خاتوو نازدار مەحموودزادە ژنە تیکۆشەری کورد خوات لەگەڵ

خاتوو نازدار مەحموودزادە ژنە تیکۆشەری کورد خوات لەگەڵ

ساڵانێکی دوور و درێژە بنەماڵەکەمان لەگەل بنەماڵەی گەورەی مام کوێخا حوسێنی قوڵەسوێروێ تیکەڵاون و هاتووچۆیان هەیە، لەو ماوە دوور و درێژەدا نەک باجە نازدار کە منداڵی گەورەی مام کوێخا بوو بەڵکوو منداڵە بچووکەکانی بنەماڵەشمان دەناسین و بە گشتی بەردەوام بە یەکەوە لە هاتووچۆ و سەردانی یەکتر دابووین.

ساڵانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاوارەگی خەڵکی شاری سەردەشت بۆ گوند و ناوچەی دەوروبەری، ماڵی گەورەی مام کوێخامان زیاتر ناسی و زۆرتر ئۆگری گەورەیی و میوانداری و هەڵس‌وکەوتیان بووین.

بنەماڵەیەکی کوردپەروەر، خۆشەویست، نان‌بدە و مشوورخۆر و ساحەب مەسڵەت بوون، لە ناوچە دا قسەی یەکەم مام کوێخا دەیکرد و ئەوەش جێگایەکی تایبەتی بۆ منداڵەکانی لە نێو کۆمەڵگا دا کردبۆوە، مام کوێخا حوسێن فەرماندە هێزی بەرگری ناوچەی سەردەشت بوو و تا توانای هەبوو بە دژی رژێم شەری کرد و یەکێک لە کەسە دیارەکانی هێزی بەرگری کوردستان بوو.

خاتوو نازدار وەک منداڵی گەورەی مام کوێخا هەمیشە لەبەرچاوان بوو، هەر بۆیەش هەم لە بنەماڵەدا و هەمیش لە گوند و لە دەوربەری دا ڕێزی زۆری لێدەگیرا. خاتوو نازدار دواتر دەبێتە هاوسەری گەورە پیاو و تێکۆشەری کورد کاک مەلا برایم ، کە دواتر دەبێتە فەرماندەی بە توانای حیزب، پارتیزانی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و تێکۆشان، کاک مەلا برایم مەسڵەحەت، ناسراو بە مەلا برایم دۆڵەگەرمی خەوی لە چاوی دوژمنان تاراندبوو، کەسێک بوو کە هەم لە دەوڵەتی نەگریسی حەمەرەز١شا دا و هەمیش لە دەورانی ئاخوندە خۆداسەپێنەکان دا هەمیشە لە سەفی یەکەمی بەرگری دابوو و دەوڵەتی لە ناوچەدا بە چۆک داهێنابوو.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران باجە نازدار وێرای فەرماندەی بە توانای حیزب کاک مەلا برایم لووتکەی شاخەکانی کوردستان دەکاتە مەنزڵی سەرەکی ژیانی خۆی و منداڵەکانی و بوێرانە خزمەت بەگەل و نیشتمان دەکا و تا دوا هەناسە لە سەر ئەو ڕێگایە بەردەوام دەبێ.

ئەو ماڵ و ژیانی خۆی لە قولەوسوێر و دۆڵەگەرم بەجێ هێشت بۆ ئەوەی ڕزگاری خەڵکی کوردستان و ناوچە بە چاوی خۆی ببینێ، ئەو ژیانی ئاسایی خۆی بۆ ڕزگاری نەتەوەی کورد بە ژیانی سەخت و دژواری پێشمەرگایەتی گۆریەوە و شان بە شانی فەرماندەی چاونەترسی گەلەکەمان کاک مەلا برایمی تیکۆشەر ڕووی لە چیا کرد و لەو پێناوەدا هیچ کات لە بوردومانی فرۆکە و تۆپبارنی رژێم نەترسا و بوێرانە پشتگیری لە فەرماندەی گەورە حیزبەکەمان کاک مەلا برایم کرد و بوو بە کۆلەکە و پاڵپشتی مەعنەوی و سیاسی ئەو گەورە پیاوەی گەلەکەمان.

نامهەوێ ژیان و خەباتی خاتوو نازدار بە گەورە فەرماندەی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک مەلا برایم گرێ بدەم، بەڵام دەمهەوێ بڵێم پێش ئەوەی کە ببێتە هاوسەری ئەو گەورە پیاوە، خاتوو نازدار بە هۆی کار و خەبات و تێکۆشانی مام کوێخاوە لە کەسە دیارەکانی گوند بووە و کوردایەتی بە دڵ و بەگیان هەست پێکردبوو، باپیری خاتوو نازدار کاک کوێخا مەحموود لە شەرێکی سەخت و خوێناوی دا لە گوندی هەورازە بۆ بەرگری لە کۆماری کوردستان شەهید دەبێ و ئەوەش کاریگەری زۆری لە سەر بنەماڵەی مام کوێخا حوسێن و منداڵەکانی دەبێ.

شایانی باسە کە شەهید محەممەد مەحموودزادە یەکێک لە ئەندامە هەڵسوور و چالاکەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و برای خاتوو نازدار، بە هۆی ئەوە کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە عەمەلیاتێک لە ناوچە دا، لمبۆزی دوژمنانیان لە خاکی کوردستان وەردابوو، لە لایەن رژێمەوە دەگیرێ و هەر لە بەرچاوی خەڵکی گوندی قوڵەسوێروێ لە نێو ڕەزەکانی بەر پایەگای رژیم دا شەهیدی دەکەن، هاوکات هەر لە هەمانکاتدا، کوڕە پوورێکی خاتوو نازدار بە ناوی کاک سەلیم محەممەدپوور کە ئەندامی حیزبی دیموکرات بوو، شەهید دەکەن شەهید بوونی کاک محەممەد و کاک سەلیم، خاتوو نازدار زیاتر هان دەدا کە ڕێگای شەهیدانی کوردستان درێژە بدات.

جێگای ئاماژەیە کە گوندەکانی قوڵەسوێروێ، دۆڵەگەرم و گوندەکانی دۆڵی دەرماناوێ و دۆڵی قازانی مەکۆی سەدان کەس لە تێکۆشەرانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی کوردستانە و هەمیشە جێگای حاوانەوە و جێگای تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و خەڵکەکەی بە دڵەوە یارمەتیان بە هیزی پێشمەرگە و بە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان کردووە و هەر بۆیەش رژێم هەوڵی داوە کە بە هەموو شێوەیەک خەڵکەکەی سەرکوت بکا.

خاتوو نازدار ئەندامێکی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو و تا دوا هەناسە وەفادار بە ڕێگای سەربەرزی شەهیدانی کوردستان مایەوە، ئەو لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبی و یەکیەتیی ژنان دا و لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و بۆنە جۆراجۆرەکانی کورددا بە خۆی و منداڵەکانیەوە بە دڵەوە بەشداری دەکرد، بە گشتی لە وڵاتی سوئێد یەکێک لەو ژنە هەڵسووراو و نیشتمان‌پەروەرو یەکسانیخوازانە بوو.

خاتوو نازدار ژیانی پڕ بوو لە ئەزموون بۆ دۆزی رەوای کورد و بە دڵەوە تێدەکۆشا، وەک خۆم، هەمیشە وەک پێشرەو و پێشەنگ چاوم لێدەکرد، هیچ کات پشتی لە ویست و داخوازی‌یەکانی خۆی و بنەماڵە و گەلەکەی نەکرد، کۆچی دوایی خاتوو نازدار بۆ کۆمیتەی حیزب لە سوئێد و یەکیەتیی ژنان خەسارێکی گەورە بوو.

باجە نازدار کۆچت بۆ هەمووان بە ژانە بەڵام، دڵنیا بە کە هەموومان بەو ڕێگایە دا دەرۆین کە خۆت و هاوسەری ژیانت فەرماندە بەتوانەکەمان مامۆستا مەلا برایم و شەهیدان محەممەدی برات و سەلیمی پوورزات پێی داڕۆیشتن و تا دەگەینە دوا مەنزڵگەی سەرکەوتن هەروا قوتابی ئێوە دەبین.

ڕووحت شادو ڕێگای خەباتت پڕ ڕێبوار بێ.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی مام کوێخا و خەڵکی گوندی قوڵەسوێروێی شۆڕشگێر و دۆڵەگەرمی پێشەنگ و بنەماڵەکانی مەحموودزادە و مەسڵەحەت و خزمانیان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. یاد و ناوتان لە دڵان دا هەر بە زیندوویی ڕادەگرین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٠-٠٤-٢٠٢١