پەیامی پیرۆزبایی قادر وریا بە بۆنەی ٧٥ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکرات

بەڕێز کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان!
سڵاو و ڕێز
بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و لە ڕێگای ئێوەوە پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی ئەندامی ئەو یەکیەتییە دەکەم و، بۆ کۆمیتەی بەڕیوەبەری و هەر وەها بۆ یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان بە گشتی سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بە ئاوات دەخوازم.
یەکیەتییەکەتان دەبێ شانازی بە خۆیەوە بکا کە یادگاری کۆماری کوردستانە و، وەک بە تەمەنترین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە کوردستان، لە هێنانە مەیدان ژنانی خەباتگێڕی کورد بۆ بەشداری لە خەباتی ڕەوای نەتەوە بندەستەکەیان و، داواکردنی مافی یەکسانی بۆ ژناندا پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە. ئەوەش کە لە سەر پێشنیار و پشتیوانیی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان دامەزراوە و، مینا خانم، هاوسەری سەرکۆماری کوردستان، یەکەم بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیە بووە، ڕێز و ئیعتیباری یەکیەتییەکەتانی ئەوەندەی دیکە زیاد کردوە.
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، لە ماوەی پتر لە ٤ دەیەی ڕابردووشدا، زۆر لاپەرەی پڕشنگداری لە بواری تێکۆشانی جۆراوجۆر، لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردوە. بە سەدان ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی ئەندامەتیی یەکیەتیی ژنانی دیموکرات لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بوون؛ بە دەیان کادری لێهاتووی ژنان لە ڕێڕەوی تێکۆشان لە ڕیزەکانی ئەو یەکیەتییەدا، پەروەردە بوون. یەکیەتیی ژنان سەرچاوەی زۆر چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە و بەرنامەی فەرهەنگی و فێرکاری وخەباتکارانە بووە. ژنانێکی لێهاتوو و شوێندانەریش لە ڕەوتی خەبات بۆ ئامانجە بەرزەکانی ئەو یەکیەتییەدا، گیانیان لە دەست داوە. لەم بۆنەیەدا وێڕای یادکردنەوە لە مینا خانم، یەکەم بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دیموکرات و هاوسەری سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، سڵاویش دەنێرم بۆ گیانی دوو خانمی خەباتکار، دوو لە سکرتێرەکانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری کە لە تاوانی گەورەی ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی دژی حیزبی دیموکرات، لە مووشەکبارانی قەڵای دیموکراتدا، شەهید بوون.
لە ٧٥ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستاندا، ئارەزوو دەکەم یەکیەتییەکەتان دڵگەرم بەو ڕابردووە لەمێژینەیە و ئەزموونەکانی چەند دەیەی ڕابردوو، هەر وەها پشت ئەستوور بە ئیرادەی ژنانی یەکسانیخواز و، پشتیوانیی پیاوانی دیموکرات و پێشکەوتنخواز، بە گوڕ وەک ڕابردوو، بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی تێ بکۆشێ. بە ئەرکی خۆشمی دەزانم کە پشتیوانی وهاوپێوەندیی خۆم لە گەڵ یەکیەتییەکەتان بە تایبەتی و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان بە گشتی دووپات بکەمەوە.
پیرۆز بێ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان،
سەرکەوێ خەباتی یەکسانیخوازی لە کوردستان و سەرانسەری جیهان.
قادر وریا
٢٤ی رەشەمەی ١٣٩٩ (١٤ی مارسی ٢٠٢١