خەرمانەیەک ئەزموون و داهێنانی بە خۆیەوە بینەوە. ئەحمەد شێربەگی

بەبۆنەی دەساڵەی دەستبەکار بوونی ماڵپەری گیارەنگ پر بە دەڵ پیرۆزباییت پێدەلێم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی هەرچی زیاتر بۆ گیارەنگ دەخوازم. هیوادارم ئەو چەند دێرەم وەکوو جێژنانەی دەساڵەی ماڵپەری گیارەنگ لێ وەربگری. لە گەڵ ڕیزم دا: ئەحمەد

ئەمسال گیارەنگ جێژنی دەساڵەی خۆی دەگرێ و مۆمی تەمەنی دە ساڵ کارو تێکۆشانی خۆی دادەگیرسێنێ ، لە دە ساڵەی ژیانی ماڵپەڕێکی ” ساوای نەبوورای کرچ و کاڵ دا ئێستا چاومان بە گیارەنگ”ێکی باڵا بەرزی گەردەن کێلی شۆخ و شەنگ دەکەوێ کە خەرمانەیەک ئەزموون و داهێنانی بە خۆیەوە بینەوە.” گیارەنگ” ێک کە بۆتە باخچەیەکی رازاوە وپڕە لە گوڵی بۆنخۆشی کێویلکەی چیاکانی کوردستان…

دیارە بەرێوەبردنی ماڵپەرێکی ئەڵێکترۆنیکی پێویستی بە شارەزایی و پسپوڕی و توانایەکی باش و پشوویەکی درێژ هەیە … ئەگەر ‘گیارەنگ”یش وەکوو مێدیایەک پێناسە بکەین و بیخەینە بەر مەحەک و نمرەی پێبدەێن، بەدڵنیایی لەو تاقیکاری یەدا سەرکەوتوو هاتۆتە دەر و توانیوێتی جێگای خۆی لە ریزی ماڵپەرەسەرکەوتوەکاندا بکاتەوە . بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نێ کە بڵیین ”گیارەنگ” مالپەرێکی کامیل، پوخت، بێ نوقسانە و هیچ عەیب وئیرادێکی لەسەر نێ. ”گیارەنگ” یش وەکوو بەشی هەرەزۆری ماڵپەرەکانی دیکەی ئەلێکترۆنیکی کە رۆژانە سەردانیان دەکەین لە ژێر تەئسیر و کارتێکەریی بیرێکی تایبەتی دا یەو ڕوانگەیەکی تایبەت بە خۆی وێنا دەکا. هیوادارم ماڵپەری ”گیارەنگ” لە دەسپێکی دەهەمین ساڵی ژیانی خۆیدا زۆرتر ببێتە رچە شکێن و بایەخ بە مێدیایەکی ئازاد و تریبوونێکی هەموو بیرەکان بدات، لەبەر ئەوەی کورد لە سەردەمی ئیستا دا پێویستی بە مێدیایەکی ئەوتۆیە کە ببێتە پەلکە زێرینەیەک لە هەموو رەنگەکان و لە هەموو دەنگەکان…… ئەوەش لە سەرەتا دا زەحمەت خۆی دەنوێنێ بەڵام ئەگەر تۆلێرانس و تەحەموولی لەپشت بێ و باوەرمان بە بیری ئازاد هەبێ لە کۆمەڵگا دا زوو جێ دەکەوێ وبەدڵنیایی وەکوو ئاوێنەیەکی باڵانوێنی لێدێ و هەموو کەس خۆی تێدادەبینێتەوە.

بە پێی ئەو تێکنۆلۆژی یە خێرا و سەر سوور‌هێنەرەی مرۆڤی ئەمرۆ لەباری پێوەندی یەکان و بەجیهانی بوون لەگەڵی بەرەوروویە ئێمەش دەبێ هەو ڵ و تێکۆشانەکانمان لەم راستایە دا بێ بۆ ئەوەی لەو پێشکەوتنە خێرایە وەدوا نەکەوین. جیلی ئیستا بابەتی سەردەمیانە و نوێی گەرەکە، ئەوەش وامان لێدەکات کە بۆ راکێشانی سەرنج وڕوانگەکانیان لەبیری دابین کردنی ئەو نوێگەرایی و داهێنانەیان دابین. هەربۆیە ماڵپەری ”گیارەنگ”یش نیازی بەوە هەیە شێوازو قەوارەیەکی نوێ بە خۆی بگرێ و لە دەهەمین ساڵی تەمەنی خۆی دا بە روخسارێکی نوێ ودیزاینێکی نوێ دەرکەوێ…

لە زۆربەی هەرە زۆری ماڵپەرە ئەلێکترۆنیکەکان داخوێنەر کە سەردانی دەکا و سەنگ وسووکی بابەتەکان دەکا گۆشەیەک بۆ بیرو بۆچوونەکانیان تەرخان کراوە کە پێوەندی خۆیان لەم رێگایەوە لە گەڵ ئەو ماڵپەرە پتەوتر بکەن. هەربۆیە ماڵپەری ”گیارەنگ” خوێنەرەکانی لەم بیرو بۆچوونانە بێ بەش کردوە. ئەگەر کارگێرانی ماڵپەری گیارەنگ ئیمکانی ئەوەیان بۆ دەرخسێ بە کردنەوەی گۆشەیەکی ئاوا ببنە پردێک لە نێوانی خۆیان و خوێنەرەکانیان ، بەدڵنیایی یارمەتێکی گەورە بە دەوڵەمەند کردنی ماڵپەڕەکەیان دەدەن.

لە کۆتایی دا وێرای پیرۆزبایی گەرم و لە کانگای دڵمەوە بۆ کارگێرانی ماڵپەری خۆشەویستی ”گیارەنگ” بەتایبەتی بۆ خزم و دۆست و هاوڕێی چەندین ساڵ خەبات و بەرخۆدانم کاک حەمە رەسووڵی تێکۆشەرو خەباتکار، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی هەرچی زیاتری ماڵپەری رەنگینی ”گیارەنگ” بە ئاوات دەخوازم .هیوادارم مۆمی تەمەنی ” گیارەنگ” هەروا بڵێسەی بێ و رووناکیدەر و ڕی نیشاندەربێ…

شێربەگی ئەحمەد

سویس،