پیرۆزبێت داگیرساندنی مۆمی (١١) هەمینی تەمەنی گیاڕەنگ. رەزا شوان

reza shwaniبە بۆنەی داگیرساندنی (١١) هەمین مۆمی تەمەنی ماڵپەڕی ( گیاڕەنگ ) ی رەنگینەوە.. لە ناخی دڵمەوە جوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری رەنگین، برای هێژا و دڵسۆزمان کاک ( حەمەڕەسووڵ کەریمی ) و لە سەرجەم خوێنەر و نووسەرانی ئەم ماڵپەڕە قەشەنگ و زەنگینە دەکەم . بێگومان بەڕیوەبردنی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی کوردی،

رۆژانە رازاندەوەی بە بابەتی هەمەڕەنگەی بەسوود و، دانەبڕانی لە زانست و زانیاری و، لە رووداو و لە هەواڵە گەرماوگەرمەکانی ئەم رۆژگارە، بە تایبەتیش ئەو بابەتانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەمڕۆی قوناخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا هەیە .. ئەرک و خزمەتێکی پێویست و پیرۆزە، چونکە سەردەم سەردەمی خەباتی سیاسی و ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەرییە.. ماڵپەڕی ( گیارەنگ) یش وەکو رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی، وا دە ساڵە لەم بوارەدا، ئەسپی توانا و گوڕی کار و خزمەتکردنی خۆی تاوداوە و، لە رێزی پێشەوەی مەیدانی کێبڕکێ کار و خزمەتکردندایە .. گیاڕەنگ دە ساڵە ، ساڵ لە دوای ساڵ رەنگیتر و زەنگیتر و شیرنتر بووە.. درێژەدان بە کار و خزمەتێکی وا پوخت و سەرکەوتوو.. کارێکی ئاسان و بێ قوربانیدان و لە خۆبووردن نییە .. بەڵکو پێویستی بە ماندووبون و شەونخونی و خۆڕاگری و بێزار نەبوون هەیە .. کوردێکی دڵسۆزی وەکو بەڕێز کاک حەمەڕەسووڵ، کە هیوا و ئامانجی، پەیامێکی پیرۆز بێت، مەبەستیشی تەنها خزمەتکردنی کورد و کوردستان و داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بێت، بەبێ ئەوی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک بێت.. هەڵبەتە ئەمە گوزارشتە لەوەی کە پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەر و خۆڕاگر و درێژەدەرە بە خەباتی هاوچەرخە .

باخچەوانان، کە گۆڵەکانیان دەپشکوون و دێنە بەرهەم و، جوانی و بۆن و بەرامەی خۆشیان، دیدە و دەروونی گوڵعاشقان و تەماشاکەران مەست و مەدهۆش دەکەن .. دڵخۆش دەبن و هەموو ماندووبوونێکیان لە بیردەچیتەوە .. کاک حەمەڕەسووڵ کەریمیش، ئەو باخچەوانە دڵسۆزەی ( گیارەنگ ) ە .. دڵنیاین کە زۆر دڵشادە، کە ئەمڕۆ کۆمەڵێکی باشی خۆێنەران و نووسەرانی کوردمان، ئالوودەی گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی ( گیاڕەنگ ) بوونە و، رۆژانە لێی وەردەگرن و پێی دەبەخشن .. هەموو ئەوەش دەزانین ، کە نە چەپڵە بە دەستی ڵێدەدرێ و ، نە مەلیش بە باڵێک دەفڕێ .. سەرکەوتن و پێشکەوتن و درێژەدان بە تەمەنی گیارەنگ.. بە هەوڵ و هاوکاری و هاوخۆشەویستی و دڵسۆزی هەموومان دێتەدی .. هەر ئەم هەماهەنگییەشمانە، کە بۆتە فاکتەری هاندان و درێژەدانی بەڕیۆبەری ماڵپەڕی گیاڕەنگ بەم ئەرک و خزمەتە پیرۆزە و پێزانینی .

گیاڕەنگ، بەو خزمەتە لەبەرچاوەی، کە لە دە ساڵی رابردوودا پێشکەشی کردووە، توانی لە تۆماری رۆژنامەی ئەلیکترۆنی کوردی دا ، شوێن و پایەیەکی شیاو و شایستەی هەبێت .. دڵنیاشم کە لە سایەی دڵسۆزی بەڕیوەبەرەکەی و، رۆژ بە رۆژ زیادبوونی خۆێنەران و نووسەرانی .. درێژە بە ئامانج و رێبازە پیرۆزکەی دەدات و.. بە دەیان مۆمی گەشتری تەمەنی دادەگیرسێنێت.

دووبارە ، پیرۆزبێت یادی (١١) هەمین ساڵڕۆژی دەست وەشانی گیاڕەنگ .

نەرویج