن؟
گیروگرفتی سیاسەت. بۆ وێنە، لە یەکەم هەنگاودا، دەوڵەتان بۆ پێشگرتن بە گەرمبوونی جیهانیی کەڵک لە کام ئامراز وەرگرن؟
گیروگرفتی شوناس. بۆ وێنە، گەلۆ من مشووری گیروگرفتی جووتیارانی ئەو سەری دنیا بخۆم، یان تەنیا لە فکری گیرۆگرفتی خەڵکی هۆز یان وڵاتی خۆم دابم؟
هەر وەک لە لاپەڕەکانی داهاتوو دا دەبینین، ئایینە نەریتییەکان تا ئاستێکی زۆر بۆ گیروگرفتەکانی تەکنیکی و سیاسی گرینگییەکی ئەوتۆیان نییە. بە پێچەوانە، ئەوان بۆ گیروگرفتەکانی پێوەندیدار بە شوناسەوە، گەلێک گرینگن، بەڵام لە زۆر دۆخ دا، ئەوان بۆخۆیان لە جیاتی چارەسەر، لایەنێکی مەزنی گیروگرفتەکەن.
گیروگرفتی تەکنیکی: جووتیاریی کریستیانیی
لە سەردەمانی کۆن ئایین بەرپرسی چارەسەر کردنی ژمارەیەکی زۆر لە گیروگرفتە تەکنیکییەکانی کەرتی ئاسایی وەک جووتیاریی بوو. ڕۆژژمێری خواوەندیی بڕیاریان دەدا کەنگێ تۆو بچێنی و کەنگێ دروێنە بکەی، لە کاتێکدا کە ڕێوڕەسمەکانی پەرستگە، باران و پاراستن دژی پەتای مسۆگەر دەکرد. کاتێک قەیرانێکی جووتیاریی لەبەر ویشکەساڵیی یان هێرشی کولـلە سەری هەڵدابا، جووتیاران پەنایان دەبردە لای قەشەکان تا بۆیان بپاڕێتەوە. دەرمانیش هەوەها کەوتبوو ناوچەی دەسەڵاتی ئایینەوە. نزیکەی هەموو پێغەمبەر، گوروو [مامۆستای ئایینیی هیندوو و بودایی. و.] و شامانێک [شامان= کەسێک لە ناو هێندێک ئایینی خۆرهەڵات و باکووری ئاسیا و باکووری ئەمریکا، وەک کەسایەتی ئایینی کە دەسەلاتی بەسەر خێوی باش و خراپدا هەیە. و.] کارە لاوەکییەکەی چاک کردنەوەی نەخۆشان بوو. بۆیە عیسای پێغەمبەر بەشی هەرە زۆری کاتی خۆی بۆ چاک کردنەوەی نەخۆشان، چاک کردنەوەی چاوی کردنەوەی کوێران، ئاخێوەر کردنەوەی لاڵان و ئاسایی کردنەوەی شێتان تەرخان کردبوو. تۆ چ لە سەردەمی میسری کەونارادا ژیابای یان ئورووپای سەدەکانی ناوەڕاست، کاتێک نەخۆش دەبووی وێدەچێ چووبای بۆ لای ژنێکی جادووگەر تا پزیشکیک و، لە جیاتی سەردانی نەخۆشخانە بکەی سەفەری زیارەتی گڵکۆیەکی پیرۆزت دەکرد.
لەو دواییانەدا بایۆلۆگ (زیندەوەر ناس) و نەشتەرگەران جێگای قەشە و کرێکارانی موعجیزە خولقێنیان گرتۆتەوە. بێتوو ئێستا میسر تووشی هورووژمی کولـلە بێ، میسرییەکان ڕەنگبێ لە ئەڵڵا بپاڕێنەوە یارمەتییان بکات، بۆ نا؟، بەڵام پێوەندیگرتن بە پسپۆڕانی کیمیا، توێژەری گەناوەر و توێژەرانی جینەکان لە بیر ناکەن، تا ئەوان بتوانن دەرمانی دژی گەناوەر و گەنمی خۆڕاگر لە بەرانبەر ئەو گەناوەرانە دروست بکەن. بێتوو مناڵی هیندوویەکی بڕوادار تووشی سوورێژەی دژوار بێ، باوکەکەی لە دانڤانتاری دەپاڕێتەوە و گوڵ و شیرنەمەنی لە پەرستگەیەکی نزیک ماڵی خۆیان پێشکەش دەکات، بەڵام تەنیا دوای گەیاندنی خێرای مناڵەکەی بۆ نزیکترین نەخۆشخانە و دانی مناڵەکەی بە پزیشکەکانی ئەوێ تا پێی ڕابگەن. تەنانەت نەخؤشیی دەروونیش، دوایین مەتەرێزی چاککەرەوانی ئایینی، خەریکە وردە وردە بکەوێتە دەست زانستوانانەوە، چونکە هەستەدەمارناسیی جێگای جنۆکەناسیی دەگرێتەوە و لەجیات وەدەرنانی جنۆکە، دەرمانی پرۆزاک بە نەخۆشەکان دەدەن.
سەرکەوتنی زانست هێندە تەواو بووە کە خودی بیرۆکەی ئێمەشی لەسەر ئایین گۆڕیوە. ئێمە چیدیکە ئایین بە جووتیاری و پزیشکییەوە گرێ نادەین. تەنانەت ئێستا زۆر دەمارگرژ تووشی فەرامۆشکاریی بە کۆمەڵ بوون و، پێیان باشترە لە بیر خۆیانی بەرنەوە کە ئایینە نەریتییەکان ڕۆژێک بانگەشەی خاوەندارییەتی ئەو بابەتانەیان دەکرد. دەمارگرژەکان دەڵێن، “ئێ چی دەبێ بێتوو ئێمە ڕوو لە ئەندازیاران و پزیشکان بکەین؟، ئەوە سەلمێنەری هیچ شتێک نییە. لە بنەڕەتدا ئایین چی داوە لە جووتیاری و پزیشکی؟”
ئایینە نەریتییەکان هێندەیان گۆڕەپان لە کیس داوە، چونکە ئەوەی ڕاستی بێ، ئەوان هێندە لە جووتیاری و کەرتی تەندروستیدا باش نەبوون. پسپۆڕە ڕاستەقینەکانی قەشە و گوروو، بە ڕاستی قەت خۆیان سەرقاڵی باران دوست کردن، چاک کردنەوە، پێشبینی و جادوو نەدەکرد. لە جیاتان، کاری ئەوان هەموو کاتێک لێکدانەوە بووە. قەشە کەسێک نەبووە کە شارەزای سەمای باران و کۆتاییهێنان بە ویشکەساڵی بێ. قەشە کەسێکە کە دەزانێ چۆن کاتێک سەمای باران شکستی هێنا، پاساوی بۆ بێنێتەوە و ئەوە کە ئێمە دەبێ بڕوا بە خودا بکەین تەنانەت کاتێک کە وێدەچێ لە بەرانبەر هەموو نزاکانمان گوێچکەی کەڕ بن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە دەقاودەق ئەو لیکدانەوەیە کە ڕێبەرە ئایینییەکان دەستەوەستان دەهێڵێتەوە، کاتێک لەگەڵ زانستوانان کێبڕکێ دەکەن. زانستوانانیش دەزانن چۆن پاساو بۆ شتی بێننەوە و بەڵگە بگۆڕن، بەڵام لە کۆتاییدا، پێناسەی زانست ئامادەیی ددان پێدانان بە شکست و هەوڵ بۆ هەڵبژاردنی ڕێبازێکی جیاوازە. بۆیە زانستوانان وردە وردە فێر دەبن چۆن دانەوێڵەی باشتر بەرهەم بێنن و دەرمانی باشتر دروست بکەن، لە کاتێکدا کە گوروو و قەشەکان تەنیا فێری ئەوە دەبن چۆن پاساوی باشتر بدۆزنەوە. لە ماوی سەدان ساڵ، تەنانەت باوەڕمەندە ڕاستەقینەکانیش هەستیان بە جیاوازیی کردووە، کە بۆتە هۆی کەم بوونەوەی زیاتر و زیاتری دەسەڵاتی ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئایینی لە گۆڕەپانی زانستیی. ئەوە هەروەها لەبەر ئەو هۆیەیە کە دنیا بە شێوەی پەرە ئەستێن دەبێتە خاوەنی تاکە شارستیانییەتێک. کاتێک شتەکان بە ڕاستی کار دەکەن، هەموو کەس لەبەر چاویان دەگرن.
…………………………..
٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم
ئایین
(بەشی دوویەم)
گیروگرفتی سیاسەت: ئابووری ئیسلامی
لە کاتێکدا کە زانست بۆ پرسیاری تەکنیکی وەک چۆن چارەسەری سوورێژە بکەین، وەڵامی ڕوونمان دەداتەوە، ناکۆکی بەرچاو لە نێوان زانستوانان لە سەر پرسە سیاسییەکان هەیە. نزیکەی سەرجەم زانستوانان هاوڕان کە گەرمبوونی جیهانیی شتێکی ڕاستە، بەڵام هیچ هاوڕاییەک لە پێوەندی لەگەڵ باشترین پەرچەکرداری ئابووری لە بەرانبەر ئەو هەڕەشەیە لە گۆڕێدا نییە. بەڵام، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئایینە نەریتییەکان دەتوانن یارمەتیمان بکەن چۆن پرسەکە چارەسەر بکەین. کتێبە پیرۆزە کەوناراکان ڕێنوێنیکەری باش بۆ ئابووری مۆدەرن نین و هێڵە جیاکەرەوە سەرەکییەکان، بۆ وێنە لە نێوان سەرمایەداران و سوسیالیستان، لەگەڵ جیاوازیی نێوان ئایینە نەریتییەکان یەک نین.
ڕاستە، لە وڵاتانی وەک ئیسڕائیل و ئێران مالمەکان و ئایەتوڵڵاکان ڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر سیاسەتی ئابووریی دەوڵەت گاریگەریی هەیە و تەنانەت لە وڵاتانی زۆرتر سێکولار وەک وڵاتە یەکگرتووەکان و برازیل ڕێبەرە ئایینییەکان کاریگەرییان لەسەر بیروڕای گشتی لە مەڕ پرسی و ەک باج و بڕیارە ژینگەییەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای تێفکرینی وردتر ئاشکرا دەبێ کە لە زۆربەی دۆخەکاندا، ئایینە نەریتییەکان بە ڕاستی هەوایەکی دیکە جگە لە تیۆرییە مۆدەرنە زانستییەکان لێ دەدەن. کاتێک ئایەتوڵڵا خامنەیی پێویستی بە بڕیارێکی یەکلا کەرەوە لەمەڕ ئابووری ئێران هەیە، ئەو ناتوانێ وەڵامە پێویستەکان لە قورئاندا بدۆزێتەوە، چونکە عەڕەبەکانی سەدەی حەوتەمی زایینی شتێکی زۆر کەمیان لەبارەی گیروگرفتەکان و دەرفەتەکانی ئابوورییە پیشەسازییە مۆدەرنەکان و بازاڕە داراییە جیهانییەکان دەزانی. کە وابوو، ئەو، یان یاریدەرانی، دەبێ ڕوو لە مارکس، میلتۆن فریدمەن، فرێدریک هایەک و زانستی نوێ لەمەڕ ئابووری بکەن تا وەڵامەکان بدۆزنەوە. بێتوو لەسەر بردنەسەری ئاستی سوودی سەر قەرز، دابەزاندنی باج، بە تاکیی کردنی ئەو شوێنانەی کە لە قۆرخی دەوڵەت دان یان واژۆ کردنی ڕێککەوتنی گومرگی ناونەتەوەیی ساغ بێتەوە، خامنەیی دەتوانێ کەڵک لە زانیارییە ئایینییەکەی و دەسەڵاتەکەی وەرگرێ تا وەڵامە زانستییە بەردەستەکانی ئەو پرسانە لە بەرگی ئەم یان ئەو ئایەتی قورئان بپێچێتەوە و وەک ویستی ئەڵڵا دەرخواردی جەماوەری بدات. بەڵام بەرگەکە کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەیە. کاتێک سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێرانی شیعە، عەڕەبستانی سعودی سوننە، ئیسڕائیلی جوولەکە، هیندوستانی هیندو و ئەمریکای کریستیان لەگەڵ یەکتردا بەراورد بکەی، هیچ جیاوازییەک نابینی.
لە سەدەکانی نۆزدەهەم و بیستەم دا، بیرمەندانی موسڵمان، جوولەکە، هیندو و کریستیان دژی ماتریالیزمی مودێرن، دژی کاپیتالیزمی بێ ڕووح و دژی زیدەداهاتی دەوڵەتی بیرۆکراتیک، ورووژان. ئەوان بەڵێنییان دا بێتوو ئەوان تەنیا دەرفەتێکیان پێ بدرێت، سەرجەم نەخۆشییەکانی مودێرنیتە چارەسەر دەکەن و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی تەواو جیاواز لەسەر بناخەی بایەخە تا هەتاییەکانی ڕووحیی ئایینی خۆیان دروست دەکەن. ئێ باشە، ئەوان تا ئێستا چەند دەرفەتیان بۆ هەڵکەوتوون و تەنیا جیاوازیی هەستپێکراوی ئەوان بۆ بنیاتنانی ئابووری پێشکەوتوو ئەوە بووە کە تابلۆیەکی دیکەیان کێشاوەتەوە و هیلالێک، خاچێک، ئەستێرەیەکی داوود یان ئاومێکی مەزنیان لە سەربانی داناوە.
هەر وەک لە پرسی دروستکردنی باراندا، لە پێوەندی لەگەڵ ئابووریشدا، لێهاتوویی درێژمەودای زانایانی ئایینی لە لێکدانەوە بۆ نووسراوەکانە کە ئایینی بێ کەڵک دەکات. جیاوازیی نییە خامنەیی کام سیاسەتی ئابووری ڕەچاو بکات، ئەو هەمیشە دەتوانێ لەگەڵ قورئان ڕێکی بخات. بەو شێوەیە قورئان لە سەرچاوەی زانیاریی ڕاستەقینە بۆ تەنیا سەرچاوەی دەسەڵات نزم دەکرێتەوە. کاتێک تووشی گرێ پووچکەیەکی ئابووری دەبی، مارکس و هایەک بە وردی دەخوێنییەوە و، ئەوان یارمەتیت دەکەن تا باشتر لە سیستەمی ئابووری تێبگەی، شتەکان لە گۆشە نیگایەکەی دیکەوە ببینی و بیر لە ڕێگاچارەی شیاو بکەیەوە. دوای دیتنەوەی ڕێگاچارەیەک، ڕوو لە قورئان دەکەی و بە دوای سووڕەیەک دا دەگەڕێی کە ئەگەر بە شێوەیەکی داهێنەرانە لێکدانەوەی بۆ بکرێ، دەکرێ ڕەوایی بۆ ڕێگاچارەکەی هایەک یان مارکس بدۆزییەوە. جیاوازیی نییە لەویدا چ دەدۆزییەوە، بێتوو شارەزاییەکی باشت لەسەر قورئان هەبێ، هەمیشە دەتوانی ڕەوایی پی بدەیت.
ئەو شتە بۆ ئایینی کریستیانیش ڕاستە. کەسێکی کریستیان ڕەنگبێ بە هەمان هاسانی سەرمایەدار یان سوسیالیست بێ و تەنانەت ئەگەرچی هێندێک لەو شتانەی عیسا گوتوونی بە تەواوی وەک هی کۆمۆنیزم بچن، لە کاتی شەڕی سارددا سەرمایەدارە خاسەکانی ئەمریکا درێژەیان بە خوێندنەوەی نزای خوتبەی سەر كێوی دەدا بێ ئەوەی زۆر بیری لێ بکەنەوە. شتێک بە نێوی ‘ئابووری کریستیانی’، ‘ئابووری ئیسلامی’ یان ‘ئابووری هیندو’ بوونی نییە.
مەبەست ئەوە نییە کە هیچ بیرۆکەیەکی ئابووری لە ئینجیل، قورئان یان ڤەیدادا نییە، بەڵکو قسەکە ئەوەیە کە ئەو بیرۆکانە زۆر شایانی باسی ڕۆژ نین. خوێندنەوەی ڤەیدا لە لایەن ماهاتما گاندی بووە هۆی ئەوە کە ئەو هیندوستانی سەربەخۆ وەک کۆمەڵیک کۆمەڵگای خۆبەخێوکاری جووتیاریی ببینێ، کە هەرکام جلوبەرگی خادی خۆی دەڕێسێ، کەمێک هەناردە دەکات و تەنانەت کەمتریش هاوردە دەکات. بەناوبانگترین وێنەی ناوبراو ئەوی لە کاتی ڕێستنی لۆکە بە دەستی خۆی نیشان دەدا و، ئەو چەرخی خاکەڕای خەڕەکی کردە سیمبۆلی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیی هیندوستان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خولیا کەونارایە لەگەڵ ڕاستییەکانی ئابووری مۆدەرن هەر یەک ناگرێتەوە و لەبەر ئەو هۆیە شتێکی ئەوتۆی لێ نەماوە جگە لە وێنە درەوشاوەکەی گاندی لەسەر دراوی کاغەزیی ڕوپیە نەبێ.
تیۆرییە نوێیەکانی ئابووری زۆر لە ویشکە بڕواییە نەریتییەکان کە تەنانەت بۆ لێکدانەوەی بە ڕواڵەت کێشە ئایینییەکانی ناو ئابووریش بوونە باو، بە کەڵکترن، لە کاتێکدا کەس پێچەوانەکەی ناکا. بۆ وێنە، هێندێک کەس دەلیل دێننەوە کە کیشەی ئیرلەندی باکوور لە نێوان کاتۆلیکان و پرۆرێستانتان تا ڕادەیەکی زۆر هۆیەکەی کێشەی چینایەتی بوو. بە هۆی چەند ڕووداوی چاوەڕوان نەکراوی مێژوویی، لە باکووری ئیرلەند چینی باڵادەست زۆربەیان پرۆتێستان بوون و چینی ژێردەست زۆربەیان کاتۆلیک بوون. بۆیە، ئەوەی کە لە یەکەم هەنگاودا وێدەچێ کێشەیەکی ئایینی لە سەر سرووشتی عیسای مەسیح بێ، لە ڕاستیدا بەربەرەکانی باوی نێوان دەوڵەمەند و هەژارانە. بە پێچەوانە، کەم خەڵک هەن ئیددیعای ئەوە بکەن کە کێشەی نێوان گەریلا کۆمۆنیستەکان و خاوەن زەوییە سەرمایەدارەکانی باشووری ئەمریکا لە حەفتاکانی زایینیدا بە ڕاستی تەنیا سەرپۆشێک بوو بۆ ناکۆکی لە سەر خواناسیی کریستیانی.
کە وابوو کاتی بەرەوڕوو بوونەوەی پرسە مەزنەکانی سەدەی بیست و یەکەم، ئایین چ کاریگەرییەکی هەیە؟ بڕوانە بۆ وێنە پرسی دانی دەسەڵات بە ژیری دەستکرد کە بڕیار لەسەر ژیانی خەڵکی بدات، کە بۆت هەڵبژێرێ چ بخوێنی، لە کوێ کار بکەی و لەگەڵ کێ هاوسەرگیری بکەی. هەڵوێستی ئیسلام لەو بارەوە چییە؟ هەڵوێستی جوولەکە چییە؟ لێرە هیچ هەڵوێستێکی ‘ئیسلامی’ یان ‘جوولەکە” نییە. وێدەچێ مرۆڤایەتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بێ، ئەوانی لایەنگری دانی دەسەڵاتی بەرچاو بە ژیریی دەستکردن و، ئەوانی کە دژی ئەو هەڵوێستەن. موسڵمان و جوولەکە وێدەچێ لە هەر دوو بەرە دا هەبن و، بۆ ڕەوایی دان بە هەر کام لەو هەڵوێستانە ئەوان کەڵک لە وەرگیڕانی داهێنەرانە لە قورئان و تالمود وەرگرن.
بێ گومان، ڕەنگبێ تاقمە ئایینییەکان بۆچوونیان لە سەر هێندێک پرسی دیاریکراو تووند بکەن و، ئەوان بکەنە شتێکی پیرۆز یان ویشکە بڕوایی تا هەتایی. لە حەفتاکانی زایینیدا زانایانی ئایینی لە ئەمریکای لاتین گەیشتنە خواناسیی ڕزگاریدەر، کە عیسای مەسیحی وا لێ کرد کە تا ڕادەیەک وەک چێ گیڤارا بچێ. بە هەمان شێوە، عیسای مەسیح زۆر ساکار بۆ مشتومڕ لەسەر گەرمبوونی جیهانیی پەلکێش بکرێ و هەڵوێستە سیاسییە هەنووکەییەکان وا لێ بکات کە وەک پرەنسیپە ئایینییە هەمیشەییەکان بچن.
ئەوە هەر ئێستا خەریکە بقەومێ. بەرهەڵستکاریی دژی ڕێسا ژیبگەییەکان تێکهەڵکێشی خوتبەکانی قەشە ئینجیلییەکانی ئەمریکایی لەمەڕ عەزابی جەهەننەم کراون، لە کاتێکدا کە پاپا فرانسیس، بە ناوی عیسای مەسیح، ڕێبەرایەتی خەبات دژی گەرمبوونی جیهانیی گرتۆتە ئەستۆ (هەر وەک لە دوویەمین نامەکەی بۆ قەشە پلەبەرزەکان، ‘لاوداتۆ سی’ دەبینرێ). کە وابوو تا ٢٠٧٠، لە مەڕ پرسی ژینگە جیوازییەکی زۆری دەبێ بە گوێرەی ئەوەی کە ئاخۆ تۆ ئینجیلیی یان کاتۆلیک. پێویست بە گوتن ناکا کە ئینجیلییەکان دژی هەر شێوە سنووردار کردنی بڵاو کردنەوەی کاربۆنن، لە کاتێکدا کە کاتۆلیکەکان لە سەر ئەو ىڕوایەن کە عیسا مەسیح خوتبەی داوە کە ئێمە دەبێ ژینگە بپارێزین.
تۆ تەنانەت ئەو جیاوازییە لە ئوتومبێلەکانیشیاندا دەبینی. ئینجیلییەکان ئوتومبێلی مەزنی گازۆڵیی شاسی بڵیند دەهاژوون، لە کاتێکدا کە کاتۆلیکە بڕوادارەکان بە ئوتومبێلی ژیری کارەبایی دەسووڕێنەوە کە چەسپێکیان لە سپەری ئوتومبێلەکەیان داوە کە لێی نووسراوە ‘هەسەرەکە بسووتێنە، و لە جەهەننەمدا بسووتێ!’ بەڵام، ئەگەرچی ئەوان ڕەنگبێ وتەی ناو ئینجیل بۆ داکۆکی لە هەڵوێستە جیاوازەکانیان بێننەوە، سەرچاوەی ڕاستەقینەی جیاوازییەکانیان تیۆرییە زانستییە مۆدەرنەکان و جووڵانەوە سەیاسییەکان دەبن، نەوەکو ئینجیل. لەو ڕوانگەیەوە، ئایینەکان بە ڕاستی شتێکی ئەوتۆیان بۆ پێشکەش کردن لە گفتوگۆ مەزنە سیاسییەکانی سەردەمی ئێمە پێ نییە. وەک کارل مارکس گوتوویەتی، ئەوە تەنیا ڕووکەشێکە.
درێژەی هەیە