لە خەتەنەوە بۆ خەتا. تاهیرعەبدوڵڵاپوور

گومانی تیا نیە کە پێش من و ئێوەش زۆر و کەم وتراوە و نوسراوە لەسەر ئەم بابەتە کەزۆر زیاترهەڵدەگڕێ و ئەبێ هوشیارانەتر لەسەری بڵێین و بنوسین و لەوەش گرنگتر هەوڵدانە بۆ ڕێگەگرتن لەم دیاردەیە ، وە من لێرەدا بۆ ئەوەی قسەکانم دوبارە نەبن هەر تەنها چەند دێڕێك دەنوسم، کەبێگومان منیش باوەڕم وایە کە خەتەنەی مناڵان بەتایبەت کچان یەکێکە لەهەرە دیاردە زیانبەخش و ناشارەستانیانەی سەر گۆی زەوی و بکەرو ئەنجامدەرانی ئەم کارە جگە لەکۆمەڵێ دڕندە هیچ پێانسەیەکی تریان بۆ ناکرێت ،

لەخەتەنەوە بۆ خەتا : کچانی خەتەنەکراو بێبەرین لەهەر خەتاو تاوانێك کەلەگەورەبوندا لەژیانی شەخسی و خێزانیاندا ڕوبەڕویان ئەبێتەوە دیاردەکانی جیابونەوەی خێزان و زۆر لەدابڕانەکان لەکۆمەڵگا دواکەوتووەکان و دابونەریتە خەتەنیەکاندا بەشێکی زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدان و خەتەنەنەی ژنەکە لەتەمەنی مناڵیدا ، زۆرن ئەو ژنانەی کەلەئارەزوو هەڵچون وهەستە وروژێنەرە سێکسیەکانی خۆیانیان ڕازی نین و ناتوانن وەک کەسێكی تەندروست لەو بوارەدا وەڵام بەخۆیان و بەرامبەرەکەیان بدەنەوە ،

جگە لەوەی کەبەهەمان شێوە پیاوانێکی زۆریش کەگلەیی و گازندەی ئەوە ئەکەن کەهاوسەر و هاوژینەکانیان ناتوانن وەڵام دەربن وەیاخود ناتوانن سروشتێکی ڕۆمانسی بخولقێنن بۆ ئەنجامدانی جوانترین و خۆشترین جوتبون لەگەڵ یەکتری ئەمە بەجیا لەکۆمەڵێ هۆکاری ڕۆتینی تر کەکەموکوڕیەکی زۆریش لەفەزاو چۆنیەتی ئەو جێگای جوتبونە بۆ نمونە زۆر لەژورە نوستنەکان تاکو ئێستاش وێنەی شەهید و مرووەکانیان و کەلوپەل و نوسینی ئاینیان تێدا هەڵواسراوە و تەنانەت ڕەنگی دیوارو کەلوپەلەکانیش دڵتەنگی هێنەرن نەك کە ئەوەی کەشادت بکەن ،

من خۆم بیرمدێ کەبۆیەکەمجار ژوری نوستنی کچێکی ئەوروپی هاوڕێم بینی لەسەروی تەختی خەوەکەی سەلیبێک هەڵواسرابو لەبەرامبەریشی کۆمەڵێ کەلوپەلی ترسناکی وڵاتانی ئەفریقایی لەشێوەی هەیکەلی ئاژەڵان و شمشێر و زۆر شتی تر هەڵواسرابون کە مرۆڤ لەوساتە ناسکانەی جوتبوندا پێویستیت بەفەزایەکی ئێجگار ڕۆمانسی و دیمەنی ناسک و خەیاڵی خۆشتر هەیە وەك لە بینی سەلیب و شمشێر و دڕندەو هتد

ئەم کارەساتە بینەقاقای گەنجان و عاشقانی پێش چونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری پەیوەندیە سەرەتایە دڵداریەکانیشی گرتۆتەوە کەتەنانەت ئەو جۆرە پەیوەندیانەش پڕ لەتوڕەبون و زیز بون لەیەکتری و دابڕانەو خەمۆکێکی زۆر بەدوای خۆیدا ئەهینێ ، بۆنمونە خۆ ئەگەر کوڕێکی ڕۆمانسی و ئەویندار عاشقی مرۆڤێکی مێینەی خەتەنەکراو ببێ ئیتر زۆر ئەستەمە بۆیان کە بتوانن بەبێ دەردی سەرو دڵرەنجاندن لەیەکتری تێ بگەن و بەیەک بگەن ، بەهەمان جۆریش لای رەگەزی مێینەی خەتەنەکراوەکەش لەرەوشێکی دەرونی ناخۆش و هەست بەخۆ کەمترزانین دەکات لەبەرامبەر ژنانێکی خەتەنە نەکراوی ئارەزودار و ڕۆمانسی ،

لەکۆتایدا ئەڵێم ئەوە بکەرو ئەنجامدەرانی ئەو کارە و خودی ئەو دابونەریت و سونەتە تاوانبارو خەتا کارن نەک گەورەیەکی قوربانی دەستی ئەو دیاردەیە ، وە لەهەمانکاتیشدا ئەبێ پیاوانیش باش لەوە تێبگەن و بەسنگێکی فروانتر و هوشیارەنەتر خۆڕابگرن لەبەرامبەر هەر پێشهاتێکی ساردو بێ موبالات لەوەڵام بۆ داخوازی و ئیحساسە ڕۆمانسیەکانیان لەلایەن بەرامبەرە خەتەنە کراوەکانیانەوە