وردە بیرەوەری‌یەکان بەشی ٤ و ٥

ئەحمەد حوسێنی

لە نێو ڕیزی پێشمەرگە دا هێندێ کەس هەڵدەکەوتن تایبەتمەندیەکی جیاوازیان هەبوو کە لە لەوانی‌تری جیا دەکردەوە. یەکێک لەو کەسانە کە ناسراوی زۆڕیک لە کادر و پێشمەرگاکانی حیزبی دێموکرات بوو ، شەهید عەلی نەوزاد ناسراو بە عەلی حەسەن ئاغا بوو. نە خۆی و نە بنەماڵەی ئاغا نەبوون بەڵکو ناسناوی حەسەن ئاغاکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای شۆڕش.

لە سەرەتای شۆڕشی گەڵانی ئێران حەسەن ئاغای  ئاوایی قەرەچەری سەقز ، چەک و چۆڵ بە دەست دێنێ و  خەڵکێک دوای خۆی دەخات و دەیەویست شتیک دروست بکات لە چەشنی سپای ڕزگاری . ئەو کات نە دێموکرات و نە کۆمەڵە و نە چریکی فیدایی لە گەڵ کارەکەی موافق نەبوون ،عەلی چوو بۆ لای حەسەن ئاغا و پاش ماوەیەک حەسەن ئاغا  سەری تیا چوو و نەما ، شایەعەی تیاچوونی حەسەن ئاغا لە سەر چریکەکان و  هاوکاری عەلی بوو. دەستی عەلی تێدا بوو یان نا مەعلووم نیە . بەڵام  وەک گومان بەسەری دا ساخ بۆوە و ناسناوی عەلی حەسەن ئاغای بە سەر دا بڕا.

پاشان هاتە ڕیزی حیزبی دێموکراتەوە و درێژی بە تێکۆشانی خۆیدا. کاری عەلی زیاتر لە گەڵ هێز و کۆمیتەی شارستان بوو، عادەتی جۆریک بوو، بۆ ناو ڕیکخستی پەل و کۆمیتەی ناوچە و شتی وا نەدەبوو . ئەو نەزم و نیزامە بۆ ئەو نەدەپاریزرا، زیاتر بە تەنیا ئەگەڕا و چەک و چۆڵ و موهیماتی ‌هێزی دەشاردنەوە و کاری تەداروکاتی ئەکرد، جاری واش ڕێ ئەکەوت خۆی لێ ئەشاردینەوە بە پەیامی ڕادیۆییش بە مانگ نەمادەدۆزیەوە، هەموو جار دەمانوت گەر ئەمجارە بیبینینەوە وای لێدەکەین و وای سزا دەدەین. هەر کە دەیگەشتینێ بە دوو قسە وای لە هەموان دەکرد هیچت بۆ لە گەڵ نەدەکرا.

:: ساڵی 1366 بنکەمان لە هانی گەرمەڵەی ناوچەی هەڵەبجەی هەورامان بوو. لە کۆنفرانسی مەڵبەند ڕەخنە لە عەلی گیرا  کە شەش چەکی حیزبی فرۆشتوە و ئەسپی پێ کڕیوە. ئەز قەزا عەلی ئەو ساڵە ئەمباری شاراوەی هێزیکی کوردستانی لە ناوچەی خورخوڕە دۆزیبوەوە 26  چەکی تێدا بوو. لە وڵامی ڕەخنەگران دا هەستایە سەرپێ و وتی بەرپرسان ئاگادارن چەن چەکم بۆ حیزب دۆزیوەتەوە. کەوابوو تۆ سەری ئەو 26 تفەنگەی بۆ حیزبم پەیدا کردوە ناوی ئەو 6 چەکە مەبەن کە ئەسپم پێکڕیوە.

:: هەر لە هانی گەرمەڵە من و کاک حەمەنەزیف قادری و هیوا گوڵ‌محەمەدی و عەلی حەسەن ئاغا هاومەنزڵ بوین . لە ماڵێکی دوو قات دابوین . سەرەوەی ماڵەکە جێێ حەوانەوەی ئێمە بوو ، ژێرەوەش تەویلەی هێسترەکان بوو، وابزانم خاوەن ماڵەکەمان کاک حامید ناوێک  بوو، ئیمکاناتمان کەم بوو تازە بنکە و بارەگامان لەوێ دانابوو. بۆ ئەوەی ئەسپێ و مۆریان لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە. لە پوتیک دا ئاومان گەرم دەکرد و لیباسەکانی ژێرەوەمان تێهەڵدەکێشا هەموو ئەسپێ و جڕو جانەوەرێکی بۆ دەکوشتین. بەیانیەک لە گەڵ کاک حەمەنەزیف دانیشتبوین وتم ئەمڕۆ ئاو گەرم ئەکەم کراس و ژێر کراس و شتەکانم ئەسپێ کوژ ئەکەم ، وتی ئەرێ بەڕاست دوو سێ شەوە هەر خۆم هەڵدەکڕینم خەوم لێناکەوێ ئەسپێمان زۆر بووە.

وتم جا عەلی حەسەن ئاغا خۆش بێ ئەبێ حاڵمان هەر وابێ . وتی عەلی بۆ؟ وتم بۆ ئاگات لێی نیە نانەکەی ئەخواو  ئا لەو کونەوە ئەڕواتە خوارێ شەوانە لە تەویلەی هێسترەکان ئەخەوێ . لە کوێووە، لە ڕارەوی دیوەکەمانەوە شوینێکی لێبوو بە چەند پلیکان ئەچویتە خوارەوە تەختەیەکی لە سەر دانرابوو بڕێک شڕەو شاڵاتی لە سەر بوو لات ئەبرد و ئەچویتە خوار ،کاک حەمەنەزیف وتی خوا شاهیدە تا ئیستە بەوەم نەزانیوە. وتی کوا عەلی؟ ناردمان عەلی هاتەوە، کاک حەمە نەزیف وتی عەلی شەوانە لە کوێ ئەخەوی ، زەردەیەکی گرت و وتی کاکە گیان تەویلەی هێسترەکان هەرزاڵیکی لێێە گەرم و خۆشە ئەچمە ئەوێ ، کاک حەمە نەزیف وتی هەستە ئەو کەوشانەت لە پێکە بە شەرەفم هەتا لەم بنکە بین لاق نانێیتەوە بێرەدا، عەلی دەرپەڕی و بە رۆشیتنی  ئەسپێ کەمی کرد و ڕزگارمان بوو،

:: کومیسیۆنی سیاسی نیزامی فۆڕمێکیان بۆ کادرەکان ناردبوو بێوگرافی خۆیانی تێدا بنوسن و هەر وەها دیاری بکەن پسپۆڕیان لە چیدا هەیە،عەلی حەسەن ئاغا لە وڵامدا نوسیبووی ، پسپۆڕی درۆ!

:: زۆر جار گەڕانەوەمان بۆ ناوچەی تێکۆشان لە گەڵ گرفت ڕووبەڕوو ئەبوەوە، بە تایبەت ئەو ساڵانەی باران زۆر ئەباری  تووشی گرفتی پەڕینەوە لە ئاوی کەڵوێ دەبوین.کاتی گەڕانەوە هات لە گەڵ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب ئەکەوتینە ڕاو تەگبیر لە کام شوێن و کام بوارەوە بپەڕێنەوە، وام دێتە بیر بەهاری ساڵی 67 بوو ، مەڵبەندی دوو ، کۆمیتەی شارستانی بۆکان و بەشێک لە پێشمەرگەکانی مەڵبەندی یەک و هێزەکانی دووی ڕێبەندان و بەیان ساخ بوینەوە پێکەوە لە سنووری ناوچەی پیرانشارەوە لە شوینیک بە ناوی تاتیدۆ بپەڕینەوە، خەبەرمان هەبوو بوار سەختە و ئاو زۆرە ، وتیان وەڵا کومیسیۆنی سیاسی نیزامی مەلەوانی پەیدا کردوە قایەقی پێێەو دەتان پەڕینێتەوە. لە گەڵ کاک حەمە نەزیف لە بنکەی دەفتەری سیاسی بووین وتی با بچین خواحافیزی لە کاک دوکتور قاسملوو بکەین تاز نایەینەوە ئێرە، چوینە خزمەتی من ڕیشم هێشتبوەوە فەرموی لە بەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە دەنا بەو ڕیشەوە ماچم نەدەکری، فەرمووی ئاگاتان لە خۆتان و پێشمەرگەکان بێت، لە دڵی خۆمانا وتمان مەلەوانمان لە گەڵە خەممان نیە، ماوەیکی پێچوو هێزیکی چەند سەد کەسی بەرەو شوێنی پەڕینەوە لە چۆمی کەڵوێ کەوتینە ڕێ، بە هەوراز دا سەرە و ژوور ڕێچکەمان بەست، لە گەڵ شەهید وەستا ئەحمەدی کوهگەرد فەرماندەری هێزی بەیان پێکەوە بووین ، نەفەرێکمان دەبینی  سەر و چاو داپۆشراو ٢٠٠ میتریک دوور لە سەفی پێشمەرگەکان هێسترێکی ڕادەکێشا، وتیان لێی نزیک مەبنەوە با شناسایی نەکرێ ئەوە مەڵەوانەکەیە، هەر بەدەم قسە کردنەوە ئەڕۆشتین و جار و بار تەماشای مەلەوانی دەموچاو داپۆشراومان ئەکرد ، وەستا ئەحمەد وتی سەید کورە ئەڵیی من ئەو مەلەوانەم دیوە، وتم لە کوێت دیوە وتی زۆر ئاشنا دێتە بەر چاو، وەستا  خۆی پێنەگیرا، وردە وردە خۆی لێ نزیک کردوە ، چوو نزیکی و هاتەوە ، دەستی کرد بە پێکەنین وتی کوڕە خۆ عەلی حەسەن ئاغایە ، وتم شتی وا چۆن ئەبێ ئەو کادری مەڵبەندە ، تماشای سەفی مەڵبەندی دووم کرد عەلی تیا نەبوو. چوومە نزیکی زانیم عەلیە وتم ئەو بەزمە چیە ، وتی ئاشکرام مەکە ئەبێ هەموو ئەو هێزانەی حیزب بپەڕینمەوە حەز ناکەم کەس بزانێ، درێژەمان بە ڕێگا دا تا گەیشتینە سەر ئاوی کەڵوێ و مەڵەوان ئاشکرا بوو . عەلی  شلینگێکی لە ملی خۆی ئاڵاندبوو، وتمان ئەوە چیە ، وتی ئەگەر ژێر ئاو بکەوم نەفەسی پێدەکێشم ،هەموو دەسمان کرد بە پێکەنین و ئەمجار قایەقیان لە پشتی هێستر هێنایە خوارێ ، عەلی وتی ئەوە چیە ، وتمان چۆن مەگەر خۆت نەت هێناوە ، وتی وەڵا کۆمیسیۆن فێڵیان لێکردوم ئەوە قایەقی بووک و زاوایە خەڵکی پێناپەڕیتەوە، جاوەرە بە و شەوە تاریک و تنۆکە و ماندوویەتیە دەیان و کادر و پێشمەرگە بگەڕێوە بۆ دواوە.

ئەو بەسەر هاتانەوە و دەیانی تریش لە سەر عەلی هەن لە گەل  هەموو یادگاریە خۆشەکانی  تا ئاخرین ڕۆژی ژیانی لە پێناو گەلەکەی بۆ ساتێکیش نەسرەوت. هەزار جار یادی بە خێر و ڕۆحی شاد.

وردە بیرەوەری ٥

دەورەی عالی کادر !

ساڵی 1363ی هەتاوی حیزب دەورەیەکی لە سەتحی سەرێ بۆ کۆمەڵیک کادر لە هەموو کۆمیتەکانی حیزب لە شیمال تا کرماشان دانا، بە پێێ ڕادەی کەم و زۆری کادری هەر ناوچەیەک جگە لە یەک دوو کۆمیتەی شارستان کە لە بەر هەل ومەرجی تایبەتی ناوچەکەیان نەیانتوانی ماباقی کومیتەکان هەموو بەشدار بوون وابزانم بۆکان و دیواندەرە و شیمال نەهاتبوون. پلەی کادرەکان لە ئەندامانی هەیئەتی ئیجرایی و کۆمیتەی شارستان بەرەو خواری تێدا نەبوو. مامۆستاکانیش ئەندامانی دەفتەری سیاسی کادرە باڵاکانی حیزب بوون.

کادرەکانی بەشدار لەو دەورەیە بریتی بوون لەم کەسانە:

ڕەشاد حوسێنی، قادر ئەلیاسی، شوجاع ئەمینی، ئەحمەد حوسێنی، عەوڵا سەعدەیی، خالید محەمەدزادە، سەعدوون عەباسی، سەعید بیگزادە، قاسم قازی، حەسەن قارەمانی، عەوڵا حوسێنی، قادر وریا، عەوڵا فەتاحی، عومەر حەمیدی، مراد ئەحمەدی، مستەفا مەولودی، سەلیم کاویان و حەسەن مینایی.

دەرسەکانمان بریتی بوون لە: مێژوو، حقوق، جوغرافیا، کۆمەڵناسی، تەشکیلات، سیاسەتەکانی حیزب، حیزب و سازمانە سیاسیەکان، ئەرکەکانی کادر، مێژوی جوڵانەوەکان و ئابووری و هێندیک بابەتی تر.

مامۆستای باشمان  هەبوو. دەرسی باشیان فێر دەکردین . قەرار بوو دەورەکەمان شەش مانگ درێژەی هەبێ، بەڵام نە مامۆستاکان لە بەر کاری زۆر ئەو کاتەیان هەبوو، نە کادرەکانیش تاقەتی ئەو ماوە درێژە، هەر بۆیە لەو ڕادە کەمتری کێشا. بە تێپەر بوونی کات زیاتر لە گەڵ یەکتر ئاشنا ئەبوین و جار و بار زۆرانبازی سیاسی و شەری تیئۆریک سەری هەڵدەدا ، یادی بەخێر شەهید ڕەشاد کەڵی مەیدان بوو ، لە تەوزیح و ململانەی سیاسی و جەڕ و باس تاقەتی نەدەچوو ، بە هەق زانا و سەردەچوو بوو، کەڵەوەکێشی دەکرد و ژێر باری تەحلیل و تەوزیحی کەسی بەرانبەری بە ئاسانی نەدەچوو، لەم لاشەوە شەهید سەعدون و بیگزادە سەریان لێ دەخورا سێ قۆڵی و چوار قۆڵی نەیاندەبڕیەوە ، مێشکی سەریان بردبووین. تا لە دیوەکانی خۆمان بوین ئەوە کاریان بوو، کە دەچوینە کلاس ئەمجار نۆبەی هەڵپێچانی مامۆستا بوو، لە ناو مامۆستاکان دا کاک دوکتور خەلیقی لە هەموان زیاتر لە گەڵمان تێکەڵ بوو. پێێ دەوتین ئێوە هەموتان عولەمان، بەو هەموە عولەمایەش عولەنێرێکتان دەوێ ،کە خۆمم.

تا زیاتر لە گەڵ یەکتراشنا دەبووین شۆخی و قسەی خۆش و بە سەرهاتی جۆر بە  جۆری زیاتر باس دەکران ، سدیقی فیروزی لە هەموان خوش تەوزیحتر و قسە خۆشتر بوو. هەردەم هەموومانی بە شۆخی و گێڕانەوەی نوکتەی خۆش و کێشانی کاریکاتۆر لە هاوڕێیان دەهێنایە پێکەنین. مراد ئەحمەدیش حاڵ و هەوای تایبەتی خۆی هەبوو، ئیشتیای لە قوڵە سەفەر بوو، وەک وەزیری دەرەوەی لێهاتبوو ، کەی بیویستایە بۆی دەرباز دەبوو، دەنگ و باسی ئەملاو لاشی لە گەڵ خۆی بۆ دەهێناینەوە، هەر کامەمان بە گوێرەی ناوچەی خۆی بە سەر هاتی تایبەتی خۆیان و شوینی کار و چالاکی شوینی نیشتەجێبوونمان دەگێڕایەوە،  بێتاقەت نەدەبوین،  جار و بار بە بیتن بیتنی هاوڕییانی شنۆیی بە تایبەت کاک عەوڵا فەتاحێ پێدەکەنین، ئەو شوێنەی دەورەمان لێدەبینی بە “سەفرە و گەڵاڵە” بە نێو بانگ بوو ، فێرگەی ئەسڵی حیزب لەوێ بوو، دەورەی سەرەتایی  ئەو کەسانەی دەهاتن بۆ پێشمەرگایەتی هەر لەوێ بوو، خەڵکێکی زۆر کە بۆ دیتنی دەورە دەهاتن، لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە لە لایەن  کۆمیتە و مەڵبەندەکان ڕەوانەی فێرگە دەکران، دایم جمەی ئەهات لە پێشمەرگەی لاو و بە ئینرژی.

لە وێ نەزم نیزامێکی تایبەت بە خۆیان فێر دەکران، ئیمە هەموو ئەندامی کۆمیتەی شارستان بووین خۆمان بە شتێک دەزانێ ، پێمان وابوو دەبێ لە هێندیک بوار دا لە گەڵ ئەوان  فەرقمان بۆ دابنرێ، جاری وابوو ‌کەسانێکمان میوانی دەهات یا کەسانێک ڕوویان تێدەکردین، و پێداوستی زیاترمان لازم بوو، سولەیمان نیک نام  خەڵکی مەهاباد بوو ،کاتی خۆی یەکەم بوە لە هەموو مەهاباد لە پێشبرکێ هەڵاتن ، ئەو بەرپرسی تەداروکاتی فیرگە بوو ، نان و پێخۆرێکی وای نەدەداینێ، وردە وردە فشارمان بۆ هات، بە تایبەت بۆ ژەمی بەیانیان، سەعید بیگزادە دەیناسی یەک  دوو جاری قسە لە گەڵ کرد  رەعایەتمان بکا ،  فایدەی نەبوو. تا ڕۆژێ سەعید زرمەی لێهەستاند و کوتەکێکی باشی لێدا، ئەو گورزە کاری خۆی کرد، کێشەمان چارە سەر بوو.

مامۆستا گۆران دەرسی حقوقی پێدەوتین. جەلەسەی یەکەم دەرسی خۆی وت و پاشان وتی سبەینێ پرسیارتان لێدەکەم ، بۆ  سۆزی هاتەوە سەر کلاس لە ناو هەمویاندا ڕووی لە من کرد ، وتی یەکەم پرسیار لە تۆ دەکەم ، وڵامم بدەوە، وتم فەرموو، وتی تەیارەیەکی پڕ لە  موسافیر لە فرودگای تارانێ ڕا هەڵدەفڕێ و بەرە تەیارەخانەی بەغدا دەڕوا، لە سەرسنووری ئێران و ئیراق  دووکەسیان دەبێ بە شەریان ، یەکیان ئێرانیە و ئەوی دیکەش ئێراقی ، پێم بڵێ: کام وڵات دەبێ ئەوانە موحاکمە بکات، ئێران یان ئیراق؟ بڕێك سەرم هەڵکڕان، وڵامەکەم نەدەزانی، وتم مامۆستا، ئەگەر پرسیارەکەت زەمینی بوایە دەمزانی ، بەڵام سەر لە پرسیاری هەوایی دەرناکەم. هەموو دەسیان بە پێکەنین کرد مامۆستا گۆران تورە بوو خەریک بوو کلاس جێ بێلێ و نەیانهێشت.

فێرگە نەزم و تەرتیبێکی باشی هەبوو، هەموان دەبوا ڕەچاوی بەرنامەکانی بکەن، بە تایبەت ئەو کەسانەی ئەهاتن بۆ پێشمەرگایەتی لەوێ فێری بە کار هێنانی چەک و چۆڵ دەکران و لە گەڵ ئەوەشدا بە سیاسەتی حیزب و کاری پێشمەگایەتی و بەرنامەی حیزب ئاشنا دەبوون و ئامادەی مەیدانی شەر و بەربەرەکانی لە گەڵ دوژمن دەکران و پاشان دەنێردرانەوە ناوچەی تێکۆشانی خۆیان، جگەلەوان دەورەی فەرماندەهیش بۆ کادرەکانی نیزامی لێبوو ،کە ئاموزشی نیزامی لە سەر چەک و چۆڵی قورس ، وەک تۆپ و دۆشکە و جۆرەها سیلاحی تر فێر ئەبوون، بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی نیزامی لە ڕادەی سەرەوەتر ئامادە دەکران. هەموو جارێ پاش تەواو بونی دەورەکان جێژن و شادی بەڕێوە دەچوو ، دیارە حیزب کۆڕی هونەریشی هەبوو، ئەو کات زۆراب زاکری مەریوانی لە دەورەی فێرگە بوو، دەنگیی خۆش بوو. گۆرانی خاڵدیری خاڵدیری  دەوت وزۆر جار ڕادیۆ دەنگی کوردستان بڵاو دەکرایەوە.

شاخێکی بەرز زاڵ بە سەر فێرگەدا دەیڕوانی، بنکەیەکی کۆمەڵەی لێبوو ، بە سەر سەرماندا موسەلەت بوو، ئەو کات لە نێوان حیزب و کۆمەڵە شەر هەبوو، بەڵام خوا هەڵناگرێ هەر دوو لا ئەو پرینسیبەیان دەپاراست و لە خاکی ئێراقدا شەر و شۆر رووی نەدەدا، هەڵکەوتووی ئەو مەقەرەی کۆمەلە ڕاست لە سەر فێرگەی حیزب ناخۆش بوو ، هەموو جموجوڵ و هەڵسوکەوتێکمان لە بەر دەستیان دابوو ، وا بزانم حیزب چەند جارێک ئاگاداری کردبوون ئەو شوێنە چۆڵ بکەن .بەڵام وڵامیان نەدابوەوە. ڕۆژێک پێشمەرگەیەکی زۆری هێزی قەندیل بۆ مەئموریەت هاتبوون ، بە بێ ئەوەی هیچ بەرنامەیەک هەبووبێ ، بۆ پەلاماردانی کۆمەڵە ، هاتنە فێرگە، کۆمەڵە پێی وابوو بۆ شەڕ لە گەڵ ئەوان هاتوون، کە بەیانی هەستاین پایگای کۆمەڵە چۆڵ کرابوو  کەسی تیا نەمابوو، . ئەو موشکلەش بێ کێشە تەواو بوو.

فروشگایەک لە سەرجادە نزیکەی سێسەد میترێک دورتر لە فێرگە دانرابوو ، شتی خواردەمەنی و پێداویستی لێ بوو ،کەسێک شتێکی پێویست بوایە دەچوو لەوێ دەیکڕی و دەهاتەوە، پێویستی بە چوونی شار و بەرە نەدەکرد ، لە نێوان فێرگە و فرۆشگاکە پرسگەیەکی حیزبی لێبوو، بەڵام، بە بێ نامەی فێرگە دەرچوون لەو پرسگە مەحاڵ بوو، بەرپرسەکەی کەریم حەسەن بوو، کەسیکی تا بڵێ موقەرەراتی و وشک ، قسەی کاک چەکۆ نەبوایە قسەی کەسی تری قەبووڵ نەدەکرد ، هەموان حیسابیان لێ دەبرد، ڕۆژێکیان شەش حەوت کەسێکمان لە کادرەکان وتمان بابڕۆین بۆ فروشگا، لە ناو خۆمانا وتمان ئیمە کادرین نامەمان پێویست نیە، ملمان پێوە نا، هەر ئەونەمان خۆش بوو گەیشتینە لای پرسگە ، کەریم حەسەن هات و سڵاومان لێکرد و وڵامی داینەوە وتی بۆ کوێ دەچن؟ وتمان بۆ  فروشگا ، وتی کوا نامەتان؟ وتمان پێمان نیە، وتی وەگەڕین نامە بێنن ، یەک دوو نەفەرمان لە گەڵی کەوتنە قسە ، فایدەی نەبوو، ویستمان بڕۆین گوێی نەدەینی ، دەستی دایە چەک و خۆی خستە سەنگەرەوە و  وتی وەگەرین، بە خوێنی کوردان سوورتان دەکەم، ئەوە لەو بەریش هەموو فیرگە تماشامان ئەکەن، پێمان عەیب بوو بگەڕینەوە، وتمان بابە کادرین و فەرقمان هەیە، وتی کادر، کادر،کادری چی، بە شەرەفم بە هەمووتان ئالیشی “تفاقی” دوو کەرتان پێ بەش ناکڕێ، بەو شیوە پاشەکشەی پێکردین و گێڕاینیەوە، جاوەرە دانیشتوانی فیرگە بە ورد و درشت پێمان پێدەکەنین ،تا ماوەیەک ببوە قسەی خۆشی ئەو ناوە و لێرە ولەوێ ئێمەیان دەدیت . دیانوت چۆن بوو خۆتان بۆ مان بگێڕنەوە، ئیستەش ئەو جەمعە هاوڕێیە یەکتر دەبینین ئەو باسە هەر دێتە گۆرێ .

کەریم حەسەن لە ژیان دا نەماوە هەر چەند زۆر سەختگیر بوو بەڵام تا بڵێی بە نەزەم و دیسپلین و حیزب خۆشەویست و فیداکار بوو، بە گەرمای هاوین و ساردی زستان ، هەمیشە بە لیباسی مورەتەبی حیزبی پوزەوانە و کلاو جامانەوە لە نیگابانی بوو. کاتی بەیانی دەرۆی بۆ ئێشکگری تا ئیوارە هەر نگابان بوو ، خەنجەر لە بەر پشتوێن چەک لە شان ئامادە بۆ پاراستنی بنکە و بارەگای حیزب ، یادی بە خێر و ڕۆحی شاد.

لە نێو ئەو پۆلە کادرە  دا بەشی هەرە زۆریان لە ساڵانی دواتر بوونە ئەندامی ڕێبەری حیزب زیاتر لە دە کەسیان، بەرپرسایەتی کۆمیتە و ئۆرگانەکانی حیزبیان وەئەستۆ گرت ، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان شانیان دایە بەر ئەرکی حیزبی ، هەر لە جەرەیانی تێکۆشان و خەباتی پێشمەرگانە دا ئەم کەسانەیان شەهید بوون و بە داخەوە لە ژیان دا نەماون و لە پێناو حیزب و گەلەکەیاندا سەریان نایەوە، کە بریتین لە: سدیق فیروزی مەریوان، ڕەشاد حوسێنی، کرماشان، شوجاع ئەمینی سنە، سەعدوون عەباسی مەهاباد، عومەر حەمیدی شنۆ و سەلیم کاویان بانە.

هەم مامۆستا ڕاستگۆ و دروستکار بوون و هەم شاگرد گوێڕایەڵ و فیداکار

بەڵێ ! ئاوایە نەخشی ڕۆژگار!

هەزاران سڵاو لە ناو و یاد و گەورەییتان.

وێنەکان ، کادرەکانی بەشدار لە دەورەی عالی ساڵی 1363ی هەتاوی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت