ئاگاداری وەستا محەممەد کوهگەرد، برای شەهیدی فەرماندە وەستا ئەحمەدی کوهگەرد
وەستا محەممەد کوهگەرد، برای شەهیدی فەرماندەی بەوەجی هێزی ١١٠ ی بەیانی حدکا، وەستا ئەحمەدی کوهگەرد؛ بەیانیی ئەمرۆ چوار شەممە ١٣ ی خەرمانانیی ٢٧١٣ کوردی ، بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. وەستا محەممەد گەورەی بنەماڵەی کوهگەرد بوو، تا بڵێی بە هەڵوێست و کوردپەروەر بوو. وەستا محەممەد چەند ساڵێک بوو بە هۆی نەخۆشی دڵەوە دەستی لە کاری دارسازی کێشابۆوەو، ئەم ئەرکەی بە کوڕەکەی سپارد بوو. سەر ئەنجام ئەمڕۆ ئەجەل مۆڵەتی زیاتری پێنەدا و لە کوردستان و لە هەموو دڵسۆزانیی ماڵئاوایی کرد. گۆڕی نەمر وەستا محەممەد لە پەنا گۆڕی حاجی ساڵەی بابی و دایکی ئازیزی بە خاک سپێردرا. وەک باس دەکرێ گۆڕی ئەم نەمرە لە بەر سەختی خاکەکەی بە بۆڵدوزێر هەڵکەندراوە. بۆیە دەتوانم بڵێم کێوێک لە ڕاوەستان و تێکۆشان چووە باوەشی کێوێکیتری کوردستانەوە.
ئەگەر شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، هەرگیزا وهەرگیز وەستا ئەحمەد و خەباتە جێی ڕێزەکەی لە بیر ناکەن، ئەوە بێ گومان خەڵکی بۆکان و دەوروبەریش هەر بەو شێوەیە ڕێز لە بنەماڵە خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەرەکەی دەگرن! بەو هۆیەوە خۆم، شەریکە ژیانەکەم، سوغراو منداڵەکانمان میدیا و دیاکۆ، ئێوا و ناسر و باقی بنەماڵە و هەروەها هەموو تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی دێمۆکڕات ، پرسە و هاوغەمی خۆمان رادەگەێنین و ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز لە رێبازی کوردایەتیی بۆ گەیشتن بە ڕزگایی یەکجاریی کۆڵ نادەین.
بەرز و بەڕێز یادی ڕەوانشاد وەستا محەممەد ی کوهگەرد
جەعفەر حامیدی
١٣ی خەرمانانی ٢٧١٣ ی کوردی