ماڵپەری گیارەنگ وەک کێوی گیارەنگ سەربەرزو قورس قایم راوەستاوە. رەحمان ئیبراهیم زادە

بۆ برای زۆر بەرێز و خۆشەویستم کاک حەمە‌رەسوڵ کەریمی! ئەو ساڵ کە ماڵپەرە سەربەرزەکەمان گیارەنگی خۆشەویست مۆمی 11 هەمین ساڵی خۆی داگریساند لە قوڵای دڵمەوە پیرۆزبایت لێدەکەم و هیوادارم، هەر وەکوو تا ئێستا ماندووی نەناسانە، و بێ پسانەوە، چرای رووناکی ناو ماڵپەرە کوردیەکان بووی هەر وا بەردەوام بێ.

من خوێنەری گیارەنگم و هەموو رۆژێ جارێک بابەتەکانی چاو لێدەکەم و تازەکان دەخوێنمەوە، گیارەنگ لە ناو دڵی ئێمە دا جێگای خۆی کردۆتەوە، من بەشبەحاڵی خۆم زۆر زۆر سوپاسی هاورێ کاک حەمەرەسووڵ دەکەم کە لە ماوەی 10 ساڵی را بردوودا تا ئەمرۆ بەردەوام کاری لە سەر گیارەنگ کردووە و وەختی زۆری بۆ تەرخان کردووەو هەڵەو پەڵەی بۆ زۆر کەس راست کردوونەوە و دەگەڵ سەردەم رۆیشتۆتە پێشەوە.

دۆستان و نوسەران و خوێنەرانی گیارەنگ چەپ و راست لە سەر گیارەنگ نوسیویانە، داویانەتە بەر رەخنەو زۆر پێشنیاری بە نرخیشیان بۆ ناردووە، و دەست نیشانی بەشێک لە کەم و کوری‌یەکانیان کردووە.

کە هیوادارم کاک حەمەرەسوڵ بە دڵێکی ئاواڵەوە، بەرەو پیریان بەچی و پێشنیارەکان لە شوێنی خۆی دا بە کاربێنی و بە پێی تواناش بەرەو ئیسلاح کردن و باشکردنی کەم و کوری‌یەکان بچێ.

من دەزانم هەموو ئەو رەفیقانە، بۆ گیارەنگ بەپەرۆشن بۆیە پێشنیار دەکەن و رەخنەش دەگرن بۆ ئەوەی گیارەنگ لە هەموو ماڵپەرەکان جوانتر و بە نێوەرۆک ترو بێ عەیب و کەم و کوری بێ.

بەرێز کاک ئەحمەد شێربەگی زۆر بە روونی باسی زەحمەتی چۆنیەتی بەرێوەبردنی ماڵپەری کردووە، بەراستی لە دەرەوەی وەڵات ئەو جۆرە کارانە هاسان نین، من دەزانم ئەو کارە چەندی لێزانی و ئینرژی و توانای و پشت کاری دەوێ جا بەراستی ئەو کاری هەموو کەس نیە.

من دەست خۆشی بە برای خۆم کاک حەمەرەسوڵ دەڵێم ، کە وەک کێوی گیارەنگ سەربەرزو قورس قایم راوەستاوە.

لە ئاخیر دا ئەو پارچە شێعرەی ‌هێمنی شاعیرت پێشکێش دەکەم .

بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم؟

دوندی قەندیل گۆرەپانی هەڵگورد نیم

بەرەو بەرزایی دەچم گەرچی وردم

خاکی بەر پێ ی تێکۆشەرێکی کوردم

بەرێزەوە برای خۆت رەحمان ئیبراهیم زادە. سویس