پەنجا و نۆ گەڵای وەریو! هەیاس کاردۆ

جۆزەردان مانگی خێڵ و خێڵاتچییانە، مانگی ڕەشماڵ و بێری و شمشاڵی شوانە. جۆزەردان مانگی فەریکە بوونی گوڵە گەنمەکان و تیژ کردنی داس و مەڵەغانی سەپان و وەرزێڕانە. جۆزەردان، مانگی وەبەرهاتنی دار و درەخت و زەوی و زاری جووتێرانە. جۆزەردان مانگی فڕینی باڵندە ئازادەکان بە ئاسمانی شین و بێ گەرد دا و دروست کردنی هێلانەی ژین بۆ ڕاگرتنی نەزمی هەرمانە. جۆزەردان مانگی هیوا بە دەسکەوتی خوێندنی خوێندکاران و تامەزرۆ بوونی پشوویەکی درێژی هاوینانە.

ئەو ساڵە داسی مەرگ زوو تیژ کرا و پێش ئەوەی گوڵە گەنمەکان زەرد بن دروێنە کران. ئەو ساڵەی وەیشوومەی سەرما نەی هێشت چادر و چیغ لە کوێستانان هەڵدرێن، دەستی بێری لە گوانی مەڕ بڕی و شمشاڵی شوانەشی بێدەنگ کرد. ئەو ساڵەی تەیرەکان نەیان توانی لە شەقەی باڵان بدەن و هەوای ساف و بێگەردی ئەو ناوە هەڵمژن. ئەو ساڵەی هێلانە دروست نەکران و سروشت لە ڕەوتی ئاسایی خۆی بێبەش کرا. جۆزەردانی ئەو ساڵە قوتابییان لە جیاتی هیوا بە داهاتوویەکی گەش، فرمێسکی خەم و حەسرەتیان هەڵەوەراند و ئامێزیان بۆ هەڵوەرینی گەڵا سەوزەکان کردەوە. جۆزەردانی ئەو ساڵە وەک بەهار نەدەچوو، ڕێبەندانێک بوو دڵەکانی دەگوشی و لەشەکانی سیس هەڵ دەگێڕا.

ئاخر چۆن دەبێ لە نێو وەرزی بەهاری ژین دا پەنجا و نۆ گەڵای تازە سەوز بوو بە جارێک هەڵوەرێندرێن و پاییزی خەم پێک بهێندرێ؟ بۆ دەبێ پەنجا و نۆ گوڵی بۆنخۆشی بەهاری بە جارێک پەڕپەڕ بکرێن و باخچەی ژیان بە جارێک بڕووتێندرێتەوە؟ ئاخر کەی ڕەوایە لە جۆزەردانی مانگی هیوا و هومێد دا فرمێسک جێگای بزە بگرێتەوە و ترووسکەی هیوا لە چاوەکان بتارێ؟ کەی ڕەوایە سەرزەویی کوردەواری لە بەهاری جوانیی بێبەش بکرێ و پاییزی خەمی بەسەر دا زاڵ بێ؟

ئەو ڕۆژەی مانگی جۆزەردان خەریک بوو بە دوازدەهەمین تیشکی خۆر بڕازێتەوە و باوەشی گەرمی بۆ وەرزێران بکاتەوە نەزمی سروشت گۆڕا و دنیا تاریک داهات. ئەو کاتەی دوازدەهەمین ئێوارەی بەهاری ژین خەریک بوو ژوانی پێک گەیشتن بۆ دڵداران ساز بکا و کاتێکی خۆشیان بۆ پێک بێنێ، دڵی دڵدار گۆڕا و ژوانگە بە چۆلی مایەوە. ئەو ڕۆژەی خاڵەی جووتێر خەریکی تیژ کردنی داسی ژین بوو هەتا لە جۆزەردانی خێر و بەرکەت دا دروێنەی هیواکانی بکا، ڕەوتی ژیان گۆڕا و ناهومێدی جێگای هیوای گرتەوە. ئەو ڕۆژەی گوڵە بۆنخۆشەکانی باخچەی ژیان خەریکی سەما بوون و بۆنی خۆشی خۆیان بڵاو دەکردەوەتۆفانی نەهامەتیی هەڵی کردێ و هەوای بەهاری گۆڕا. ئەو ڕۆژەی پەنجا و نۆ لاوی مەهابادی لە کاتێکدا خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەزموونەکانی خوێندنی یەکساڵەیان ئامادە دەکرد و تیشکی هیوا لە پەنجەرەی دڵی دەدان کەوتنە بەر خەنجەری جەور و دڵیان کون کون کرا، ڕوانینی مرۆڤ لە یەکتر گۆڕا.
لەو ڕۆژەوە (١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی) کە داسی مەرگی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوڵی تەمەنی پەنجا و نۆ لاوی مەهابادی پەڕپەڕ کرد ئیتر بەهار مانای جارانی نەماوە. هەموو ساڵێ لەو رۆژ و مانگ و وەرزە دا بای خەزان هەڵی دەکاتێ و گەڵای دارەکان دەست بە وەرین دەکەن. هەموو ساڵێ لەو ڕۆژ و مانگ و وەرزە دا کانیی چاوەکان دەزێنەوە و کونی فرمێسکەکان دەکرێنەوە. هەموو ساڵێ لەو رۆژ و مانگ و وەرزە دا چاوی چاوەڕوانەکان دوور دوور دەڕوانن بۆ ئەوەی ئەو داسی مەرگ هێنەرە لە دەشتی پڕ پیت و بەرەکەتی نیشتمانەکەیان نەمێنێ و هیچی دیکە گوڵە تازە پشکووتوەکانیان پەڕپەڕ نەکرێن. هەموو ساڵێ لەو رۆژ و مانگ و وەرزە دا مرۆڤ و مرۆڤ دۆستەکان یادی ئەو پەنجاو نۆ گوڵە پەڕپەڕ کراوە دەکەنەوە و بە یادی ئەوان هەزاران نەمامی تازە دەنێژن.

هەیاس کاردۆ – ئوستڕالیا – ٢٠١٣/٦/١٣