پەیامی ڕێکخەری کاروباری ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

ئامادەبوانی بەڕێز

هاوڕێیانی خۆشەویست

ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

ژنانی خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سڵاوێکی گەرمی خەباتکارانەتان پێشکەش

بە بۆنەی تێپەڕینی ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لە ئەرک و کارەکانتاندا سەرکەوتوو بن و بەو ئامانجە، کە وەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادە و یەکسانە، بگەین.

ـ دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، دەسکەوتی قۆناغی سەروەریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کۆماری کوردستانە.

کۆماری کوردستان بە مانای تایبەتی وشە، “ڕووداوە”؛ دابڕانی لە ڕەوتی مێژوودا دروست کرد و بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان، بوو بە نوقتە عەتف. کۆماری کوردستان “مێژوویی”شە، کاریگەریی درێژماوە و ماندگاری لەسەر بزاڤی کوردستان و کۆی پڕۆسەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد دانا؛ ڕێیڵ‌گوزاریەکی کرد کە تا ئێستاش ئێمە لەم چوارچێوەدا هەنگاو دەنێین. دەسپێک و بناغەیەک بوو کە ئێمە لەسەری دەڕۆین و لەسەری هەڵدەچنین تا ئەم ساختومانە نەتەوەییە تەواو دەکەین، خاکی کوردستان ڕزگار دەکەین، کە ساختومانەکەشمان تەواو کرد، دەست دەکەین بە ڕێکخستنی نێوماڵی کوردستان و جوان و جوانتری دەکەین؛ کار دەکەین بۆ چارەسەر کردنی پرسە کۆمەڵایەتیەکان.

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە، پێ‌بەپێی هەوڵدان بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی و گرینگیدان بەم پرسە،گرینگی بە پرسی ژن و مافەکانی داوە، لە ڕۆشنگەری و هەنگاوی بەکردەیی دریغی نەکردوە. دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ٧٥ ساڵ لەوە پێشدا سەلـێنەری ئەو ڕاستییەیە. ئەم کارە، کە لە زەمانی خۆیشی لەپێشتر بوو، ڕادەیەی پێشکەوتوویی بیری سەرۆکكۆماری کوردستان، قازی محەمەد و بەڕێوەبەرانی دیکەی کۆمار و حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشان دەدا. ئەوە زۆر گرنگ و مانادارە لە کۆمەڵگەی ٧٥ ساڵ لەمەوبەردا ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان دامەزرێ؛ ئەمە ڕچەشکێنییەکی گەورە بوو؛ ئەمە وەرچەرخانێک بوو.

ئامانجی حیزب تەنیا چارەسەر پرسی نەتەوەیی و ڕزگاریی خاک نیە، بەڵکوو ئەمانە زیاتر وەک بەستێنێک دەبینێ بۆ دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیکی ماف‌تەوەر، کە تێیدا ئازادیی تاک و کەرامەتی مرۆڤەکان بە ژن و پیاوەوە بپارێزرێ و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە مافەکانیان بەهرەمەند بن.

ـ ئەو تەبعیزەی لەهەمبەر پێگە و مافی ژنان لە کۆمەڵگەکانی مرۆییدا هەبووە و هەنووکەش بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەیە، ڕیشەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە؛ بە چەشنێک کە ئەم تەبعیز و جیاوازیدانانە نەهادینە بووە و لە هەموو بوارەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا خۆی دەرخستوە. بە دەربڕینێکی ڕوونتر تەبعیز بە نیسبەت ژنان پێکهاتەیی بووە و لە پێکهاتەی زمان، ئەندیشە و پێکهاتە کۆمەڵاتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەدا ڕەنگی داوەتەوە. لەڕاستیدا لەجیاتی ئەوەی ئەو جیاوازییە فیزیۆلۆژیکی و سروشتیانەی لەنێوان ژن و پیاودا هەن، ببنە مایە فرەچەشنی و جوانترکردنی ژیان، کراونە ئامرازی ناحەز کردن و دیفۆڕم کردنی ژیان؛ کراونە بنەمای دروست بوونی هاوکێشە و دوانەییەک، کە وەک پێش‌گریمانەی هەموو پێکهاتە مرۆییەکان ڕۆڵی بینیوە؛ هاوکێشە و دوانەیی باڵادەست و ژێردەست، ناوەند و پەراوێز. کاتێک باسی پێکهاتەکان دەکەین، باسی ناوەند و پەراوێز و ئەو یارییەش دەکەین کە لەنێو خۆیان و لە چوارچێوەی خۆیاندا ڕێکی دەخەن.

کۆمەڵگەی ئازاد بەوە بەدی نایە کە ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بکرێتەوە، کۆمەڵگەی ئازاد بەوە وەدی نایە کە ژێردەستی ئەمڕۆ ببێتە سەردەستی سبەی، کۆیلەی ئەمڕۆ، ببێتە ئاغای سبەی، بەڵکوو کاتێک وەدی دێ کە هەموو ئەو پێکهاتانەی لەسەر بنەمای دوانەیی شکڵیان گرتوە، بشکێندرێن و لەبنەڕتدا دوانەی ناوەند و پەراوێز نەمێنێ و یاریی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و پێوەندییەکی ئاسۆیی ڕێک بخرێتەوە.

ئازادی چەمکێکە کە لەنێو کۆمەڵگەدا و لەپێوەندی لەگەڵ ئەوی دیدا مانا دەدا؛ بە واتایەکی تر ئازادی یارییەکە کە لەنێوان مرۆڤە ئازادەکان و چین و توێژە ئازادەکاندا مانا دەدا. ئەم یارییە کاتێک مانا دەدا کە ئوسوول و یاسا و ڕێسای وەک یەک هەر دوو لایەن بگرێتەوە. ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادیی هەموو چین و توێژەکاندا تێپەڕ دەبێ. ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژندا تێپەڕ دەبێ. پیاوان ئازاد نابن تا ئەوکاتەی ژنانیش ئازاد نەبن و تا ژنی کۆیلە و ژێردەست هەبێ، ئازادیی پیاو لە ناوێکی بێ نێوەرۆک زیاتر نیە. لێرەدا دەمەوێ بێژم خەبات بۆ مافی ژن، تەنیا ئەرکی ژنان نیە، بەڵکوو ئەرکی پیاوانیشە. ئازادیی ژن زەروورەتێک نیە کە تەنیا بۆ ژنان لە ئارادا بێ، بەڵکوو بە هەمان ڕادە بۆ پیاوانیش لە ئارادایە. ئەگەر پیاو دەیەوێ ئازاد بێ، دەبێ هەوڵ بدا وێڕای ژنان، بۆ ئازدیی ژن تێبکۆشێ. ئەگەر پیاو دەیەوێ بەهێز بنوێنێ، دەبێ یاری و تەعامولیشی لەگەڵ ژنی بەهێز بێ و ژنانیش وەک وی، لە هەلومەرجی یەکسان بەهرەمەند بن. ئەگەر ژیان بە واتایەک بریتی بێ لە ململانێ و رەقابەت، ئەوە کاتێک ئەم دوو چەمکەی دوایی مانا دەدەن کە لەنێوان کەسانی بە هەلومەرج و دەرفەتی وەک یەک، لە ئارادا بێ. تا ژن کۆیلە بێ، پیاو لە کۆیلەیەکی بەدەسەڵاتتر، زیاتر نیە.

ـ ئەگەر ئاوڕێک لە پێگە و پرسی ژن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەینەوە، دەتوانین ئاوا وێنای بکەین: پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئێڕان بەگشتی گۆڕاوە، پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، نۆڕم و بایەخەکانی کۆمەڵگەش گۆڕاوە. یەکەم: کۆمەڵگاکان دەگۆڕێن لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگە سروشتێکی بگۆڕی هەیە و ستاتیک و نەگۆڕ نیە، کۆمەڵگەی ئێرانیش لەم قاعیدەیە بەدەر نیە ئەویش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی دیکە گۆڕانی تێدا پێک دێ؛ دووهەم: کۆمەڵگەی ئێران لەژێر تەوژمی دیاردەی بەجیهانیبوون و تەقینەوەی زانیاریدا و لەژێر کاریگەریی تۆڕی پێوەندییەکانی ئینترنێت، گۆڕاوە. زمان و وێژمانی کۆمەڵگەی ئێران گۆڕاوە و لەبەر ئەوەی کە زمان و وێژمانی دەسەڵاتی زاڵ، لە ڕابردوودا چەقیوە و لە کۆمەڵگە بەجێ ماوە، کەلێنیان لەنێواندا دروست بووە، بە چەشنێک کە ئەو متمانە و پردی پێوەندییەی کە مەفروزە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتی زاڵدا هەبێ، لەگەڵ تەنگەشە بەرەوڕوو بووە. یەکێک لەو بەشانەی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە گۆڕاوە، ڕوانینی ژنان بۆ خۆیانە، ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنانە، ئەو پێناسەیە کە بۆ ژن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا دەکرێ. ئەمڕۆ ژنان لە بواری خوێندندا وێڕای پیاوان و تەنانەت زیاتر لەوانیش خۆیان پێش خستووە و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ خودئاگایی ژنان و چاوکراوەییان لە کۆمەڵگەدا. ئەمڕۆکە ژنان وەک توێژێکی کۆمەڵایەتی چالاک لە بواری جۆراجۆری کولتووری، زمانی دایک، ژینگەیی و سیاسیدا ڕۆڵیان هەیە و دیارن؛ مافەکانی خۆیان دەزانن و هۆکاری بن‌پێ کردنی مافەکانی خۆیشیان دەزانن، بۆیە ڕووبەڕووی ئەو سیستمە دەبنەوە کە دەیەوێ لە خانەیەکی دیکەدا پێناسەیان بکا و بەپێچەوانەی مەیل و داخوازییەکانیان بجووڵێتەوە.

ئەگەر بەتایبەتی سەیری شانۆی کۆمەڵایەتیی کوردستان بکەین دەبینین کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان وەک ژن، لە ئاستی مافە نەتەوەییەکانیشاندا لەسەر هەست و لەسەر پێن. چالاک بوونی ژنان لە بواری پەروەردە بە زمانی دایک و نیشتمان خۆشەویستییان لە فۆڕمی پاراستنی ژینگەی کوردستاندا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە مەیدانی پێشمەرگایەتیشدا شانبەشانی پیاوان خەبات دەکەن. هەموو داتا و زانیارییەکان پێمان دەڵێن ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بکەری هەرە چالاکی جڤاکن و خاوەنی وزە و پۆتانسیەلێکی زۆرن بۆ گۆڕانکاری. و لەبەر ئەوەی دووقات دەچەسێندرێنەوە، زیاتر لە پیاوانیش دەغدەغەی گۆڕانکارییان هەیە و خوازیاری گۆڕانی ڕادیکاڵن لەو سیستمە سیاسییەی کە لەگەڵ سروشتی ماف و داخوازییەکانیان ناتەبایە.

ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی چالاکی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ٧٥ ساڵ خەباتی بێ‌پسانەوەیدا، لەدژی نەریت و یاسا کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگە خەباتی کردوە، فەرهەنگسازی کردوە، ڕۆشنگەری کردوە بۆ ئاشنا کردنی ژنان بە مافەکانیان و شکاندنی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم ژناندان. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ڕێکخراوێکە بۆ ڕێکخستنی ژنانی ڕٶژهەڵات. فەلسەفەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان ئەوەیە کە ژنان بەبێ ڕێکخستن و خۆ سازماندان ناتوانن بە مافەکانیان بگەن. لەم ڕاستایەدا نەک پشتیوانی و هاوکاری، بەڵکوو هاوخەباتی پیاوان، پێویستییە. خەباتی ژنان بۆ مافەکانیان مەرجێکی پێویستە بەڵام کافی نیە، بۆیە پیاوانیش لەم پێناوەدا بەرپرسیارن؛ هەروەک پێشتر وتمان، لەڕاستیدا خەباتی ئەوان، بۆ ئازادبوونی خۆیشیانە، چونکە بەبێ ئازادیی ژن، ئازادیی پیاویش مسۆگەر نابێ.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، چالاک بوون و چالاکیی جۆراوجۆریان هەبوو، هەم هەوڵیان داوە لەگەڵ ژنانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات لە پێوەندیدا بن و ڕۆڵێکی دوولایەنە و تەواوکەری یەکتریان هەبێ، هەمیش لێرە بە کۆڕ و سمینار و کلاسی پەروەردەیی، قورساییەکی زۆریان بە پێگەیاندن و ئامادەکردنی کەسەکان بۆ خەبات و فەرهەنگسازی داوە. هیوادارین بتوانن زیاتر لە پێشووش کاریگەر بن و ئەمەش بێگومان بە پلان و بەرنامەی تۆکمە و بە هەبوونی پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ ژنانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات و بەیەکەوە هەوڵدان بۆ مافەکان، دەکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەروەک پێشوو لە هیچ هاوکاری و پشتیوانییەک دریغ ناکا و خەبات بۆ پرسی ژن بە رەسالەتی خۆی دەزانێ و پێ‌بەپێ و هاوتەریب لەگەڵ پرسە فەراگیرە نەتەوەییەکە، بۆ پرسی ژنیش تێدەکۆشی.

جارێکی دیکە پیرۆز بێ ٧٥ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

تا وەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان لە خەبات کردن بەردەوامین.

سەربەرز و سەرکەوتوو بن.