بۆ حەکیمی دەردان. حەمەڕەسووڵ کەریمی
بۆ حەکیمی دەردان
حەکیمی دەردان، حەکیمی پێشەنگ، حەکیمی سەنگەر!
نازانم لە کوێڕا دەست پێ بکەم، چۆنت لەسەر بدوێم، چیت لەسەر بنووسم کە شایانی ئەو هەمووە مێهرەبانی، خەمخۆری، دڵسۆزی، پاکی، سەداقەت و شۆڕشگێریی تۆی گلێنەی چاوم بێ.
نووسین لەسەر تۆ هەم ئاسانە و هەمیش گەلێک سەخت و دژوارە. ئاسانە لەبەر ئەوەی هەموومان دەتوانین باسی چەم و ڕووبار بکەین، چونکی تۆ لەگەڵ چەم و ڕووبار بووی، سانایە لەبەر ئەوەی ئەگەر باسی جوانیی سرووشت بکەین، تۆ جوانی ژینگە و هەموو وەرزەکان بووی، ئاسانە لەبەر ئەوەی ئەگەر باسی خاک و سەنگەر و نیشتمان و پێشمەرگە بکەین، تۆ بۆخۆت سەنگەری لەگیراننەهاتوو بووی، بۆنی خاک و نیشتمان و دێموکڕاتت لێ دەهات.
دژوار و سەختە لەبەر ئەوەی، تۆ قەڵای هەمووان بووی، تۆ پێشەنگ و پشتیوانی گشتمان بووی، تۆ پارێزەری مەزنە پیاوی شۆڕشگێری کورد و شەهیدانی ڕێبەرمان بووی، تۆ پارێزەری قەڵای دێموکرات و هاوڕێ و هاوسەنگەرانت بووی، بۆیە دەترسم نەمتوانیبێ وشەی پڕ بە باڵا و شایانی تۆ بدۆزمەوە.
گەورەم!
ئێستا هەموومان چاومان لە دەرگای قەڵایە گورج و گوڵ و زیت و وریا ، بێیە نێو قەڵا و ئاگات لە هەمووان و لە یادگاری شەهیدەکان بێ.
دە لالۆ، کاکی کاکان، حەکیمی هەمووان، دڵمان مەشکێنە، عیسمەتی پاکی و یادگارەکانت (شەوبۆ، سکاڵا، شنە، سارێژ و سۆما)، حەکیمەکان خورشیدی تابان و گشتمان چاوەڕێی هەستانەوە و گەڕانەوەی تۆی تاجی سەرمان بووین. لە وڵاتی ساردی سکاندیناوی و لە ئورووپای لانکی ئازادی و لە سەردەشتی زێدی لەدایکبوونت، لە شار و باژێری گەرمێن و کوێستان هەموومان چاوەڕوانی ھاتنەوەت بووین. چاوەڕوان بووین وەک جاران سایە و سێبەرت هەروا لەسەر سەرمان بێ. کوا کاتی ئەو کۆچەت بوو، ئاخر گوتت بە یەکەوە دەگەرێینەوە قەڵا و بە یەکەوە جارێکی دیکە بەدەستی خۆمان مەزاری شەھیدان ئاوپڕژێن دەکەین.
بە دەنگی نزم لە نەخۆشخانە پێت گوتم بەجێتان ناھێڵم، لەوە دڵنیام تۆی ھەردەم بوێر پێشەنگ ھەروا ئاڵا بەدەست و چەک لەشان پێشەنگی ئەو کاروانەی و تا سەر و بۆ ھەمیشەش لەنێو دڵماندا بە زیندوویی دەمێنیتەوە.
حەکیمی دەردان!
یاد و ناوت دەبێتە ئیلهامی تێکۆشانی گشتمان، ڕەوشتی بەرز و کەسایەتیت دەبێتە وانە بۆ لاوانی دڵ پر لە ھەستی نیشتمانپەروەری و، سەنگەرت ھەروەک جاران ئاوەدان دەبێ و تفەنگ و ڕەختی شانت لە قەدی کیژ و کوڕانی گەلدا دەبێتە پێناسەی خۆت و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
کۆچت گەلێک بەژانە و پێنووسی دەستم لە ئاست گەورەییت دا بە تەواوی داماوە و وشەکانم بۆ ناکرێن بە رەستەیەک کە وەک ملوانکەیەک جوانی و ھەیبەت و بویریت نیشان بدات. تۆ حەکیمی ھەمووان بووی ، تۆ ئی خۆت نەبێ ئی ھەمووان بووی ، خەمی خۆت نەبێ ، خەمی ھەموو کەست لەبەر بوو و کەسی بێکەسان بووی، ھەر بۆیە ھەموومان بە دەم ڕێگای ھەیبەت سوڵتانەوە وەک قەتارێک لە دەم ڕێگای ھاتوچۆت ڕاوەستاوین تا بەئەمەگەوە لە دەریای خزمەتەکانت لە بەرزی و لە نەجابەتت بڕوانین.
فەرماندەم!
ڕێگا و رێبازت، بیر و ئەندیشەت، سەنگەر و قەڵات بە ئێمە سپارد و دڵنیا بە کە ئێمەش وەک تۆی پارێزەر و پێشمەرگە، خەممان تەنیا خەمی نیشتمان و ڕزگاریی گەلەکەمان بێ و ڕێگا و ڕێبازت درێژە بدەین.
بەم بۆنە دڵتەزێنەوە و بە بۆنەی کۆچی دوای حەکیمی ھەرمان لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە باجە عیسمەتی مێھرەبان و کچەکانی و خوشک و براکانی و مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە و ھاورێیانی بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان و گشت لایەک لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و ھاوخەمی گشت لایەکم .
ڕوحت شاد گەورە پیاوی نێو شۆڕش و کوردایەتی
یاد و ناوت لە دڵاندا ھەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی