گه‌نجێكی دانیشتووی شاری پیرانشار هه‌ردو قاچی نییه و کۆڵبه‌ری ده‌کات.
یونس فه‌یزی کۆڵبه‌رێکی کورده‌و خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، دانیشتووی شاری پیرانشار له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی میندا هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ستداوه و ناچار ده‌بێت بۆ دابینکردنی پێویستی ژیانی خۆ و خانه‌واده‌که‌ی له‌سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان کۆڵبه‌ری بکات .
به‌و ره‌وشه‌ی خۆیه‌وه دێته ئه‌م دیوی سنووره‌وه و که‌لوپه‌ل ده‌باته‌وه رۆژهه‌ڵات .
کۆڵبه‌رێک له‌پێناو ژیانێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌دا تێده‌کۆشێت و له‌جێگای قاچی، ده‌سته‌کانی به کار دێنێت و ده‌ڵێت: “ده‌زانم کاره‌که‌م زۆر قورسه، به‌ڵام ناچارم ئه‌و کاره بکه‌م، له‌لایه‌کی تریشه‌وه هاوکاری له که‌سی تر وه‌رناگرم، ده‌بێت قاچم نه‌بێت، به‌ڵام باوه‌ڕم به خۆم هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێز و توانای ئه‌وه‌م هه‌یه که زه‌حمه‌تترین کار ئه‌نجام بده‌م “.
یونس فه‌یزی که‌سێکی که‌م ئه‌ندامه و ماوه‌ی ( 12 ) ساڵه له‌سه‌ر سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان کۆڵبه‌ره و له‌باره‌ی له‌ده‌ستدانی قاچه‌کانی وتی: “ماوه‌ی ( 23 ساڵه به بێ قاچ ده‌ژیم . له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر ساڵ له‌وه‌رزی به‌هاردا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی گیا، دهردهکهوینه ده‌شت و ده‌ر، ( 2 ) براو خوشکێکی ترم هه‌بوو، کاتێک منداڵ بووم له‌گه‌ڵ خوشک و براکانم بۆ گیا کۆکردنه‌وه رۆیشبووینه ده‌شتوده‌ر، له‌و کاته‌ی سه‌رقاڵی گیاکۆکردنهوه بووین، مینێکمان پێدا ته‌قییه‌وه. خوشک و دوو براکه‌م گیانیان له‌ده‌ستدا ، منیش هه‌ر دوو قاچم له‌ده‌ستدا، له‌و کاته‌وه تا ئێستا بێ قاچ ده‌ژیم “.
یونس فه‌یزی له‌باره‌ی ئامانجی هاتنی بۆ سنووره‌کانی باشووری کوردستان وتی: “بۆ په‌یداکردنی نان هاتووم، که‌سانی وه‌کو ئێمه هه‌ریه‌که‌و خێزانێکی به‌سه‌ره‌وه‌یه و زۆرجاریش نانه‌سکی ده‌ستناکه‌وێت، بۆیه ناچارم ئه‌م کاره بکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکمان نییه ژیانمان بۆ دابین بکات، ناچارم کاری کۆڵبه‌ری بکه‌م. له جێگای ئه‌وه‌ی ده‌ستم بۆ خه‌لک درێژ بکه‌مه‌وه و داوای هاوکاری ماددی یان لێبکه‌م ، باشتر وایه خۆم کاری خۆم بکه‌م . بۆ ئه‌وه‌ی پێدوایستی ژیانی خۆم و خانه‌واده‌که‌م دابین بکه‌م، دێمه ئه‌م دیوی سنووره‌وه . ”
یونس ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له ئێران‌دا به‌تایبه‌تیش کورد مافی ژیانی نییه ئه‌گه‌ر پیاوی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت یاخود به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت رێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ پیاوانی ده‌وڵه‌تدا نه‌بێت و وتی :” گه‌لی کورد هیچ مافێکی نییه، بۆ نموونه من له‌بارودۆخێکی به‌و شێوهیهدام، به‌ڵام مووچه‌م نییه . ئێستا خێزانێکی چوار که‌سیم هه‌یه و جگه له من که‌سێک نییه کارمان بۆ بکات. گه‌وره‌ی ماڵم و ئه‌رکیشم ئه‌وه‌یه که ئه‌ندامه‌کانی تری خێزانه‌که‌م به خێو بکه‌م . بێ‌کاری و نه‌بوونی مافی گه‌لی کورد له‌ئێراندا ناچاری کردووم کاری کۆڵبه‌ری بکه‌م . ئه‌وه‌شم په‌سه‌ند کردووه که به ره‌نج و عاره‌قه‌ی ناوچه‌وانم، خۆم به خێو بکه‌م ، له جێگای ئه‌وه‌ی ده‌ستم بۆ که‌سانی تر درێژ بکه‌مه‌وه، ئاماده‌م له‌ناو ته‌پ و تۆز و گه‌رماو سه‌رما به ره‌نجی خۆم خێزانه‌که‌م به خێو بکه‌م “.کۆڵبه‌ر و کاسبکاری دانیشتووی شاری پیرانشاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که جل و به‌رگ و سه‌رتاپای له‌ناو ته‌پ و تۆز و عاره‌قه‌دا بوو، له‌باره‌ی زه‌حمه‌تیه‌کانی ژیان و کاره‌که‌ی وتی: “بێگومان گه‌لێک زه‌حمه‌تی له‌ئارادایه، ئه‌م خه‌ڵکه‌ی لێره‌ن به دوو قاچه‌وه ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌تی ده‌چێژن جا ئه‌و جار من که دوو ده‌ستم کردووه به قاچیش، به‌ڵام نه‌بوونی، مرۆڤ فێری هه‌موو شتێک ده‌کات . به‌ڵام تا ئێستا له‌ژیانمدا داوای هاوکاریم له‌که‌سێک نه‌کردووه و هاوکاری دهوڵهتیشم ناوێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاچم نییه به‌رده‌وام له‌ناو عاره‌قه و تۆز و خۆلدام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خێزانێکی چوار که‌سین، پێویسته خۆمان به خێو بکه‌ین “.هه‌روه‌ها یونس زۆر جار که‌وتووه‌ته بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه و له‌و باره‌یه‌وه وتی: “کاتێک بۆ یه‌که‌مین جار هاتمه ئه‌م دیوی سنووره‌وه ته‌نیا که‌رێکم هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ( 3 ) ئه‌سپم هه‌یه و ده‌توانم پێویستییه‌کانی ژیانمی پێ دابین بکه‌م . پێشتر ( 4 ) ئه‌سپم هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌هاری ئه‌مساڵدا که‌وتینه بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه و چه‌کداره‌کان ئه‌سپێکیان کوشتم و ئێستا به ( 3 ) ئه‌سپ کاسبکاری ده‌که‌م . تا ئێستا زۆر جار که‌وتوومه‌ته بۆسه‌ی چه‌کداره‌کانی رژێمه‌وه، به‌ڵام خواشوکور هیچم به سه‌ر نه‌هاتووه، کاتێک له‌ماڵه‌وه به ڕێده‌که‌وم، به گومانی ئه‌وه‌ی که ناگهڕمهوه، به‌ڕێده‌که‌وم “.
به وته‌ی خۆی ، یونس کاتێک له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵی خۆی ده‌که‌وێته بۆسه‌وه ، به په‌له له‌سه‌ر ئه‌سپه‌که‌ی خۆی فڕه‌ده‌دات و به‌و شێوه‌یه نیوه‌ی جه‌سته‌ی ساخ و سه‌لامه‌تی خۆی رزگار ده‌کات .
یونس هه‌ستی خۆی له‌باره‌ی یه‌که‌مین کاروانی بۆ ئه‌مدیوی سنوور وه‌ها ده‌گێڕێته‌وه : “له‌راستیدا جاری یه‌که‌م که کاروانمان هێنا و هاتمه ئه‌م دیوی سنووره‌وه رووبه‌ڕووی زۆر زه‌حمه‌تی و کۆسپ و ته‌گه‌ره بوومه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر منی هه‌ستیار کرد، دێته‌وه بیرم دایکم به گریانه‌وه ره‌وانه‌ی کردم و تا گه‌ڕامه‌وه دایکم هه‌ر فرمێسکی ده‌ڕشت . هه‌ر جارێک که دێمه ئه‌م دیوی سنووره‌وه تا ئه‌م ساته‌ش له‌ماڵه‌وه ده‌رکه‌وتووم، جارێکی تر دایکم فرمێسک ده‌ڕژێنێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌ریه‌کی تری له‌به‌ر ده‌ستدا نییه و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌ڵێت زۆر ئازارم ده‌دات “.
یونس له‌باره‌ی ئاماده‌کردنی باره‌کانی ئه‌سپه‌کانی وتی: ” بۆ ئاماده‌کردنی باره‌کان ناچاری خولقاندنی رێبازی نوێ ده‌بم، بۆ نمونه بۆ راکێشانی ئه‌سپه‌کانم، حه‌بله‌کانیان به ناوقهدمهوه یاخود به قۆڵمه‌وه ده‌به‌ستمه‌وه . هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی سواری هه‌سپ ببم له‌غاو و پشته ملی ههسپهکه ده‌گرم و سوار ده‌بم . هه‌موو باره‌کان خۆم ئاماده‌ی ده‌که‌م ، به‌ڵام بۆ بارکردن و ناڵکردنی پێی ئه‌سپه‌کان هاوکاری له‌کاسبکارانی تر ده‌خوازم و له‌و بواره‌شدا له‌راستیدا هه‌موو کاسبکاران هاوکاریم ده‌که‌ن “.
هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌گه‌ڵ یونس له‌رۆژهه‌ڵاته‌وه هاتووبن رایانگه‌یاند: ” زۆر جار کاتێک ئێمه چیا سه‌خت و به‌رزه‌کان به ئه‌سپسواری تێده‌په‌ڕێنین، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک ئێمه‌یه سواری ئه‌سپه‌کانی نابێت، زۆربه‌ی رێگا سه‌خته‌کان و چیا به‌رزه‌کان به دوو ده‌ست تێپه‌ڕ ده‌کات .”’یونس فه‌یزی له‌کۆتایی دا رایگه‌یاند: “ئێستا ره‌وشم زۆر باشه و ده‌توانم خێزانه‌که‌م به ره‌نجی خۆم به خێو بکه‌م . به پێچه‌وانه‌وه ئێدی من هاوکاری ده‌ده‌مه که‌سانی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیوی خێره‌که‌م وه‌کوو هاوکاری مرۆیی ده‌ده‌مه که‌سانی فه‌قیر و هه‌ژار . هه‌روه‌ها باوه‌ڕیم به خۆم هه‌یه و ئه‌و کاره‌ی ئێستا ئه‌نجامی ده‌ده‌م ده‌زانم که گه‌لێک که‌س ره‌وشیان له‌من باشتره ناتوانن کاری وه‌ها بکه‌ن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ژیانه‌دا شتێک نه‌کرێت، نییه “.
سەرچاوە ماڵپه‌ری فورات نیوز