كۆچی دوایی تێكۆشه‌رێكی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستان

به‌ پێی هه‌واڵ شه‌وی رابردوو، ڕێکەوتی 3/3/1392ی هه‌تاوی بەرێز کاک ئه‌حمه‌د عه‌بوول پێشمه‌رگه‌ی كاته‌ سه‌خته‌كانی شۆرش و حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌هۆی نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد. بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حمه‌د عه‌بوول لە گوندی قامیشه‌ی ناوچه‌ی ره‌به‌ت داده‌نیشتن، ناوبراو وێڕای باوك و براكه‌ی كاك ره‌حمان كه‌ ئێستا كه‌سیكی خۆشناو و كۆمه‌لایه‌تی ناوچه‌ی ره‌به‌ته‌، خه‌ریكی كاری جوتیاری و فه‌لاحه‌تی بوون، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك ماڵه‌كه‌یان چووه‌ گوندی شندره‌ له‌ یه‌ك كیلۆمتری گوندی قامیشه‌ و له‌وێش شان به‌ شانی باوك و براكانی ده‌ستی دایه‌وه‌ كاری فه‌لاحه‌تی.

ئه‌حمه‌د عه‌بوول كه‌ هه‌ستێكی گه‌لدۆستی و نیشتمان په‌رەستی هه‌بوو، له‌ كاتی تێكۆشانی کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ساڵه‌كانی 1346 و 1347ی هه‌تاوی دا زۆر هاوكاری كادر و پێشمه‌رگه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دێت ده‌یكات، به‌ڵام پاش تێكشكانی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ كه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ئه‌ندامانی حیزب كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی ساواك، ئه‌حمه‌د عه‌بوول تا نه‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی ساواكیه‌كان گوندی شندره‌ به‌ جێ ده‌هێڵێ و به‌ره‌و باشووری كوردستان ده‌روات. به‌ڵام پاش چه‌ند ساڵیك ده‌گه‌ریته‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ كار و باری وەرزێری، به‌ڵام ساڵی 1357ی هه‌تاوی كه‌ شۆڕشی گه‌ڵانی ێێران ده‌ستی پێكرا، ئه‌حمه‌د عه‌بوول وێرای خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ره‌به‌ت له‌ خۆپێشاندانكاندا به‌شداری كرد و له‌ هه‌ڵمه‌تی گرتنی پاسگای دارساوێن كه‌‌ به‌ سه‌ر په‌رەستی شه‌هیدان برایمی مام وسووی شه‌مۆله‌ی و مه‌لا ساڵه‌ی باریكایه به‌رێوه‌ چوو، به‌شداری كرد .

پاش سه‌ركه‌وتنی شۆرش كه‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان بنكه‌ و بارگاكانی خۆی له‌ گوند و شاره‌كانی كوردستان دا كردنه‌وه‌ ، ناوبراو له‌ ریزه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی كرده‌ شان و درێژه‌ی به‌ خه‌بات و تیكۆشان دا و زۆر ئازایانه‌ و لێبڕاوانه‌ پێی نایه‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشان و جەسوورانه‌ له‌ كاتی شه‌ره‌كانی سێ مانگه‌ دا به‌ دژی داگیركه‌رانی جه‌نگا كه‌ به‌ هۆی ئازایه‌تی و لێزانی له‌ شه‌ر دا، به‌رپرسایه‌تی فه‌رمانده‌ری په‌لێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی پێدرا، به‌ڵام به‌ دوای ئه‌وه‌دا كه‌ هێزه‌كانی كوردستان بنكه‌و بارگایان كه‌وته‌ سنووره‌كانی نیوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ناوبراو به‌ هۆی پی راگه‌یشتنی ماڵ و منداڵی ده‌ستی له‌ تێكۆشانی راسته‌وخۆ كێشایه‌وه‌ و خه‌رێكی كار و كاسبی بوو، به‌ڵام تاكاتی مردنی به‌ ئامانجی شه‌هیدان وه‌فادار مایه‌وه‌ و بیر و باوه‌ری نیشتمان په‌رستی له‌ مێشكی نه‌چوه‌ ده‌ر و منداڵەکانی فێری وانەی کوردایەتی کرد و هەر ئێستا دوو كوری ئه‌ندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانن .

جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ ئه‌حمه‌د عه‌بوول بۆ خۆی له‌و سه‌ر ده‌مانەی كه‌ ئاماژەم پێكردوە پیشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو، كوڕێكیشی به‌ ناوی عومه‌ر پیشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌بات بوو كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له ‌رووداوێكی ناخۆش دا له‌ گه‌ل چوار كه‌س له‌ هاوسه‌نگه‌رانی له‌ سووركیوی بانه‌ شه‌هید بوو.

لێره‌ دا پێویسته‌ بگوترێ كه‌ ئه‌حمه‌د عه‌بوول زۆر به‌ سه‌ختی ژیانی خۆی و منداڵه‌كانی دابین ده‌كرد ، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش قه‌ت مه‌سه‌ڵه‌ی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ بیر نه‌چوو و تا توانی خزمه‌تی به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی كرد. به‌لام به‌ داخه‌وه‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ ئیشاره‌م پێ كرد، سه‌ره‌نجام له‌ ساعه‌ت12ی شه‌وی 3/3/ 1392ی هه‌تاوی به‌ هۆی نه‌خۆشی بۆ هه‌میشه‌ چاوی لێكنا و ماڵاوایی له‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی كرد.

به‌ بۆنەی كۆچی دوایی کاک ئەحمەد لە ناخی دڵەوە سه‌ره‌ خۆشی خۆم ئاراستی ته‌ك ته‌ك ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی لە باشوو و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌م و له‌ خه‌م و ناره‌حه‌تیان دا خۆ به‌ شه‌ریك ده‌زانم .

ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی ، رێكه‌وتی 3/3/13982