بۆ پێشەوە بەرەو هەڵوەشان و دابەشکردنی “ئێران. ڕێبوار ئەحمەدزادە

هۆکارگەلێکی زۆر جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکانی نەتەوە نافارسەکان لە “ئێران” لاواز دەکەن و پێویستە ئەو هۆکارانە دەست نیشان بکرێن و لێکدانەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت. ئەو هۆکارانە دوو بەشن. هۆکارگەلی دەرەکی و هۆکارگەلی ناوخۆیی. هۆکارە دەرەکیەکان بریتین لە:

١- بەرژەوەندیە ئابوریەکانی وڵاتانی دەرەکی لە سات و سەودا کردن لەگەڵ شۆوینیزمی فارس

لە کاتێکدا کە لە سەرجەم وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا، ژمارەی زانکۆو کۆلیژی”ئێران ناسی”و “ڕێزمانی فارسی” لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ نابێت، بەڵام لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتوو هەژارەکانی ئوروپای ڕۆژهەڵات(کۆمۆنیستی پێشوو)ژمارەیەکی بەرچاو زانکۆۆ کۆلیژی “ئێران ناسی”و “ڕێزمانی فارسی” کراونەتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەژاری ئابووری باڵكێشاو بەسەر وڵاتانی ئوروپای ڕۆژهەڵاتدا، ڕوون و ئاشکرایە کە بە پێشنیارکردنی بەرتیلێکی کەمی پان ئێرانیستەکان، ئامادەن دوکانی شۆوینیزمی فارس بکەنەوە.
لەسەر جەم وڵاتە ناوبراوەکاندا، “ئێران” بە وشەی هەڵبەستراوی “پەرسیا”یان “پەرشیا”دەناسرێ و هیچ ئاماژەیەک بە نەتەوە نافارسەکان ناکرێ!

شۆوینیزمی فارس لە ڕێگەی بەرتیلی زل وزەبەلاحەوە دەنگی جیایی خوازەکانی نەتەوە ژێر دەستەکانی ئەو جوگرافیا بە ناڕەوا دروست کراوە لە تریبونە نێو نەتەوەییەکاندا سانسۆر دەکا.

٢- ترسی وڵاتانی کڕیاری نەوت لە هەڵوەشانی ئێران

هەرجۆرە پەککەوتن و کێشەیەک لە هەناردە کردنی نەوتی “ئێران”، دەتوانێ ببێتە هۆی بەرز بونەوەی نرخی جیهانی نەوت کە جێگا پەسنی وڵاتانی کڕیاری نەوت نابێ. کەوابو ئەو وڵاتانە نیگەرانی هەر جۆرە شەڕێکی ناوخۆیی و دابەش بونی “ئێران” دەبن و بە هۆی پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان بە باشتری دەزانن کە دەنگی سەربەخۆیی خوازانی ژێردەستی شۆوینیزمی فارس کپ بکەن.

٣- زەرەرمەند بوونی هەندێک لە دراوسێکان لە دابەشبوونی “ئێران”.

وڵاتانی وەک تورکیە، عێراق، پاکستان، عەرەبستان، ئەرمەنستان، تاجیکستان، پەشتوونەکانی ئەفغانستان بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر لە دابەش بوونی “ئێران”زەرەرمەند دەبن.

هەڵوەشانی “ئێران” و دروست بوونی وڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هۆی دنە و هاندانی کوردەکانی باشور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەوەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ دابەشبوونی عێراق، تورکیە و سووریە کە بێگومان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی وڵاتە ناو براوەکاندا نابێت.

سەربەخۆ بونی بەلوچستانی ڕۆژئاوا، دەبێتە هۆی جوڵانی هەستی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازی بەلوچەکانی پاکستان و ئەفغانستان کە ئەوەش سەرەتایەک دەبێ بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتانە و ئەوەش جێگا پەسندی پاکستان و پەشتوونەکانی ئەفغانستان نابێ.

سەربەخۆبونی ئەهوازی عەرەب لە “ئێران” و دروست بوونی وڵاتێکی تازەی عەرەبی شیعە لە بەرژەوەندی وەهابیەکانی عەرەبستاندا نیە و دەبێتە هۆی جوڵانی هەستی سەربەخۆییخوازی شیعەکانی ئەو وڵاتە کە بێگومان عەرەبستانیش خوازیاری ئەو ڕووداوە نیە. بۆیە هەوڵ دەدات کە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ شۆوینیزمی فارس بسازێت.

وڵاتانی وەک ئەرمەنستان و تاجیکستانیش کە جیرەخۆری شۆوینیزمی فارسن، بێگومان دابەش بوونی “ئێران” بەواتای زەرەرمەند بوونی ئەوانە، چونکە تورەکەی سواڵەکەیان بەتاڵ دەمێنێتەوە.

وڵاتی ڕوسیەش نیگەرانی دابەش بوونی “ئێران”ە بۆ وڵاتی بچووک بچووک چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی داخرانی ڕێگای تڕانزیتی ڕوسیە بۆ دەریای ئازاد لە “باشووری ئێران”.

هۆکارگەلە ناوخۆییەکان بریتین لە:

١- هەبوونی کێشە لە نێوان لایەنە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

ئێستاکە جیاوازیەکی بەرچاوی بیرکردنەوە لە نێوانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینەرێت. تا کاتێک کە لایەنە کوردیەکان لە ناوخۆیاندا کێشەیان هەبێت چۆن دەتوانن لەگەڵ لایەنی نەتەوەکانی دیکە یەکگرتویی پێک بهێنن؟
هاوکاری و هاوپەیمانی بەشێک لە لایەنە کوردیەکان لەگەڵ لایەنە تورکە ئازەریەکان شتێکی کاتی و زیان بەخشە. چونکە گونجاندنی بەشێکی زۆر لە ناوچە کورد نشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو نەخشەی “ئازەربایجانی باشوور”دا درەنگ یان زوو دەبێتە هۆی کێشەیەکی گەورە لە نێوان کورد و ئازەریدا.
مەگەر ئەوەی کە لایەنە کوردیەکان بە فرۆشتنی ئەو ناوچانە بە لایەنە ئازەریەکان سەرنجی ئەوان بۆلای خۆیان ڕابکێشن!
ئایا کورد دەتوانێ لەگەڵ ئازەریەکاندا یەک بگرێ لە کاتێکدا کە لایەنە ئازەریەکان شارە کوردنشینەکانی وەک ورمێ،خۆی،سەڵماس،ماکۆ،نەغەدە تەنانەت مەهاباد،شنۆ،پیرانشار و سەردەشتیشیان لە ناو نەخشەی خۆیاندا گونجاندووە؟!
ئایا لە بنەڕەتدا لە سەردەشت،مەهاباد،پیرانشار،شنۆ و بۆکان ئازەری بوونیان هەیە؟. گونجاندنی هەڕیمە کوردیە ناوبراوەکان لە ناو نەخشەی”ئازەربایجانی باشوور” و بێدەنگی لایەنە کوردیەکان لە دوا ڕۆژدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورە.

هەموو لایەک ئەوە باش دەزانێ کە بە داخەوە لایەنە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە لە ناوخۆیاندا کێشەیان هەیە و زۆر جاریش دژی یەک دەخوێنن کە هەمووی لە دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردە لەو بەشەی کوردستاندایە.
هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لایەنە کوردیەکان لەسەر ئەوە کۆک نین کە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوێیە، ئیدی چۆن دەبێ چاوەڕوانیمان لە دراوسێکانمان بێت کە بە فەرمی بناسن و دانی پێدا بنێن؟!

٢- چارەنووسی نادیاری ناوچە دوو زمانیەکان

چارەنووسی نادیار و مەترسیداری ناوچە دوو زمانیەکان کە لەلایەن شۆوینیزمی فارس بۆ ئاوەها ڕۆژێک(ڕۆژی سەربەخۆیی خوازی) بەدیهێنراوە، کەرەسەیەکی گونجاوە بۆ پەک خستنی جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکان.

٣- یەکگرتوویی و هاوسۆزی لایەنە ئایینی و چەپەکانی کورد لەگەڵ فارسەکان، زەربەیەکی گەورەی لە جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکان داوە و دەیدات. چونکە فارسەکان بە زەق کردنەوەی ئەو بابەتە ،جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکان کەم ڕەنگ و کەم بایەخ دەکەن.

٤- بێ هیوایی هەندێک لە نافارسەکان لە دابەشبوونی”ئێران” و گەییشتن بە ڕزگاری نەتەوەیی

هێزی پڕوپاگەندەی شۆوینیزمی فارس چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوەدەچێ و لەو پێناوەشدا پارەیەکی بەرچاو خەرج دەکا بۆ ئەوەی بە بەرپا کردنی جەنگی دەروونی، خۆی بە توانا و پێشکەوتوو و ڕەقیبەکەشی کە نەتەوە نافارسەکانن بە لاواز و دواکەوتوو نیشان بدات، بە داخەوە لەو ڕێگەیەشەوە تا ڕاددەیەک توانیویەتی کاریگەری بخاتە سەرهەندێک کەسایەتی و لایەنی نافارس بۆ ئەوەی بێ هیوا بن لە داهاتویەکی گەش و ڕوناک بۆ جوڵانەوە سەربەخۆیی خوازیەکانی خۆیان.

ڕێگا چارە چیە؟

دابەشبوونی وڵاتێک و سەربەخۆبونی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە، تەنها جوڵانەوەیەکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو دەبێ وەک ئاڵقەیەک بێتە ناو زنجیری سیاسەتی نێونەتەوەیی.

ئەگەر سەربەخۆ بونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرژەوەندی وڵاتان بێت ئەوە شتێکی ڕون و ئاشکرایە هاوکاری دەکەن و ئەگەر لە زەرەدی ئەوانیش بێت دژایەتی کردن لەگەڵیدا شتێکی چاوەڕوان نەکراو نیە.

بە تواناو وزەیەک کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیەتی زۆر بە ئاسانی دەتوانین سەرنجی هاوکاری زۆرێک لە وڵاتە زلهێزەکانی دونیا بۆلای خۆمان ڕابکێشین.

١- یەکگرتنی لایەنە کوردیەکان و بەدەستەوە گرتنی ڕۆڵی ڕێبەری کردن لە جوڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکانی “ئێرانی ئەمڕۆ”دا.

بە سەرنجدان بە خەبات و قوربانیدانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرینگی ستراتیژی ناوچە کوردیەکان،جڵەوی بڕیاری دابەش کردنی “ئێران” بەدەست کوردەوەیە.

کەوابو کە کوردەکان ڕۆڵی ڕێبەری کردنیان هەبێت، پێویستە نەتەوە نافارسەکانی دیکە بێنە ژێر چەتری ئەو ڕێبەریە نەک ئەوەی کە کوردەکان بچنە ژێر چەتری ئەوانەوە.

٢- پێویستە سەرجەم لایەنە کوردیەکان لەسەر یەک نەخشە بۆ سنوورەکانی کوردستان ساخ ببنەوە و ئەرکی هەموو لایەک بێت کە تەنها ئەو نەخشەیە بەکار بهێنیت و داکۆکی لەسەر بکات. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ لایەنە کوردیەکان چەندین دانیشتنی هاوبەشی بۆ بکەن و بە پشت بەستن بە بەڵگە باوەڕپێکراوە مێژوویی و کۆنەکان، نەخشەیەکەی ڕاست و دروست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی نەبێتە مایەی سەر لێ شێواوی بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

٣- لایەنە کوردیەکان دەبێ جیاوازی بیروبۆچون بنێنە لاوەو بابەت و نووسینە هومێد بەخشەکانی نووسەرانی کورد بڵاو بکەنەوە وخۆیان دور بگرن لە کێبڕکێی ناسالم و نابەجێ.هەر لایەنێکیش کە هاوکاری لایەنە کوردیەکان نەکات، دەبێ بخرێتە پەراوێزەوە.

٤- هاوکاریەکی چالاکیی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لایەنگری دابەشبونی “ئێران”ن یا بەرژەوەندیان لە دابەشبوونی “ئیران”دا هەیە.

هەندێک لە وڵاتان پێشوازی لە دابەشبوونی “ئێران”دەکەن. وڵاتانی وەک ئازەبایجان،غەیرە پەشتوونەکانی ئەفغانستان، هەندێک لە وڵاتانی ئوروپایی،وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک ژاپۆن و کوریای باشوور،زۆربەی وڵاتانی ئافریقایی بە تایبەتی عەرەبەکانی باکووری ئافریقا،وڵاتی هیندوستان،وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، هەندێک لە حیزب و لایەنەکانی ئامریکا، هەندێک لە حیزب و لایەنەکانی ئیسڕاییل،وڵاتانی ئوستڕالیا،کانادا و زۆربەی وڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت کە هومال و ڕەقیبی ئابووری “ئێرانن”.

دابەشبوونی ئێران سەرەتایەک دەبێت بۆ دابەشبوونی پاکستان کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی هیندوستان دایە.
دابەشبوونی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانێ پشتیوانی لە کۆریای باکوور بکات کە ئەوەش لە بەرژەوەندی ژاپۆن و کۆریای باشووردایە.

دابەشبوونی “ئێران” لە بەرژەوەندی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبیدایە بۆئەوەی بتوانێ سێ جەزیرە کێشە لەسەرەکانی وەربگرێتەوە.

دابەشبوونی “ئێران” لە بەرژەوەندی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی باکووری ئافریقادایە بۆ ئەوەی بە دروست بونی وڵاتێکی تازەی عەرەبی،ناسیونالیزمی عەرەبی بەهێز بکەن.

دابەشبوونی “ئێران” دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهانیدا کە ئەوەش لە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکەی خاوەن نەوتدایە.

وڵاتانی گرینگی وەک مەکزیک،نۆروێژ،کانادا کە لە ڕژێمی ئێران بێزارن، بەرژەوەندی دوچەندانەیان لە دابەشبوونی “ئێران”دا هەیە. بەڵام ڕوسیە لە دابەشبوونی “ئێران”لایەک قازانج دەکا و لایەکیش زەرەد، کە وابو دەبێ ئەو دراوسێ بەهێزە دڵنیا بکرێتەوە کە ئەوان تەنها قازانج دەکەن نە زەرەد.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبەرژەوەندی ڕوسیەی خاوەن نەوتدایە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لە وانەیە دابەشبوونی “ئێران” پەیوەندی ترانزیتی ئەو وڵاتە لەگەڵ دەریای ئازادی باشووری “ئێران” بپچڕێنێ. دەبێ لەوە بوارەوە روسەکان دڵنیا بکرێنەوە. چونکە مەسیری ترانزیتی ئەو وڵاتە دەکەوێتە ناوچەی نەتەوە نافارسەکان و ئەگەر ڕوسیا هاوکاریان بکات بۆ دابەشکردنی “ئێران”ئەوانیش بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە لەبەرجاو دەگرن.
ئیسرائیلیش بە دابەشبوونی “ئێران”،وڵاتێک کە خوازیاری سڕینەوەیەتی لەسەرنەخشەی جوگرافیا، ئاسوودە دەبێت.

تێبینی: هیچ وڵاتێک لە جیهاندا جیابونەوەی تێناکەوێ مەگەر ئەوەی کە دونیا دەنگی سەربەخۆییخوازەکانی ئەوێ ببیستێ و خۆی ئامادە بکات بۆ قەبوڵ کردنی سەربەخۆیی خوازە تازەکان.

کورد لە ڕٶژهەڵات بە سەربەخۆیی ناگات مەگەر ئەوەی کە جیهان دەنگی سەربەخۆییخوازانی ڕۆژهەڵات ببیستێ و هاوکاریان بکات. کەوابو با هەمومان لە تەپڵی سەربەخۆییخوازیی کورد بدەین و جیهان لە خواستەکانی خۆمان تێ بگەیەنین.

ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە سەر زمانە جۆراوجۆرەکان هەیە هەرچەند ئەو زمانانە زۆریش گرینگ نەبن، با پێنووس لە دەست بگرن و دەنگی سەربەخۆییخوازی کوردی ڕۆژهەڵات بە گوێی جیهانیان بگەیەنن.
مامۆستایانی کورد زمانی زانکۆ گرینگەکانی دونیا با پەیوەندی بگرن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندیان لە دابەش بوونی “ئێران”ی ئەمڕۆدا هەیە و بەرژەوەندیەکانی ئەوان و خۆمانیان لەو دابەش بونەدا بۆ باس بکەن.
هەر جۆرە هاوکاریەکی جیهانی ئەگەر کەمیش بێت بە دەسکەوت و قازانج، و هەر جۆرە لێدانێکیش لە بەرژەوەندیەکانی شۆوینیزمی فارس بە کاریگەر بزانین.

دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت کە گومان لە ڕزگار بوونی ئێمەی کورد لە ژێر داگیرکەری شۆوینیزمی فارسدا نیە، بەڵام تا بکرێ واباشترە کە بە هاوکاری کۆمەڵگای نیونەتەوەیی و لە ڕێگایەکی ئاسان و کەم تێچودا بە ئاکام بگات.

ڕێبوار ئەحمەدزادە