ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سەنگەری بەرەنگاریی زیندان بۆ تێکۆشەرانی کورد هەروا مەتەرێزی مقاومەت و بەگژداچوونەوەیە

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی!
22ی ڕێبەندانی ئەمساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، هاوکاتە لەگەڵ چل ساڵەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چل ساڵ پێش ئێستا گەلانی مافخواز و ئازادیخوازی ئێران بە ڕاپەڕین دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و لە درێژەی خەباتێکی پڕ لە تێچووی ئینسانیدا، هەوڵی گۆڕینی نیزامی دیکتاتۆریی پاشایەتی بە دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتیکیان دا. شۆڕشی گەلانی ئێران کە زۆری نەخایاند بە “شۆڕشی ئیسلامی” پێناسە کراو و ئەقڵییەتێکی توندڕەوی مەزهەبی بەسەریدا زاڵ بوو، هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە درێژەی پرۆسەیەکی نادێموکراتیک و داسەپاودا خۆی بەسەر ئیرادەی ئازادیخوازانەی خەڵکدا زاڵ کردبوو، تووشی بەلاڕێدابردن و گۆڕینی ماهییەتی درا.
ئەقڵییەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی مەزهەبی کە توانای قبووڵکردنی هیچ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە خۆی نەبوو، کە هەر لە مانگ و ساڵەکانی یەکەمدا ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی بە هێرش بۆ سەر جیابیران، حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان و بەرتەسکردنەوەی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرا کرد. هێرش بۆ سەر کوردستان و وڵامدانەوەی پەیامی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بە ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان، سەرەتای سیاسەتی دژیگەلیانە و سەرکوتکەرانەی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە کورد و کوردستان بوو. کاربەدەستانی کۆنەپەرەست و دواکەوتووی ئەم ڕێژیمە کە جیا لە ئەقڵییەتی بەرتەسک و توندڕەوانەی خۆیان و ڕێژیمەکەیان، چاوی بینینی هیچ بیرکردنەوە و کەس و لایەنی دیکەی ئەم وڵاتەیان نەبوو، بە بەرزکردنەوەی درووشمی “شەڕ نێعمەتی خودایە”، ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەیان تووشی شەڕێکی پڕ لە تێچوو و خەسار کرد. هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کە تا ئێستاش درێژەی هەیە، کارنامەیەکی ڕەش و پڕ لە تاوانی ئەم ڕێژیمەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە وڵامی پەیامی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی کوردی بە هێرش بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد، شەپۆڵێکی بەربڵاوی لە ڕەشبگیری دەست پێکرد. دوای بڕیاری خەبات و بەربەرەکانیی ئاشکرای خەڵکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییەکانی، هێزە ئەمنیەتییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هەزاران کەسیان لە سەرتاسەری نیشتمان ڕاپێچی چاڵەڕەشەکان کرد کە زۆربەیان بە بێ ئەوەی دادگایی بکرین بە تاک و کۆمەڵ گیانیان لێ ئەستێندرا. ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی کورد لە شاری مهاباد لە ڕۆژی ١٢ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩، نموونەیەکی لەبیرنەکراوەی ئەم تاوانانەیە.
درێژەی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران تا دێ پڕاوپڕ دەبێ لە تاوان و غەدری زیاتر بەرانبەر بە ئازادیخوازانی وڵات؛ ئێعدامی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧، کارابوونی تیمی تێرۆری ڕێژیم لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات کە بەداخەوە بزووتنەوەی کورد و خەڵکی کوردستان لەم پێوەندییەدا بە تێرۆری دوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ شەهیدان، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و تێرۆری دەیان و سەدان کلادر و پێشمەرگەی حیزبە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان، بەشی شێریان بەر کەوت.
نیزامی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تاوانی بەربەرەکانێ و درێژەی خەبات و تێکۆشان لە کورستان تەنیا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان کە تا ئێستاش هەر لە جێی خۆیەتی، تا ئێستاش تێکۆشەران و چالاکانی کورد ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکا و بە بێ ئەوەی چووکەترین مافیان وەک زیندانیی کە خاوەنی ماف و داواکاریی ڕەوای خۆیەتی لەبەرچاو بگرێ دوای ئازارو ئەشکەنجەدانێکی زۆر، حوکمی قورس و درێژ ماوەیان بەسەردا دەسەپێنێ. لەسێدارەدانی لاوانی کوردستان بە تاوانی مافخوازی بۆتە بەشێک لە پێناسەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران. دۆسییەی زیندانیانی کورد و داسەپاندنی سزای ناڕەوا بەسەریاندا ئەوەندە ئەستوور و خاوەن باسە کە لەوەها دەرفەتێکدا تەنیا ئاماژە پێکردنیشیان قورس و گرانە. بۆیە تەنیا بە مەبەستی تێگەیشتن لە پێشێلکارییەکان و ماهییەتی دەزگای ئەمنیەتی و قەزایی ڕێژیم، ئاماژە بە گۆشەیەک لە گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی چالاکانی کورد بە دەستی دامودەزگاکانی ڕێژیم لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەکەین:
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 955 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو 955 کەسەی لە ماوەی ئەمساڵانەدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم 250 کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژ خایەنی 30 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و ئەوەندە کەسە زیاتر لە هەزار و یەک ساڵ (سەرجەم 12131 مانگ) زینداییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها 11 بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی کردەوەی تێکدەرانە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و 18 بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا یان بە شێوەی گوماناوی لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەر لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا لە کوردستان لانیکەم 174 بەندکراو لە کوردستان لە سێدارە دراون، کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، له‌و بواره‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌تووە‌.
ئێستا کە یادی چل ساڵەی شوومی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەینەوە، بە دەیان کەس لە چالاکانی سیاسیی کورد تەنیا بەتاوانی مافخوازی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و بە سەدان چالاکی سیاسی و مەدەنی بە بێ ئەوەی دادگاییەکی شیاو کرابێتن و مافەکانیان پارێزراوبێت، حوکمی ناڕەوایان بەسەردا سەپێندراوە و بەهەزاران ئینسانی کوردە بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ کرابێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا چاوەڕوانی چارەنووسی جۆراوجۆر دەکەن. بۆیە سەنگەری بەرەنگاریی زیندان بۆ تێکۆشەرانی کورد هەروا مەتەرێزی مقاومەت و بەگژداچوونەوەیە. خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی کورد لەژێر دەسەڵاتی ئەشکەنجە و شکاندنی حورمەتی ئینساندا، بەشێکی پڕشنگدارە لە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.

سڵاو لە خەڵکی مافخوازی کوردستان
سڵاو لە زیندانییانی خۆڕاگر و بەورەی سیاسی

ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کردستان
١٠/٢/٢٠١٩
٢١/١١/١٣٩٧

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت