ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگه سه‌رکه‌وتووه، بۆ؟ برایم جه‌هانگیری
یه‌کێک له‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی که من دوای ئاواره بوونم به زۆری بابه‌تم تێدا بڵاو کردۆته‌وه ماڵپه‌ڕی گیاڕه‌نگ بووه. له مێژه گیاره‌نگ ده‌ناسم و ده‌گه‌ڵ شێواز و سه‌بکی کارکردنی ئاشنام. من له‌و بڕوایه‌دام که گیاڕه‌نگ یه‌کێک له‌و ماڵپه‌ڕه سه‌رکه‌وتوو و جێکه‌وتوانه‌یه که له مێژه چۆته ناو مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری ئینتێرنێتی کوردییه‌وه به کۆڵێ ئه‌زموونی به‌که‌ڵک.
یه‌کێک له هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ماڵپه‌ڕه ئه‌مه‌یه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ڕیوه‌به‌رانی و هه‌ڵسووڕینه‌رانی ره‌نه‌گه سه‌ر به لایه‌نێکی تایبه‌ت بن به‌ڵام ئه‌و ماڵپه‌ڕه هه‌رگیز نه‌بوو به مه‌کۆ و سه‌نگه‌ری دژایه‌تی بۆ هیچ که‌س و لایه‌نی دیکه. که‌سی نه‌بوغزاند و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی که‌س و لایه‌نی دیکه‌ی نه‌دا، ته‌نانه‌ت نه‌چووه ژێر ته‌ئسیراتی لایه‌نه‌که‌ی خۆشی له کاتی ناخۆشیه‌کان دا. گیاڕه‌نگ تای ته‌رازووه‌که‌ی به‌لای سه‌ربه‌خۆیی دا پتر شکاوه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌یه. گیاڕه‌نگ یه‌کێک له‌و ماڵپه‌ڕانه‌یه که زیاتر ده‌نگی کورد و کوردستانی تێدا ده‌بیسی.
هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ گیاڕه‌نگی ره‌نگین.