ڕێز و وەفا بۆ ٧٥ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانی دا. شوعلە قادری

ڕێز و وەفا بۆ ٧٥ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانی دا. شوعلە قادری

تێکۆشەرانی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستان!

حەفتاو پێنج ساڵ لەمەبەر لە ٢٤ی رەشەممەی ١٣٢٤ی هەتاوی لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستان دا بۆ یەکەم جار رێکخراوێکی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراو تا ئێستا بە گوێرەی هەڵ و مەرجی ناوچەکە, کەم و زۆر چالاکیەکانی بۆ دەستەبەر کردنی یەکسانی و مافی نەتەوەیی لە کۆمەڵگا دا بەڕێوە بردوە.  هەربەو بۆنە پیرۆزەوە لە پێشدا رێزو ئەمەگناسی خۆم پێشکەشی بنیاتنەرو دامەزرێنەری  یەکیەتی ژنان، قازی محەممەدی نەمر دەکەم، کە هەر ٢ مانگ دوای  دامەزرانی کۆماری کوردستان مزگێنی ئەو رووداوە ی لە هەل‌و مەرجی  عەشیرەتی و دواکەوتوویی ئەو کاتی کوردستان دا راگەیاند.

دواتر پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەشی هەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان دەکەم‌و  سەری رێز و وەفا دادەنوێنم بوشەهیدانی سورخەڵات، بەتایبەتی دوو سکرتێری یەک لە دوای یەکی رێکخراوەکەمان، شەهیدان نەسرین حەددادو سۆهەیلا قادری. بەو هیوایە رێگای خەباتیان تا وەدی هاتنی ئامانجەکانیان کە یەکسانی کۆمەلگایە ئاوەدان بێت.

رێکخراوەکەمان لە کاتێک دا یادی حەفتاو پێج ساڵەی خۆی دەکاتەوە کە لە وڵاتەکەماندا ژن خاوەنی سەرەتایترین مافی ئینسانی نیە. هەموو دەنگ‌و بزووتنەوەیەکی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانی رێژیم کپ دەکرێ. زۆربەی ژنان لە ژێر ئەو هەموو فشارەی کە لەسەریانە، بێ هیوا لە داهاتوو، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. بەڵام لە بەرامبەر دا هەشە کە بە خۆشیەوە بەشێکی زۆر لە ژنان رۆڵێکی باش و سەرکەوتوو دەگێڕن و لە رێگای هەموار کردنی خەبات دەبنە رێ‌نیشاندەر و لە زۆر بوار دا شان بە شان پیاوەکان و بگرە زیاتر لەوانیش تێدەکۆشن. هەر بۆیە دەبێ یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان حەول بدا هەلە زێڕینەکان بقۆزێتەوە و پەل و پۆ بهاوێژێت و حەولی بە ئاکام گەیاندنی خەباتی یەکسانی لە پاڵ خەباتی نەتەوەیی بدا.

لە کۆتایی دا هیوادارم بە هەوڵی هەمە لایەنە چالاکیەکانی ژنان بەرینتر ببێتەوە و ژنان لەسەر داواکانیان شێلگیرتر لە رابردوو بن.

جارێکی دیکە ٢٤ی رەشەمە حەفتاو پێنجەمین ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕات  لە هەموو لایەک پیرۆز بێت.

شوعلە قادری

١٢/٠٣/٢٠٢١ سوئێد