چەند وتەیەك لە پەراوێزی وشیاری نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا! محەممەد سولێمانی

دامەزراندنی حکوومەتی هەڕیمی کوردستان و رووخانی بەشێکی بەرچاوی ڕێژیمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکانی دونیا و نەمانی شەری سار د و کۆتایی دابەشبوونی جیهانی دووجەمسەری و بەردەوامی شۆڕشی ئازادیخوازانەیی گەلی کورد بۆ ئەستاندنی مافی ڕەوایی خۆی و نەپچڕنی هاوکاری و پەیوەندی لە نێوان کۆمەڵانی هەروای خەڵکی کوردستان لە گەڵ شۆڕش لە کوردستاندا، هۆکاری گەلێک بەرچاو و بەهێزی ئەو پڕۆسە نەتەوەیە دەژمێردرێن لە مێژووی هاوچەخی کورد دا.

کاتێک کە بزووتنەوەیی گەلی کورد کەوتبوو ژێر تەپ و تۆزی بیری چەپ گەرایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەو مەسەلەیە خەڵکی بەجارێک نائومێدو هەراسان کردبوو، بەڵام تێکۆشانی لێبڕاوانەیی حیزبی دێمۆکرات و هێندێک ‌هیزی سیاسی پچووکیتر توانیان شوێنی دیارو بەرچاویان لە سەر گۆڕینی میتۆدی بیرکردنەوەیی چین و توێژەکانی خەڵک هەبێت و تارمەیی نائومێدیان لە سەر بڕەونەوە و کارەساتی سەرنەکەوتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هۆکارەکانی بەگوێرەیی ئیمکان روونبکەنەوە تۆی هیوا و ئومێد بە نێو خەڵکی کوردستاندا بڵاو بکەنەوە. هەرچەندە زۆر جاران ڕەخنەیی زۆر ئاڕاستەی ئەو ‌هێزە گەورە و کاریگەرانەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت کە بزووتنەوەی کوردیان لە ئاستەنگی و گیروکرفتی سیاسی و کۆمەلاتی ڕزگار نەکردوە و لە لایی تریشەوە ئەرکی مێژوویان وەک پێویست ئەنجام نەداوە و ڕۆڵی شیاویان لە سەر بزووتنەوەیی شۆڕشگێڕانەیی گەلی کورد نەبووە.

دیارە هەر کەسێک سەربەستە کە چۆن و لە چ ڕوانگەیەکەوە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکات پاش روخانی حکوومەتی دیکتاتۆری شا لە ئێراندا و بەلاڕێدابرانی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە مەزەنە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. بەداخەوە کەمیش نین ئەو بەڕێزانەیی کە زۆر جار لەو بوارەدا روماڵی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە دوایی دەست پێکردنی شەڕ لە کوردستاندا دەکەن و بۆیان زۆر مەسەلە نیە کە روداوە سیاسی و مێژوویەکانیش بشێوێنن لە بەرژەوەندی دەستە و گروپی بچکۆڵەدا و ئۆباڵی هەموو کەم کورتیەکان بخڕیتە گردنی هێزێک کە دوژمنانی کوردیش پێیان هێزی پێشنگ و نموونەیی قەڵایەکی پتەوی بەرگری و دێمۆکڕاسیخوازی لە ئێراندا ناوبانگ و پڕستیژی سیاسی خۆی بردبۆسەرێ.

روداوە سیاسیەکانی ئەو سێ دەیەیی ئاخیری مێژووی سیاسی ئیران و کوردستان گەوایی ئەو ڕاستیەن کە حیزبی دێمۆكرات بارەقەڵایی گۆڕینی کۆمەڵیک فات و چەمکی بەهێزی سیاسی و نەتەوایەتیە لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا. هەر بۆیەش یەکڕیزی و یەکپارچەیی بنەماڵەیی گەروەیی دێمۆکڕات گەلێک گرینگە و دێمۆکڕات هەمەن ئەو رەساڵەتە مێژوویەی لە داهاتووی گۆڕانکاریەسیاسیەکانی ئێراندا دەکەوێتەوە سەر شان .

لە زۆربواری گرینگی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خەڵکی کوردستانی بەو تەرکیبە کۆمەڵایەتیەیی کە تێیدا دەژیا توانی لە دووریانی سیاسی دوربخاتەوە و بەرەو ئامانجی سیاسی و شۆڕشگێڕانە ڕێنیشاندەری و بەرچاوروونی بخاتە بەر چاوی گەلی کورد.

 

بۆ یەکەم جار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا حیزبی دێمۆکڕات بەرنامەیی ڕیفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وەك بەرنامەیەکی نوێ هێنایە نێو خەڵک و هەوڵی جێ بە جێکردنیشی بۆدرا و حیزب دەری خست کە لایەنگری عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە و دژی هەرخۆرە نابەرانبەریەک دەوەستێتەوە و هەوسەنگی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێو چین و توێژەگەلیەکانی کوردستاندا دالەسەر بنەمایی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی دەپارێزێت.

هەر چەندە گۆڕینی ژیانی سیاسی و کۆمەڵاتی پاش ڕوخانی حکوومەتی شا ئەوەندە هاسان نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حیزب بەرنامەیی ڕێفۆرمی سیاسی وکۆمەڵاتی لە نێو خەڵکدا پیادەکرد، سەرەڕایی هەبوونی گەلێک ئاستەنگی گەورە لە سەر ڕێگایدا و ماوەیی کورتی حوکمڕەوایی سیاسی لە کوردستان. بەرنامەی گۆڕینی بناخەیی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بەسەرنجدان بە ئاستی وشیاری و تەرکیبی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کوردستان ئەوەندە هاسان نەبوو کە بەو ماوە کورتەی کە دەسەڵات بەدەست هێزو لایەنە کوردیەکاندا بوو بەرنامەکانیان وەك پێویست جێ بەجێ بکرێن.

بەڵام حیزب وەك ئەزموونێکی نوێ و مۆدێڕنی حووکمڕەوایی لە کوردستان ئەو بابەتە گرینگ و جەوهەریانەیی خستە دەستووری کاری خۆی کە بنەمایی هاوبەشی و بەشداری خەڵکی کوردستان لە سەر شێوەیی حوکمڕەوایی لە خۆیگرتبوو. هەر لەو پەیوەندیەشدا حیزب بە چڕی کاری بۆ ئەوە دەکرد کە وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نیو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە و چین و توێژەگەلیەکانی خەڵک هانبدرێن کە ژێرانە بێنە نێو مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و بەرچاورونانە بڕیار لە سەر ژیان و چارەنووسی سیاسی وڵات بدەن و لە ئاستی خەباتی نەتەوایەتیمان دا دەستەو وەستان نەبین و نەوەی نوێ لە کوردستان ژیرانە پشتیوانی لە سیاسەت و ستڕاتیژیەک لە کوردستان بکەن کە فاکتەرێکی کاریگەرو بەهێز دەبێت لە سەر ڕێکخستنی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو مەبەستەیی کە لە ڕێگایی شۆڕشی کوردستانەوە گۆڕانی بنەڕەتی و قۆڵ لە کوردستان و ئێراندا پێک بێت.

ئاکامی شۆڕشی هێزی پێشمەرگە و تێکۆشانی ژیانی ڕێکخراوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا توانی هەموو پیلان و بەرنامەی دژی گەلیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە بەرگی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا لە سەر خەڵکی کوردستان و گەلانیتری وڵاتدا مایە پوچ بکاتەوە و ئەو وشیاریە سیاسیەیی کە لە نێو خەڵکدا بڵاوکراوەتەوە و چالاکی حیزب و ڕێکخراوەسیاسیەکانی کوردستان توانیویانە هەلومەرجی وشیاری سیاسی و نەتەوەیی لو کوردستاندا بگۆڕن.

شۆڕشی خەڵکی کوردستان دروستبوو بۆ ئەوەیی لەو ڕێگایەوە بتوانرێ گۆڕانی ڕیشەیی لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا پێک بێنێ و لە ڕێگایی وشیاری سیاسی ونەتەوەیدا هەموو لایەک هەوڵبدەن بۆ ئەوەیی ڕیفۆرم پێک بێت، لەو سەردەمەدا سەرەڕایی جیاوازی بیرکردنەوە و خوێندنەوەیی کۆمەڵە لە گەڵ حیزب بەڵام بۆ پێک هێنان و وەدی هێنانی ڕیفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک هەڵوێستبوون، سەرەرایی ئەو بارگرژیەش کە بەسەریاندا زاڵبوو.

ئێستاش دەبێت لە جاران زیاتر لە مەسەلەیی دورستکردنی زەمینەی پێک ‌ هێنانی ڕێفۆرمی بەکردەوەدا هەوڵبدڕێ و بێگوومان ئەو زەمینەیە رەخساو گونجاوە کە لەسەر بوژانەوەیی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان بەرنامە و پلانی شیاو بۆ دابنرێن.

بەرزبوونەوەیی ئاستی وشیاری سیاسی و نەتەوایەتی لە نێو خەڵکی کوردستاندا ئیستا ئەو دەرفەتەیی دروستکردوە کە بە هاوبەشی و هاوکاری لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستاندا بەرنامە و سیاسەتی دریژخایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە مە بەستی بووژانەوە و بەرەوپێشبردنی ژیان و گۆزەرانی خەڵک دابنرێ و هەر لەو کاتەشدا کۆمەلانی خەڵکی کوردستان ڕێکبخڕین بۆ ئەوەیی بە یەک هەڵوێستی سیاسی بەشداری لە هەلبژاردنی داهاتووی ئێراندا بکەن، بۆ ئەوەیی کۆدەنگی و هاوکاری سیاسی بۆ هەموو لایەك دەربکەوێت.