چالاکێکی کورد کاندیدای هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی نۆروێژە!
کەریم ئەڵڵاوەیسی: لە لایەن پارتی سوسیالیستی چەپی نۆروێژە کاندیدای هەڵبژاردنەکانی ئەم خۆلەی پارلەمانی وڵاتی نۆروێژ کراوە.کاک کەریم ئەڵلاوەیسی؛ چالاکی سیاسی ـ مەدەنی کورد؛ دانیشتووی شاری ” شتن “( سەر بە شارەوانیی ” سشموو ” لە پارێزگای ” ئاگرشوس “)ە.
چەندین ساڵ بەشداری خەباتی شاخ لە پێناو یەکسانی، ئازادی، دێمۆکراسی و مافی نەتەوەو وڵاتە داگیرکراوەکەیدا بووە. ماوەی ٢٠ ساڵە لە وڵاتی نۆروێژدا وێڕای چالاکی لە حیزبی دێموکراتدا؛ هاوکاتیش چالاکانە لە نێو کۆمەلێک لە رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی وڵاتی نۆرێژدا هەوڵی ناساندنی پرسی کوردی داوەو خزمەتی بە دۆزی نەتەوەکەی کردووە.
چەند ساڵ لە رێکخراوی ” ئێس ـ ئۆ ـ ئێس راسیسم ” ، ماوەیەک لە ” ئەر ـ کۆ ـ ئەڕ ” و ماوەیەکی زۆریشە وەکوو بەرپرسی کۆمیتەی کارکردن بۆ کاندیدکردنی بەڕێز کەبوودوەند بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە تێکۆشان دایە. ئەڵڵاوەیسی؛ زیاتر لە ٨ ساڵە لە حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژدا، خزمەت بە پرسی کورد و کۆمەڵگای نۆروێژی دەکات. بەڕێزیان لە دوو کۆمیتەی ئەو پارتەدا خاوەنی بەرپرسایەتییە. یەکەم لە کۆمیتەی پارێزگای حیزب و دووهەمیش ئەندامی بەڕێوەبەری “ئیس ڤی” لە “سشموو” یە.
بۆیە Sosialistisk Venstreparti لە سەر لیستی خۆی بەریزیانی وەکوو کاندیدای ژمارە ١٥ بۆ پارێزگای ” ئاگرشوس ” کاندید کردووە.
ئامانجەکانی:
ـ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە نێو رەوەندی کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە لە وڵاتی نۆروێژدا
ـ بەستێن سازی و ئاسانکاریی گونجاو و سوودمەند بۆ رێکخستن و تێکەڵاویی کولتووری لە نێوان بیانییەکان و کۆمەڵگای نۆروێژیدا
ـ چارەسەریی گونجاو بۆ گیروگرفتی پەنابەران و خزمەتگوزاریی کولتووری
ـ کارکردن بۆ باشترکردنی ژینگەیەکی شیاوتر بۆ نۆروێژ و کوردستان
ـ هەوڵدان بۆ باشترکردنی سیستمی خۆیندن
*کاک کەریم سەبارەت بە هاوکاری و خزمەتکردنی لەم حیزبەدا دەڵێت:
چونکە حیزبی سوسیالیستی چەپی نورویژ؛ واتە ئێس ڤی، جینوسایدی کوردی بە فەرمی ناسیووە . هەوڵ بۆ پرسی کورد و بایەخ بە دۆخی ماڤی مروڤ لە کوردستاندا دەدات. هەروەها ئێس ڤی خوازیاری دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەلگای نورویژە و بەردەوامیش هەوڵیان بۆ جێگیرکردنی مافەکانی تاک لە کۆمەلگادا داوە و بەردەوامیشن.
پشتیوانی کردن و سەرکەوتنی کاک کەریم ئەڵڵاوەیسی ؛ قورسایی بەخشین بە پرس و هێز و کارتی کورد لە کۆمەڵگای نۆروێژ، لە لای پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و لە پارلەمانی نۆروێژدایە.
کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانشتووی وڵاتی نۆروێژ