ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بڕیاری دادگای تێرۆری شەهید قادر قادری

لقی ٢ی دادگای تاوان لە هەولێر دوای زیاتر لە دوو ساڵ تاتوێ و بەدواداچوون بۆ پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری، فەرماندەی بەرجەستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕیاری لەسەر پەروەندەکە دا. وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە سێ کەس لە تاوانبارانی ئەم پەروەندەیە سزای ئێعدامیان بۆ دەرچووە و دوو کەسی دیکەش لە تاوانباران هەرکام سزای ٥ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوتی بەدواداچوونی قەزایی بۆ ئەم پەروەندەیە دەبێ بڵێین:

یەکەم، دەروەستی و ئەرک‌وەخۆگری کۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەزگای دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها دەستەی پارێزەران لە پڕۆسەی ناسین و دەسبەسەرکردنی بەشێک لە تاوانباران و وەگەڕخستنی قەزایی و دواتر بەئاکام گەیاندنی هەتا ئێستای ئەو پەروەندەیە جێگای ڕێز و پێزانینە. حیزبی دێموکرات هیوادارە ئەم حوکمە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەڵدانەوە و وەگەڕخستنەوەی تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی دیکەش کە بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون. هەروەها ئەم بڕیارە ببێتە هۆی وەستاندن و بەرگرتن بە بەردەوامیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕیژیم لەدژی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حوکمە و سزادانی تاوانباران هەم بووە هۆی سیبووریی دڵی بنەماڵەی شەهید قادر و، هەمیش پارێزراونەبوونی تاوانباران لە سزای کردەوەکانیان دەبێتە هۆی وریاکردنەوە بۆوەی چیدی کەسانێک لە ڕووی نائاگایی و لەبەر تەماح و وادە و بەڵێن نەکەونە داوی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی.

دووهەم، بەپێی بەدواداچوونەوەکانی دادگای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تاوانبارانی پەروەندەکە و هەروەها هەبوونی بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگری دیکە، بڕیاری تێرۆری شەهید قادر قادری لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدیاریکراوی سپای پاسدارانەوە دراوە و جێبەجێ‌کردنەکەی بە تیمی تێرۆر سپێردراوە. لەم سۆنگەیەوە چاوەڕوانیی بەرحەقی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەیە تاوانبارانی پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری نەک بەپێی ماددەی ٤٠٦ ـی یاسای سزادانی عێراق، بەڵکوو بەپێی یاسای سزادان لە بابەت تاوانەکانی تێرۆرەوە سزا بدرێن و بەئاشکرا و بەڕەسمی نەخشی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکرێن.

سێهەم، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ماوەی تەمەنیدا تێرۆری بە چەکێکی پێویست و گرینگ بۆ حەزف و لەنێوبردنی نەیارانی خۆی زانیوە. تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامی کە هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە، زۆرترین زەبری بەر بزووتنەوەی کورد کەوتووە، بە جۆرێک کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە ٤١٥ کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کوردی داوه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تێرۆریستی کە حیزبی دێموکرات بە زیاتر لە ٣٥٠ تێرۆر کە بەشی هەرە زۆریان لە خاکی هەرێمی کوردستان‌دا کراون، ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕێژیمە بۆ زەبروەشاندن بووە.

ئەگەرچی دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڕدا بووە، بەڵام دوای تێرۆری مێکونووس و بڕیاری دادگای ئاڵمان کە ڕیسواییەکی گەورە بۆ ڕێژیم بوو، تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی بۆ لەنێو بردنی دژبەرەکانی خاو بۆوە، بەڵام ئەو ڕەوتە قەت نەوێستا. وەک چۆن لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە حەوت وڵاتی ئورووپایی (دانمارک، هۆلەند، ئەڵمان، نۆروێژ، ئوتریش، فەڕانسە و بێلژیک) سەبارەت بە دەستتێداهەبوون لە چەندین هەوڵی سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووی کردەوەی تێرۆریستیدا ناوی هاتۆتە نێو ناوان.

ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێ تێرۆر لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیدا بە مەبەستی زەبروەشاندن لە نەیارەکانی بۆوان کارێکی پیرۆزە و ڕێژیم لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنی و لە هیچ بارودۆخێکدا وەلای نانێ و؛ ئەوە تەنیا گوشار و بەرەوڕووبوونەوەی شێلگیرانە و ئیرادەی تێکڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرەی دژەتێرۆرە کە دەتوانێ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بوەستێنێ. بۆیەش ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستان و ناوەندە حکوومییەکانی دیکەی هەرێم هەیە بوێرانە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا مەحکووم بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی