بەهار و سەر وەدەرنانەویی سەوزاییەکانی چیای گیارەنگ. ‌هەڤاڵ ئەحمەدی

تا پێشمەرگە لە داوێنی چیا سەرکەشەکەی گیارەنگ لە پشوودان دا بوون بۆ خۆ تەیارکردنەوە، ئەو کاتانەش لەسەر لووتەکە دەڵرفێنەکەی وەک هەڵۆی چاو تیژ دەست لە سەر پلاپیتکەی چەکەکانیان بوون، بۆ پارێزگاری نێشتمانەی خۆر، هەواڵی لە خۆبردووییەکانی رۆڵەکانی گیاڕەنگ و گیارەنگەکانی هاڤاڵی هەموو رۆژی وەک نانی تازەی لە تەندوور دەرهاتووی ئاوایە گیاڕەنگ لە باوش گرتووکانی دەوری گیاڕەنگ، بە شمشاڵی مامەقالە لەسەر قەڵای سەرداری بۆکان را لە ئیزگەی دەنگی کوردستانەوە هەموو نیوەڕوان دەگەیشتە سەر سفرەی هەموو ماڵەکان.

کاتێک رووداوەکانیش هێندە بە خێرایی گێشتنەوە سەرمان و لەبەر پێیاندا دەر نەچووین، هی ئەوڕۆ فریایی گێڕانەوی چیرۆکی دوێنێ نەدەکەوت و رووداوی ئەوڕۆ تەنانت بۆ سەبینێش هەر زۆر کۆن بوون، ئا لەو کات و ساتە تاڵاووکانەدا، لاوە گورجوگوڵەکەی دارستانی بەفر و خۆر، کە کاتی خۆی بێ لە دەست کردنی دەستەوانە پەنچەکانی لەسەر پلاپیتکەتە چەکی پارێزگاری نیشتمان بەشێکیان هەڵوریبوون، بەڵام هێندە شەیدای پلاپیتکەی چەکی شانازی بوو، هەر هەستیشی پێ نەکردبوو تا کاتی بە گۆ هاتنەوی قامکەکان زانیبووی چەند دانەیەکیان کراوەنە نەزی مەملەکەتی سەوزایی.

ئەو قامکانە ئێستاش هەموو ساڵێک بەهاران وەک سەوزاییەکانی دواێنی گیاڕەنگ لە جێی خۆیان قامیش ئاسا سەوز دەبنەوە و دەبنەوە بە شمشاڵەکەی مامە قالە و قامکێکیشیان لەسەر شمشاڵەکە ئاوازی بەرخۆدان لێدەدا و لاوان بۆ شایی سەرکەوتن بانگێشتی داوێنی گیارنگ دەکەن.

خاوەنی ئەو پەنچە بە هێزانە هەر رۆیشت و رۆیشت و وەک دریا قەت قەتیس نەما و رانەوستا ، بە پەنچە ماوەکانی لە دونیای تکنولوژیادا، گیاڕەنگێکی دیکەی بە بوون و بەرامەی گوڵەکانی داوینی گیاڕەنگ بردە هەموو ماڵ و سەر پەنا بێ پەنا و تەنانەت مانگەلە دەسکردەکانی ئاسمانیش.

ئێستا نەک رۆژێ جارێک وەک شمشاڵەکەی قالە مەڕە لە دوازدە و نیوی نیوەڕۆان دا، بگرە هەموو چەرکە ساتێک هەنگەکانی زانیاری دەنێرێتە داوێنی چیای گیاڕەنگ تا لە شەهد و بۆنی گوڵەکانی ئەو چیایە هەواڵ و بابەتی تازەمان بۆ کۆکەنەوە لە گەڕانەوە دا لە کۆشی پڕ لە خۆشەویستی کاک حەمەڕەسووڵی هاوێژن، ئەویش بە پەنچە ماوە متفرک کراوەکانی سەر چاکەی کوردایەتی بۆ هۆگرانی عەوداڵی هەواڵی نیشتمان و دەوروپشت، بیان خاتە سەر پەنجەرەی ماڵپەڕی گیارەنگی خۆشەویست.

لە دە ساڵەی دەست بە کار بوونی گیاڕەنگدا پێرۆز بایی دەکەم لە دۆستی خۆشەویستم کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و هاوکارەکانی لە ماڵپەڕی گیاڕەنگدا و داوای سەرکەوتنی زیاتر و زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازم .

بە هیوای سەر سەوکەوتن لە خەباتی پیرۆزماندا .

لەگەڵ رێزم دا دڵسووزتان ‌هەڤاڵ ئەحمەدی