پەیامی پیرۆزبایی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لاوانی وڵاتپارێزی نیشتمان!

بەبۆنەی ٧٨ ساڵەی دامەزارانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکەتان، سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان و، لاوانی ولاتپارێزی نیشتمانەکەمان دەکەین و هیوادارین لە ساڵی نوێی تێکۆشانتاندا، بەگوڕتر لە جاران لە مەیداندا بن و ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆتان بەجێ بێنن و لە گەیشتن بە ئامانجەکانتاندا سەرکەوتوو بن.

کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانیانەوە، گرینگیی ڕۆڵی لاوانیان هەست پێکردوە و ڕێکخراوی تایبەت بە لاوانیان دامەزراندوە. لاوان لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرینگیان گێڕاوە و لە قۆناغە زێڕینەکانی حیزبی دێموکرات و شانازییەکانی ئەم حیزبەدا پشکدارن و لە قۆناغی پڕ لە شانازیی خەباتی پێشمەرگانەدا پشکی شێریان بەردەکەوێ و بەشێکی ئەم ڕەهەندە دژوارەی خەبات، بە وزە و توانای ئەوان بەڕێوەچووە. لاوان خوێنی تازە دەمارەکانی حیزبی دێموکرات و هۆکاری زیندوو‌مانەوەی ڕێبازی شەهیدان و بەردەوامیی خەباتن. جیا لەوەش لاوان لە مەیدانی خەباتی مەدەنیی شوناسخوازنەی نەتەەوەیی و لە چالاکیی نیشتمان‌دۆستی و ژینگەپارێزیدا، ڕۆڵی ڕچەشکێن و پێشەنگیان هەیە و لەم مەیدانەشدا لەسەر‌هەست و لەسەر‌پێن و تێچوو دەدەن.

ڕێکخراوی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەکۆیەکە بۆ ڕێکخستن و پەرەوەردە کردنی لاوان و، ژمارەیەکی بەرچاو لەوانەی دواتر لە ڕێبەریی حێزبی دێموکراتدا جێیان گرتوە، سەرەتا لە ڕێکخراوی لاوانەوە دەستیان پێ‌کردوە و لەوێ پەروەردە بوون.

توێژی لاوان بەسەرنجدان بە قۆناغی تەمەنی و گرێدراویی کەمتری ماددی و بنەماڵەیی، زیاتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، سروشتێکی بوێرانە و ڕیسک‌وەرگریان هەیە و خاوەنی وزە و پۆتانسیەلێکی زۆری گۆڕانکارین. ئەم تایبەتمەندییە وایکردوە کە لاوان و شۆڕش دووانەیەکی لێکدانەبڕاو بن و لەبەر وێکچوویی سروشتی لاوان و سروشتی شۆڕش، دەتوانین بڵێین کە خودی شۆڕش دیاردەیەکی گەنجانە و لاوانەیە و لە ڕاستیدا لاوان هێزی سەرەکیی شۆڕشەکانن.

حیزبی دێموکرات ڕێکخراوی لاوانی دامەزراندوە بۆ ئەوەی لاوان خۆیان ڕێکبخەن و وزە و تواناکانیان کاناڵیزە بکەن. فەلسەفەی دامەزرانی ڕێکخراوی لاوان لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە کاتێک پۆتانسیەلی لە‌بن‌نەهاتووی لاوان بەباشی کارا دەبێ و لە خزمەت بە ئامانجەکانیاندا شوێندانەر دەبێ، کە لاوان لە چوارچێوەی ڕێکخراودا کۆ ببنەوە و جۆگەلەی وزە و تواناکانیان وەسەرێک بخەنەوە و ببنە دەریایەکی خرۆشان، کە هیچ کۆسپێک خۆی لەبەر نەگرێ. لەم حاڵەتەدایە کە لاوان بە باشترین شێوە لە تواناکانیان کەڵک وەردەگرن و دەتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بەباشی بگێڕن و ببنە داینەمۆ و بزوێنەری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە ڕێکخراوی لاوان لە ٧٨ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە و پەیام و بانگەوازی یەکبوون و یەکگرتن و کۆبوونەوە لەژێر چەتری ڕێکخراودا، بە لاوانی کوردستانی گەیاندوە و لەم پێناوەدا بێوچان هەوڵی داوە و چالاکی کردوە.

لاوانی دڵ پڕ لە ئەڤینی نیشتمان!

بەداخەوە لەژێر سایەی نگریسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و لاوان بەتایبەتی، لە دۆخێکی نەخوازراودان و لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوون؛ بێکاری، گرانی و هەڵاوسانی سەرسوڕهێنەری نرخی شتومەک، ئیعتیاد بە ماددە هۆشبەرەکان، تەڵاق و بەگشتی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا پەرەی سەندوە؛ ئاسایشی کۆمەڵایەتی زۆر لاواز بووە. رۆژ نیە ئەو لاوانەی لەبەر بێکاری و لە ناچاری ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە، لێیان نەکوژرێ؛ رۆژ نیە ئەو لاوانەی داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، لێیان دەستبەسەر و زیندان و ئیعدام نەکرێ. ڕیژیمی کۆنەپارێزی کۆماری ئیسلامی وەها هەموو دەرفەت و دەرەتانەکانی لەبەردەم لاواندا بەرتەسک کردۆتەوە کە تەنانەت لاوان ناتوانن بەگوێرەی سروشت و پێداویستییەکانی قۆناغی تەمەنیان بجووڵێنەوە و وەڵامی نیاز و ئارەزووەکانیان بدەنەوە و لاوێتی بکەن؛ ئەمە بێجگە لەوەی کە لەڕووی زمانی، کولتووری و نەتەوەییشەوە سەرکوت دەکرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێ.

هەمووی ئەمانە خەڵکی لە ڕێژیم هیوابڕاو کردوە و ڕق و تووڕەییەکی وەهای لەنێو خەڵک و لە هەناوی کۆمەڵگەدا دروست کردوە کە هەر کات بتەقێتەوە و بە بەرفراوانی بێتە ڕوو، دامودەزگاکانی ڕێژیم تێکەوە دەپێچێ.

لاوانی شۆڕشگێڕی وڵات!

تەنیا چارەی دەرباز بوون لە هەموو ئەو گیر و گرفت و نەهامەتی و قەیرانانەی بەرۆکی خەڵکی گرتوە، بەربەرەکانی و خەباتە لەدژی ئەو ڕێژیمەی کە ئەم دۆخەی خوڵقاندوە.

ئێوەی لاوان دەتوانن بە خۆڕێکخستنی زیاتر ڕۆڵێکی گرینگ لەم نێوەدا بگێڕن و بەرپرسیارێتی خۆتان بەجێ بگەیەنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاندەر و پشتیوان و یارمەتیدەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراوە بتوانێ زیاتر لە پێشووش ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێ.

سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی