چیت بۆ بنووسم شایستەی ناوی تۆ بێ گیارەنگ. قادر مەکڵاوەیی

لە ماوەی دە ساڵ کارو تێکۆشانی ماڵپەڕی گیارەنگ دا، گیارەنگ یەکێک لەو ماڵپەڕانە بووە کە بیرو بۆچوونی خۆم دەتوانم بڵێم بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی پاراستوە. گیارەنگ خۆی لە هەموو قسە و باسێکی لاوەکی یان هەموو نوسراوەیەکی لاوەکی پاراستوە. هەربۆچونێک یان نووسراوەیەک لە قازانج و بەرژەوەندی گەلی کورد دانەبێت بڵاوی نەکردۆتەوە.

خۆی لە هەموو تووند و تیژی و دەست و پێنووسی تیژ بە تەواوی پاراستوە. هەر نووسراوەیەک یان هەواڵێک لە ماڵپەڕی گیارەنگ دا بڵاوکرا بێتەوە خاوەنی ماڵپەری گیارەنگ پێداچوونەوەی پێدا کردووە و نەیهێشتووە لەو پەنجەرەوە بێ حورمەتی بە کەسایەتی و یا مرۆڤەکان بکرێ.

گیارەنگ جێگای لە زۆربەی بوارەکاندا باوەڕ بووە. گیارەنگ بە بئ فەڕق و جیاوازیەوە خزمەتێکی زۆری بەو کەسانەش کردووە و دەکات کە خۆشەویستەکانیان لە دەست دەدەن، لەو بوارەدا بەزووترین کات دۆست و هاورێیانی لەم خەبەرو باسانە ئاگادار دەکاتەوە. ئەمە خۆی لە خۆی دا خزمەتێکی گەورە و ئینسانی‌یە.

هەموو ئەم پاکی و سەداقەتە دەگەرێتەوە بۆ ماندوونەناسی هاورێی بەڕێزو خۆشەویست کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی کە بۆ خۆی یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. لە پێشمەرگەی سادە ڕا بگر تا سەتحی رێبەرایەتی خزمەتی کردووە و یەکێک لەو کادرە فیداکار و قارەمانانەی دێموکڕاتە کە تا ئێستاش خزمەتی جۆراوجۆر بە گەلەکەی دەکا. کەسێک کە بەو هەموو فیداکاری و ماندونەناسیەوە ئاوا لەخزمەت حیزبەکەی و گەلەکەی دابێت هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە ماڵپەڕێکی وەک گیارەنگ بکاتە باخچەی گوڵ و ریحانە و بۆن و جوانی ئەو باخچەیە بگەیێنێتە خوێنەران و نووسەرانی گیارەنگ و ئەوانیش تام و چێژی خۆی لێ وەر بگرن.

هیوادارم ماڵپەڕی گیارەنگ بە دووربێت لە داخران و نەمان و تەمەن درێژی بۆ خزمەتی زیاتر بۆ بە ئاوات دەخوازم.

قادر مەکڵاوەیی