هەڵبژاردنی پارلەمانی نۆروێژ نزیک بۆتەوە

هەروەک زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی وڵاتی نۆروێژ ئاگادارن ڕۆژی ٠٩ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٣ خەڵكی نۆروێژ دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی کەسانی دڵخواز و خزمەتکار بە گەل و خاکی نۆروێژ هەڵبژێرن و لەو نێوەش دا چەندین حیزبی سیاسی ئەو وڵاتە لە کێ‌بەرکێ دان بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بێننە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەرێوەبەری ئەو وڵاتە وەئەستۆ بگرن. یەکێک لەو حیزبانەی کە بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیە حیزبی سوسیالیستی چه‌پی وڵاتی نۆروێژە کە وێرای خزمەت بە گەلی نۆروێژ هەمیشەش پاڵپەشتی لە دۆزی نەتەوەی کورد کردووە و یەکێک لەو حیزبانە بووە کە پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد بە گشتی کردووە.

لە نێو زۆربەی حیزبە خاریجی‌یەکان دا ئەندامانی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەبیندرێن بەڵام لە ناو حیزبی سوسیالیستی چه‌پی نۆروێژ دا ڕێژەی ئەندامانی کورد و نەتەوەکانی دیکە زیاترن. هەڵبژاردن لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو مەجالەی بۆ هەموو ئەندامەکانی پێک هێناوە کە بتوانن هەم بەشداری دەنگدان بن و هەمیش خۆیان بەربژێر بکەن و هەڵبژێردرێن بۆ بەرزترین ئاست لە پارلەمان و لە کاری کۆمۆن و شەهرەداری‌یەکان دا بەرپرسایەتی گەورە وەر بگرن بۆ خزمەتی زیاتر.

یەکێک لەو مرۆڤە تێکۆشەرانەی کە ماوەی چەندین ساڵە لە حیزبی سوسیالیستی چه‌پی نۆروێژ دا خزمەت دەکا و هاوکاتیش کەسێکی دیار و بەرچاوە بووە، بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانی کوردستان، بەرێز کاک کەریم ئەڵلاوەیسی خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کاک کەریم ماوەی نزیک بە ٣٣ ساڵە دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ناوبراو وێرای ئەوە کە کادرو پێشمەرگەیەکی بوێری ڕۆژە سەختەکانی خەباتی خوێناوی کوردستان بووە هاوکاتیش دڵسۆزێکی بە ئەمەگی ڕیگای رزگاری کورد و کوردستان بووە و بەرێزیان مەسەلەی نەتەوەی کورد تەنیا لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا نابینێتەوە و لەو پێناوەش دا کارەکانی لە وڵاتی نۆروێژ دیار و بەرچاون و هەموو کات کاک کەریم وەک دیپلۆماتێک و سەفیرێکی گەلی کورد هەوڵی بۆ زیاتر ناساندنی کورد داوە و لە وڵاتی نۆروێژ هەمیشە کەسێکی دیار و جێگای باوەرو متمانەی حیزبی سوسیالیستی چه‌پی نۆروێژ و هەموو چین‌وتوێژەکانی کورد کە دانیشتووی ئەو وڵاتەن بووە. بەرێز ئەڵڵاوەیسی لە سەر دۆزی کورد بە گشتی کاری کردووە و چەندین جار کێشەی کوردی بە هاوکاری کۆمەڵێک لە دۆستانی کورد گەیاندۆتە پارلەمانی وڵاتی نۆروێژ و تا ئێستا چەند جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدارانی وڵاتی نۆروێژ کردووە بۆ ئەوەی زیاتر کیشەی کورد و ملهوری وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستان دا بگەیێنێتە بەردەم گەورە بەرپرسانی نۆروێژی و بە حەقیش کارەکانی جێگای ڕزامەندی دۆست و ئاشنایانی کورد بووە.

ئەم کورتە نووسینە قەترەیەک لە دەریای بێ سنووری کارەکانی کاک “کەریم ئەڵڵاوەیسی”ن، ئەگەر بمانهەوێ لە سەر ژیان و بەسەرهاتی ناوبراو بنووسین ڕەنگ بێ لەم نووسینە دا نەگونجێ و مەبەستیش لەو نووسینە دا نیشاندانی هەموو لایەنەکانی ژیانی و هەموو کارەکانی کاک کەریم ئەڵلاوەیسی نییە، بۆیە بێ درێژ کردنەوە نووسینەکە باسمان لەو چەند هەوڵەی کاک کەریم کردووە، بۆ ئەوەی بە کوردانی دانیشتووی پاریزگای ئاکرشوسی نوروێژ بڵێین کە دەنگی خۆتان بدەن بەو مرۆڤە تێکۆشەر و نەسرەوتوەی گەلەکەمان کە هەموو کات خەمخۆر و پاڵپشت و هاوکاری کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە دانیشتووی وڵاتی نۆروێژن بووە و ئێستاش بۆ چوونە نێو پارلەمانی وڵاتی نۆروێژ لە سەر لیستی ئێس ڤی SV پێویستی بە دەنگی ئێوە کوردانی دانیشتووی پارێزگای ئاکرشوسی‌یە و ئێوەش بە دانی دەنگی خۆتان ڕێز لە زەحمەت و کارەکانی کاک کەریم ئەڵلاوەیسی بگرن بۆ ئەوەی بە هێزێکی زیاترەوە و بە دەنگ و پاڵپشتی ئێوەەوە زیاتر لە جاران کێشەی کورد و مەسەلە رەواکانی دیکەی کورد بگەیێنێتە بەردەم گەورە بەرپرسای نۆروێژی لە پارلەمانی وڵاتی نۆروێژ.

دەنگدان بە کاک کەریم ئەڵلاوەیسی دەنگدانە بە کورد بۆ گەیاندنی کێشەی کورد لە ژێر دەستەیی حکوومەتانی زاڵ بە سەر کوردستان دا بە پارلەمانی نۆروێژ