پەیامی دەفتەری سیاسی بەبۆنەی تۆمارکرانی دیمەنی کولتووریی هەورامان لە لیستی میراتە جیهانییەکانی یونێسکۆدا

ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فەرهەنگیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونێسکۆ) بە بڕیارێک ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە ڕیزی میراتی کولتووریی جیهانیی ئەم ڕێکخراوەیە.

” دیمەنی کولتووریی هەورامان” لە هەورامانات کە لە دوو پارێزگای کرماشان و سنە هەڵکەوتووە، لەگەڵ شوێنەواری “تەختی سولەیمان” لە نیزیک تیکاب لە پارێزگای ورمێ و “بەردەنووسی بێستوون” لە کرماشان سێهەم؛ ئاسەوار و شوێنەواری مێژوویی و کولتووریی کوردستانن کە لە ڕیزی میراتی کولتووریی جیهاندا جێیان گرتووە. ئەمە لەجێدا دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە کورد مێژوویەکی کۆن و کەونارای هەیە و خاوەن ژیار و شارستانییەتێکە، کە لە ئاستی جیهانیدا جێی ڕێز و شایانی بایەخ‌پێدان و پاراستنن.

لە بڕیارنامەکەی یۆنێسکۆ بۆ تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان وەک میراتی کولتووریی جیهانیدا هاتووە کە ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کولتووریی خەڵکی هەورامانن. هەورامییەکان وەک هۆزێکی کورد لە ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین و شێوازی ژیانی خەڵکی هەورامان بەشێوەیەکە، خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختیی ناوچەکە گونجاندووە و دیمەنەکانی ژیار و ژیانی کەونار و مێژوویی هەورامان لە هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، ئەشکەوت، پەناگە، چیاکان، پاشماوەی شوێنە کاتی و هەمیشەییەکانی نیشتەجێبوون، شوێنکار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیکەدا نەخشێنراوە و بەدیار دەکەون.

ناوچەی هەورامان وەک بەشێکی گرینگ لە جوغرافیای سروشتی و سیاسیی کوردستان بەدەر لەو تایبەتمەندییە دیرۆکییە کە ئەوی لە ڕیزی شوێنەوارە گرینگەکانی مرۆڤایەتی لە ئاستی جیهاندا داناوە، کۆمەڵێک خەسڵەتی بەرچاوی دیکەشی هەن کە خاوەندارەتی لە ئەدەب و هونەر، ماف‌ویستی و شوناس‌خوازی و بەشداری لە خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەشێکی دیکە لەوانن.

تۆمارکرانی ناوچەی هەورامان لە ڕیزی میراتە کولتوورییەکانی جیهاندا پێمان دەڵێ، کوردستان و کولتوور و مێژووی نەتەوەی کورد نەک هەر جێی شانازی بۆ ئەو نەتەوەیە، بەڵکوو بۆ جیهان و مرۆڤایەتیشن، بۆیە شایانی بایەخ‌پیدان و پاراستن و پارێزگاری لێ‌کردنن. ئەم بڕیارەی یۆنێسکۆ لەوبارەیەشەوە گرینگە کە پاراستنی ئەم شوێنەوارە -کە ناوچەیەکی گرینگی کوردستانیشە- وەک ئەرک دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی ئێران و لێی دەوێ کە ئەم ژینگەیە بەو سروشت و سامان و تایبەتمەندییەوە بپارێزرێ. ئەم بڕيارە لەو سۆنگەیەوە بەبایەخە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕوانینێکی میلیتاری و داگیرکارییەوە سەیری جوغرافیای کوردستان دەکا و ئەم ڕوانگەیە لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو، دەرهێنانی بەردەکانزاکانی کوردستان و گواستنەوەی بۆ ناوچەکانی ناوەندی وڵات و، ئاگردانی دارستانەکانی زاگڕۆس و بێ‌خەمیی حکوومەت لە ئاست چارەنووسی ژینگە و سروشتی کوردستاندا بەتەواوی ڕوون و ئاشکرایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان تۆمارکرانی ناوچەی هەورامان لە ڕیزی شوێنەوارە کولتوورییە جیهانییەکانی یۆنێسکۆدا بە دەسکەوتێک بۆ شارستانییەکی کورد و بزووتنەوەی مافخوازیی ئەم نەتەوەیە دەزانێ و وێڕای دەستخۆشی لەو یۆنێسکۆ، ڕێز و پێزانینی خۆیشی پێشکێش بەهەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکا کە بەو کارە بەنرخەوە ماندوو بوون. هاوکات ئەم بڕیارە جارێکی دیکە گرینگیی ژینگەپارێزی و نیشتمان‌خۆشەویستیمان وەک بایەخێکی جیهانی و نێونەتەوەیی بۆ دەردەخا و ئەو ئەرکەش دەخاتە سەرشانی هەمووان کە لەو پێناوەدا پتر تێ‌بکۆشین و نیشتمانی کەونارا و شارستانییەتی مرۆییمان پتر پێشانی کۆمەڵگەی جیهانی بدەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی