راگەیەندراو لە بارەی کوشتاری دانیشتوانی کەمپی ئەشرەف

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 10 خەرمانان(1ی سێپتامبر) لە هێرشێکی کتوپردا بۆ سەر ئەندامانی رێکخراوی مجاهدینی خەلقی ئێران لە کەمپی ئەشرەف لە نزیک شاری بەغدای پایتەختی عێراق، زیاتر لە 50 کەس لە دانیشتوانی ئەم کەمپە کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر لە یەکەم کاتەکانی رووداوەکەدا سەرچاوەکانی نزیک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە رووداوەکە بە هۆی چەند تەقینەوەیەک لە ناو خودی کەمپەکەدا بووە. بەڵام وتەبێژی رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران لە پاریس بە هەواڵنێرانی وتووە کە هێزەکانی پۆلیسی عێراق هێرشیان کردۆتە سەر کەمپی ئەشرەف و زیاتر لە 50 کەسیان لە ئەندامانی ئەم رێکخراوە کوشتووەو بە دەیان کەسی دیکەشیان لێ بریندار کردوون.

ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی سەرنج و تێڕامانە، دەروەست نەبوونی دەوڵەتی عێراق لە پێوەندی لە گەڵ پاراستنی گیانی ئەم کەسانەدایە کە وەک پەنابەری سیاسی لە کەمپەکانی سەر بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق دا دەژین و پشتگوێخستنی ئەو رێککەوتننامەیەیە کە لە پێوەندی لە گەڵ پاراستنی گیانی ئەندامانی رێکخراوی ناوبراودا مۆری کردوە.

ساڵ ونێوێک پێش ئێستاش هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی عێراق ، بە شێوەیەکی دڕندانە ‌هێرشیان کردە سەر ئەندامانی موجاهدینی خەلقی ئێران لە هەمان کەمپ و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس لەوان. کەوایە ئەوە یەکەم جار نیە کە بە شێوەیەکی زۆر نامرۆییانە هێرشە دەکرێتە سەر ئەندامانی بێ دیفاعی موجاهدینی خەلق.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هێرشە بێ بەزەییانە بۆ سەر ئەندامانی رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران، سەرەخۆشی لە کەس و کاری قربانیان دەکاو هەروەها داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە بە بە پێی ئەو بەرپرسایەتییانەی بە گوێرەی رێککەوتننامەی پێوەندیدار بە پاراستنی ئەمنیەتی گیانیی ئەندامانی رێکخراوی مجاهدینی خەلقی ئێران دەکەونە سەر شانی ، چیدیکە ئیزن نەدا جارێکی دیکە هیرش بکرێتە سەر کەمپ وئەندامانی ئەم رێکخراوەو خۆی لە بەرانبەر دابین کردنی ئەمنیەتی گیانیی پەنابەرانی سیاسی دا بە دەروەست بزانێ. ئێمە سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان بۆ لای ئەوتاوانە گەورەیە ڕادەکێشین و داواکارین هەنگاوی جیددی بە مەبەستی دووپاتنەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە و هەر وەها بە مەبەستی شناسایی عامیلانی ئەو کوشتارە، هەڵ بگیرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

11ی خەرمانانی 1392