ڕووداوی شەری چەکدارانەی ئامول

سەلاح ئەسەدپوور

بەرەو گرتنی شورای چوارەم. بەشی ٢٠ و ٢١
ژیان بە ئاسایی بەڕێوە دەچوو. پەیوەندیەکانمان ھەر بەر دەوام بوو، بەھار و ھاوینی ساڵی ٦١ ڕووداوێکی وا ڕووی نەدا. بەڵام لە تاران و شارەکانی دیکە بەشێکی زۆری ئەندام و لایەنگری “اتحادیە” گیران. حوسێن ریاحی و کادرە گرینگەکان کەوتنە بەندیخانە. ئەشکەنجە و ئازار و ئەزییەتی لە چەشنی سەدەکانی ناوەڕاست لە سەریان ئەنجام درا. زۆربەی کومیتەکانی شارە گەورەکان کەوتنە بەر پەلامار، بەشێکیان لە گەڵاڵە ئیتلاعات لە ژێر ناوی کرێ گرتە و خاوەن ماڵ لە تاران پێوە بوون. بە گوێرەی ئەو گەڵاڵەیە خاوەن ماڵ دەبوو وێنە و زانیاری کرێ گرتەکان بدەنە ئیتلاعات، ئەوە وای کرد کە ھێندێک کەس بناسرێن و بگیرێن. ھێندێک کەس زانیاریان دا و خەڵکیان بە گرت دا. لە گەڵ ئازاد ترسمان ڕێ نیشت و بڕیارمان دا لە سەرەتایی ساڵی خوێندن بچینە مەھاباد لەوێ کەس نامانناسێ و دەتۆانین ھەم کاری سییاسی بکەین و ھەمیش دەرس بخوێنین. ساڵی پێشتری کە درەنگ دەستم بە خوێندن کردەوە، لە ئیمتحانات دا سەرکەوتوو نەبووم. چوینە لای ھاوڕێیەکمان و چەند ڕۆژ لە لای ماینەوە، زۆر گەڕایین چوونکە سەڵت بووین، کەس خانووی پێ نەداین.

ڕۆژێک لە ناو شار بووین، لە مەدرەسە دەھاتینەوە. من و ئازاد بووین. لە پڕ ڕا دەورمان گیرا و بە دوو ماشێن پاسدار گەمارۆ دراین. دیتمان کوڕێکیان لە گەڵە دەیناسین، پێم وابێ ھەر ئەویش بە گرتن داین. ئەو کوڕ ەمستەفای سیف ئالی بوو کە لە بۆکان دەمانناسی و کوڕی پێاوێکی بە ڕەچەڵەک تورک بوو کە دەمێک ساڵ بوو لە بۆکان دەژیان و سەوزی خانەیان بوو. ئەو کوڕ جار وبارە ھات و چوێ بنکەکەمانی لە بۆکان دەکرد. ھەر ئەوکاتیش برایەکی لە میاندوئاو پاسدار بوو. ھەردووکمانیان لە ماشێنێک ھاویشت ، شۆفیر و پاسدارێک لە پێشەوە، من و ئازاد و مستەفای سیف ئالی و پاسدارێکی تورک لە پشتەوە دانیشتین. ماشێنەکەی دیکەش بە دواماندا.

ئازاد ڕووی لە مستەفا کرد و کوتی: چ خراپەیەکمان بۆت بووە، لە چاکە زیاتر، وەبیرت دێ بابم چەند جار ھاوکاری بابتی کرد و قەت نەیھێشت لە لایان حیزبی دێمۆکراتەوە کە ئەمنییەتی شاری بە دەست بوو کێشەتان بۆ ساز بێ. ئەو قسانە شوێنی لە سەر مستەفا دانا، چوونکە ھەر واش بوو، خەڵک ھاوکاری ئەوانەیان دەکرد کە کوردیش نەبوون. دەڵێن جاش گرتنی بە دەستە بەڵام ئازاد کردنی لە دەست نایە. ئەگەر بە دەست مستەفا بایە ھەر لەوێ بەری دەداین. بردیانینە خانەی جەوانان، مەقەڕێکی گەورەی پاسداران بوو. بردیانینە ژورێ، پاسدارێک وا دیار بوو دەم ڕاستە، پرسی ئەوانەتان بۆ ھێناوە. مستەفا جۆابی دایەوە، ئەوانە نە دژ شۆڕشن و نە کارێکی خراپیان کردوە، لە سەر شەقام دیتمانن و دەمناسین ، کوتم بزانین بۆ ھاتونەتە مەھاباد. کابرا گوتی بیان خەنە ئەو ژورە بەیانی لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکەم. لە دیوێکی گەورەیان کردین، ٢٠ نەفەرێکی تێدا بوو، ھەر کەسەو بە بێانویەک گرتبوویان. لە بەر دووکەڵی سیغار چاو، چاوی نەدەدی.

ئێوارە ھەر یەکەو شتێکی وەک سەولەیان لە پێش داناین. ئەو شەوە بە جۆرابێن و قسەی قۆڕ تێپەڕ بوو. بەڵام ترسی من و ئازاد لە ڕادە بە دەر بوو. دەمانزانی، چووکترین شک دەبێتە مایەی لە ناو چوونمان. شەوێکی تاڵ بوو، تاڵ وەک کەکرە. نەماندەزانی چ دەقەومێ. خۆمان ساز کردبوو بۆ ھەموو ئەگەرێک.

بەیانی زوو بانگیان کردین. ڕوح ئەگەر ھەبێ ، ھاتبووە سەر لووتمان. چوێنە ژووری لێپرسینەوە، پاسدارێکی ڕەش ئەسمەری چوار شانەی، ڕیشنی نا شیرین لە سەر کورسێک پاڵی دابۆوە. دوو کورسیش بۆ ئێمە دانرا بوو، کاغەز و قەڵمێکیش لە سەر مێزەکە بوو. دانیشتین، پاسدارە گوتی : ھیچتان لە سەر نییە، بەڵام دەبێ ئەو فوڕمە ئیمزا بکەن کە قەت ھاوکاری دژە شۆڕش، کۆمەڵە و دێموکرات ناکەن. چاوێکمان لێک کرد و بە پەلە ئیمزامان کرد، دیار بوو مستەفا کاری خۆی کرد بوو و ھیچی لە سەرمان نەگوتبوو. ھەر چەند ھیچیشی نەدەزانی.

کە بەر بووین چووینەوە ماڵی ھاوڕێ کەمان و شڕ و شاتاڵەکەمان پێچاوە و چوینەوە بۆکان. دوای زەربە قورسەکان کە وە پەیکەری “اتحادیە” کەوت ھەواڵیان پێ داین کە کەسێک لە تارانەوە دێت تا ڕێبەرانی کۆمەڵە ببینیت. ئەو کەسە عەلی چھار محالی (رحمان) بوو. پێاوێکی باڵا بەرزی، بە ساڵ داچوو، ڕیشێكی درێژی ھەبوو. قسە خۆش و لە بەر دڵان، لەوەتا “اتحادیە” زەبری وێ کەوتبوو، ئەو عەمەلەن کاری بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکەی لە سەر شان بوو.

ئازاد لە گەڵ ئەو ڕەحمانە چوونە گوندی خوراسانە کە ئەو کات کومیتەی ناوچە بۆکانی کۆمەڵە لەوێ بوو ، لە کۆبوونەوەیەک لە گەڵ ڕێبەرانی کۆمەڵە لە سەر ھێندێک ھاوکاری ساغ ببونەوە، کە قەت عەمەلەن ھیچی لێ شین نەبۆوە. .

ئێوارەیەکی ھەور گرتوویی پاییز ساڵی ١٣٦١، لە حالێک دا لە گەڵ کەسێک کە ھیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نەبوو لە کۆڵانەکانی پشت خیابانی سەقز لە بۆکان پیاسەمان دەکرد. لە پڕ ڕا لولەی چەندین تفەنگ بەرەو ڕوومان گیرا و دەستمان لە سەر سەرمان دانا. ئامانج گرتنی من بوو، ھاوڕێکەم دوور خرایەوە. نازانم بۆ منیان سۆاری ماتۆری جاشێک بە ناوی ” جەعفەری بایز گووڵی ” خەڵکی گوێگجەلی کرد و ماشێنێکی پڕ لە پاسدار بە دوی دا.

بە گوێرەی ھێندێک زانیاری کە قەت نەمتۆانی پشت ڕاستی بکەمەوە، گۆیا ئەو کەسەی ڕابیتمان بوو لە سنە و خزمایتی لە گەڵ محەممەد رضا رحیمی فەرمانداری ئەو کاتی قوروە و ئوستانداری دواتری سنە و ڕاێژکاری ئەحمەدی نژاد بوو، گیرا بوو ئەویش ھەموو شتێکی گوتبوو. بۆیە کە گرتیانم بە دڵنیایەوە ھاتبوون و دەیان زانی چیم کردوە.

کابرای جاش بۆ ئەوەی بمکاتە دەسکەوتی خۆی، بە پاسدارەکانی گووت ، با لە گەڵ من بێ و ئێوەش بە دوامدا وەرن. تا پاسدار سوار بوون و سوڕانەوە، مەودایەک کەوتە نێوان ئێمە و پاسدارەکان. ماتۆڕیکی گەورەی زەرد کە نەمزانی چ مارکێکە، پێی پێوە نا و ماتۆڕ بە خێرایی لە جێی خۆی ھەڵقەندرا. بە توندی بەرەو چوار ڕێانی خیابان سەقز داکشا. ماوە نەبوو زۆری بیر لێ بکەمەوە، دوو ڕێگام لە بەر بوو، ئاقڵ دانیشم و بچمە بەر دەمی جەلاد و و خۆم بۆ کوشتن ئامادە بکەم یان ڕاکردن و گوێ نەدان بە قەزا و قەدەر. ھەوا وردە وردە ، بەرەو تاریکی دەچوو.

ماتۆڕ لە تاسە ( دەست ئەنداز) ێک خاوی کردەوە، بێ سێ و دوو لێکردن خۆم فڕێ دا خوار ، ھەموو لاق و دەستم بریندار بوو و بەرە کۆڵانە تەنگەکانی لای خیابانی کۆن ھەڵاتم. تا جەعفەری جاش ئاوڕی داوە و پاسدارەکانی پشت سەرمان گەیشتنێ، من گەیشبوومە کۆڵانەکان و خۆم بە دوکانێک دا کرد، کە خاوەنەکە برینج و ڕۆن و شتی وای دەفرۆشت. بوو بە تەقە و ھەڵات ھەڵات پەیدا بوو. ئەو کات زوو زوو پێشمەرگە دەھاتنە ناو شار و خەڵک پێیان وابوو پێشمەرگە ھاتووە، لە ھەموو مەقەڕەکان لە خۆ ڕا تەقە دەستی پێ کرد. ئەو پاسدارانەی ویستیان من بەرن، نەیان وێرا بێنە ناو کۆڵانە تەنگەکان و پاش ماوەیەک تەقە بە دەست بەتاڵی گەڕانەوە.

کابرای دووکاندار کوتی ، وەرە قەراغ ئەو تەلیسە برینجانە با ئەگەر ھاتن نەتبینن. پاش ١٠ دەقیقە تەقە کابرا گوتی، پێم وایە تەواو بوو با بڕۆێن. دوکانەکەی داخست، ئەو بەرو ماڵی خۆی و منیش چوومە ماڵی ھاوپۆلیەکەم لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە. ھاوپۆلەکەم پرسی، چ بووە، بۆ وا شڵەژاوی؟ دەست و قاچت بۆ وای لێھاتوە؟.

 

بەرەو ناوچە ئازاد کراوەکان (بەشی ٢١)

بە ھاوڕێکم گوت، ھیچ نەبوو، ھێندێک تەق و تۆق بوو، ھەڵەنگووتم و کەوتم، شتێکی وا نییە. بڕێکیش ترساوم. بۆ خۆت دەزانی پاسدار لە خۆ ڕا تەقە لە خەڵک دەکەن. دەستێک لیباسم لێ وەرگرت و بەرەو ماڵێکی دیکە وەڕێ کەوتم. زۆری ھەوڵ دا شەو لایان بم، بەڵام دەمھەویست زووتر لە وەزعی ئازاد ئاگادار بم.

ئەو ماڵەی چووم ئازادیان باش دەناسی، وە ژوور کەوتم، لە ھەلس و کەوت و شڵەژانم زانیان دەبێ شتێک ڕووی دابێ. پیاوی ماڵەكە بە فشە پرسی، ھا چ بووە، کرێکاران شتێکیان لێ بە سەر ھاتوە، کوتم نا وەڵا، کرێکاران عەیبیان نییە. خۆم کێشەیەکی گەورەم بۆ پەیدا بووە.

وەزعەکەم بۆ باس کردن، کوتیان زانیومانە پاسدار چوونەتە ماڵی ئازادیش، لەو کاتە دا لە ماڵ نەبووە. ئیستا ئەویش لە ماڵی خۆیان نییە. ئەوکات پاسدار نەیان دەوێرا بە شەو بگەڕێن. ترسم نەبوو کە بمگرنەوە، ژنی ماڵەکە زۆر ئازایانە، چارشێوی ھەڵگرت و کوتی دەچم ئازادیش دێنمە ئێرە، کەس شک ناکا.

ڕۆیشت، پاش ماوەیەک لە گەڵ ئازاد ھاتەوە. دانیشتن و دەستە وەستان بوون دادی نەدەداین، ترس جارێکی دیکە سواری شانمان بوو. ئەو ترسە لە گەڵ ترسی پێشتر جیاواز بوو. لەوێ لە ئامول دەرەتانمان ھیچ بوو، لێرە ھەموو ڕێگایەک لە بەر دەممان کراوە بوو. دەبوو ھەر چی زووترە شار بە جێ بێڵین، بە ھۆی ھاوکاریکردنی ھێندێک کەس کە ئێستاش ماون و لە بۆکانن، ناچمە ناو وردەکاری ھاتنە دەر لە شار.

چوینە ئاوایی گردی قەبران و چاوێکمان بە دایە کابانی دایکی شەھید قادر خزری کەوت، ژنی وا بە جەرگم کەم دیوە، پێمان وابوو ڕوومان لێ وەردەگێڕێ و تاوانبارمان دەکا بۆ مەرگی کوڕەکەی، ھێندە ڕێزی گرتین، خۆمان شەرممان دەکرد.لەوێش ڕا چوینە گوندی خوراسانە تا لە گەڵ کۆمەڵە قسە بکەین، بەشکم مەقەڕێک لەو دەورە و بەرە بکەینەوە.

تا پەیوەندیمان لە گەڵ “اتحادیە” گرتەوە و ھێندێک ئیمکاناتیان بۆ ناردین، ماوەیەک لە بنکەکانی کۆمەڵە لە کانی تۆمار ماینەوە و وەک پێشمەرگەکانی ئەوان لە نیگابانی و ئاشپەزی و کارەکانی دیکەی مەقەر ھاوکاریمان دەکردن. بەرپرسی بنکەکە کاک مەلا عوسمان عەسری بوو، پیاوێکی قسە خۆش و زۆری ڕیز لێ گرتین لە ھەموو باسێک دا وشەکانی ” سەیر نییە”ی زۆر بە کار دەھێنا.

سەرئەنجام بنکەیەکمان لە کۆنە چاڵی قەدیم واتا قادر ئاوا، کردەوە و پیاوێک ژوورێکێ پێ داین. لە گەڵ خەڵکەکە نێوانمان خۆش بوو. بەڵام ئەو ھەمووە وەختە لەوێ بووین نەمانزانی کێشەی حەسەنە کوێر و خدری عەلی حاجی لە سەر چییە. ماڵەکانیان ڕوو بە ڕووی یەک بوو، ڕۆژ ھەتا ئێوارە نێوی بابی یەکتریان دێنا. ھەر دووکیان خۆیان پێ دێموکرات بوو.

مستەفای قازی زادە برای ناسر کە لە ئامول گیانی بەخت کرد کە ناومان نا “حەسەن” لە مەھابادەوە ھات، کوڕێکی سنەیی، و محەممەد رەزا سپرغمی کە لە ئامولەوە دەمناسی بە بنکەکەمانەوە زیاد بوون.

کوڕە سنەیەکە نەخۆشی مێعدەی ھەبوو ، لە نێو زگی دا دەدگوت شەڕە پشیلەیە و ھەمیشە دەنگی لێوە دەھات.ئەو ساڵەش ھەواێەکی ساردی بوو. جار و بارە بە پەیوەندی گرتن دەچوینە ئاواییەکانی قەراغ شار. دوو تفەنگی باشمان بۆ ھات و بە ھیممەتی چەند ژنی شۆڕشگێر گەیشتە دەستمان.

پێویستە لێرە دا بە کورتی ئاوڕێک لەو کاتانە نێو جەنگەڵ بدەمەوە کە پاش ئێمە ڕوویان دا. بەرپرسانی “اتحادیە” لە ناو شار و ئەو ژومارە کەمەی لە جەنگەڵ مابوون، دەستیان کرد بوو بە باس و خواس سەبارەت بە لێکدانەوەی حەرەکەتە و لێکدانەوەیان بۆ شکستەکە کرد بوو.

عەمەلەن تا درەنگ اتحادیە دوو بوچوونی بەسەر دا زاڵ بوو، شەڕی چەکداری یان ڕوونکردنەوە و ئامادە کردنی خەڵک، ھەر چەند گۆیا دواتر ھەموویان ھاوڕا بوون لە سەر درێژە کێشانی شەڕی چەکداری. ئەو تیمەی جەنگەڵ تەنیا ١٤ کەس مابوونەوە. ئەوانی دیکە بڵاوەیان کرد بوو. یەک دوو جاری دیکە دەچنە گزنا سەرا و تەقریبەن ڕێژیم شوێنیان بزر دەکا و لە گروھی زەربەتی ٢٠-٣٠ کەسی دایم بۆیان دەگەڕێن.

سەرئەنجام پاش نێوەڕۆی ڕۆژی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٦١ تیمێکی گەشتی لە دەرەی “کلیرد”لە حالێک دا سەربەداران لە تەلارێکی نزیک جادە دەبن، بە سەریان دا دەکەون و لە شەڕێکی ١٥ دەقیقەی دا ، پاسدار بە غار بەرەو جادە دەڕۆن و خۆێان بۆ ناگێری و بۆ ئەوەی بارەکەیان سوکتر بێ بۆ ھەڵاتن ھێندیک خەشابی پڕ لە فیشەک بە جێ دێڵن. سەربەداران دوای ئەو شەڕە ناتۆانن بچنە سەر قەراری جادە و بە ناچاری پاش ١٢ سەعات ڕێپێوان دەچنە دەڕەی “مەنگەل”.

مانگێک پاشتر دەبنە ٢٨ کەس و چەند ژنیش پێوەیان پەیوەست دەبن یەکێک لەو ژنانە سوسن ئەمیری خێزانی کاک سمایلە کە لە شەڕی ئامول گیانی لەدەست دا. ئەو ژنانە نەک وەک تیمی دەرمانی ، بەڵکوو وەک شەڕکەر دەچنە مەیدان. دوو مانگ پاشتر لە ڕۆژی ١٣ جۆزەردانی ساڵی ١٣٦١جارێک دیکە شەڕ لە نێوان سەربەداران و ھێزێکی پاسدار ڕوو دەدا، ٣ پاسدار دەکوژرێن، دوو کەسیش لە سەربەداران بریندار دەبن.

چەند ڕۆژ پاش ئەو تێکھەڵچوونە، ھێزەکە سەربەداران دێنە خوارێ و دەچنەوە شارەکانی خۆیان. ھاوکات دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیم زەفەریان پێ دەبا و ژومارەیەکی بەرچاویان لە تاران و شارەکانی دیکە لێ دەگیرێ.

ئاخر و ئوخری مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٦١ موحاکمەی ٢٨ کەس لە ڕێبەران و کادرەکانی “اتحادیە ” کە زۆربەیان لە شەڕی ئامول بەشدار بوون دەستی پێ کرد و لە ڕادیو و تلویزیونی ڕێژیمی ئیسلامی کورتەیەکی لێ ڕادەگەیاند. حوسین ریاحی کەسی دوھەمی اتحادیە لە نێو ئەو کەسانە دا بوو کە دادگایی دەکرا. حاکم شەرع محەممەد محەممەدی گیلانی بوو، کە فارسیشی بەباشی نەدەزانی . دادستان، لات و چەقۆکێشی بە ناو بانگ اسداللە لاجوردی بوو کە دەستی بە خوێنی ھەزاران کەس لە شۆڕشگیرانی ئێرانی سوور بوو.

شێوەی دادگاکە بۆ خۆی بۆنی مەرگ ، پەت و سێداتە و نەمانی لێدەھات. بۆنی پیسی و دژە مرۆڤ بوونی لێ دەھات. دادگا نەبوو، ئەتکی مروڤایەتی بوو. ئەو کەسانەی تۆمەتیان ددرایە پاڵ، دەبوو بۆ خۆێان پارێزگاری لە خۆێان بکەن، نە وەکیلیان بوو، نە کەسیش دەیوێرا وکیلایەتیان بکا.

ساڵۆنێکی گەورە، بە وێنەیەکی خومەینی بەو سەرو سەکوتە جوانەیەوە، کە وەک دێوێکی خوێن ڕێژ دیاری دەکرد، نێوەی فەزای ساڵۆنەکەی داگیر کرد بوو.

وێنەیەکی تۆقێنەر و سامناک بوو.لە ڕواڵەتیدا، مەرگ و ماڵوێرانی دەبینرا. ئێعدام و ئەشکنجە دەبینرا.  پاڵەوانانی مەرگی سەردەمی سەدەکانی نەزانی بیر دەخستەوە. بەشی زۆری ژووری دادگاکە تەرخان کرا بوو بۆ بنەماڵە ی ئەو پاسدارانەی لە شەڕەکە داکوژرا بوون یان ئەندامانی سوپای پاسداران بوون. ڕەوەیەکی حزبوڵای لێ بوو کە جار وبار دروشمیان دژی بەندییەکان دەدا و ئەوندەی دیکە باری دەرونیان تێکدەدان.

(درێژەی ھەیە)

 

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت