ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەڕ

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەڕ
زۆر بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی (١٠ی ئاپریلی ٢٠٢١ی ز) کاک لوقمان مێهفەر، تێکۆشەری دێرین و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا، لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

کاک لوقمان مێهفەر تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە تێکۆشانی سیاسیی خۆی لە تەمەنی ١٥ ساڵی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتەوە دەست پێکرد. دواتر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی لە بندەستیدا جێی گرت و لە ماوەی دەیان ساڵ خەباتی بێوچاندا زۆر بەرپرسایەتیی سیاسی و نیزامیی گرینگی کەوتە سەر شان.

کاک لوقمان لە کۆنگرەی ٩ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەولاوە وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزب ئەرک و بەرپرسایەتیی گرینگی لەئەستۆ بووە و دوایین بەرپرسایەتیی بەڕێزیان ئەندامەتیی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کاک لوقمان بە خەسارێک بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ و وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان و هاوسەنگەرانی دەکا و هیوا دەخوازێ ڕوحی ئەم تێکۆشەرە دێرین و نەسرەوتووە بە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی شاد بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی