ماشێنی نەهێنی ئاخوندهکان. وهرگێڕان له ئهڵمانییهوه: خالید حهسهنپوور
ئەوەی لە خواری دەیخوێننەوە کورتکراوەی بابەتێکە کە لە کتێبی “سێبەری نیزامییەکان” دا هاتوە. “سێبەری نیزامییەکان” کتێبێکە کە لایەن ویلهێلم دیتل سەبارەت بە دەزگاکانی جاسووسیی وڵاتانی ئیسلامی نووسراوە. ویلهێلم دیتل ١١٨ لاپەڕ لە ٣٤٥ لاپەڕی ئەو کتێبەی بۆ دەزگاکانی جاسووسیی کۆماری ئیسڵامی و چۆنیەتیی کارکردنیان تەرخان کردوە. لەو کتێبەدا نووسەر بە وردی هەموو ئەو رووداوانەی کە پێوەندییان بە گرتن و کوشتن و ڕاودوونانی جیابیران، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، بەدرووستی و بەرێکەوت و بە زانیاریێکی وردەوە تۆمار کردوە. زانیارییەکانی ویلهێلم دیتل لەوبارەوه گرینگن کە ناوبراو بۆخۆی کەسێکە کە لە”BND” (سازمانی ئەمنیەتی ئاڵمان)دا کاری کردوە و ئێستاش یەکێک لە کاربەدەستانی ئەو دەزگایەیە.
***
زەبری ئەو جاری دهزگای ئەمنییەتی ئێران لە بێرلین وە دژبەران کەوت. دووبارە ئامانجی هێرش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. دوای کوشتنی غەمهێنەری سکرتێری گشتی دوکتور قاسملوو، شەرەفکەندییان کردە جێنشینی ناوبراو. ئەو سیاسەتی قاسملووی بەو جۆرە کە هەبوو و بێ پسانەوە درێژە پێدەدا. شەرەفکەندی بڕوانامهی دوکتۆرای لە رشتەی شیمی و لە زانستگایهکی پاریس وەرگرتبوو. شەرەفکەندی پیاوێکی گەڕاوەی لێو بەپێکەنین و لە هەمانکاتدا، جیدی و لێبڕاو بوو. ئەو نیشانیدا بوو کە بۆ ئەو پۆستە لێهاتوویی تەواوی هەیە و ئەوەش وایکردبوو کە بیروڕای گشتی بخاتە ژێر کاریگهریی کەسایەتیی خۆیەوە. لە هەموو ئەو دیدارو چاوپێکەوتنانەی کە دەگەڵ مێدیا جیهانییەکان کردبووی، رێژیمی ئاخوندهکانی خستبووە ژێر گوشارەوە، کە مل بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێران راناکێشن و خودموختاری کە خۆ بەڕێوەبردنێکی ئیداری و ئابوورییە، بە کوردەکان رەوا نابینن. ئەوەش داخوازیێکە کە بەتەواوی سەردەمیانەو شارستانیانەیە.
لە هاوینی ١٩٩١ فەرمانێکی بە نووسراوە لە لایەن رێبەریی ئێرانەوە، سەبارەت بە چالاکییهکی نوێ دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتە دەستی کۆمیتەی تایبەت. لەو سەردەمەدا عەلی فەللاحیان خهریکبوو کە بە پلەی حوجهتولئیسلامی بگات کە پلەیهک لە ئایەتوللاهی کەمترە. ئەو پیاوێکە هەتا بڵێی بێ ئینساف و بێبەزەیی و خاوەن پهروهندهیهکی قورس بهرامبەر دژبەران. فەللاحیان و هادی هەدەویی موقەددەم کە پیاوێکی سەر بە واواک ( وزارت اطلاعات وامنیت كشور) ه و لە سەر رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد ناسیاویی باشی هەیە، رادەسپێرێ کە وەدووی پێوشوێنیان کەوێ . موقەدەمیی جاسووس لەژێر پەردەی بهڕێوهبهری کۆمپانیای “سهمسام کالای ئێرانی” سەفەرەکەی بۆ دەرەوەی وڵات دەست پێدەکات. ناوبراو ئاوا و لەژێر ئهم ناوەوەدا باشتر دەیتوانی لەنێو پەنابەرانی ئێرانیدا بجووڵێتەوە و کار بکات .
بە پێی قسە و باسی یەکێک لەو کەسانەی کە لەم دوایانەدا ریزی خۆی لە واواک جیا کردۆتەوە، مووقەدەم سەرەتای هاوینی ١٩٩٢ هاتۆتە ئاڵمان. مووقەدەم هەموو ئەو زانیارییە نوێیانەی کە پێوەندییان بە رێکخراوە سیاسییەکانەوە هەبوو، کۆکردەوە و دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، دەسبەجێ راپۆرتێکی بە پێشنیارەوە بۆ بەرێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە. لە مانگی ژوئهنی ١٩٩٢ دا دوو ئێرانیی دیکەش کە سەر بە تۆرە ئەمنییەتییهکانی ئێران بوون هەر لەو پێوەندییەدا هاتوونەتە ئاڵمان. ئەوانە ئەسغەر ئەرشەدی و عەلی کەمالی بوون کە کاریان کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەڕێوەچوونی عەمەلیاتێکی سەرکەوتوو لە ئاڵمان بوو .
هەموو زانیارییەکان دەریان دەخست کە رەنگبێ ماشێنی تیرۆری فەللاحیان ئەمجاریش سەرکەوتوو بێ. وەزیر فەللاحیان کەسێکی بە ناوی عەبدولرهحمان بەنیهاشمی بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتەکە دیاری کرد کە شارەزاییهکی زۆری لەسەر شانە نهێنیەکانی نێوپەنابەران هەبوو . عەمەلیاتەکە کۆدێکی نهێنی پێدرابوو بە ناوی “فریاد بزرگ علوی”.
بەنیهاشمی چەند ساڵ لەمەوبەر بە هاوکاریی تیمێکی تیرۆر، توانیبووی سەرهەنگی پێشووی هێزی هەوایی ئەرتەشی ئێران، ئەحمەد تالبی لە ١٠ی ئاگووستی ١٩٨٧ لە ژنێف بکوژێ. ناوبراو لە لوبنان بۆ واواک کاریکردوە و هەرلەوێ لەلایەن دۆستانی حیزبوڵلا دەورهیهکی نیزامیی دیوە.
دوای ئامادەکارییە سەرەتاییهکان بۆ بەرێوەبردنی عەمەلیاتێک، پێویست بوو کە کۆردیناتۆرێکی ناوچەیی پێک بهێندرێ. کازمی دارابیان بۆ ئەو ئەرکە دیاریکرد. ناوبراو پێشتر لە ریزەکانی سپای پاسداراندا کاریکردوە و لە ساڵی ١٩٨٠وە لە ئالمان دەژیا. ستراتیژیستەکانی واواک لە تاران ناوبراویان پێهەڵبژاردهیهکی باش بوو. چونکە ئەو، کەسێکی باوەڕپێکراو بوو و لە عەمەلیاتەکانی نێوخۆ لە دژی دژبەران بەباشی خۆی نیشاندابوو. دارابی ئەندامی هەیئەتی یەکیهتیی خوێندکارانی موسوڵمانی ئووروپا”UIS “بوو کە ئەمە بۆ ئەو دێوجامهیهکی باشبوو . لە لێکۆڵینەوەکانی رۆژئاوادا UIS هەمیشە بەتۆڕێکی سەر بە واواک چاوی لێکراوە. ئەو کۆردیناسیۆنەی کە نۆێنەرایەتیی واواکیان لە ئالمان دەکرد، چوار دانە لوبنانییشیان بۆ ئەو عەمەلیاتە هەڵبژارد کە بریتی بوون لە: یوسف ئەمین، عەباس رائێل، محەممەد ئاتریس و ئاتیلا ئایاتیان .
عەبدولرحمان بەنیهاشمی بە ناوی نهێنی” شەریف” رۆژی ٧ی سیپتامبر لە فرۆکەخانەی تیگل _ بێرلین دابەزی. سادق شەرەفکەندی بە ناوی نهێنیی دوکتور سەعید، ئێوارەیهکی درەنگی رۆژی ١٤ی سیپتامبر لە کۆپنهاگەوە گەیشتە بێرلین. هاوکارانی نیزیکی شەرەفکەندی فەتاحی عەبدولی بەرپرسی ئورووپا، هومایوونی ئەردەڵان بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان و نووری دێهکوردی وەرگێر، چاوەڕوانی شەرەفکەندییان دەکرد. ئەوان دەستبەجێ دەهەوڵی ئەوهدابوون کە کۆبوونەوهیهک لەگەل بەشێک لە سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێک بهێنن. شەرەفکەندی بەشێویهکی تەواو رەسمی بەشداری کۆبوونەوەی ئهنترناسیوناڵ سۆسیالیستی کرد لە بێرلین، کە ئەو رێکخراوە وەک رەشماڵێک هەموو رێکخراوە سوسیالیستەکانی لەژێر خۆیدا کۆکردۆتەوە .
کازم دارابی مۆرهیهکی بەتەواوی گونجاو بوو بۆئەوکارە، ئیسلامییهکی توندئاژۆ و لەهەمان کاتدا مۆرهیهکی خەوتووی سرویسە ئەمنییەتییەکانی ئێران، کە ئارەزووی هەر بە تەنیا چاوەدێری دژبەران نەبوو، بەڵکوو ئارەزووی لەنێوبردنیشیانی هەبوو . دارابی کەسێکی کورتەباڵا و وردیلە بەڵام بەنەزم و هەڵسووڕ بوو و زۆربەی مهئمووریهتەکانی تارانی بە باشی جێبەجێ کردبوو . ناوبراو خاوەنی ژنێکو سێ منداڵ بوو کە یەکیان فەلەج بوو .
سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ لە تارانێکی هاڵۆزەوە هاتە بێرلین. ئەو کوڕە وردیلە دێهاتییە له سهریهک هەموو مەرجەکانی مانەوە لە ئاڵمانی پێک هێنا . بۆ دیتنی کۆرسی زمانی ئاڵمانی وەرگێڕدراوی کارنامەیهکی سەیرو سەمەرەی لە وڵاتەکەی خۆیڕا دەگەڵ خۆی هێنابوو. دوای وەرگیرانی لە کۆرسی زمان ماڵەکەی گوێزتەوە بۆ هایمی دانیشجوویی لە تۆرمهاوز لە شەقامی لینکشتراسە. دارابی، داوای تهئییدی کارنامەکەی، شەش مانگ تاقیکاری کردبوو بۆ ئەوەی لە لایەن زانکۆی هاگن، لە کولێجی خوێندکارە بیانییەکان وەربگێرێ. ئەو دەیهەویست ببێتە ئهندازیاری بیناسازی بەبێ ئەوەی مەدرەکی کۆتایی هێنان بە قوتابخانەی هەبێ.
لە سەرهتای ساڵی ١٩٨٢ دا باهۆزێک هەڵیکرد کە دەگەڵ رووحی سەرکێشی دارابی یەکی دەگرتەوە. رۆژی ٢٤ ی ئاوریل خوێندکارانی زانکۆی سەرانسەی ئاڵمانی فیدراڵ لە دەوروبەری زانکۆی ماینز لە شاری ماینز کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی سێهەمین ساڵی هاتنە سەرکاری خومەینی جێژن بگرن. بەڵام کۆبوونەوەکە هاڵۆزکرا و بەشداران دەستیان کرد بە هێرش وپەلاماردان. نزیکەی سەد کەس لەو یاغیانە بە چۆماغ و چەقۆ پەلاماریان بردهسهر هایمێکی پەنابەران کە دژبەرانی رێژیمی خومەینی لێ دەژیان. لەو رۆژەدا بریندارێکی زۆر هەبوو، تەنانەت لەلایەن پۆلیسیشەوە. ئاکامی ئەو کارە بوو بە هۆی ئەوه دەستوری دەرکردنی ٨٥ کەس لەو فەناتیکانە لە ئاڵمان بدرێ. بەڵام دارابی ئەو بریارەی بەسەردا جێبەجێ نەکرا. دادگای باڵای کۆبلێنز بریاری دەرکردنی خوێندکارەکانی رەد کردەوە. رێژیمی تارانیش لە وەرگرتنەوەی خوێندکارەکان خۆی پاراست و پێشنیاری سزای سووکی بۆ کردن. وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان پێشنیارەکەی تارانی قەبووڵ کرد وبەو جۆرە به پێی ئارەزووی تاران جووڵایەوە. دواتر دارابییش هەربەو پێیە سزادرا. ناوبراو لە ١٢ ی دیسامبری ١٩٨٢ بە هەشت مانگ زیندانی قابیلی کڕینەوە مەحکووم بوو. دارابی زیندانییەکەی نەکێشا، چونکه پووڵی سزاکەی درابوو. ئەوە موعامهلهیهکی نازیرەکانە بوو کە دەگەڵ هەڵسوکەوتی تاران کرا، بە چەشنێک کە دەوڵەتی یاسا بوو بە گەبجاڕی سیاسەت. سەربزێوە یاغییەکان لە ئۆکتۆبری ١٩٨٢ دا لەگرتوخانەی تایبەت به بەجێهێشتنی وڵات، ئازاد کران. دەگەڵ ئەوه کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەو خۆپێشاندانە دا تاوانیان کردبوو، سەر بە ئیدارەی بیانییەکانی ماینز نەبوون، بەڵام ئیقامەی یەکساڵە درابوو بە هەموویان. لە حاڵێکدا بەپێی یاسا هەر کەس دهبوا لە ئیدارەی خۆی ئیقامەی شەش مانگەیان پێ بدرایە. دارابی بەو ئیقامەی کە لە تەنگەی گیرفانی نابوو، لە گەڕانەوە بۆ ئێران نەجاتی بوو و رێگای پێدرا دووبارە درێژە بەخوێندن بدا. دارابی و چوار کەس لە هەڤاڵانی لە بێرلین نیشتەجێ بوون. حەوتوویهک پێش ئەوەی ئیقامەکەی تەواو بێ، سەرکۆنسولی ئێران دەگەڵ کاربەدەستانی ئاڵمان سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئیقامەکەی قسە دەکات و هەتا فێوریەی ١٩٨٤ درێژ دەکرێتەوە. ئەوە لە ساڵانی دواییشدا هەر بەو چەشنە دووپات دەبێتەوە. لە پەروەندەی ئیدارەی بیانییەکانی بێرلین سەبارەت بە دارابی رستەیهک دەبیندرێ کە دەکرێ پەردە لە سەر زۆرشت هەڵداتەوە، ئەوێش ئەویە: ” کاربەدەستانی ماینز چەتیان خستۆتە سەر رێگای گڕاندنەوەی دارابی بۆ ئێران ” .
ئەوەی بە لای دارابییەوە گرنگ بوو پروپاگەندەی ئیسلامی و کار لەو پێناوەدا بوو، خوێندن بۆ ئەو تەنیا بۆ وەدەستهێنانی مەدرەک بوو. ئەو تهنیا جاروبار لە هۆڵی وانه خوێندنی زانکۆ دهبینرا و هەر ئەوەش بوو کە لە تاقیکارییەکاندا دەر نەدەچوو. ئاخرییهکەی لە ٣٠ ی سیپتامبری ١٩٨٧ ناوی لەدەفتەری زانکۆ پاک کرایەوە و دەرکرا. دارابی دەستبەجێ هەستی بەوە کرد کە ئەو بڕیارە ببێتە هۆی لادانی پەردە لە سەر جاسووسییهکەی. هەربۆیە ناوبراو سکاڵای بهرامبەر بە ئێدارەی زانکۆ بەرز کردەوە و سەیر ئەوهیە کە لەو کارەشیدا سەرکەوت. بەوجۆرە رێگای پێدرا جارێکیتر لە زمستی هاوینی ١٩٨٨ دا بەشداری بکات .
هەر لەو ماویەدا دارابی بووبە ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی موسولمانی بێرلینی رۆژئاوا. ناوبراو زۆربەی کاتی خۆی لەو ماوهیەدا تەرخان کرد بوو بۆ جێبەجێ کردنی مهئموورییەتەکانی واواک و رێکخستنی چۆنییەتی پێوەندییەکانی دەگەڵ شانەکانی حیزبوڵلا لە ناوچەی (Spree)شپرێەی بێرلین. هەر ئاگادارییهکی کە لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێران وەچەنگی دەکەوت، لەلای خۆی کۆی دەکردەوە .
یەکەم کەس کە لە سەفارەتی ئێران لە بۆن دەگەڵ دارابی لە پێوەندیدا بوو، حەسەنی جەوادی بوو کە لە بەرگی دیپڵۆماتێکدا کاری دەکرد. حەسەنی جەوادی لە ئۆکتۆبری ١٩٨٩ گۆڕا و کەسێکیتر بە ناوی مورتەزا غولامی هاتە جێ. کاربەدەستانی ئاڵمان، ناوبراو و حەوت کەسی دیکە لە کاربەدەستانی ئەسڵیی واواکیان دەناسی کە لە بەرگی دیپڵۆماتێکدا کاریان دەکرد.
لە سکالانامەی دادستان دژی دارابی کە دوایە کەوتە بەرسەرنج نوسراوە کە دارابی لە بەرگی خوێندکاریدا دەگەڵ سەفارەتی ئێران لە بێرلین پێوەندێکی توندوتۆڵی هەبوە. رابیت و رێنوێنی ئەسڵی لە ساڵی ١٩٩١ لە بێرلین کۆنسوول ئەمین فەرەهانی بووە . دارابی بۆ ناوبراو خوێندکاری کوردی شانەبەندی دەکرد. دوو کەس لەو خوێندکارانەی کە وەک دۆست و باوەر پێکراوی دارابی بوون، سابیت گەیلانی و بارام برندیجان بوون، کە سابیت لەو کەسانە بوو کە لە ههڵلاو بگری ماینزدا بەشدار بوو.
دارابی لەهەموو باریکەوە پێاوێکی پڕکار بوو. هاوهەنگاو دەگەڵ کاری جاسووسی، هاتوچۆی گەرمی مزگەوتی ئیمام جەعفەری سادقی لە بێرلین دەکرد کە جێگاو شوێنی کۆبوونەوەی ئیسڵامێە تووند ئاژۆکان بوو. کاتێک لە رەوتی کاری دادگادا، وەک بەرپرسی حیزبولا نێودێر کرا، ناوبراو بە هیچ جۆرێک ئەوەی رەد نەکردەوە. بێجگە لەوە دارابی کۆمەڵێکی دیکەی لە بێرلین بەرێوە دەبرد کە پێیان دەگووت ،،ناوەندی یەکێەتی ئیسلامی،، کە ناوەندێکی شییعە بوو و لەلایەن سەرویسە ئەمنییەتەکانی ئێران کەڵکی لێوەر دەگیرا. دارابی پێیوابوو ئەگەر ئەو دوو کۆمەڵە واتا کۆمەڵی ئێرانی و لوبنانی بەرێوەبەرێ، کەس لێی وەشک ناکەوێ .
ساڵی ١٩٩١ لە لایەن سی.ای. ئێ وەک رابیتی حیزبوڵاو ئێران لە بێرلین شناسایی دەکرێ. و هەروها لە یادداشتێکی ئێم١٦ی بریتانیش داهاتوە کە دارابی کەسێکی زۆر مەترسیدارە. ئەوە هەم دهزگای ئەمنیێەتی ئاڵمان و هەم پۆلیسی ئاڵمان لێی ئاگادار بۆون. ئەو دوو دهزگایە هەمیشە کاربەدەستانی خۆیان لە بێرلین ئاگادار کردۆتەوە کە تەلیفوونەکانی دارابی پێویستە کۆنترۆل بکەن. هێندیک جار ئەوەش کراوە، بە پێی بەڵگەکان دارابی لە لایەن پۆلیسەوە بانگهێشتن کراوە و زۆر موحتەرەمانە، داوای لێکراوە کە سنوورێک بۆ چالاکییەکانی دابنێ . کە ناوبراو لە وڵامدا گویا پێکەنیوە و ئینکاری ئەوەی کردوە.
دارابی کەسێک بوو کە لە دوو جۆرە ژیانی ئاشکراو نهێنی دادەژیا و بە هۆی تێکۆشانی زۆر، جێگایێکی بۆ ژیانی تایبەتی خۆی نەهێشتبۆوە. ناوبراو بە راستی وەک کلکە نەوتینەێک وابوو. ساڵی ١٩٨٥ لە کۆنسولخانەی ئێران لە هامبۆرگ دەزەوجێ. خێزانی خەدیجە ئەیاد، دوو کچڤو کورێکی لە ناوبراو دەبێ، بەر لەوەی بابیان بە زیندان ئەبەد مەحکووم بێ.
ساڵی ١٩٩٢ دارابی نوێنەرایەتی ئێران لە پێشانگای کشتوکاڵ ناسراو بە ،،حەوتوی سەوز،، دەکات. ئەو لە زۆر شوین خۆی لەسەر نێوی سەفارەتی ئێران دەناساند. لەو دوایانەدا لەبیری ئەوە دابوو کە پارچە عەرزێک بدۆزێتەوە کە مزگەوتێکی لێ درووست بکات. بۆ ئەو کارە بە دەستێکی پڕەوە، پروپاگەندیێکی زۆری وەرێخست کە دەگەڵ بەربەرەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی روبەروو بوو.
بێجگە لە فەرماندەی تیم بەنیهاشمی، دارابی گرینگترین کەسی ئەو گروپە بوو کە ئەو ئۆپراسیوونەی لە دژی کوردەکان وەرێخست. لە بریاری دادگای بێرلین دا هاتبوو کە، دارابی تەداروکاتی قەتڵی کوردەکانی، لە بواری لۆجستیکی و پێرزۆناڵەوە کە بەشێکیان لە ئێرانەوە را هاتبوون، وها بە وردبینی و وەستایانە بەرێوە بردوە، کە لە رەوتی بەرێوەبردنیدا تووشی هیچ جۆرە ریسکێک سەبارەت بە ئاشکرابوون و بەرێوە چوونی نەبووە .
دەگەڵ ئەوەی تیمی تیرۆر خۆی لە پێوەندی رەسمی دەگەڵ کاربەدەستانی ئێران دەپاراست، بەڵام سەرویسە ئەمینیەتەکانی ئێران لە ئاڵمان بە هۆی ئەو ،،کۆمیتە تایبەتەی،، کە بۆ مەوزوعاتی گرینگ دروستکرا بوو و بنکەکەی لە واواکی تاران بوو، ئاگاداری ئەوە بوون کە ئاڵقەی پێوەندی ئەو تیمە دارابییە . ئەو هەتا سەر وەک قسەکەری ئەسڵی ئەو تیمە مایەوە .
یەکەم کۆبوونەوەی تیمی تیرۆر لە ماڵێ دارابی لە شەقامی ،،دۆتمۆلە،، پێکهات. دوای ئەوە رێکخەری تیمەکە، ئەندامانی عەمەلیاتەکەی لە جێگای مانەوەی خوێندکارێک نیشتەجێ کرد کە بۆ پشووی هاوینی چوو بۆوە ئێران. ئێستا ئیدی ئەوان کۆزیلەیاندا بوو و چاوەروانیان دەکرد. لە ١٦ ی سیپتامبر ئەسلەحەکان تەحویلی تیمی تیرۆر دەدرێن. هیچ کەس قسە لەوە ناکات کە ئەو ئەسلەحانە لە کوێ را هاتوونە ئاڵمان. لیکۆڵینەوەکانی دوایی دەریان خست کە سەرە بەنەکە دەچێتەوە ئێران. کەسێکی نەناسراو زەنگی لێدا و جێگاو شوێنی دانیشتنەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێگووتن. هەر ئەو شەوە تیمی تیرۆر بە گشتی وەرێکەوتن بۆ ئەوەی رەستورانی میکۆنووس لە نیزیکەوە ببینن.
sherefkendi1رۆژی داهاتوو دەبوو بۆ تیمی تیرۆر ببێتە رۆژێکی مێژوویی. کاتژمێر حەوتو سی دەقیقە میوانەکان دەگەنە رستورانی میکۆنووس. دوای ئەوەی هەموو ئەو میوانانەی کە بانگهێشتن کرابوون نەهاتبوون، دەگەڵ عەزیزی غەفاری ساحیب رستوران قسە دەکەن و داوای لێی دەکەن کە بۆ سبەی شەو جێگایان بۆ دابنێ. بەڵام ناوبراو دەڵێ کە بۆ سبەی شەو میزەکان گیراونەتەوە. ئایا غەفاری بە ئانقەست وایگووتووە بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان کەمتر بێتەوە؟ دەگەڵ ئەوەی عەزیزی غەفاری گومانباری ئەسڵی بووە لە پێوەندی دەگەڵ ئەو تیرۆرەدا، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە روون نەببۆوە کە ئەو کەسەی ئەو هەواڵەی داوەتە قاتیلەکان کێ بووە؟ دوای ئەوەی کاربەدەستێکی واواک بە نێوی ئەبولقاسم مسباحی، ریزی خۆی لە واواک جیاکردەوە. نابراو پێی راگەیاندین کە ،،غەفاری و ئەردەڵان بۆ ئێمە کاریان کردوە،،.
کاتژمێر دەو پەنجا دەقیقە تیرۆرەکە ئاوا رویدا. پەرویز دەستماڵچی کە یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوە بوو، مەسەلەکەی ئاوا گێراوە. دوو پیاو هاتنە ژوورەوە، یەکیان لەبن دەرگا مایەوە و ئەویتر، لە حاڵێکدا رووی داپۆشرا بوو، هێرشی کردە سەر میزی دانیشتنەکەی ئێمە لە لای پشتەوەی رەستورانەکە. ئەو بە زمانی فارسی گوراندی و جنێوی دا ،،سەگبابینە،، و روی ئەسلەحەکەی کە هەتا ئەودەم لە ژێر پارچەیێک شاربۆوە و ئاوری لێدەبۆوە، دەئێمە گرت. بیستو پێنج تا سی گوللەی بەتاڵ کرد. ئەمن خۆم هاویشتە بن میزی نانخواردنەکە و شایەد هەر لەمەر ئەوە ئەمن نە ئەنگاوترام .
بەرپرسی گرینگترین رێکخراوی کوردستانی ئێران، شەرەفکەندی ١٢ گوللەی وەسەرو سینگ و ملی کەوتبوو و هەروەها تیرێکی خەلاسیشی لە سەری درابوو . ئەو شانسی مانی بە هیچ جۆر نەبوو. هوومایونی ئەردەڵان سێ گوللەی مسەلسەلی وێکەوتبوو و قاتیکی دووهەمیش تیرێکی خەلاسی لە سەری دابوو. فەتاحی عەبدوولی چوار گوللەی وێکەوتبوو و هەروەها تیرێکی خەلاسیشی لەسەر دڵی درابوو. نوری دێهکوردی حەوت گوللەی بەردەکەوێ، بەڵام هەتا بیمارستانی شتیگلیچ نامرێ، پاشان ئەویش لەوێ خوێنرێژی دەکات و دەمرێ.
ساحیب رستورانەکەش غەفاری دوو گوللەی وێدەکەوێ، بەڵام ئەوە ناوبراو لەوە تەبرئە ناکات کە کاری بۆ دەستگاکانی جاسووسی ئێران کردوە. تیمی تیرۆر زۆر جار خەڵکی خۆشیان داوەتە بەر گوللە، بۆ وێنە لە جەریانی قەتڵی دوکتور قاسملوو لە وییەن.
واواک ( وزارت اطلاعات وامنیت کشور )