پڕۆسەی هەڵبژاردنی سیاسی لە هەڕیمی کوردستاندا! محەممەد سولێمانی

هەڵمەتی بانگاشەی هەڵبژاردنی پارلمانی لە هەرێمی کوردستان لە ئاخرین حەوتووی خۆیدایەو هەموو کیانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیەکان لە چوارچێوەی دەستووری وڵات و لە ژێر ئامۆژگاری و بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردندا کە لە ٢١ ئەو مانگەدا بەڕێوەدەچێت، هەنگاو بەرەو دەنگدانی گشتی لە پاڕێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک دەنێن و هەر لایەک هەوڵی ئەوەی دەدات زۆرترین دەنگدەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت لە ڕێگای بەدەست هێنانی زۆرترین کورسی پارلمانی کوردستان بتوانێ چوار ساڵیتر حوکمڕانی وڵات بکات و بەڵێنیەکانی کە بە خەڵکی دراوە جێ بە جێ بکات.

بێگوومان پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە کوردستان نیشانەی ئاستی وشیاری سیاسی و گەشەکردنی بنەماکانی دێمۆکڕاسی سیاسی و بەرەوپێشچوونی فۆرمی حوکمڕانی کورد لە ئاستی جیهانیدا دەگەیەنێت و لە ڕوانگەی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش وەک دەسکەوتیکی گرینگ و مێژووی بۆ خەڵکی کوردستان بە حیساب دێت کە لە سێبەری بڕیاردانی سیاسی گەلی کورد خۆیان ، ئەو دەرەتانەیان پێک ‌هێناوە کە دامودەزگای سیاسی و ئیداری بەرەو قۆناخی دێمۆکڕاتیزە کردن بەرن و پارلمان وەك مەرجەحی سەرەکی داڕشتن و هەموارکردنەوەی دەستوور سەیر دەکرێت و ڕیفۆرم لە سیستمی سیاسیدا بکرێت.

لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵژاردندا بۆ هەموو هێزو لایەکان ڕەخساوە و لیست و قەوارە سیاسیەکان بە ئازادی هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆدەنگی و پشتیوانیکردن لە لیستەکانیان دەست پێکردوە و لەو پەیوەندیەشدا هەست بە هیچ جۆرە ڕێگریەک ناکرێ و ئازادی بەتەواوی هەست پێدەکەیت .

دیارە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بڕیاری خۆیانداوە کە زۆر بەسەربەستی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا لە سەر سندووقی دەنگدان ئامادە بن و دەنگ بەو لایەنە سیاسیە بدەن کە بەرنامەی ڕاگەیاندراوی لە بەرژەوەندی گشتی ئەواندابێت و لە حوکمرانی پاش پرۆسەی هەلبژاردندا بەڵێنیەکانی کە داویانە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەئەنجام بگەیەنن و تواناو ئیمکاناتی ئەوەی هەبێت کاتێک دەگاتە ئاستی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و هەرلەوکاتەشدا داهاتی گشتی بەشێوەی یەکسان بەسەر هاو وڵاتیانی هەریمی کوردستاندا دابەش بکرێت وداهاتی نەوت و گاز لە ڕێگای سیاسەتی روون و شەفاف بەڕێوەبچێت.

ئەوەی گرینگە لێرەدا ئاماژەی پێبدرێت و وەك بەرچاوروونی لەسەر هەرێمی کوردستان بخڕێتە بەر چاوی هەموو لایەک رەوتی بانگاشەی هەڵبژاردنە لە کوردستاندا کە پرۆسەیەکی بەتەواوی ئازاد و دێمۆکڕاتیکە و بێگومان شان لە شانی رەوتی هەڵبژرادانی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا دەدات و هەموو قەوارەکان لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بانگاشەی هەڵبژاردن بۆ حیزبەکایان دەکەن کە ئەوەش نیشانەی سیستمێکی سەقامگیرو دێمۆکڕات لە کوردستان دەگەیەنێت.

هەڵبژرادنی پارلمانی لە کوردستاندا هەر چەندە ئەزموونێکی درێژی لە پشت نیە بەڵام بەو ماوە کورتەی کە ئەو رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیە دەستی پێکراوە لە هەرێمی کوردستاندا، و وێرای دروست بوونی ڕەوتی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن لە چوارچێوەی حوکمڕانی وڵاتدا و فۆرمگرتنی ئەو شکڵە سیاسی و نوێیە لە کوردستان. ئەو ڕەستەیە ئێستا بۆ هەموو لایەک روون بۆتەوە کە کورد باوەڕی قوڵی بە دێمۆکڕاسی و فرە رەهەندی و رەنگاورەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و هەر لەو کاتەشدا بەردەوام پابەندی خۆی بۆ ئەو چەمکە سیاسی و مێژوویە دووپات دەکاتەوە و کاردەکات هەتا میکانیزمە سیاسی و فیکریەکانی دێمۆکڕاسی باشتر جێبکەوێت لە هەرێمی کوردستاندا.

وەک دەبینین ئەو هەرێمەی ئێمەش واتە کوردستان بەکردوەوە سەلماندی وەك ولاتێکی ئازاد و دێمۆکڕات کە بنەمای حوکمرانی سیاسی و ئیداری لە سەر بنەماکانی دێمۆکڕاسی دامەزراوە ، دەتوانێت لە هەموو ڕویەکەوە شان لە شانی وڵاتانی پێشکەوتوو و دێمۆکرات بدات و لە سایەی ئاسایش و ئەو ئەمنیەتەی کە لە کوردستان پێک هاتووە هانی زۆر لە کۆمپانیەکانی دونیابدات هەتا بێن لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستاندا لە سەر ئەساسی بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی بەشداری بکەن و بەو شێوەیە روخساری وڵاتی کوردان بە جوانی خۆی لە سەر نەخشەی جیهان بنەخشێنێت و هەر لەو پەیوەندیەشدا هەڵوێستی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتە زلهێزەکانی گێتی بە بواری زۆر ئیجابیدا بەقازانجی پڕۆسەی سیاسی و دەسەلاتی کوردی بگۆڕێت.

بە هۆی گەشەکردنی بنەماکانی دێمۆکڕاسی وشیاری سیاسی لە کوردستاندا ڕەوتی هەڵبژاردنی پارلمانی لە قۆناخی بەرزی خۆدایە و هەموو حیزبەکان پاش ڕاگەیاندنی ناوی لیستەکانیان بەرنامە و پلانی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان خستۆتە بەرچاوی خەڵکی کوردستان هەتا کۆدەنگی و پشتیوانی جەماوەری بۆ قەوارەکانیان بە دەست بێنن. سەرەڕای بوونی هێندیک توند ئاژۆی لە سەرەتای پرۆسەکەدا و سەر‌هەڵدانی کۆمەڵێك پەشێوی لە شارو ناوچەکاندا.

بەڵام ئێستا هەموو لایەک زۆر بە هێمنانە و وەریای سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بەرەو پیری پرۆسەی دەنگدان هەنگاو دەنێن و هەتا سەڕۆکی هەڕێمی کوردستان ڕێزدار بارزانی داوای لە خەڵکی کوردستان و هێزو لایەنەکان کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن کردوە کە هیچ لایەک کاریک نەکات زیان بە دەسکەوتە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی حکوومەتی هەرێم بگەیەنێت. سەرکەوتنی پڕۆسەی هەلبژرادنی ئەوجارەیان گەلێک چارەنووس سازە بۆ لیست و قەوارەکان و هەموولایەک هەوڵی گەئیشتن بەدەسەڵاتی سیاسی دەدەن .

هەڵبژاردن پێی ناوەتە ئاستێکی گەلێک هەستیارو وتاری سیاسی هەموو حیزبەکان لە پێناو باشترکردنی ژیان و گۆزەرانی خەلکی کورستاندایە و هەر لایەنیکی سیاسی بە چەپ و ئیسلامیەکانەوە دەیان هەوێت ئەگەر بگەنە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی وڵات، کۆمەڵێک ئاڕاستەی نوێ لە بەرژەوەندی گشتی هاونیشتیمانیاندا بگەیەنە قۆناخی جێبەجێ کردن و لە زۆربواردا دەستور هەموار بکرێتەوە و ستڕاتیژی سیاسی و ئابووری نوێ لەسەر میکانیزمی خۆماڵیترکردنی سامانە سروشتیەکان لە کوردستان دابنرێ. هەموو لایەک لە کوردستان لە سامان و داهاتی گشتی وڵات سومەندبکرێن و یاسای خانەنشینکردنیش هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بگرێتەوە.

دێمۆکڕاسی سیاسی و هەڵبژاردنی پارلمانی لە کوردستاندا ئێستا لە قۆناخی کرچوکاڵی تێپەڕ بووە و هەست بە شارستانی بوون و ڕۆشنبیری نوێ و گەشەکردوو دەکرێت و هەموو لایەک زۆر بەئازادی و بە بێ سانسۆڕ و چاولێک سوورکردنەوە لە ئاستی ڕاگەیاندندا بانگاشەی هەڵبژاردن دەکرێت و هەتا زۆر جار هەست بە هەبوونی زۆر توند ئاژۆی و کەمکورتی لەو بوارەدا دەکرێت. بەڵام ئەوەش لە گرینگی و بایخی مەسەلەکە و ئاستی گەشەکردن و پیشکەوتنی دێمۆکڕاسی لە هەرێمی کوردستان کەم ناکاتەوە. هەرلەوکاتەشدا ئاستی وشیاری سیاسی وکۆمەڵایەتی لە کوردستاندا گەشەی زۆریکردوە کە هەمووی ئاکامی سەقامگیری و ئەمنیەت و ئاسایشە لە هەرێمی کوردستاندا.

محەممەد سولێمانی

18.09.2013