دە ساڵ کاری بەردەوامی “گێارەنگ”! هەیاس کاردۆ
چەند خۆشە دە ساڵی بەردەوام خوێنەری ماڵپەڕێکی کوردی بی کە بۆ خزمەت بە زمان و ئەدەب و ڕۆژنامەگەریی کوردی دامەزراوە و درێژە بە ژیان دەدا. چەند خۆشە لە ڕێگای گیاڕەنگەوە دەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری کورد ئاشنا بی کە بە نووسینەکانیان خزمەت بە کورد و خەباتەکەی دەکەن.
چەند خۆشە کەسێک گیاڕەنگ بەڕێوە بەرێ کە نموونەی مرۆڤی خەباتکار و ماندوویی نەناسە. چەند خۆشە کورد لەو جۆرە ماڵپەڕانەی زۆر بن کە نموونەی نەزم و زمان پاراوی و پڕەنسیپە.
درۆ ناکەم هەرچەند لە باری نووسینەوە هاوکارێکی بە ئەمەگی گیاڕەنگ نەبووم، بەڵام بەردەوام سەرم داوە و کەڵکم لەو بابەتانە وەرگرتوە کە تێیدا بڵاو بوونەتەوە. یانی ئەگەر هەموو ڕۆژێ سەری گیاڕەنگم نەدابێ لانیکەم حەفتەی چەند جارم کردۆتەوە و ئەو بابەتانەی دەگەڵ سەلیقە و زەوقم هاتوونەتەوە خوێندوومنەوە. لەو بارەوە سوپاسی زۆر هەم بۆ بەرپرسانی و هەم بۆ نووسەرانی. بە تایبەت سوپاسی زۆر بۆ کاک حەمەڕەسووڵ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری دایمیی ئەو ماڵپەڕە.
بەڵام گرینگیی کاری گیاڕەنگ هەر ئەوە نیە من سەری دەدەم. گیاڕەنگ لە مێژە بۆتە سەنگەرێکی قایم بۆ خەبات و بنکەیەکی باش بۆ پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی. ئەوە ڕاستە گیاڕەنگ ڕۆژانە نوێ ناکرێتەوە، ئەوە ڕاستە گیاڕەنگ خۆی لە بڵاو کردنەوەی هەواڵ دەبوێرێ یان بەردەوام بڵاوی ناکاتەوە، ئەوە ڕاستە گیاڕەنگ زۆری پەل ناویشتوە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت هەموو بوارەکانی نووسین. هەڵبەت گیاڕەنگ خۆشی قەت ئیدیعای نەکردوە تاقە سواری مەیدانە و هیچ گرفتی نییە. بەڵام ئەوەش هەر ڕاستە کە ئەو ماڵپەڕە لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوو دا قەت پەکی نەکەوتوە، قەت لە ڕێ لای نەداوە، قەت هەڵەی وای نەکردوە تووشی کێشەی قانوونی بێ یان داوای لێ بووردن بکا، قەت نەبووە خەت و ڕێباز بگۆڕێ و چاولێکەری بکا، قەت زمانی بازاڕیی و سووکی بەکار نەهێناوە و قەت کورد و خەبات و پێشمەرگە و سەنگەر و هاوسەنگەری لە بیر نەبردوە.
بە بۆنەی دە ساڵ کاری بەردەوام، دە ساڵ خزمەت بە ئەدەب و زمانی کوردی، دە ساڵ پێوەندیی بەردەوام بە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵی کوردەواری و دە ساڵ دروست کردنی کۆشکی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پیرۆزبایی گەرم لە “گیاڕەنگ” و گیاڕەنگییەکان دەکەم. هیوام وایە ئەو ڕەوەتەی گرتوویانەتە بەر نەک هەر درێژەی بدەن، بگرە دەوڵەمەندتر و پڕ نێوەرۆکتر و ڕەنگینتریشی بکەن. خۆشحاڵم کە لە سەرەتاوە دەگەڵی ئاشنا بووم و لەو ماوەیەدا لێی دا نەبڕاوم.
هەیاس کاردۆ – ئوستڕالیا –