ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر و وەفادار و دڵسۆزی حیزب ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥ی مای ٢٠٢١ی زایینی، بە داخ و کەسەریکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی فیداکار و خەباتکارێکی جێگای متمانە و باوەڕپێکراوی حیزب هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشییەکی سەخت ماڵئاوایی لە کۆڕی هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی دێموکرات کرد.
هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی ١٩٤٤ی زایینی لە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر لە دایک بووە، لە کۆماری کوردستانەوە تا جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧_٤٦ و شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو بنەماڵە شۆڕشگێڕە بەشداری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بوون و لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورددا خەباتیان کردوە. هاوڕێ مستەفا حەکیم‌زادە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە ڕەسمی بووە بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا بە ئەمڕۆ بێوچان و ماندوو بوون لە خزمەت حیزب و ئامانجە پیرۆزەکانیدا بووه.
نەمر حەکیم‌زادە لە حیزب‌دا لە سەنگەری پێشمەرگایەتی ڕا دەستی پێ کردوە و زۆر ئەرک و بەرپرسایەتی وەک جێگر پەل، سەرپەل، جێگر لک و سەرلک لە هێزی پارێزگاری وەرگرتووە. بەشی زۆری ژیانی پێشمەرگایەتی هاوڕێ حەکیم زادە تا کاتی ماڵئاوایی کردنی لە ژیان پارێزگاری لە سکرتێرەکان و بەرپرسانی پایەبەرزی حیزب بووە و، لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی‌دا، هەموو بەرپرسانی حیزب، بە تایبەتی هاوڕێیانی ڕێبەرایەتی شاهیدی دلسۆزی، فیداکاری، ئەمانەت و دەستپاکیی ئەم ڕۆڵەیەی حیزبی دێموکرات بوون. ئەو سەرەڕای کاری پێشمەرگایەتی و پارێزگاری لە زۆر بواری دیکەدا بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە زەحمەتی بۆ حیزبی دێموکرات کێشاوە، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەرگی هاوڕێ حەکیم‌زادە یەکێک لە دڵسۆزترین و ئەمەگدارترین پێشمەرگەکانی خۆی لەدەست‌ دا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی نەمر مستەفا حەکیم‌زادە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە و نیشتمانپەروەری حەکیم‌زادە، بە تایبەتی عیسمەت‌خانی خێزانی و کچە ڕووسوورەکانی، خوشک و براکانی و تەواوی خەڵکی تێکۆشەری شاری سەردەشت دەکا. هیوادارین ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی کاک مستەفا کە بەشی هەرە زۆری تەمەنی لەو پێناوەدا بەخت کرد، وەدی بێن.
هاوکات ڕادەگەیەنین کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی دانانرێ و داوا دەکەین لە ڕێگای تەلەفون و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاودەردی دەگەڵ حیزب و بنەماڵە کۆست‌کەوتوەکەی بکەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان _ کۆمیسیۆنی پێشمەرگە