پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان به بۆنه‌ی 25 ساڵه‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه
25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رێژیمی به‌عسی عێراق له کرده‌وه‌یه‌کی دڕندانه‌دا دانیشتووانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی به چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی شیمیایی بۆردمان کرد. له ئاکامی ئه‌و کرده‌وه نامرۆڤانه‌یه‌دا به‌داخه‌وه به هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی ئه‌م شاره گیانیان له‌ده‌ست دا و به هه‌زاران که‌سیش که‌وتنه ژێر کارتێکه‌ریی مادده شیمیاییه‌کان.
به‌م چه‌شنه تراژیدییه‌کی دیکه به مێژووی پڕ له تراژیدیی نه‌ته‌وه‌ی مافویست و ئازادیخوازی کورده‌وه زیاد بوو.
دیاره تاوانی هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا تاوانێکی له‌م چه‌شنه نه‌بوو که له ساڵانی شه‌ڕی رێژیمه‌کانی ئێران و عێراق دا له دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌نجام درابن. له ماوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره‌دا چه‌ند ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش بۆ نموونه شاری سه‌رده‌شت و ئاوایی “زه‌رده” بوردمانی شیمیایی کران و له‌وانیش دا به سه‌دان که‌س کوژران و به هه‌زاران که‌س بریندار بوون. ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ویژدانی مرۆڤایه‌تیی هه‌ژاند، زیاتر له هه‌ر کات سه‌رنجی جیهانیانی بۆ لای ئه‌و دۆخه پڕ له ئازاره راکێشا که نه‌ته‌وه‌ی پارچه پارچه‌کراوی کورد له ئاکامی سیاسه‌تی دژه کوردانه‌ی ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌کانه‌وه تێی که‌وتوه.
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له لای رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک زامێک وایه که نه‌ک له ساڵرۆژی روودانی دا به‌ڵکوو هه‌موو رۆژێ به دیتنی سیمای ماته‌مبارو ئازارچه‌شتووی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان و به‌رکه‌وتووانی چه‌کی شیمیایی له ناخیان دا ده‌کولێته‌وه. هه‌رچه‌ند کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له بیر‌و زه‌ینی نه‌ته‌وه‌ی کورد تا ئێستاش وه‌ک تراژیدییه‌کی گه‌وره له نێو مێژووی پڕ له تراژیدیی نه‌ته‌وه‌که‌مان دا قورسایی ده‌کا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌ژانییه‌که‌ی دا وه‌ک خه‌مێکی هاوبه‌ش بۆته مایه‌ی پێداگریی زیاتری رۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له سه‌ر شوناس و مافه زه‌وتکراوه‌کانیان.
له 25 ساڵه‌ی تاوانی له بیرنه‌کراوی هه‌ڵه‌بجه‌دا سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی هه‌موو شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه. ئاره‌زوو ده‌که‌ین مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان جارێکی دیکه کاره‌ساتی ئه‌وتۆ به‌خۆیه‌وه نه‌بینێته‌وه. هیواشمان ئه‌وه‌یه دادگایی‌کران و سزادرانی بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه و به‌ره‌سمی ناسرانی ئه‌م تاوانه وه‌ک ژینۆساید له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی، ببێته هۆی ساڕ‌ێژ بوونه‌وه‌ی ئازاره‌کان و ئارامیی خه‌ڵکی مه‌ینه‌تچێشتووی هه‌ڵه‌بجه.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
16ی مارسی 2013
26ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1391