یادێک له شه‌هید پرویز جه‌واهێر شناس(خه‌بات) ئه‌بوبه‌کرسێوه‌تاڵی
ده‌ڵێن په‌له‌وه‌ره کۆچکردوه‌کان سروشتیان وایه: ساڵانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی چاویان لێ به دنیا هه‌ڵێناوه، هه‌رله‌وێش زاوزو ده‌که‌نه‌وه، ڕه‌نگه سروشتی مرۆڤیش زۆر جیاواز نه‌بێ له هی په‌له‌وه‌ره‌کان،مرۆڤ زۆرجار کۆچی پێده‌کرێ به زۆره ملی، یان خۆی کۆچ ئه‌کا به دوا ژیان دا، یان کۆچ ئه‌کا به دڵخواز، به‌ڵام مادام ته‌مه‌ن باقی بێ هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنی له دایک بوونی، ڕه‌نگه مرۆڤی کۆچ کردوو له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر بتوانێ خۆی بگونجێنێ یان ده‌ستی له ماڵ و سامانێک گیر ببێ و نه‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌سته‌کانی ڕوح و جه‌سته‌ی هه‌رگیز ناهێڵن شوێنی له دایک بوونی له بیر بچێته‌وه، ڕه‌نگه مرۆڤ به ئه‌قڵی خۆی نکۆڵی له ڕاستیکه بکات و بڵێ مەوته‌ن بۆ من گرینگ نییه به‌ڵام هه‌رگیز ڕاست ناکات! دیاره بابه‌ته‌که‌ی من باسی کۆچ نییه! بابه‌تی کۆچ جیاوازه و ئه‌ویش باسێکی تره، من ئه‌و چه‌ند دێڕه‌م بۆ یاد کردنه‌وه‌ی شه‌هید په‌رویزی جه‌واهێر شناس ناسراو به (خه‌بات) کردۆته سه‌ردێڕی یاده‌که، که نه‌مر کۆچی پێکرابوو بۆ شاره‌کانی خواروی ئێران و دوایەش گه‌ڕابۆوه زێده‌که‌ی دایکی بۆ کوردستان .
بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣۶۲ی هه‌تاوی ئه‌وکات من له بنکه‌ی لکی٣ی شه‌هید سمایلی سه‌لیمی بووم، له گونده خنجیلانه‌کی قه‌له‌ڕه‌شێ، گه‌نجێکم ناسی به ناوی خه‌بات، ئه‌و کات من نه‌مده‌زانی که ناوێکی تری هه‌یه و ئه‌سڵه ناوه‌که‌ی (پرویزه)! هه‌ر به خه‌بات ناوی ده‌رکرد بوو و ناوێکی شیرین بوو له سه‌ر زاران، باوکی خه‌بات فارس بوو و دایکی کورد و خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕه‌شێ بوو من دایکی خه‌باتم نه‌بینیوه ته‌نیا پوری خه‌باتم ده‌ناسی به‌ناوی (ئامان) که به ئامانێ حه‌سه‌نی حاجی ئۆمه‌ری به‌ناوبانگه، پێشینه‌ی تێکه‌ڵ بوونیان له گه‌ڵ پیاوێکی فارس ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ردامی محه‌ممه‌د ڕه‌زاشای ڕوخاو، که ئه‌و پیاوه کاتی خۆی له (پادگانی) قه‌له‌ڕه‌شه ده‌ره‌جه دارێک ده‌بێ و چاره‌نووسیان له گه‌ڵ دایکی خه‌باتی تێکه‌ڵ به یه‌ک ده‌بێ، کاتێک ده‌سه‌ڵاتی شای ئێران گلۆڵه‌ی که‌وته لێژی باوکی خه‌بات کوردستان به جێ دێڵێ و ئه‌چیته‌وه شوێنی له دایک بوونی، به‌ڵام خه‌بات که له ناو مناڵانی گونده جوانه‌که‌ی قه‌له‌ڕه‌شه پچکی گرتووه زێده‌ی خۆی پێ به‌جێ ناهێڵدرێ هه‌ر بۆیه ئه‌و کۆچه بۆ خه‌بات زۆر سه‌خت ده‌بێ و بێتاقه‌تی ده‌کات، زۆر پێناچێ باوکی به‌جێ ده‌هێڵی و ده‌گه‌ڕێته‌وه لای نه‌نک و پوره‌کانی، خه‌بات ماوه‌یەک لای خزمه‌کانی ده‌بێ به له‌قه‌له‌ق، به‌ڵام ئه‌وه دادی نادا و سه‌ره‌نجام ماڵه گه‌وره‌که‌ی حیزبی دێمۆکڕات هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌وێ به قه‌ناعه‌ت ده‌گا.
خه‌بات ساڵی١٣٤٣ له دایک ببوو، کاتێک من ناسیم ته‌مه‌نی١٧ ساڵ بوو، خه‌بات هه‌تا پۆله‌کانی ناوه‌ندی ده‌رسی خوێند بوو ده‌ست و خه‌تێکی جوانی هه‌بوو، ئه‌و گه‌نجێکی زۆر جوان بوو زۆر شایی به خۆ بوو، گه‌نجێکی به زیپک و چالاک به وره هه‌ڵده‌سوڕا و کاره‌کانی حیزبی ڕاده‌په‌ڕاند، خه‌بات ناوێکی ئاشنا بوو له ناو پێشمه‌رگه‌کان و به تایبه‌تی خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕه‌شێ! ئه‌و به دایم چه‌ند هاورێیکی خۆی له گه‌ڵ دا بوون و وه‌ک پۆله گه‌نجێکی بنه‌ماڵه‌ی دێمۆکڕات ئه‌ناسران، خه‌بات هه‌ر خۆی بڕیاری ئه‌دا که چ ده‌که‌ن و چۆن زه‌ربه له دوژمن ئه‌وه‌شێنن، خۆشه‌ویستی خه‌بات هێنده زۆر بوو لای خه‌لک و هاوڕێیه‌کانی که‌س دڵی نه‌ده‌هات قسه‌ی بشکێنێ و وه‌ک فه‌رمه‌نده‌یەک هاوڕێیه‌تیان ده‌کرد! خه‌بات به‌و ته‌مه‌نه هه‌ستیاره‌وه هه‌ستی ئازادی و خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و حیزبه‌که‌ی وه‌ها جۆشی دابوو که قه‌ت ترسی نه‌ده‌ناسی، ئه‌و متمانێکی زۆری بۆ خۆی له ناو هاوڕێیه‌کانی دا مسۆگه‌ر کردبوو و ئیمانێکی قوڵی به خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له چه‌وساوه‌که‌ی هه‌بوو.
ئه‌و وه‌کو ئاوێک له جووڵه نه‌ده‌که‌وت و وه‌ها پڕ کار بوو جه‌م و ده‌می دیار نه‌بوو! واهات بنکه‌ی هێز (قه‌نناسێکی دوربینداری) دا به لکی٣ خه‌بات گورج هه‌ڵیگرتوو گووتی: نایده‌م به که‌س ڕاوی دوژمن به‌و تفه‌نگه ده‌که‌م!
خه‌بات ڕۆژی ۲٧ی خاکه‌لێوه‌ی١٣۶۲تفه‌نگی به شان دادا و ڕۆی بۆ (ئالان) ئه‌و کات زانکۆێکی سه‌ره‌تای ده‌وره‌ی به‌شی نیزامی له‌وێ بوو، خه‌بات حه‌وت ڕۆژ له زانکۆ ماییه‌وه‌و، ده‌ورەیەکی سه‌ره‌تایی له سه‌ر تفه‌نگی قه‌نناسه بینی، کاتێک هاته‌وه ده‌تگووت ئه‌وێ ڕۆژێ له دایک بووه، که‌یف و نه‌شه‌یێکی تایبه‌تی هه‌بوو، خۆی به ژوورێ داکردو هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان ڕاخزین به دووی دا و بینیمان وێنه‌یەکی جوانیشی به کلێته‌وه هه‌ڵگرتووه له بێتو‌ش، که ئه‌ی بینن! ئه‌و کات زروف وابوو به‌رپرس ئیزنی ده‌دا دوو نه‌فه‌ر و سێ نه‌فه‌ر سه‌ر به خۆ بچن زه‌ربه له دوژمن بوه‌شێنن!
زۆر جار سه‌رکه‌وتوو ده‌بوون جار و باریش داخێکی گرانیان ئه‌خسته سه‌ر دڵمان، ڕۆژی ۹‌ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣۶۲بوو، بۆڵدوزێرێک له سه‌ر ڕێگای ماره‌غان بۆ به‌رزایی(قوچ) جاده‌ی لێده‌دا، خه‌بات هه‌ر چوار ڕۆژ بوو گه‌ڕابۆوه له زانکۆ، کاتێک مه‌رحوم ماموستا مه‌لا برایم بێ‌سیمی کرد گووتی: بۆلدوزێره‌که کار ده‌کا له جاده‌ی ماره‌غان بۆ قوچی بڕۆن ته‌قه‌ی لێ بکه‌ن! خه‌بات هه‌ر که خه‌به‌ره‌که‌ی پێگه‌ی گورج خۆی ئاماده کرد و گووتی: ده‌چم به‌و قه‌نناسه شۆفیری بۆڵدوزێره‌که ده‌کوژم! ئه‌وێ ڕۆژێ ڕۆژێێکی زۆر تایبه‌تی بوو بۆ خه‌بات وه‌ک ئه‌وه ده‌چوو دواماڵئاوایی بکا له خه‌ڵکی گونده‌که!
چه‌ند جار ڕۆیشته خوار به ناو گونددا دوو هاوڕێی له گه‌ڵدا، بۆ ماڵی پوری بۆ ماڵی نه‌نکی، گه‌ڕه‌ک گه‌ڕه‌ک ئه‌سوڕاییه‌وه‌و خواحافیزه‌ی ئه‌خواست هیچ شتێک به نه‌هێنی نه‌بوو! کات کاتی سه‌فه‌ر بوو.
ئه‌و ده‌چوو گوڵ بچێنێ! ئه‌وکات نه‌هێنێکمان هه‌بوو کاتێک شه‌هیدمان ده‌بوو له سه‌ر بێ‌سیم ئه‌مانگووت: گوڵمان چاندووه! زۆر جار ئه‌یانگووت: کێ یه گوڵه‌که؟ ئه‌مانگووت: خ یا ج یا ڕ ! ئه‌وکات ته‌ره‌ف حاڵی ده‌بوو که برینه‌که چه‌نده قوڵه، خه‌بات کاتێک ڕۆی زۆر شلک بوو، هێشتا موی لێ نه‌هاتبوو به‌و ته‌مه‌نه کەمە‌وه یه‌ک پارچه وره و هیوا بوو، گه‌ڵی چه‌وساوه‌ی کورد زۆر پێویستی به ئه‌و بوو، ئه‌و ئه‌یتوانی فه‌رمه‌نده‌رێکی باش بێ و داهاتووێکی ڕوونی هه‌بێ بۆ خۆی و بۆ گه‌له چه‌وساوه‌که‌ی، هه‌ر وه‌ک باسم کرد ڕۆژی ۹‌ی جۆزه‌ردان سه‌عات یانزده‌ی پێش نیوه‌رۆ خه‌بات و کاک ئه‌حمه‌دی حاجی عه‌زیزی و کاک محه‌ممه‌دی ئه‌لیاسی به پێکنینه‌وه له بنکه‌ی پێشمه‌گه‌کان لکی٣ وه‌ده‌رکه‌وتن جاده و جاده به ڕووی گوندی(کۆلکه‌ڕشی) دا داگەرانە خوار به‌ره‌و شوێنی دیاری کراو ڕۆیشتن.
کاتێک ئه‌وان ڕۆیشتن ده قه‌ت پاڵی چیای به‌رزی هۆنیه‌ماڵ ڕامابووم،
“به‌هار پیر ببوو فرمێسکی وشک وشک،
بینیم گوڵێک خۆی ڕنی دڵۆپێک ئاوی نه‌گیێ،
قرمژنی تفه‌نگێکی دوور خه‌یاڵی لێ شێواندم!
هاوار و ڕۆ ڕۆی دایکێک له نه‌کاو ڕایچله‌کاندم “!
به‌ڵێ کاتێک ده‌نگی ته‌قه‌که هات به‌شێکمان ڕامانکرد بۆ لای جاده و پادگانه کۆنه‌که، چونکه زۆر جار ڕۆژانه له مۆڵگه‌ی قوچه‌وه پاسداره‌کان ده‌هاتنه خواره‌وه و پێشمه‌رگه‌کان بۆیان ده‌چوون ته‌قه‌یان لێده‌کردن، جار و بار لێشیان ده‌کوژران و ڕایانده‌کرده‌وه ناو مۆڵگه‌که، خه‌بات و هاوڕێیانی له بۆلدوزێره‌که نزیک ئه‌بنه‌وه به قه‌نناسه‌که ته‌قه‌ی لێده‌که‌ن، شۆفیرو نیگابانی بۆڵدوزێره‌که ده‌کوژن، ئه‌و نۆره هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیسووتێنن! به‌ڵام به‌داخه‌وه له مۆڵگه‌ی قوچه‌وه ده‌یانبینن و داده‌په‌ڕنه خوار بۆیان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن پشتیان لێ‌بگرن ده‌داویان خه‌ن!
به‌ڵام ئازایانه و قاره‌مانانه له دوژمن وه‌ده‌ست دێن و خه‌یاڵی پوچه‌ڵ ده‌که‌نه‌وه، له‌و شه‌ڕه قایم و که‌م وێنه‌یه به‌داخه‌وه خه‌باتی گه‌نج لاو به سه‌ختی بریندار ده‌بێ و به هیممه‌تی هاوڕێیه‌کانی له مەیدانی شه‌ڕه‌که ده‌ربازی ده‌که‌ن، کاتێک هێنایانه‌وه بۆ گوندی قه‌له‌ڕه‌شێ سه‌عات چواری دوانیوه‌ڕۆ بوو، له خوار بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له سه‌ر بانی ماڵێک جێگایان بۆ ڕاخست و درێژیان کرد، هه‌رچی خه‌ڵکی گوند بوو له کاتژمێرک دا لێی کۆبوونه‌وه‌و فرمێسکیان بۆ ڕشت، خه‌بات چاوی هه‌ڵنه‌ده‌هێنا له بێ هۆشی ته‌واو دابوو، گولله‌یەک یه‌ک سانتین قوڵ گۆشەی ئه‌برۆی چه‌پی پێکابوو، ئه‌و کات لکی٣ برین پێچیشی نه‌بوو! ته‌نیا له بێتو‌ش نه‌خۆشخانه‌یەکی بچووکی لێ‌بوو ده‌بوو بیگه‌ێنه وێ، سه‌ره‌نجام سه‌عات شه‌شی دوانیوه‌ڕۆ له سه‌ر پشتی ئه‌سپێک دامانبه‌ست و به‌ڕێمان کرد بۆ بێتو‌ش.
هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن نه‌گه‌یشته هیچ شوێنێک شه‌هید بوو گێڕایانه‌وه قه‌ڵه‌ڕه‌شێ، خه‌بات به‌و ته‌مه‌نه کەمەوە فر‌شته‌یێک بوو، کورد ئه‌وێ ڕۆژێ یه‌کپارچه هیوای له ده‌ست دا، ئه‌و کوڕی گه‌ل بوو، گه‌لیش بۆی گریا و فرمێسکی بۆ ڕشت، ئه‌و له ناو نیزیکانی خۆی دا وه‌ک گوڵ به بۆنه‌وه کراو جه‌سته‌ی بێ گیانی گوڵباران کرا.
خه‌بات دوای خۆی بێجگه له وره و هیوا، ده‌سه‌سره گوڵدۆزیه‌که‌ی ملی که نه‌قش و نیگای یاری له سه‌ر بوو به خوێنه‌وه بۆ یاری گێڕایه‌وه تا توند توند ده‌باوه‌شی بگرێ و به فرمێسک بیشواته‌وه، تفه‌نگه‌که‌شی بۆ هاورێیه‌کانی به‌جێ هێشت تا تۆڵه‌ی بستێننه‌وه.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی شه‌هید خه‌بات و هه‌موو شه‌هیدانی گه‌ل ڕێگای پڕ رێبواربێ.
٨⁄۲⁄۲٠١٣
ئه‌بوبه‌کرسێوه‌تاڵی