چاوخشاندنێک به شێوازی شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س وخستنه ڕووی ڕوانگه‌کانی شاعیر. لوقمان زەهرایی
خۆم .. ئه‌و وه‌خته‌ی باڵنده‌م!
ئه‌و شمشاڵه‌ی به لێوی ” با” وه ئه‌یبینن
ئه‌وه ئه‌ندێشه‌ی لوول خواردووی عه‌شقی منه
ژانێک کون کونی کردووه و
له جیاتی من
” چونکه بۆخۆم نازانم شمشاڵ لێبده‌م ”
” با ” ئه‌یزانێ وئه‌و ئه‌یژه‌نێ
ئه‌و باڵنده نارنجیه‌ش که ئێواران ده‌رئه‌که‌وێ و
له خۆرنشیندا ئه‌یبینن، تاق وته‌نیا دێت وئه‌چێ و
به باڵه‌کانی ئه‌نووسێ
ئه‌وه باڵنده‌ی تر نی یه
” چونکه باڵنده ئه‌خوێنێ وهیچ نانووسێ ”
ئه‌وه منم .. ئه‌وه خۆمم، له وه‌ختێکدا
یان ” چیرۆک ” ئه‌که‌م به باران
یان ” په‌خشان ” ئه‌که‌م به زه‌رده
یاخود ” شێعر” به ئه‌ستێره و
که شه‌و داهات
له سه‌رتاندا دابگیرسێ!
شێرکۆ
له دیوانه شێعری ” خۆم .. ئه‌و وه‌خته‌ی باڵنده‌م! ”.
سلێمانی 2.2.2002
پیناسه کردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س
پاراوی له زمانی کوردی دا و خۆ بواردن له به‌کار هێنانی وشه‌ی بێگانه.
زمانی شێعری شاعیر زمانی کوردی ده‌وله‌مه‌ند کردووه و ده‌کرێ دیوانه‌کانی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س وه‌کوو فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی سه‌یر بکه‌ین بۆ فێر بوونی وشه‌ی کوردی.
توانایی له وه‌سف کردن وپان وبه‌رینی دونیای خه‌یالاتی شاعیر یه‌کجار گه‌وره‌یه و روانگه وجیهانبینی شاعیر وای کردووه که له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی کوردستان وه‌کوو شاسواری شێعری هاوچه‌رخی کوردی بناسرێ.
مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س، شاعیری نه‌ته‌وه‌یی کورده.
به‌رێزان
بۆ تێگه‌یشتن له ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س ده‌بێ به ناخی دونیای بێ کۆتایی خه‌یاڵاتی شاعیر دابچینه خوارێ و ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌و جوانیه‌کانی سروشت وژینگه‌ی کوردستان بناسین و له گه‌ڵ ئه‌و بچینه سه‌یری که‌ژوچیا ودۆل وده‌شت ودارستان وکانیاو وتاڤگه وکویستان و هه‌وارگه‌ی کوێستانچیان وژیانی گوندنشیان وناسینی هه‌موو بونه‌وه‌ران و زینده‌وه‌ران وله گه‌ڵیان بکه‌وینه قسه کردن وهه‌ر کامه‌یان به زمانی خۆیان بدوینین. ده‌بێ له گه‌ڵ شاعیر هه‌ست به قولایی سیاسه‌تی ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کورد وکاوڵ کردنی کوردستان بکه‌ین وکاریگه‌ری له سه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی وله سه‌ر ژینگه‌که‌ی. ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌و فرمێسکی به هه‌زاران بێوه‌ژنی پاشماوه‌ی ئه‌نفال ببینین که به کۆشێک منداڵ وبێ ده‌رتان وله‌و په‌ڕی نه‌داری دا ژیان تێپه‌ر ده‌که‌ن وشه‌و و ڕۆژ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانیان ده‌که‌ن وبه دایم چاو له ده‌رگای ده‌ره‌وه ده‌که‌ن به هومیدی دیتنی تروسکه‌یه‌کی رووناکی له ژیانیاندا. ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگه وخۆراگری و فیداکاری وئازایه‌تی وله خۆبردوویی ئه‌و رۆله کورده بناسین که بۆ به‌رگری له مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌حاست داگیرکه‌ر دا چۆن هه‌موو شتێکی فیداده‌کا. ده‌بێ له گه‌ڵ شاعیر له سنوره‌کانی ده‌ستکری داگیرکه‌ر ڕه‌دبین و زولم و زۆری وبێ به‌شی کورد له به‌شه‌کانی دیکه‌ی داگیرکراوی کوردستان به چاو بیبین و هه‌ست به ده‌رد وئازاری قوڵی گه‌لێکی ده‌یان میلیۆنی بکه‌ین که له سه‌ره‌تایترین مافه‌کانی بێ به‌ش کراوه.
به‌رێزان
sherko bekas2بۆ ناسینی شیوازی شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س واباشه له زمان خۆیه‌وه ئه‌و پێناسه‌یه بزانین.شاعیر له پێشه‌کی دیوانه شێعری” خۆم .. ئه‌و وه‌خته‌ی باڵنده‌م ” شیوازی شێعری خۆی به سێ جۆر دابه‌ش کردووه وله‌و باره‌وه ده‌نووسێ.
له ڕێزبه‌ندی ناوه‌رۆکی ئه‌م کتێبه‌شدا، وام به چاک زانی ده‌قه‌کان بکه‌م به سێ به‌شه‌وه یان بیانخه‌مه سێ ته‌لانی جیاجیاوه وبه‌ڵام به هه‌موویان هه‌ریه‌ک باخ وهه‌واریان هه‌بێت:
یه‌که‌م: که‌ژی شێعر: تایبه‌ت به شێعره درێژه‌کان.
دووه‌م: باڵنده بچکۆله‌کان: تایبه‌ت به کورته شێعره‌کان.
سێهه‌م: پێده‌شتی په‌خشان: تایبه‌ت به په‌خشان وپه‌خشانه شێعر وپه‌یڤه شێعریه‌کان که من بۆ خۆم بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌م ژانرانه لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تم هه‌یه وبه شێوه‌یه‌کی گشتیش ئه‌وه‌ی شێعر له په‌خشانه شێعر جیائه‌کاته‌وه، ئه‌و مۆسیقا وئاهه‌نگه‌یه که له زمانی ئه‌وه‌یاندا هه‌یه و له‌میاندا که‌متریان نی یه. دڵنیاشم که خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر به سه‌لیقه‌ی خۆیشی بێت له وه‌ختی خوێندنه‌وه دا هه‌ست به‌م جیاوازیانه ئه‌کات. ئه‌مه له کاتێکدا، مانای ئه‌وه نی یه له نرخی ئه‌فراندنی په‌خشان وپه‌خشانه شێعر که‌م بکه‌ینه‌وه. چونکه هه‌رگیز ئیبداع وداهێنان تاقه مالێکیان نه‌بووه.
شێرکۆ بێکه‌س
سلێمانی 2002/2/27
به‌رێزان
ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی مامۆستا شێرکۆبێکه‌س سیاسی، مێژوویی. نه‌ته‌وه‌یی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، عاشقانه ویه‌کسانی خوازی وئازادی ده‌گرنه خۆ. بۆ ئه‌و کۆریاده چه‌ند دانه له‌و شێعرانه‌م هه‌ڵبژاردووه وبۆ ئه‌وه‌ی له ناخی بیروبۆچوون وروانگه‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س حالی بین.
یه‌که‌م پارچه شێعر، شێعرێکی کورتی سیاسی یه به ناوی ” داوا”.
داوا
ژوورێک داوای چرایه‌ک و …
چراکه داوای مێزێک و …
مێزه‌که داوای ده‌فته‌رێ و …
ده‌فته‌ر داوای قه‌له‌مێک و …
قه‌له‌م داوای ده‌ست وپه‌نجه و
په‌نجه‌یش داوای
ئازادی کرد.
2002/2/22
له‌و شێعره سیاسی یه دا به روونی باس له ئازادی نووسین وڕاده‌برێنی روناکبیران وخاوه‌ن بیروفکری جیاواز له ده‌سه‌لاتداران ده‌کا که ناتوانن ئازادانه بیروبۆچوونی خۆیان بخه‌نه به‌ره‌وڕووی کۆمه‌لگا وله لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه تووشی گیروگرفت وبه دواداچوون وگرتن وزیندان ده‌بن.
دوو پارچه شێعری دیکه که په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به سیاسه‌تی ژێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کورد به ده‌ستی به‌عسیه نژادپه‌ره‌سته‌کا‌نه‌وه هه‌یه و تابلۆیه‌کی روونه له سیاسه‌تی ئه‌نفال وکاول کاری کوردستان.
شێعری ” تاشه‌به‌ردێ”
تاشه‌به‌ردێ
له گوندێکی بێوه‌ژندا
یه‌که‌مجاربوو له ژیانیا
وه‌ک ئه‌و ڕۆژه به کوڵ بگری
وه‌ختێ ئه‌غیار به زۆری زۆر
هه‌ڵیانکه‌ند وهه‌ڵیانگرت و
بردیان سه‌ری
کانییه‌کیان
پێ داپۆشی!
2002/2/22
له‌و پارچه شێعره دا شاعیر باسی سیاسه‌تی ئه‌نفال ده‌کا وباس له گوندێک ده‌کا که پیاوه‌کانی ئه‌نفال کراون وته‌نیا بێوه‌ژنه‌کان به کۆشێک منداڵه‌وه له‌و گونده دا به جێ ماون وسه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش رێژیمی داگیرکه‌ر کانیاوی گونده‌که‌یان به تاشه‌به‌رێ داده‌پۆشی بۆ ئه‌وه‌ی له تینیوتیان قڕ بن ویان ناچاربن گونده‌که‌یان چۆل بکه‌ن.
شێعری ” هه‌ڵکه‌ندن” ئه‌و شێعره‌ش هه‌ر تابلۆیه‌که له سیاسه‌تی ئه‌نفال وداگیرکاری رێژیمی به‌عسی نژادپه‌ره‌ست له کوردستان دا.
هه‌ڵکه‌ندن
لێره‌وله‌وێ خاکمان هه‌ڵکه‌ند
بۆ ئاو گه‌ڕاین ..
له‌و ده‌شتانه له بناری شاخه‌کاندا
بۆ نه‌ختینه وئاسه‌واری
کۆنمان گه‌ڕاین ..
له قه‌راغ شار خاکمان هه‌ڵکه‌ند
بۆ بناغه‌ی ماڵێکی نوێ ..
له ناو شاردا ئه‌رزمان هه‌ڵکه‌ند
بۆ کێبڵ وبۆ خه‌ته‌کانی ته‌له‌فۆن ..
به‌رله ئاو و
به‌ر له ئاسه‌واری کۆن و
به‌ر له ماڵ وپێش ته‌له‌فۆن ..
له ژێرخاکدا
کاسه سه‌رو
ئێسک وپروسکی تێکه‌ڵ و
جلی بێ ڕه‌نگ وڕزیوی
ئازیزه‌کانمان دۆزیه‌وه!
2002/2/22
به‌رێزان
مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له وه‌سفی جوانی ژنی دا له‌و دیوانه‌ی دا پارچه شێعرێکی زۆر نایابی نووسیوه. شێعری ” کچ”.
کچ
له‌و ده‌شته دا
من کچێکی کراس سپیم
له‌به‌ر مانگه‌شه‌ودا بینی
بینیم خه‌ریکه به ده‌ستێک
گوڵه مێلاقه ئه‌چنێ و
به ده‌ستێکیش .. له‌و ده‌شته‌دا
چه‌تری ئه‌ستێران هه‌ڵئه‌دا!
ئاوم بینی
له دۆلێکدا تاق وته‌نیا ڕاوه‌ستاوه و
له به‌رده‌می تریفه‌دا حه‌په‌ساوه!
دارم بینی سه‌رکوتۆته سه‌رگردێک و
له‌وێوه را
له دووره ئاگرێ راماوه!
ئاسکم بینی
سڵ له سێبه‌ری هه‌وره‌کان ئه‌کاته‌وه و
به‌فرم بینی
له تاو عه‌شقه‌که‌ی هه‌ڵه‌کۆک
تنۆک تنۆک تواوه‌ته‌وه
مانگ جوان وده‌شت جوان وگوڵه مێلاقه وئه‌ستێران
ئاو وئاسک، دره‌خت جوان و
به‌ڵام له هه‌موویان جوانتر
کچه‌که بوو!
2002/2/10
له‌و شێعره دا جوانی وناسکی وپاکی و ئه‌وین وخۆشه‌ویستی ژن به سه‌ر هه‌موو جوانیه‌کانی دیکه‌ی گه‌ردون و زه‌وی دا زاڵه. کچ له‌و شێعره‌دا له مانگ، له ئاو، له ئه‌ستێره، له به‌فر، له دار، له ئاسک، له مانگه شه‌و، له گۆڵ وله ده‌شت جوانتره.
به‌رێزان
مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س شاعیری نه‌ته‌وه‌یی کورده ومڵکی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستانه. ئه‌و له شێعره‌کانی دا به ئاشکرا هه‌ڵوێست و روانگه‌ی خۆی له هه‌مبه‌ر به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان وسیاسه‌تی تێرۆر وکوشتاری کورد به ده‌ستی داگیرکه‌رانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌ربڕیوه وبۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆمه‌لێک شێعری داناوه. به بۆنه‌ی تیرۆری شه‌هید. د. قاسملو. د.شه‌ره‌فکه‌ندی. به بۆنه‌ی ڕفاندنی به‌رێز ئۆجالان. دژ به تێرۆر وتۆقاندنی ده‌سه‌ڵاتداران ونه‌هامه‌تیه‌کانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان. هه‌ڵوێستی گرتووه له هه‌به‌ر له سێداره دانی رۆله‌کانی کورد به ده‌ستی رێژیمی شه‌ڕ وخوین وسێداره‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هه‌روه‌کوو له پێناسه‌ی شێوازی شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س دا هاتووه وخۆی ئه‌و پێناسه شێعرییانه‌ی دیاری کردووه، په‌خشان و په‌خشانه شێعر له داهێنانی ئه‌و شاعیره بلیمه‌تن و کۆمه‌لێک په‌خشان وپه‌خشانه شێعری جوان وبه تام وچێژی نوسیوه وبۆ کۆتایی باسه‌که‌م وبه هۆی نه‌بوونی کاتی زیاتر یه‌کێک له‌و په‌خشانه شێعرانه‌م هه‌ڵبژاردووه که چه‌ند بڕگه‌تان پێشکه‌ش ده‌که‌م. مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له‌و په‌خشانه شێعره دا باسی له سێداره دانی رۆله‌کانی کورد به ده‌ستی رێژێمی سێداره‌ی ئیسلامی ئێران ده‌کا. شه‌هیدان مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌م هولی، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهادی وه‌کیلی ومه‌هدی ئیسلامیان که که‌سێکی فارس زمانه.
ناوی په‌خشانه شێعره‌که : ” ئێمه ومردن”
له راستیدا
ئێمه ژیانین وگه‌نجه‌کانمان ئاینده‌ن ونابڕێنه‌وه
ئێمه چیاین ناگوێزرینه‌وه
ئێمه شعرین وشک نابین
باهۆزین نانوشتێینه‌وه
زاوزێ ی ئازادی گه‌لین وکۆتایمان هه‌ربۆنیه
ئێمه ژیان هه‌رخۆین ناتوینه‌وه
ده‌پێم بلێن له‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژئاوا
له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه
له کۆنه‌وه تا ئێستا سێداره‌کان چی‌یان له ئێمه داکوشت
توانیان چی له هاواری شۆرش وئازایمان که‌م بکه‌نه‌وه
سێداره‌کان توانیان شاهۆ بترسێنن
توانیان ده‌ریاچه‌ی وان و ورمێ بێده‌نگ بکه‌ن
توانیان چۆک به پیره‌مه‌گرون دابده‌ن
ئه‌وه‌ی تائێستا سێداره‌کان کردویانه، پێچه‌وانه‌که‌ی هاتۆته دی
کاروانمان درێژتر بۆته‌وه، ده‌نگمان زوڵاتر وئاپۆره‌مان چڕوپڕتر وگه‌وره‌تر
سێداره‌کان ترساون، له کورد ترساون
سێداره‌کان به‌زیون وئێمه هه‌رماوین
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی پیرپیر بووه وبه‌ڵام ئێمه هه‌رگه‌نج
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی خوارخوار بۆته‌وه وبه‌ڵام ئێمه
تازه وا خه‌ریکین له مله به‌رزه‌وه ده‌ست بۆ خۆر به‌رین ودایگرینه سه‌ر عه‌رز
له‌م به‌یانییه‌وه شه‌قامی هه‌ره گه‌وره‌ی سنه بوو به فه‌رزادی که‌مانگه‌ری
له‌م به‌یانییه‌وه گه‌وره‌ترین باخچه‌ی مه‌هاباد بوو به شیرینی عه‌له‌م هولی
له کازیوه‌ی ئه‌مرۆوه، هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی له دایک بوون
ناوی فه‌رهادی وه‌کیلیان لێ نرا
له‌مرۆوه، له یه‌که‌م گزینگی ده‌مه‌وبه‌یانییه‌وه، مه‌هدی ئیسلامیان بوو به گۆمی وان
له شه‌فه‌قی ئه‌مرۆوه، عه‌لی حه‌یده‌ریان بوو به تاق بوستانی کرماشان
ده‌فه‌رموون سنه له سێداره بده‌ن
مه‌هاباد سه‌ر بڕن
ده‌فه‌رموون مه‌هێلن منداڵانی ئێمه له دایک ببن
ده‌فه‌رموون مه‌هێلن باران ببارێ ومه‌هێلن گیا سه‌وز بێ ومه‌هێلن زه‌وی بژی
من ئیتر له مرۆوه عاشقی چاوه‌کانی شیرینی عه‌له‌م هولیم
له‌مرۆوه هه‌رچی شعرم هه‌یه ئه‌یانکه‌م به گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرینی عه‌له‌م هولی
له ئێسته‌وه من تالێ له قژی ئه‌وم
له ئێسته‌وه من نینۆکی په‌نجه‌ی ئه‌وم
له ئێسته‌وه من ئیتر ده‌بمه ئه‌و جووته پێڵاوه‌ی که دواجار له پێێ کرد و پێێ چوو سه‌ر سێداره
له ئێسته‌وه من بازنه‌ی به جێ ماوی ده‌ستی شیرینی عه‌له‌م هولیم
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی چی له سێداره نه‌دا
له خه‌ونه‌وه بۆ شعر‌و له شعره‌وه بۆ ژن وله ژنه‌وه بۆ نان وبۆ ئاو و بۆ کانی
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی ئه‌وه‌ی هه‌رگیزاوهه‌رگیز ناتوانێ له سێداره‌ی بدا
ئاینده‌یه وئازادی
سپاس بۆ به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌و کۆڕیاده که ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆم من ڕه‌خساند وسپاسیش بۆ گوێ گرتنی ئێوه به‌رێزانی به‌شدار
14.9.2013