‎تاڵەبان نەرۆیشتوە هەتا گەڕابێتەوە! خالید حەسەن‌پوور

‎دوای ٢٠ ساڵ روخانی و ڕاماڵینی حکومەتی ‎تالەبان لە لایەن ئەمریکاوە، لە رێکەوتی ١٥ ی ئاگووست جارێکی دیکە رێکخراوی تاڵەبان دەستی بە سەر ئەفغانستان و پێتەختی ئەو وڵاتەدا گرتەوە ! ئەگەر چی بە رواڵەت حکومەتێکی نیوە دێموکراتێک بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێوو دەوڵەتی ئەفغانستانی بەرێوە دەبرد، بەڵام دەکرێ بڵێن تاڵەبان و بیرو هزری تاڵەبان لەژێر پێستی کۆمەڵگای ئەفغانستان هەر دەسەڵاتداری ئەسڵی بوو . پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ( کە شکڵی سەرەکی عەشایرییە ) و مەزهەب دوو هۆکاری سەرەکین کە بوونە ژینگەێکی باش و لەبار بۆ پەروەردە کردنی رێکخراوو گەلی وەک تاڵەبان لەو وڵاتەدا . دەگەڵ ئەوەی تاڵەبان نوێنەرایەتی فکر و ئەندێشەی هەموو خەڵکی ئەفغانستان نەکا، بەڵام شک لەویدانیە کە بەشێکی بەرچاوو لە خەڵکی ئەفغانستان قایل بە شێواز و ئەندێشەی تاڵەبانن . بە کورتی ئەگەر بەشێکی بەرچاوو لە خەڵکی ئەفغانستان بە شێوەی رێکخراوو سەر بە رێکخراوی تاڵەبان نەبن، بەڵام بەشێوەی هزری و فکری بەو رەوتە بەستراونەتەوە .
‎بۆ هاتنەوەی دووبارەی تاڵەبان بێجگە لە هۆکاری پاشکەوتووی کۆمەڵایەتی، دەوری مەزهەب و لە نێوو مەزهەبیشدا ” علمای ” دینی زۆر بوە . ئەگەر سەرنج بدەینە هێندێک ڕاپۆرت سەبارەت بە هەڵوێستی ” علمای ” دینی لە ئەفغانستان کە، لەسەرانسەری ئەوماوەدا کە تاڵەبان چالاکی ” انتحار ” و تیروریستی لە دژی خەڵک، وەک شێوازی بنەرەتی شەر بەرێوە بردوە، نەک لەلایە مەلا و پێش نوێژەکانەوە مەحکووم نەکراوە، بەڵکوو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەگەڵ پەسندیش روبەروو بوە . ئەوەش لە کۆمەڵگاێکدا کە خەڵک بۆ هەر بڕیارێک قسەی مەلای مزگەوتەکان بە ئایەی قورئان دەزانێ، گرفتێکی گەورەیە . بێجگە لەوە فەسادی ئیداریش کە دەگەڵ حکومەتی ٢٠ ساڵەی ئەفغانستان لەدایک بوو، یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە بوبە هۆی تێکرووخانی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا .
‎لەو ماوەدا کە بە رواڵەت حکومەتێکی دێموکراتیک لەسەر کار بوو، بە سەدان و هەزاران ژن لەسەر شتی زۆر سروشتی کووژران، بێ ئەوەی حکومەتی بە نێوو دێموکراتیک بەربەستێک بۆ ئەو ژن کووژییە دابنێ . پێموانیە هیچ کەس مەرگی فەرخووندە، ئەو کچە کابوولییە کە دەگەڵ دووعا نووسێک، سێ ساڵ لەمەوبەر لە کابۆل تووشی دمەقاڵە بوو لەبیر بردبێتەوە . کە دووعا نووس پاپووشی بۆ ساز دەکا و دەڵێ قورئانی سووتاندوە و، ئەوە دەبێتە هۆی ئەویکە پیلان بۆ فەرخووندە دابڕێژن و لە نێوو ئاپۆڕای خەلک بە شێوێکی وحشیانە بیکووژن !.
‎زیاتر لە دوو ساڵە ئەمریکا کە حاکمی ئەفغانستانە دەگەڵ گروپی تاڵەبان فەسڵی وتووێژی کردۆتەوە و زیاتر لە سالێکیشە حکومەتی ئەفغانستانیشی کردۆتە لایەنێک لە وتووێژەکاندا . خودی ئەوەی کە ئەمریکا دەگەڵ رێکخراوێکی ئاوا تووندئاژۆ دەکەوێتە وتووێژەوە مانا و مەفهوومی سیاسی – ستراتیژی لە پشتە . لەلاێک ئەمریکا لەمێژە دەرکی بەوەکردوە کە حکومەتی ئەفغانستان لەبرامبەر تاڵەبان خۆی ناگرێ، هەر بۆیە هەوڵێدەدا روخانکە بە پڕۆسەی وتووێژ وەدرەنگێ بخا و، تاڵەبان و حکومەتی ئەفغانستان بگەێنێتە سیغەێکی هاوبەش کە پێکەوە ئیدارەی وڵات بکەن . بەڵام دیارە تاڵەبان بەوە رازی نەبوون و سەرئەنجام ئەمریکا دەگەڵیان بە جوورێک رێککەووت . لەلاێکی دیکەوە لە مێژە ( لە دەورانی ئۆباماوە ) ئەمریکا سیاسەتی دوورە پەرێزی لە جیاتی دەستێوەردانی سەربازی لە جیهاندا گرتۆتەبەر . و هەروها هەم ئەمریکا و هەم ئروپا بەو ئاکامە گەیشتبوون کە دوای بیست ساڵ یارمەتیدانی حکومەتی ئەفغانستان، ئەو حکومەتە ناێتە سەرپێ و ئەوە تاڵەبانە لە نێوو کۆمەڵگای ئەفغانستاندا حاکمە . و پێوەندییە کۆمەڵایەتی مەزهەبییەکەش دەگەڵ دێموکراسی و مافی مرۆڤ ناتەبایە و هەر بۆیەشە گروپی وەک تاڵەبان بەرهەم دێێنیتەوە .
‎بێجگە لەوە شتێکی کە دیسان پێوەندی بە کشانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەدا هەیە ئەویە، دەگەڵ ئەوەی حزووری نیزامی ئەمریکا لە ناوەندەکانی کێشەو ئاژاوە بۆ ئەو وڵاتە تێچووی زۆری هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو وڵاتە چوونکە نایهەوێ بۆ نەزم و نیزامی جیهان تێچوو بدا، لە ئاست گێرە و کێشەکانی جیهاندا بێ لایەن دەبێ . ئێستا کە ئارایشی سیاسی بە حزووری نیزامی بۆ ئەمریکا لە رووی ماڵیەوە گران تەواوو دەبێ، هەوڵ دەدا بەبێ تێچووی سەربازی جیهان بەوجۆرەی خۆی دیهەوێ رێکبخا و بگۆڕێ، بۆ ئەوی باڵادەستی خۆی وەک گەورە هێزێک بپارێزێ . چاوو نووقاندن لە ئاست هاتنەوە سەرحووکمی تاڵەبان و داڵدەدانی، نیشان دەدا کە ئەمریکا بە نیازە رەوتی ئینقلابی سوونی و ئیسلامی ئینقلابی شیعە بە رێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی لە برامبەر یەکدا دابنێ، بۆ ئەوەی پێشی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا بگرێ . و هەروها باڵادەستی خۆی بە بێ تێچوو بپارێزێ . بەڵام ئەوە کە رەوتی رووداوەکان بەو جۆرەی ئەمریکا ڕەنگڕێژی دەکا دەچێتەپێش یان پێچەوانە داهاتوو دەری دەخا .
‎تاڵەبان هەمان ئەو گروپەن کە پێش بیست ساڵ
‎ لەمەوبەر لە کۆنسۆلخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەزاری شەریف ٧دیپڵۆمات و دوو رۆژنامەوانیان ئیعدام کرد . لە هەڵس و کەوت و قسەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش دەردەکەوێ کە، کۆماری ئیسلامی بە حزوور و مانەوی ئەمریکا لە ئەفغانستان زۆر زیاتر هەتا هاتنەوەی تاڵەبان خۆشحاڵە . کورد گوتەنی ” سەد خۆزگە بە کفن دزی ئەوەڵێ ” !