کۆچی دوایی دایکی دوو تێکۆشەری دیموکرات مەولوود سوارە و مینا سوارە لە شاری پیرانشار

بە داخێکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە دایە فاتمە ئەحمەدی، دایکی هاوڕێیانی تێکۆشەر و ئازیزمان کاک مەولوود سوارە و خاتوو خەجێ سوارە، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە لە تەمەنی ٨٧ ساڵی دا، بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد. دایە فاتمە هاوسەری تێکۆشەری دێرین و پێشمەرگەی ساڵەکانی پاش ڕوخانی کۆماری کوردستان، کاک خدر مەحمود سوارە بوو. ئەو دایکە ئازیزە بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی نهێنی و ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە ڕیزی بڕوا پێکراوترین، ماندووترین و ئەمەک ناسترین دایکانی وڵاتەکەماندا بوو. تەڤلی بوونی کاکە خدر مەحمود سوارە،ی هاوسەری لەگەڵ خەباتی ئاشکرای حیزب دیموکرات و بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦، بووە هۆی ئەوەی کە دایە فاتمەش بە خۆی و کورپەکانیەوە ڕوو لە کوردستانی گەرمێن بکات و هاودەنگ لەگەڵ هاوسەرە شۆڕشگێڕەکەی، ئەرکی پاراستنی منداڵ و هاوکات خزمەتی کردنی شۆڕش و هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانی میڕدەکەی بگرێتە ئەستۆ. هەستی بەرز و پشتگیری بەردەوامی دایە فاتمە بۆ کاک خدری هاوسەری، بووە هۆی ئەوەی کە کاک خدر جگە لە خزمەت لە ڕیزەکانی حدک، تەنانەت زۆر چالاکانە بەشداری شۆڕشی ئەیلولیش بکات و ببێتە خۆشەویستی ناو دۆست و هەڤاڵانی. بۆ کاک خدر مەحمود سوارە و دایە فاتم سنوورەکان مانایان نەبوو، ئەوان شۆڕش و خزمەت بە گەل و نەتەوەکەیان بە ئەرکی خۆیان دەزانی، هەر بۆیە تا دوا ساتەکانی ژیانیشیانبە شۆڕش و بزووتنەوەی حەقخوازانەی گەلەکەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستان وەفادار مانەوە.
سەرەرای دەربەدەری و هەژاری و ئەو هەموو ناخۆشی ژیانەی کە بە هۆی شۆڕش و هاوکاری لەگەڵ حیزب دا تووشی دایە فاتمە هاتبوو، بەڵام دیسانیش هەموو کات ڕۆلەکانی بۆ خزمەت کردن لە ڕیزەکانی شۆڕش و حیزبی دیموکرات دا هان دەدا، هەر بۆیەش دوو ڕۆڵەی بە ئەمەگی ئەو دایکە ئازیزە بە درێژایی زیاتر لە ٣٣ ساڵی ڕەبەقە لە ڕیزەکانی شۆڕش و حیزبی دیمۆکرات دا زۆر لێبڕاوانە دژ بە دیکتاتۆری و زۆڵم و زۆرداری و بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی گەل و وڵاتەکەیان خەبات دەکەن.

مەرگی نابەوەختی دایە فاتمە ئەحمەدی خەمی خستە دڵی هەموو دۆست و خزم و کەسانی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەوە و تووشێ پەژارەیەکی قووڵی کردین، هەر بۆیە لە لایەن خۆمان گشت هاوڕێیانمان لە ڕیزکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی بنەمالە و کەس وکاری دایە فاتمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هەردووک هاوڕێی ئازیزمان کاک مەولوود سوارە و خاتوو مینا سوارە دەکەین و خۆمان لە خەمی لە دەست چوونی دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.

ڕۆحی دایە فاتمە شاد و تەمەندرێژی بۆ بنەماڵە و کەس و کاری ئاواتمانە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان

بۆ هادەردی و سەرەخۆشی دەتوانن بەو ژمارە تەلەفوونەی خوارەوە پەیوەندی بە هاوڕێ مەولوود سوارەوە بکەن

00447947645239


بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتمە ئەحمەدی دایکی تێکۆشەری سیاسی و کادری ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک مەولوود سوارە و خاتوو مینا سوارە، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی سوارە لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت هاورێ و هاوخەباتی دێرینمان کاک مەولوود سوارەی تێکۆشەر و خاتوو مینا سوارە و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەکەم و هیوادارم کە کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بێ و دوایین خەمی بنەماڵەی بەرێزی سوارە بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی

fatme sware1