برای بەڕێز کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی بەرپرسی ماڵپەڕی گیاڕەنگ! خالید گەردی

بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی ماڵپەڕی گیاڕەنگ پڕبەدڵ پیرۆزبایی خۆمتان پێڕادەگەیەنم، هیوادارم ئەم ماڵپەڕەتان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتن و گەشەسەندن دابێ و بتوانێ ئەرکی خۆی وەک ماڵپەڕێکی ئەلێکترۆنی بەرامبەر بە کۆمەڵگای کوردی بەجێ بگەیەنێ و وەک هەمیشە هەوڵەکانی بەشێوازێکی ڕاستگۆیانە و بەدور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەک بباتە پێشێ، پێویستە ئاماژە بە هێندێک خاڵ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین باشترو وردتر ئەم ماڵپەڕە هەڵسەنگێنین:

یەکەم: کاتێک ماڵپەڕێک دەتوانێ سەرکەوتووبێ کە بەڕێوەبەرەکانی شەو و ڕۆژ کاربکەن بۆ ئەوەی بابەتی تازەو شتی نوێ کە پەیوەندی بە هەلومەرجی ئێستاوە هەیە لە زووترین دەرفەتدا بە ئۆگرانی خۆی بگەیەنێ، لەم ڕووەوە دەتوانین بەڕاشکاوی ئەم ڕاستییە پشتڕاست بکەینەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو ماڵپەڕە تەنیا شەخسێک بەڕێوەی دەبا و هیچ هاوکارێکی دیکەی نییە، بەڵام بەو حاڵەش لەو بوارەدا توانیویەتی ئەرکی خۆی بەباشی بەڕێوە بەرێ.

دووهەم: ئەگەر سەرنج بدرێتە بابەت و وتارو ئاگادارییەکانی کە لەو ماڵپەڕەدا بڵاو دەبنەوە، زۆربەیان زۆر سرنج ڕادەکێشن، لەبەر ئەوەی هەوڵی درکاندن و نرخاندنی ڕاستییەکان بە شێوازێکی مەعقول و ڕێک و پێک دەدرێن و بەدوور لە هەرچەشنە دمارگرژییەک هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بەئەنجام دەگا، ڕەنگە جاروبار شتێکی واش بڵاو بێتەوە کە تا ڕادەیەک جۆرێک لە تەعەسوبی تێدا بکار بێ بەڵام لەچاو زۆرینەی وتاروو بابەتەکان بە شتێکی زۆر کەم دێتە ئەژمار.

سێهەم: شتێکی گرینگ کە لەڕاگەیاندندا زۆر گرینگی هەیە ڕاستگۆیی و ڕێزدانانە بۆ کەس یان لایەنی بەرامبەر، جا ئەو کەسە یان لایەنە دەتوانێ هەم دۆست بێ و هەم نەیار بێ، بەڕای من ئەو ماڵپەڕە بە کاری دروست و بەجێ و ڕەچاوکردنی ئەو پرنسیپ و خاڵانەی کە بوونەتە هۆی لانەدان لە ئەسڵە گرینگ و بنەما سەرەکییەکانی کاری ڕاگەیاندن، توانیویەتی جێگەو پلەو مەقامی خۆی لە شوێنێکی بەرز ڕابگرێ و نەهێڵێ تووشی دابەزین بێ، کە ئەوەش هیممەت و حەوسەلەو دیقەت و سەلیقەو تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی دەوێ کە بەخۆشییەوە لە بەڕێوەبەری ئەو ماڵپەڕەدا وجودی هەیە.

چوارەم: ئەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە مەسەلەی نەتەوایەتییەوە هەیە، زۆرتر لەو ماڵپەڕەدا سرنچ ڕادەکێشن کە ئەوە جێگای خۆشحاڵییە چونکە گەلی ئێمە لە بواری نەتەوەیی دەچەوسێتەوە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە کورد لە بواری ئایینیشەوە دەچەوسێتەوە، هیوادارم کەسانی شارەزاو پسپۆر لە بواری ئایینی پیرۆزی ئیسلام قەڵەم و توانای خۆیان بخەنە کار بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ئەرێنی و ئیجابی و گفتووگۆیەکی شیاو و بە تێگەیشتن لە قوڕئانی پیرۆزو حەدیسە سەحیحەکانی پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەربێ) بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی گەلەکەمان کە زۆرینەی موسوڵمانە بە ئەرکی ئایینی و نەتەوەیی خۆی زیاتر شارەزا بێ.

پێنجەم; کارێکی گرینگی دیکەی ئەم ماڵپەڕە بڵاوکردنەوەی خەبەری کۆچی دوایی خزم و دۆست و ناسیاو و هاوسەنگەرانە، هیوادارم خوای گەورە ئەم کارە بۆ بەڕێوەبەری ماڵپەڕی گیاڕەنگ بکاتە خێروو چاکەو حەسەنات و پاداشت بۆ ڕۆژیی دوایی ئینشائەڵا.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بە بۆنەی تەواوکردنی 10 ساڵ بەسەر کارنامەی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دا ، پیڕۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەشی برای زۆر بەڕێزو تێکۆشەرو ماندوویی نەناسم کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەکەم ، هیوادارم ساڵ لە دوای ساڵ کارو چالاکییەکانی ئەم ماڵپەڕە لە زیادبوون و گەشەسەندن دابێ.
هەر سەرکەوتووبی.

خالید گەردی