گیانت شاد و رەوانت ئازاد بێ ئەحمەد کاکەمەمی گیان، بێهروز کورد ئەحمەدی

ھەر لە کۆنەوە دەمناسی، لە سەرەتای شۆڕشی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ساڵی ١٩٧٩. ئەو کاتە کە روومان کردە شاخ و کێوان و دەستمان دایە قەڵەم و چەک و لە بەرامبەر پەلاماری جەیش و جاشی رژیمی سێدارەی ئیسلامی لە ئێراندا، کەوتینە بەرگریی لە نیشتمان.
بۆ یەکەمجار لە بنکەی دەفتەری سیاسی حێزبی دێمۆکراتدا چاوم پێکەوت. پیاوێکی گەنجی سمێڵ نەرمی بزە لە سەر لێوان. بەرپرسی دابەشکردنی نان و پێخۆر ی دانیشتوانی بنکە.

ھەر کەسە و کاری خۆی دەکرد و ئەرکی خۆی رادەپەڕاند. ئێمەی مانووی رۆژی زیاتر لە ١٥ سەعات کاری نووسین و وەرگێڕان و خوێندنەوە و پێشکەشکردنی بەرنامەکانی «رادیۆ دەنگی کوردستان» جاری وابوو روومان دەکردە عەمباری کەل و پەل و داوای شتێکمان دەکرد. زۆر کەڕەت لە گەڵ دەم و چاوی گرژی یەکێک لە کاربەدەستانی عەمبار بەرەو ڕوو دەبووینەوە کە نیشانەی ناڕازی بوون لە داواکەی ئێمە بوو. بەڵام ئەو نا! بزەکەی لانی کەم وەڵامی نا ی برادەری یەکەمی تا رادەیەک نەرم دەکردەوە. قسەی لە سەرەخۆ بوو، لە ئاخافتندا رەوان و لەبار دەدوا و زمانێکی پەتیی بە کار دێنا کە کەمتر وشەی ناکوردی و زوور و سەقەتی تێدا بوو. بەڵام لەو ھەلومەرجەدا کەس سەرنجی شتی وای نەدەدا. ئەو برادەرەش ھەرچی بێ، بەرپرسی دابەشینی نان و تەماتەیە و بڕایەوە!

ساڵ ھات و ساڵ چوو ھەتا لێرە لە سوێد یەکترمان چاوپێکەوتەوە و بە ھۆی ھاوڕێیانی خۆشەویستم، تەنزنووسی قەڵەم جوان و تیژ مامۆستا سیامەند شێخ ئاغایی و ھەر وەھا نووسەر و سیاسەتزانی زانا مامۆستا تاھێر عەلیارەوە چەند جارێک یەکترمان بینی. جارێکیان لە گەرمەی باس و خواس و کای کۆن بە بادا کردندا ھەڵیدا و پرسی ئەگەر من کاتم ھەیە و دەتوانم چاوێک بە ھێندێک نووسینیدا بخشێنم و ڕا و نەزەری خۆمی پێ بڵێم.

بیرم کردەوە جا برادەری قەتیسماوی عەمباری حێزب و دابەشکەری نان و پەنیر و ترێ، باسی چ دەکا؟ گوتم مەبەستت شتی خۆتە کە نووسیوتە؟ چین و لە سەر چی نووسراون؟ ھاوکات کە پرسیار دەکەم بیریش دەکەمەوە کە ئەم دوو شتە لە گەڵ یەک ناگونجێن. ئەگەر ئەو دەنووسێ و کاری وای لە دەست دێ، چۆنە تا ئەو دەمەی کە لە کوردستان بوو کار و کردەوەی وای لێ دەرنەکەوت، بەڵام ئێستا باسی شتی وا دەکا؟! بۆی شی کردمەوە کە نووسینێکی زۆری ھەیە، بە تایبەتی فەرھەنگێکی وشە و واژەی کوردی بە دەستەوەیە و زۆری کار لە سەر کردوە و خەریکە دەگاتە ئەنجامی. ویستی ئەوە بوو کە لە پێشدا وەک نموونە چاو لە وشەکانی پیتی « ئا» بکەم و ئەگەر دەکرێ پێیاندا بچمەوە. دیاربوو بیستوویە و دەیزانی کە کاری وام بۆ چەند نووسەری بواری جۆراوجۆر کردوە و بە کتێبەکانیاندا چوومەوە.

لە بەر رێز و حورمەتی ئەو کە ھەمیشە بەرچاوم دەگرت وتم فەرموو بیاننێرە، بە چاوان چاویان لێدەکەم.

چەند رۆژ دواتر لە رێگای پۆستەوە پیتی ئا بە دەیان لاپەڕەوە لە دەرکەی دا. کە کردمەوە دیتم کورتە نامەیەکیشی تێدایە. بە خوێندنەوەی نامەکە سەرم سووڕ ما. دەمزانی کە گفت و لفتی خۆش باو و رەوانە بەڵام لێرە دەبینم کە نووسینەکەی چەند قات رەوانتر و لە بارتر و سوارترە. پڕیشە لە وشەی سپاس و حەمد و سەنا و واژەی دلۆڤانیی و پێزانین بۆ ئەو کارە کە ھێشتاش دەستم پێ نەکردبوو!

بە پیتەکاندا چووم و چوومەوە و گەڕام و گەڕامەوە. بۆ ھەر پیتێک لێدانەوەیەکی چووکیشی نووسیبوو. جوان و ڕەوان و پتەو، باری مێژوویی پیتەکانی شیکردبۆوە، مانای لێدابوونەوە و ھەر لە پیتی «ئا» یشەوە بیر و ڕای خۆی لە مەڕ رەسەنایەتیی و حەقانییەت و راست و دروستبوونی زمانی کوردی و دەوڵەمەندیی و کەم ھاوتابوونی نووسیبوو کە جار جارەش شانی لە شان چەشنێک لە دەمارگیریی و جۆرێک لە رەگەزپەرستیی دەدا!

تلفونم بۆ کرد و پێش ھەموو شتێک پرسیم کە چۆن و لە بەر چی ھەتا ئێستا بێدەنگ بوە و خۆی دەرنەخستوە؟ بە دەنگە نەرم و نیانەکەی باسی ئەوەی کرد کە ئەو کارە دەبوو لە حێزبدا کرابا. دەبوو ئەوانەی بەرپرس و کارزان، ئەوەیان دیتبا و ئەویان لە باتی نان و پیاز دابەشکردن ناردبایە ڕاوی وشەی ناسک و تەرخانکردنی کەرەستەی زمانەوانی. راستیشی دەکرد، بەڵام زۆر سەیر ئەو ساڵانە ھەڵیکردبوو، دەنگی نەکردبوو!

شانم دایە بەر و لە کاری پێداچوونەوەدا « کارێکت کردوە کارستان» م لێ وەرگرت. ئەمە مەدح و پەسنی ئەو بوو بۆ من،

ئەو، ئەحمەد کوڕی کاکە مەم، کوردیزانی بە دەس و دەم، واژەوانی تا ئێستا بێ بەرھەم، وشەڕەنگینی خاتر جەم، پیت ناس و زوان خاسی ھەمیشە بە خەم، دەزگیرانی خاتوو زینی مێژووی دڵدارانی سەردەم، ئەحمەدی کاکە مەمی بوو!

ھەرچی پتر پیت و وشەم دەدۆزی و دەمخستە بەر تیژایی نووکی دەرزی، زیاتر سەرسووڕ دەبووم و نزیک بوو لە دەریای بێ سنووری واژەکانی دا نوقم بم. چ بلیمەتێک! چ گەنجینەیەک! من بەردەوام و ئەو بێ تاقەت. من ورد و لە سەرەخۆ، ئەو کورد و بە پەلە. ئاواتی بوو فەرھەنگەکەی زوو لە چاپ بدرێ. لە سوێد بۆی نەلوا، بڕیاری دا بیباتە باشوور و بیگەیەنێتە چاپخانە.

لەو کاتەدا کە ئامرازی پێوەندیگرتن وەک ئێستا نەبوو، زوو زوو شتمان لە رێگای پۆستەوە بۆ یەک دەنووسی. ئەو بە پەسن و سپاس و تەمجید منی گوڵباران دەکرد، من بە بەە بەە و چەپڵەلێدان ئەوم بۆ ئاسمان دەبرد. قسەی ھەردووکمان لە دڵەوە بوو، ھیچمان بە خۆڕایی وشە و واژەمان بە فیڕۆ نەدەدا!

کار و ئەرکێکی قورس بوو، من درێژەم دەدا و زۆر جاریش ھەڵیدەگرت کە درێژدادڕی بکەم! ناو بە ناو دەمدی کە شێعرێک دەنووسێ و بۆم دەنێرێ. شێعری جوان و دەوڵەمەن لە وشەی رەسەنی کوردی کە ھەڵبەت جار جارە پێویستیان بە ھێندێک دەس لێدانی کێش و قافیە ھەبوو. وەک چۆن سروەی شەوان و شەونمی بەیان خونچەیەک دەکەن بە گوڵ، شێعرەکانی ئەویش دوای کەمێک ئاوپژێن کردن، بۆن و بەرامەیان دەر و بانی خەیاڵیان دادەگرت.

ئەرکی رۆژگار و کار و فرمان وای کرد کە ھەموو ئەرکی پیتەکانم تا ئاخر پێنەکرا. ئەویش بە پەلە بوو، زۆر جار دەیگوت و دەینووسی کە زۆری بە دنیاوە نەماوە. کە من ھەم بە جێددیم وەرنەدەگرت، ھەمیش مەنعم دەکرد کە بۆی نیە شتی وا بڵێ. بە خۆشییەوە دوایە بیستم کە کاری چاپی فەرھەنگەکەی گەیشتوەتە ئەنجام، ئەوەش دەزانم کە بێدەرفەتیی ئەو بوەتە ھۆی بەتاڵبوونی جێگای تایبەتیی فەرھەنگەکەی لە کتێبخانەکەمدا.

ئەحمەدی کاکە مەمی بە باوەڕی من یەکێک لە ھەڵکەوتەکانی زمانی کوردییە. لە پەیداکردن و رێکخستنی وشەی رەسەنی کوردیدا بلیمەتێکی بە دانستە بوو. ئاشقی زمانی کوردی و نەتەوەکەی بوو. مرۆڤدۆست بوو. شەیدای جوانیی بوو.

با بۆتان باس بکەم کە گەوھەرێکی نایابی لە لای من بە یادگار داناوە کە سامانی ھەموو دنیا دێنێ.

ئەو ھەستیارە ناو نەدیارە، ھەستاوە چوەتە سڵاوکاری ھەستی جوانپەرستیی خۆی و شێعرێکی ناسکی ھەم بێشەرم و ھەم بە شەرمی ئێرۆتیکی نووسیوە کە زیاتر لە ٥٠٠ بەیتە. بەڵێ، دروستتان خوێندەوە، پێنسەد بەیت.

ھەستاوە و ھەست و ھەوەس تاوی داوە و چوەتە تەنیشت سروشت و ئاو و دەریاوە و چاوی بە پەری رووتەکانەوە مۆڵەق ماوە و لاواندوونی و خەمڵاندوونی و نازی کردوون و بۆ باوەشی خەیاڵی خۆی گازی کردوون و سازی کردوون.

بەڵام دەستی لێ نەداون نەکا گەردیان لێ بنیشێ. ھەموویانی لە توێی پەڕەی گشت گوڵێک کە شکی بردوون، نەخشاندوە و بە دڵی ئاشقی خۆی لکاندوە.

ناوی شێعرەکەی ناوە:

«وڕێنەیەک لە زار و بێزار

بە بۆنەی ساڵی ٢٠٠٠»

ئەوڕۆ لەو کەنار ئاوە

ئاسمان بێ ھەورە، ساوە

دار و بەرد داڕژاوە

ھەر خۆشییە لەم ناوە

لە دەم ئەم بەحر و ئاوە

دەشتێکی بەربڵاوە

زەرد و سوور تێ خزاوە

دەڵێی حۆری لێ زاوە

ھەموو لەشی مە چاوە

ماڵی تەماڵ و راوە

سینگیان ھەموو کراوە

بەرگیان دەبەر نەماوە

گوڵن، سێون، لاولاون

بیزان، کارگن، گیاخاون

سووراوی گوێی دێراون

ئاودار، تورت و تێراون

خۆشڕەون، خۆش ھەنگاون

دۆی بەربووی دەستی لاون

وەک ئاگری داگیرساون

گەشن وەک گوڵی سەرپەل

شلکن وەک نەی لە نێو زەل

راکشاون لە سەر زیلان

چەندە شۆخ و نەشمیلان

روومەت سوورن وەک شیلان

ناسکن وەک دەستەی چیلان…

ئەمانە تەنیا چەند شێعرێکن لەو کۆگا رووت و بێ پەردەیە کە من خۆم لە نووسینیان لێرە دەپارێزم. بە ھیوام رۆژێک ھەمووی بکەوێتە بەر چاوی خوێنەرەوەی کورد ھەتا بزانن دەڵێم چی…!

ئەحمەدی کاکە مەمی بە بێ منەت شۆڕشی کرد، کەسی بە قەرزداری خۆی نەکرد، قەرزداری کەسیش نەبوو بە نەتەوەکەی نەبێ، کە من پێم وایە قەرزی خۆی بە پاکی و ئەمانەتەوە پاک و قەرەبوو کردوەتەوە.

ئەحمەدی کاکە مەمی بێ خۆڕانان و بە سەربەرزی ژیا، دڵی کەسی شلوێ نەکرد و کەسی لێ نەڕەنجا.

زوو بوو کە بچێ و نەگەڕێتەوە. بەڵام نەچوە کە بچێ. چونکە ھەربەیانییەک تاو لە کەل دەردەکەوێ و ھەر ئێوارەیەک مانگ لە ئاسمان سەردەکەوێ، ئەحمەدی کاکەمەمی خۆی لە دڵ و ھەناوی زۆران دا رادەنێ و بە بزە نەرم و نیانەکەی، ختۆکەی مێھرەبانیی و بەرامەی دلۆڤانیی دەبەشێتەوە و وەبیرمان دێنێتەوە کە وریا بین، لە گەڵ یەک چا بین، وەک ئەو ئەویندار بین، ئەوینداری مرۆڤایەتی و گەل و نیشتمان بین.

مەگەر ھەیە وشە و واژە کە بتوانێ باسی دەرد و داخی لە دەسچوون بەڵام لە دڵنەچوونی ئەو پیاوە خوێن شیرینە بکا؟ ئەگەریش ھەبێ ھەر دەبێ لە ناو نووسینە تەڕ و پاراوەکانی خۆیدا بیاندۆزینەوە.

ئەحمەد گیانی کاکە مەمی، برای شیرین و خاسم!

گەردنت ئازا بێ کە ئەوەندە بێ فڕ و فیز بووی.

گیانت شاد و رەوانت ئازاد بێ گیان!

بێھروز کورد ئەحمەدی

سەرچاوە: فەیسبووکی بێهروز کورد ئەحمەدی