بە بۆنەی تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ کارو وەشانی ماڵپهری گیارهنگ. سەید عەلی هاشمی
بەرێز کاک حەمەرەسووڵ کەریمی بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ سڵاو، لە دەلاقەی حەزوو خولیایەکی ئەرغەوانییەوە، لە دەمەو مەغریبی جێژوانی دڵدارانەوە، لە گەڵارێزانی خەزانی پایز و یەکەم بەهاری حەز و خۆزگەی بولبولی بە ئاوات، بۆ یەکەم خونچە و چرۆی سەر چڵی دار، بۆ ١٠ ساڵ کاری بێ وچان و بێ ماندوو بوونت لە ماڵپهرێکی کوردی و بە سوود بۆ گەلەکەمان پیرۆزباییت بۆ دەنێرم. بەڕێوەبردنی ماڵپەرێک هەروا سووک و هاسان نیە، وەک پێشمەرگایەتی ماندووبوون و شەونخوونی تێدایە، جاری وا هەیە بێ ئەوەی بەخۆت بزانی بە دەیان سەعات کارێ دەکەی کەسیش کارەکەت نابینێ، بۆیە ئەگەر سەد جاریش بڵێم ماندوو نەبی هەر کەمە. بەتایبەت لەو شەش ساڵەی دوایی بە هۆی لێکترازانی حیزبەکەمان کە بوو بە دووکەرت، کاری ئەو ماڵپەڕانەی سەر بەو دوو حیزبەن (حدک و حدکا) زۆر لە ماڵپەرەکانی دیکەی کوردی زەحمەت تر بوە، چوونکە ڕاگرتنیباڵانسی تەرازویەکی لەو شێوە، کارێکی هاسان نیە، کە ئەو دوو حیزبە بە دابەشکردنی ناو ماڵی حیزبەکەمان ڕانەوەستان، خۆیان گەیاندە ناو مالپەرەکانیش، ئەوانیشیان لەت و پەت کردن.
شاراوە نیە زۆر لە ماڵپەرەکانی سەر بەو دوو حیزبە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشان، هەرچەندە زۆر لەو ماڵپەڕانە خۆیان بێ لایەن دەنوێنن، بەڵام خۆدەرباز کردن لەو قۆناغە ئاڵۆزە و دووبەرەکییەی کە دێموکراتەکان (پێکەنینی ئاشکراو شەری نەهێنی) لە نێوان ئەندامان و لایەنگرانیان پێکێان هێناوە، بۆ ماڵپەرەکانیشیان کارێکی سەهل و سادە نیە و زۆریش قورسە، دەگەڵ ئەوەش کە هەردووک بەشی دێموکرات ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک زەروورەتی یەکگرتن و برایی و تەبایی و کار پێکەوە کردن پێویستترە. ماڵپەرەکەی ئێوەش لەو خێر و بەرەکەتە بی بەش نیە، بەڵام ئەگەر خۆمان لە ڕاستییەکان نەدزینەوە ئەو ماڵپەرەی ئێوە بەڕێوەی دەبەن کەمێک بێ سانسۆرترە و جارجار بەڕێک لە ڕاستییەکان دەدرکێنێ، بۆیە دەرکتان دەکەم سەرەڕای کۆسپەکانی ململانێی حیزبایەتی، تێکۆشانەکەتان پیرۆزە و لەوە زیاتر چاوەڕوان ناکرێ، نموونەتان زۆربێ و ئاواتمە ئەو ماڵپەرانەی سەر بە دووبەشی لێکدابڕاوی دێموکراتن، ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک خەڵکی ئەڵمانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پڕ دەنە پاچ و قوڵینگ، دیواری دووبەرەکی نێوان دێموکراتەکان تێک بڕوخێنن و ئامانجی گەلی کورد (یەکریزی دووبارەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات) بێتە دی و ئیوەش لە دوو دڵی دانانی بەعزە بابەتێک کە دەگەڵ بۆچوونەکانی سیاسیتان یەکتر ناگرنەوە رزگارتان بێ.
داوای تەمەن درێژی بۆ خۆت و ماڵپەرەکەتان دەکم.
سەید عەلی هاشمی
سوێد