سیمای چەرمووی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و ڕێبەرێک لە تەنیشت وێنەی تازەترین ھاوڕێی شەھیدی

نووسینی : ئەحمەد ڕەحمانی

کاک حەمە ڕەسوڵ کەریمی قوەتی دڵ، ورە، ھێز و وزە بەخشی ھەموو شۆڕشگێڕێکی کوردە

کۆڕیادی شەھید مووسا باباخانیە لە وڵاتی دانمارک، پەپوولەی دڵمان بە دەوری مۆمە داگیرساوەکانی وێنەی شەھید مووسا باباخانی لە جوڵە و ھەڵفڕین دان، ھەناسەکان کپ و دڵەکان لێوڕێژ لە خەمن.
پشتم بەدیوارە بەرزەکەوە داوە، بەدیار وێنەی جوانی شەھید کاک مووسا باباخانی فرمێسک لە دیدەکانم دا قەتیس ماون، جار جارەش بێ ئیزن خواستن بەسەر جامانەی ملم و ئاڵای کوردستانی سەر سینگم و وێنەی شەھید مووسا باباخانی چەسپاوی سەر دڵم داشۆڕ دەبنەوە.
ساڵۆن بێدەنگە و پشوەکان سوارن
لەوکاتە دا قەڵافەتێکی جوانی پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێڕی سەردەمە سەختەکانی خەبات و ڕێبەرێکی ئێستای ھاوسەنگەری شەھید مووسا باباخانی لە نێو ئاپۆڕای بەشدارانی کۆڕیادەکە سەری بەرز بۆوەو بەرەو تریبوونی یادەکە یاغر یاغر ھەنگاوی دەنا.
لە ڕوخساری چەرمووی دەڕوانم، بەڵام گڕی خەباتی لە وتەکانی دادەخوێنمەوە، ھەر ئەو کاک حەمە ڕەسوڵە کەریمیەم دێتەوە پێش چاوان کە لە وێنەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی و باوەشی چیاو دۆڵ و گڕەبەردەکانی نیشتیمان ورە و ئازایەتی پێشمەرگانەی لێدەباری و دەیان منداڵە پێشمەرگەی گەورەبووی نێو شۆڕشی وەکو من خۆزگەمان دەخواست ئێمەش کاک حەمە ڕەسوڵ کەریمی بین، شیک بە مانای جوانی پێشمەرگانە، ھیوابەخش بە ڕزگاری ئەم کوردستانە.
کاتێک لە پشتی میکڕۆفۆن ڕاوەستا لەتۆنی دەنگی دا بۆ تازەترین شەھیدی حیزبەکەمان شەھید مووسا باباخانی کە دەئاخاوت ھەستم بە خەمباری ژێی دەنگی دەکرد و دڵەکان لە گەڵ بیستنی ھەر وشەیەکی دا زیلکی ئاگری ناخیان بۆ فەرماندە شەھیدەکەی داڵاھۆ دەگەشانەوە، بەڵام لە نیگاکانی چاوانیدا و کاتێک شۆڕی نێو باسەکەی دەبۆوە بە ژیانی فرە ڕەھەندی شۆڕش و وێستگەکانی ژیانی کاک مووسا باباخانی دا دەچۆوە ورەو باوەڕت دەخوێندەوە، وشەکان بێ ھیوا نەدەبوون مەتەرێزی خەباتی کاک مووسا باباخانیت بە ئاوەدانیەوە دەبینی کاتێک ھاوسەنگەرێکی بەوپەڕی شەھامەتەوە دەدوێ دڵی گڕکان ئاسا بۆ شەھید بوونی دەکوڵێ، بەڵام لە درێژەدانی ڕێبازەکەی دا سوورتر وسوورتر دەبێ.
کاک حەمە ڕەسوڵ دەئاخاوێ ھەموو جەستەکان بوونەتە گوێچکە، سەیری زۆرانم دەکرد کە لە نێو ساڵۆنەکەدا بوون، فرمێسک ڕێژەوی بە ڕوخساریاندا بەستبوو، تینی گەرمی وتەکانی کاک حەمە ڕەسوڵ ھەمدیس لەم غوڕبەتە جۆشی شۆڕشگێڕبوونی لە نێو دڵیاندا چێ کردبوو، پەیمان و سۆزەکان نوێ دەکرانەوە.

ئەحمەد ڕەحمانی

سەرچاوە: فەیسبووکی ئەحمەد رەحمانی