بیره‌وه‌ری تۆپباران کردنی گوندی نێزه‌ڕۆی ناوچه‌ی بانه‌له‌ لایه‌ن ڕێژیمی ئاخوندیه‌وه‌

زیاتر له‌ سی ساڵه‌ حکومه‌تی ئاخوندی خه‌ڵکی کوردستان و ئێران ده‌کوژێ بێ لێ پێچینه‌وه‌ حکومه‌تی ئاخوندی و دار و ده‌سته‌که‌ی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی خۆیان دا هیچ عورفێک ناناسن و له‌ هیچ کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ ده‌ست ناپارێزن، له‌ سه‌رکاره‌ قێزه‌ونه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر نووسراوه‌ و زۆر گووتراوه‌، ئه‌مڕۆ نووسه‌ران و سیاسه‌تمه‌داران نووسینه‌کانی خۆیان له‌ سه‌ر ڕێژیمی ئاخه‌ندی که‌م کردۆته‌وه‌! چونکه‌ هیچ وڵامێکیان ده‌ست نه‌که‌وتۆته‌وه‌، حکومه‌تی ئاخوندی گوێ بۆ که‌س شل ناکا و به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ر کوشتنی نارازیان له‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌ قه‌تڵه‌ شاراوه‌کان ڕا بگره‌ هه‌تا هه‌ڵاوه‌سینی به‌ کۆمه‌ڵ له‌ مه‌یدانه‌ گشتیه‌کان به‌ به‌ر چاوی ژن و منداڵ و پیر و جوانه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ کو‌شتنی ده‌یان گه‌نجی کورد له‌ سه‌ر سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ بیانووی هێنان و بردنی مشڕوباتی ئاڵکۆڵی، له‌و نێوه‌دا مرۆڤی کورد ده‌ستی به‌ هیچ دادوه‌رێک و یاساێکی لێپرسینه‌وه‌ ڕاناگا و که‌س لێی ناپرسێته‌وه‌! خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌ڕای زوڵم و زۆری ڕێژیمه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی پێشوو و زاڵ به‌ سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵکی ئێران و کوردستان دا ٣٣ ساڵه‌ زۆر به‌ چڕی شاهیدی هه‌ڵاوه‌سین و گولله‌بارانکردنی ڕۆڵه‌کانیانن، که‌س نییه‌ له‌ کوردستان دا چرۆکێکی دڵته‌زێنی له‌ سه‌ر ده‌ستی ڕێژیمه‌ دڕنده‌کانی زاڵ به‌ سه‌ر ناوچه‌که‌ دا له‌ مێشکی خۆ دا تۆمار نه‌کردبێ.

ئه‌وه‌ چیرۆکه‌ی من دیگێڕمه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌و هه‌زاران چیرۆکه‌ی که‌ که‌س ده‌ستی لێ نه‌داون و به ‌سه‌ر داپۆشراوی ماونه‌وه‌. ٢٧ ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٦٤ بۆ مه‌ئموریه‌تێکی یه‌ک مانگه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی (بانه‌)وه‌ڕێکه‌وتین، نزیکه‌ی سه‌دو بیستپێشمه‌رگه‌ده‌بووین، پێک هاتبووین له‌ ده‌سته‌ی ١ ـ ٢ و ٤ ی لکی ٣ هێزی موعێنی ئه‌و کات. پێش ئێمه‌ هێزی مینه‌شه‌م ئه‌و کات له‌وێ ببوو،له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ تووشیشه‌ڕهاتبوون وچه‌ند شه‌هیدێکیشیاندابوو،یه‌کێکله‌شه‌هیده‌کانکوڕیپورم بوو،به‌ناوی”حوسێنیعه‌وڵاسه‌ڵکه‌ی”ده‌رمانئاوێ، ئه‌وه‌یتریان شه‌هید “ڕه‌سوڵ خه‌بات” بوو خه‌ڵکی گوندی هه‌رزنێ. ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌کانی هێزی موعێنیشه‌و و ڕۆژ ده‌گه‌ڕاین گونداو گوند، به‌ خۆشیه‌وه‌ له‌هیچ شوێنێک تووشی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ نه‌هاتین و خوێن نه‌ڕژا. گوندنشینه‌کانی ناوچه‌ی بانه‌ به‌ گشتی هه‌موویان له‌ هه‌ژاریه‌کی ته‌واو دابوون، ئه‌و کات به‌شێکی زۆر له‌ گونده‌کان له‌ ژێر چاوه‌دێری حکومه‌تی ئاخوندی دا نه‌بوون و ئه‌وان ئازادو سه‌ربه‌خۆ بوون.

دانیشتوانی گونده‌کان کار و پێشه‌یه‌کی به‌ر چاویان نه‌بوو، کشتوکاڵیان ده‌کرد به‌ڵام ‌داهاته‌که‌یان له‌ خوار سفره‌وه‌ بوو و به‌شی سێ یه‌کی خه‌ڵکه‌که‌شی نه‌ده‌کرد! ئاوی پاڵێوراو و برق نه‌بوو، ڕێگاو بانیش هه‌مووی وێران به‌شێکی زۆری گونده‌کان قوتابخانه‌یان نه‌بوو یان قوتابخانه‌یان هه‌بوو ماموستایان نه‌بوو، زۆربه‌ی منداڵه‌کانیان پێنج ساڵ بوو له‌ خوێندن دوا که‌وتبوون، سه‌رگه‌ردان به‌ دوا چه‌ند سه‌ر ئاژه‌ڵ و کشتوکاڵه‌وه‌ چاره‌نووسیان هه‌ڵاوه‌سرابوو، نه‌خوشخانه‌ و بنکه‌ی له‌ش ساغی له‌ هیچ گوندێک به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت پاک و خاوێنی نه‌بوو، ئاور و دو بۆ نان کردن بۆ چێشت لێنان بۆ شت و شۆر بۆ گرمی ناو ماڵ هه‌مووی به دار‌ ته‌پاڵه‌ بوو! هه‌ر ماڵێک به‌ بارستای خانوه‌که‌ی ته‌پاڵه‌ هه‌ڵدابوونه‌وه‌.

دیاردیه‌کی تر له‌ گونده‌کان که‌ سه‌ری هه‌ڵدابوو و بره‌وی پێ ده‌درا ده‌روێشی و سۆفی گه‌ری بوو! له‌ هه‌ر گوندێ که‌ بۆی ده‌چووی له‌ ناو مزگه‌وته‌که‌ دا (حوجره‌‌) ێکیان ڕازاندبۆوه‌و که‌ شوێنی زکرو ته‌لیله‌ی شه‌وانه‌ی ده‌روێشه‌کان بوو، هه‌ر گونده‌ش ده‌روێشی خۆی هه‌بوون و‌ کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک به‌ ده‌وره‌یانه‌وه‌ بوون که‌ ئێواران نانیان له‌ گونده‌کان ئه‌چنیه‌وه‌و شه‌وانه‌ش هه‌تا خه‌و ئه‌یبردنه‌وه‌ ده‌فه‌یان ده‌کوتاو زه‌رگ و تیغیان له‌ خۆ ده‌دا! دیاره‌ خوا هه‌ڵناگه‌ێ ڕێکخراوه‌ی خه‌بات به‌ خه‌میانه‌وه‌ بوو به‌سته‌زمانه‌ هاوکاری ئه‌کردن نه‌ی ده‌هێشت زه‌رگ و تیغه‌که‌یان کول ببن بۆی نوێ ده‌کردنه‌وه! ئه‌وانیش سه‌رباری نه‌هامه‌تیه‌کانی خه‌ڵک بوون و هیچ خێریان بۆ که‌س نه‌بوو. ئه‌وکات حکومه‌تی ئاخوندی ته‌حریمی خستبۆ سه‌ر ئه‌و گوندانه‌! نه‌ی ده‌هێشت کیلۆێک ئارد به‌رنه‌وه‌ بۆ گوند! ده‌یگووت بۆ پێشمه‌رگه‌ی ده‌به‌ن هه‌رچی بیان هێنابایه‌ له‌ بازگه‌کان لێان ده‌ستاندن، خه‌ڵکه‌که‌ هه‌مووی هه‌ژارو بێ ده‌سه‌ڵات بوو، هه‌تا به‌شێکی زۆر له‌ ماڵه‌کان نانی سه‌ر سفره‌شیان نه‌بوو!سه‌ره‌ ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ش ناوچه‌که‌یان ببۆ مه‌یدانی یه‌کتر ڕاوه‌دوونانی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوه‌ی خه‌بات! له‌وێ کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکڕات به‌ دوا که‌لله‌ی سه‌ری یه‌کتر دابوون بی هاڕن، ڕێکخراوه‌ی خه‌باتیش له‌وێ ده‌روێش بوون و “حوجره‌”یان خاوێن و نوێ ده‌کردنه‌وه‌!

ئه‌و کات هیچ لاێکیان خێریان بۆ کورد نه‌بوو و سه‌ر بار بوون! ئه‌وکات ئێمه‌ به‌ شه‌رمه‌وه‌ نانمان ده‌خوارد و بۆی ده‌رده‌چووین! به‌ڵام گوندنشینه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌‌، ئه‌وان هێنده‌ ئێمه‌یان خۆش ده‌ویست نانیان له‌ زاری منداڵه‌کانی خۆیان ده‌گرته‌وه‌و ئه‌یانخسته‌ زاری پێشمه‌رگه‌. ئێمه‌ زیاتر له‌ مانگێک له‌ سه‌ر سفره‌ی ئه‌و گوندانه‌ بووین و نانمان له‌ گه‌ڵ له‌ت کردن شاهیدی ئازاره‌کانیان بووین. ئێمه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ که‌ گه‌شتمان ده‌کرد به‌ ناوچه‌که‌ دا جاروباریش ئه‌و هێزانه‌مان پشتیوانی ده‌‌کرد که‌ ده‌رۆیشتن به‌ره‌و ناوه‌ندی ئاژوان، (باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان) واهات ڕۆژی ٨ی بانه‌مه‌ڕ چووینه‌ گو‌ندی (ساڵووک‌) له‌وێ بووین چاوه‌ڕوانی هێزێکی پێشمه‌رگه‌مان ده‌کرد به‌ سه‌ر پرستی شه‌هید سه‌رگورد که‌ریمی عه‌لیار که‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌کرد بڕۆن بۆ ناوه‌ندی ئاژوان، ئێمه‌ش ده‌بوو هاوکاریان بکه‌ین تا له‌ جاده‌ و مۆڵگه‌ و که‌مینه‌کانی ڕێژیم له‌ سه‌ر جاده‌ی نێوان بانه‌ و سه‌قز به‌ سه‌لامه‌تی ڕه‌د بن. ئێواره‌ی ڕۆژی١٠ی بانه‌مه‌ڕ ئه‌وان په‌یدا بوون و چووینه‌ پشتی گوندێکی بچووک که‌ ناوه‌که‌م له‌ بیر نه‌ماوه‌ له‌وێ له‌ ناو شاخ و به‌رده‌ڵانێک دانیشتین شه‌هید سه‌رگورد که‌ریمی عه‌لیار چه‌ند قسه‌ێکی بۆ کردین: که‌ چۆن وریا بین و هێز و باره‌کان بگه‌نه‌ شوێنی خۆی، هیزه‌که‌ زۆر بوو زیاتر له‌ هه‌شت سه‌د پیشمه‌رگه‌ و په‌نجا بارمان خۆراک و ته‌قه‌مه‌نی پێ بوو، ده‌بوو به‌ سه‌لامه‌تی به‌ نزیکترین ڕێگا دا تێ په‌ڕن به‌ سه‌لامه‌تی، هه‌ر تێگیرانێک کاره‌ساتی لێده‌که‌وته‌وه‌، ته‌قسیمی کاریان کرد، هه‌ر دوو پێشمه‌رگه‌ ده‌بوو له‌ گه‌ڵ بارێک بڕۆن یه‌کتر ون نه‌که‌ن، قه‌رار وابوو هێزێکی شه‌هید عزیزی یوسفی له‌ ناوچه‌ی سه‌قزه‌و به‌ ڕێگاکه‌ دابێ بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ڕێگاکه‌ جا ئه‌وجا ئێمه‌ وه‌ڕێ که‌وین زۆر دره‌نگ بوو هه‌ر نه‌گه‌یشتن! هه‌تا سه‌عات دوانزده‌ی شه‌و له‌ ناو شاخ و به‌رده‌ڵانه‌که‌ ماینه‌وه‌، جار جار دژه‌هه‌وایه‌کانی ئێران ته‌قه‌ی هه‌واییان ده‌کرد، گولله‌کانیان به‌رده‌بوونه‌وه‌ به‌ سه‌ر ئێمه‌ دا ده‌تگووت نارنجه‌ک بارانمان ده‌که‌ن، له‌وێش پێشمه‌رگه‌یه‌کی هیزی ئاربابا به‌ سووکی بریندار بوو به‌ پڕنچکه‌کان.

ئه‌و نۆره‌ هێزی شه‌هید عزیزی یوسفی گووتیان: ئێوه‌ وه‌ڕێکه‌ون له‌ رێگا دا به‌ یەک ده‌گه‌ین، ڕێک سه‌عات دوانزده‌ی شه‌و وه‌رێکه‌وتین من و شه‌هید عه‌لی ده‌روێشی به‌یه‌که‌وه‌ بووین هێسترێکیان به‌ باره‌وه‌ ته‌سلیم کردین هه‌تا نزیک گوندی حه‌وت ئاشان، هێز و باره‌کان به‌ سه‌لامه‌تی ته‌حویلی شوێنی دیاریکراوی خۆیان دران. ئێمه‌ بۆ ڕۆژێ له‌ چیایه‌کی به‌رز ماینه‌وه‌ له‌ نزیک گوندێک هه‌تا ئێواره‌، شه‌و گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی بانه‌، ئێواره‌ی ١٣ی بانه‌مه‌ڕ وه‌ڕێکه‌وتین به‌یانی ١٤ی بانه‌مه‌ڕ گه‌یشتینه‌ گوندی “نێزهڕۆ” نزیکه‌ی سه‌دو بیست پێشمه‌رگه‌ ده‌بووین، شۆڕای گوندمان ئاگادار کرد، که‌ دامان به‌شێبه‌سه‌ر ماڵه‌کاندا، شۆڕا هات و دوو دوو وسێ سێ ناردیانینه‌ ماڵان، پێشمه‌رگه‌کان زۆر ماندوو بوون شه‌و نه‌نووستبووین، سه‌عات بوو به‌دوانزده‌ینیوه‌ڕۆده‌نگی دوو ته‌قینه‌وه‌ی به‌ هێز له‌ دەووری گونده‌که‌ به‌ گوێمان گه‌یشت تاوێک پێچوو ده‌نگی ته‌قه‌ی وردیش ده‌هات! ماوه‌یه‌ک پێچوو دوو تۆپی له‌و به‌ری گونده‌که‌ دان! ئیتر هه‌را په‌یدا بوو له‌ ناو گونده‌که‌ خه‌ڵکی گوند گووتیان: حکومه‌ت هێرش ده‌کا بۆ گونده‌که‌!

داوایان له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ کرد که‌ گونده‌که‌ به‌جێ بێڵن، مه‌رحوم ماموستا مه‌لا برایم دۆڵه‌گه‌رمی فه‌رمه‌نده‌ی لکی٣ بڕیاریدا که‌ به‌ زوترین کات گونده‌که‌ چۆڵ که‌ین و بچینه به‌رزایه‌کانی ئه‌وبه‌ری گونده‌که‌ پێشمه‌رگه‌کان به‌شێک ڕۆیشتن و به‌شێکیش هێشتا هه‌ر له‌ ناوگونده‌که‌ دا مابوون، که‌ یه‌ک تۆپی له‌ ناو گونده‌که‌ دا ده‌ست به‌جێ کوڕێک به‌ ناوی محه‌ممه‌د که‌ تاقه‌ کوڕی ماڵ بوو شه‌هید بوو و دوو کچۆڵه‌ش بریندار بوون، ئیتر دانیشتوانی گونده‌که‌ وێکڕا له‌ شه‌هیده‌که‌ کۆ بوونه‌وه‌ و زۆر به‌ توڕه‌یه‌وه‌ په‌لاماری ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یان دا که‌ هاوکاری برینداره‌کانیان ده‌کرد! پێشمه‌رگه‌کان هه‌وڵی خۆیان دا که‌ یارمه‌تی خه‌ڵک و برینداره‌کان بکه‌ن، به‌ڵام هه‌رچی خه‌ڵکه‌که‌ بوو هاواریان ده‌کرد و پاڵه‌ په‌ستۆ یپێشمه‌رگه‌کانیان ده‌دا و ده‌یانگووت بڕۆنه‌ ده‌ر له‌ گونده‌که‌! خه‌تای ئێوه‌ بوو ئه‌و خه‌ڵکه‌ شه‌هید بووه‌! ئه‌گه‌ر ئێوه‌ نه‌چن له‌ نزیک گوند ماشێن نه‌سوتێنن گو‌ندی ئێمه‌ بۆ تۆپباران ده‌کرێ!؟

ده‌مانگووت به‌چیشتان باوه‌ڕ هه‌یه‌ هیچ پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ناوچه‌یه ‌گولله‌ی له‌ تفه‌نگ ڕانه‌کشاوه‌‌! خه‌ڵکه‌که‌ باوه‌ڕی نه‌ده‌هێنا و هاواریان ده‌کرد و له‌ سه‌ر پاڵنانی پێشمه‌رگه‌کان به‌رده‌وام بوون، به‌شێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان له‌ گه‌ڕه‌کێک چوونه‌ ده‌ر گه‌ڕه‌کی ئێمه‌ مابوو که‌ شه‌هیده‌کان له‌ وێ بوون و خه‌ڵکه‌که‌ش هه‌مووی بۆ ئه‌وێ ڕاخزیبوو، شه‌هید سه‌عدون ماره‌غانی کادری ده‌رمانی بوو قه‌ناعه‌تی نه‌ده‌کرد ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئاوا به‌ برینداری به‌جێ هێڵێ، که‌وتبۆ ناو خه‌ڵکه‌که‌ پاڵیان پێوه‌ده‌نا و خه‌ریک بوون تفه‌نگه‌که‌ی لێ بستێنن! ئه‌ویش ده‌ی هه‌‌ویست برینداره‌کان ده‌رمانکاو خه‌ڵکه‌که‌ ئارام کاته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی‌ که‌س گوێی له‌ که‌س نه‌ده‌گرت، زیاتر له‌ سی که‌س که‌وتبوونه‌ ناو شه‌هید و برینداره‌کان شه‌هید سه‌عدون یش له‌ ناویاندا، من و شه‌هید ڕه‌سوڵی عزیزی و کاک عه‌لی سووره‌چۆمی په‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری گونده‌که‌ و وه‌به‌ر هه‌ورازه‌که‌ هه‌ڵگه‌ڕاین و یه‌ک تۆپی تری له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌ی دا! هه‌ر دووک کچه‌ برینداره‌که‌ و شه‌ش نه‌فه‌ریتر ده‌ست به‌جێ شه‌هید بوون و پازده‌ که‌سیش به‌ سه‌ختی بریندار بوون، له‌و پۆله‌ خه‌ڵکه‌ ته‌نیا شه‌هید سه‌عدون به‌ ساغی ده‌رچوو! سه‌رجه‌م نۆ نه‌فه‌ر ژن و پیاو شه‌هید بوون و پازده‌ که‌سیش بریندار. کاره‌ساتی ئه‌وێ ڕۆژێ هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی نیگه‌ران کردبوو، له‌ چرکه‌ ساتێک دا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ شه‌ڵاڵی خوێن بوون! وه‌کو خه‌ون وابوو خۆشه‌ویستی باری کرد و ژیان ته‌پڵی نه‌مانی لێدا، غه‌زه‌ب له‌ هه‌موو کۆڵانه‌کان ده‌باری ئێمه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان نه‌بوو! نه‌مانده‌توانی بچینه‌وه‌ ناو خه‌ڵکه‌ برینداره‌که‌ یارمه‌تیان بده‌ین له‌ به‌ر نیگه‌رانی و تووڕه‌یی خه‌ڵکه‌که، له‌ به‌رزایه‌که‌ لێک کۆده‌بووینه‌وه‌و ته‌ماشای یەکترمان ده‌کرد، به‌ خۆ دا ڕۆ ئه‌چووین و هه‌ستمان به‌ بێده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌کرد، شکمان هه‌بوو که‌ تاوانبار بین ده‌مانگووت ڕه‌نگه‌ خه‌تای ئێمه‌ بێ ئه‌و ناسۆڕو نه‌هامه‌تییه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ داباری، به‌ڵام هیچ حه‌قیقه‌تی نه‌بوو. هه‌تا شه‌و له‌ به‌رامبه‌ر گونده‌ برینداره‌که‌ به‌ چیایه‌که‌ وه‌نووساین، جاده‌که‌ زیاتر له‌ نیو سه‌عات دور بوو به‌ پێیان له‌ گونده‌که‌وه‌، خه‌ڵکی گوند برینداره‌کانیان به‌کۆڵ و داره‌مه‌یتان ده‌بردن بۆ سه‌ر جاده‌، وه‌کو خۆیان باسیان کرد له‌وێش پاسداره‌کان نه‌یانده‌هێشت برینداره‌کان له‌ بازگه‌که‌‌ ڕه‌دکه‌ن هه‌تا نه‌ڵێن به‌ ته‌قه‌ی پێشمه‌رگان بریندار بوون!

بینیمان خه‌ڵکی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر به‌ هاواریانه‌وه‌ هاتن و شه‌هیده‌کانیان له‌ گه‌ڵدا ده‌ناشتن له‌ گۆڕستانی پشت ماڵه‌کان. ڕۆژ به‌ سووتان و ئازاره‌وه‌ دوراو دور ئاوا بوو، شه‌و به‌سه‌ر داهات پیشمه‌رگه‌کانی لکی٣ی هێزی موعێنی له‌ چیایه‌که‌وه‌ پۆل پۆل یەکمان ئه‌گرته‌وه‌، گوندی نێزه‌ڕۆ تاریکای شه‌و باڵی به‌ سه‌ر دا کێشا، سروشت کپ و مات ته‌نیا گۆڕستان وه‌کو چراخان ئه‌ینواند، له‌وێ چه‌ند دایكێکی زگ سووتاو هه‌ڵکڕوزاو چه‌ند باوکێکی ڕیش سپی و پشت چه‌ماو به‌رهه‌مه‌کانی چه‌ند ساڵه‌ی ڕوح و جه‌سته‌یان به‌ خاک ئه‌سپاردو دوا ماڵ ئاواییان لێده‌کردن، ئه‌وێ ڕۆژێ ئازاره‌کان هێنده‌ زۆر بوون که‌س ناتوانێ وه‌سفی کا.

” ئه‌و شه‌و نێزه‌ڕۆ نانوێ و ئه‌ستێران ئاوا ده‌کا،

به‌ده‌وره‌ی شه‌معی یاران دا وه‌کو مانگ سه‌یوان ئه‌کا،

زۆر هه‌ڵه‌یه‌ دوژمنم که‌ وا ژیانم شه‌ق ئه‌‌کا،

کوردم و هه‌ر کورد ئه‌بم تاکو دوژمن ڕا ئه‌کا،”

به‌ڵی ئێمه‌ ئه‌وێ شه‌وێ له‌ چیایه‌که‌ وه‌سه‌ریه‌ک که‌وتینه‌وه‌و گوندی نێزه‌رۆمان به‌ برینداری له‌ گه‌ڵ ئازاره‌کانی دا به‌جێ هێشت و به‌ره‌و گوندێکی دوورتر له‌ نێزه‌رۆ وه‌ڕێکه‌وتین، بۆ ڕۆژی دوای ڕاستیه‌که‌ بۆ خه‌ڵکی گوندی نێزه‌ڕۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی ڕێکخراوه‌ی خه‌بات چوون له‌ سه‌ر جاده‌ی نزیک گونده‌که‌ ماشێنێکی پاسداره‌کانیان سووتاندوه‌و سێ پاسداریشیان کوشتووه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه‌ تازه‌ هیچ شتێکی له‌ وه‌زعه‌که‌ نه‌ده‌گۆڕی و پێشمه‌رگه‌ بۆی هه‌بوو له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێک دا زه‌ربه‌ له‌ دوژمن بوه‌شێنێ، ئه‌وه‌ ڕێژیمی ئاخوندی بوو تۆڵه‌ی زه‌ربه‌ی پێشمه‌رگه‌ی له‌ خه‌ڵکی بێدیفاع ده‌ستانده‌وه‌! ڕێژیمی ئاخوبدی به‌و کاره‌ساته‌ی ئه‌وێ ڕۆژێ مۆرێکی نه‌نگ و شوره‌ی دیکه‌ی به‌ ناو چاوانی خۆیه‌وه‌ ناو ئیسپاتی کرد که‌ چه‌نده‌ دڵ ڕه‌ق و نامرۆڤانه دوژمنایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات.‌

زیاتر له‌ دوو حه‌وتوو به‌ سه‌ر ئه‌و بێ به‌ختیه‌ دا تێپه‌ری بوو، ئێواره‌یک میوانی گوندی نێزه‌ڕۆ بووینه‌وه‌، خۆمان پێ ناساندنه‌وه‌! هه‌رچه‌ند ئه‌و هه‌موو شه‌هید و برینداره‌شیان دا بوو پێشوازێکی زۆر گه‌رمیان لێکردین داوای لێبوردنیشیان له پێشمه‌رگه‌کانی هێزی موعینی ده‌کرد که‌ ڕۆژی شه‌ڕه‌که‌ په‌لاماری پێشمه‌رگه‌کانیان داوه‌، دایکی سێ شه‌هیدی ئه‌وێ ڕۆژێ هاته‌ ئه‌و ماڵه‌ی که‌ ئێمه‌ی لێ بووین، کۆ ببۆوه‌ هه‌ر چه‌نگێکی لێمابوو ! دوو کچ و تاقه‌ کوڕه‌که‌ی شه‌هید ببوون، فرمێسکی ئه‌ڕشت و ده‌یگووت سێ ساڵه‌ شووه‌که‌م له‌ سه‌ر جێی که‌وتوه‌و لاقی له‌ ده‌ست داون نه‌خوشه‌، محه‌ممه‌دی کوڕم ئه‌یژیاندین ئه‌ویشم ڕۆی له‌ گه‌ڵ خوشکه‌کانی. باسی هه‌موو ئه‌و بێبختیه‌یان کرد که تووشیان هاتووه‌، به‌گریانه‌وه‌باسیئه‌و برینه‌ قووڵه‌یان کردکه‌ بۆ هه‌تاهه‌تاێ له‌سه‌ر جه‌سته‌یان دیاره‌ و ده‌مێنێته‌وه‌.

ئێمه‌ش زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ دڵگرانی خۆمان بۆ خه‌ڵکه‌که‌ ڕاگه‌یاند و سه‌ره‌خۆشیمان لێیان کرد ئێواره‌ دره‌نگانێک ماڵئاوایمان لێکردن. هیوادارم ڕۆژێک دابێ و گه‌له چه‌وساوه‌که‌مان به‌ ماف و ئازادیه‌کانی خۆی بگات و دایکی محه‌ممه‌د و خوشکه‌کانی و هه‌موو شه‌هیدانی گوندی نێزه‌ڕۆ قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌ و چیتر ڕۆژی ئاوا تاڵ و شووم نه‌بینینه‌وه‌.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاکی شه‌هیدانی گوندی نێزه‌ڕۆ و هه‌موو شه‌هیدانی گه‌ل، مردن و ڕووڕه‌شی بۆ ڕێژیمی ئاخوندی و داروده‌سته‌که‌ی.

ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی

فینله‌ند