نامەیەک لە قالبی تەنزدا بۆ چارلی چاپلین.

سڵاو چارلی گیان چۆنی برام. جارێکی دیکەشم نامە بۆ ناردووی بەڵام هیچ جوابت نەدامەوە. گرینگ نییە.

نازانم کە ڕۆیشتی وەبەر کام بەشی قیامەت کەوتووی . بەئاوری جەهەندەم سووتێندراوی یان ئیستا لە بن دارە میوەکان کۆری حۆریان تێت هاڵاون و بە پەنجەی جوانیان دەتشیلن و هەر یەکەی بە نەوعیک سپاست دەکا بۆ ئەو هەمووە پێکەنینەی بۆ ئیمەت بە جێ هێشت. چارلی گیان لە ساڵی ١٩٧٧وە کە بارگە و بنەی سەفەرێکی بێ گەرانەوەت پێچاوە، تا ئیستا دنیا زۆر گۆراوە. ئەو دەم خەڵک زیاتر بە دەوری یەکەوە بوون و خۆشەویستی زیاتر لە مابەینی خەڵک دا بوو. چارلی ئێستا دنیا دنیای تکنیکە و هەر کەسە قودوویەکی چووکی بە دەستەوە یان لەسەر کۆشێتی و لە گەڵ ئەوی خەریکە و لە ڕێگای ئەوەوە ئاگاداری حاڵ و وەزع و جم و جۆڵی یەکترین. کەس بە دەردی کەسەوە نییە و هەر کەسە بۆلای خۆی ڕادەکێشیت.

تەنیا شتیک نەگۆراوە. دەزانی ئیستاش هەر وەک ئەو دەم کە تۆ لێرە بووی کەس ئاگای لە فەقیرەکان نیە. ئەوان ئیستاش وەک ئەسپ سەرمایەدارەکان سواریان دەبن!!!!!

‌چارلی گیان دەزانی ئەو قسەیەتم زۆر پێ جوانە کە دەڵیت:

پێبکەنە بە بێ ئەوەی چاوەروانی هیچ جوابیک بی لەم دونیایە .

چونکە ڕۆژێک دادێ ئەم دونیایە وا شەرمەزارت دەبێ کە بە هەموو سازێکت سەما دەکات.

بەڵام چاپلین گیان لە زۆر جێگا ئەم داوایەت سەر ناگرێت.

ئەرێ پێت وایە دایکێک کە خەریکی لاواندنەوەی کۆرپەی باب کوژراویتی پێبکەنیت؟

پێت وایە منداڵیک کە لە برسان دەگریت و دایکی سواڵی بۆ دەکات و کەس فلسێک لە دەستی ڕاداشتراوی نانیت پێبکەنێت؟
‌پێت وایە کەسێک کە بە هێچ تاوانێک لە حەپس کراوە و حوکمی مەرگی دراوە بزەی بێتە سەر لێوان.

چاپلین گیان زۆرم لە دڵ دایە و نام هەوێ کاتت بگرم. هەتا نامەیەکی دیکە بە خوات دەسپێرم.

باش بوو وەبیرم هاتەوە دەزانی ئەو ڕۆژانە لە خەبەران دا بیستم کە گۆچان و کڵاوەکەت کە تائیستا لە مۆزەخانە دا بوون بە نرخێکی یەکجار یەکجار زۆر فرۆشراوە. زۆرم پێخۆش بوو کە تۆ خۆشت لێرە نەماوی بەڵام قەدری کەوشەکانت لەسەر سەرانە. ئەوەم گوت بۆوەی لەویش پێ بکەنی.

تا نامەی داهاتووم خوا حافیز.

برات مستەفا٢٠١٣