پلانی تازەی رێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیئێران دژ بە خەڵکی کوردستان
رۆژی ١٦ی رێبەندانی ١٣٩١هەتاوی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی دوای کوشتنی زیاتر لە ٧٠ سەر لە ئەسپی کاسبکاران، سێ لاوی کۆڵبەری مهابادی بە ناوەکانی رزگار مەعروفی ئازەر تەمەن١٨ساڵ، حوسێن رۆستەم نژاد ١٦ ساڵ و هوشیار رۆستەم نژاد٢٠ ساڵ بە دیل دەگرن و نامرۆڤانە و بە شێوەی خنکاندن ئێعدامیان دەکەن و زۆر بێ بەزەیانە بە دەست و پێ بەستراوی لە چیای سورکێوی بانە فرێیان دەدەنە خوارەوە.
پاش سێ رۆژ کە بنەماڵەی ئەو کوژراوانە ئاگادار دەکرێنەوە لە گەڵ جەماعەتێکی بەر چاو لە خەڵکی مەهاباد بۆ نارەزایەتی دەربرین بەو رووداوە تاڵ و ناخۆشە لە بەر دەرکی فەرمانداری کۆدەبنەوە و و داوای تەرمی کورەکانیان دەکەنەوە، فەرماندار بەڵێنی بە بنەماڵەکان دەدا کە تەرمی ئەو سێ کەسە بۆ خۆیان دەیانهێنەوە و رادەستی بنەماڵەکانیان دەکەنەوە و هەروەها پێیان دەڵێن بکوژەکان هەر کەس بن بە سەزای خۆیان دەگەیەنێ و چاوپۆشیان لێ ناکەن. لە رۆژی سەرەخۆشی دا فەرماندار لە گەڵ شارەدار و چەند کەس لە ئیتلاعاتی مەهاباد و وێرای مەلا قادری سۆهرابی دەچن بۆ ماڵی خاوەن کوژراوەکان بە قەولی خۆیان بۆ هاودەردی کردن و بۆ خۆی فەرماندار بە گریانەوە داوایان لێ دەکا ئێوە هیچ مەکەن با خەڵک نارەزایەتی دەرنەبرن ئێمە بۆ خۆمان لێکۆلینەوە دەکەین هەرچی لە دەستمان بێ دەریغی لێ ناکەین. پاشان بۆ شۆێنە وونکە و دوژمنایەتی ساز کردن لە بەینی خەڵکی دا نزیک بە ١٠ کەس لەو لاوە کاسبکارانە دەگرن کە پێنجیان خەڵکی شاری مهابادن ئەو کەسانە کە شاهیدی شێوەی کوشتن و ئێعدام کردنی ئەو سێ کۆڵبەرە بێ تاوانانە بوونە و ئەو جنایەتەیان ئاشکرا کردووە.
ئێستا ئەوان بۆخۆیان گیانیان لە مەترسی دایە. دام و دەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئێسلامی پلانیان بۆ کوشتنی ئەو لاوە بێ تاوان و زەحمەتکێشانە دارشتووە و بە بنەماڵەی کۆژراوەکانی راگەیاندو کە ئەو کەسانەیان گرتون کە دەستیان لە کوشتنی رزگار مەعروفی ئازر، حوسێن و هوشیار رۆستەم نژاد دا هەیە.
لە لایەن بنەماڵە ی رزگار مەعروفی ئازەر و حوسێن و هوشیار رۆستەم نژادەوە داوا لە هەموو حیزب و سازمانە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و رێکخراوە بەشەردۆستەکان دەکەین پتر ئەو جنایەتە لە قاو بدەن و خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی مەهاباد بە تایبەتی لەو پلانە شومەی رێژیمی خوێنرێژی کۆماری ئیسلامی ئاگادار بکەنەوە کە تاوان بارانی ئەسڵی بە کرێگیرانی خۆیانن.
بۆ ئاگاداری خەڵکی کوردستان
لە لایەن بنەماڵە و خزم و کەسی ئەو سێ جوانەمەرگە ئاگارتان دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک و دەلیلێک هیچ یەک لەو ١٠ کەسانەی کە لە لایەن رێژیمەوە گیراون بە تاوانبار و قاتڵی کورەکانمان نازانین و تەنیا پاسدار و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی قاتڵ و بکوژانی رۆڵەکانمانن، دادگایی کردن و لێکۆڵینەوە لەو کەسە بێ تاوانانە تەنیا بۆ سەر پۆشکردنی جنایەتەکانی خۆیانە و دەیانهەوێ خەڵک لە یەکتر دردۆنک بکەن و دوژمنایەتی لە بەینی خەڵکی کوردا ساز بکەن و تاوانێک کە بۆ خۆیان کردویانە بە سەر چەند کەس لەو لاوانەی دا بهێنن.