راگەیاندنی پشتیوانیی 12 حیزب و رێکخراوی کوردستانیی لە بانگەوازی 6 رێکخراوەکەی مافی مرۆڤ

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد! کوردستانییانی وڵاتپارێز!

بۆ دەنگهەڵبڕین دژ بە ئێعدامی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان، 6 رێکخراوی کوردستانیی مافی مرۆڤ، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا پێشنیاریان کردووە کە: “رۆژی پێنجشەممە 23ی خەزەڵوەر ببێتە رۆژی ماتەمینی گشتی و خەڵکی کوردستان وێڕای چوونەسەر مەزاری شەهیدان، سەردانی بنەماڵەکانیان بکەن و هاوخەمییان لەگەڵ دەرببڕن.”

چاوەڕوانی هاوبەشی ئەو 6 رێکخراوە لە خەڵکی وڵاتەکەمان ئەوەیە کە: “بەپشتگیریکردنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی دیکەی مەحکوم بە ئێعدام، لەدژی سزای ئێعدام وەک تاوانێکی دژی مرۆڤی، هاودەنگیی بکەن و ناڕەزایەتی خۆیان بە شێوازی مەدەنیانە لە پێشێلکردنی زەقی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی (بندەستی) ئێران، بە گوێی دنیا بگەیەنن.”
ئەو شەش رێکخراوە هاوکات داوایان لە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و میدیاکان کردووە کە لەگەڵیاندا هاودەنگ بن، پشتیوانیی لەو هەنگاوە بکەن و خەڵک و لایەنگرانیان بۆ بەشدارییکردن، هان بدەن.

ئێمە ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە ئەم راگەیەندراوە هاوبەشەمان واژۆ کردووە، لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە دەبوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لەبەرانبەر ئێعدامی ئەو 3 رۆڵە زیندانییەی نەتەوەکەماندا، لەگەڵ هەڵوێست و هەنگاوی هاوبەش و بەرینی سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، رووبەڕوو ببایەوە و وەڵامی ئەو زنجیرە تاوانەی بە پێشاندانی یەکگرتوویی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، وەرگرتبایەتەوە.

بەڵام ئێستا کە ئەو کۆدەنگییە هەمووانییە نەخەمڵیوە، بە ئەرکی ئینسانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی، دینی و سیاسیی خۆمان دەزانین کە بە پشتیوانیی کردنی هاوبەشمان لە بانگەوازی رێکخراوە مەدەنییەکان، گیانی بەرەنگاریی گشتی و یەکێتی و یەکڕیزیی لەبەرانبەر دەسدرێژییەکانی تاران بە دژی نەتەوەکەمان و کوشتار و ئێعدامی رۆڵەکانی، بەهێز بکەین. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە پشتیوانیی لێبڕاوی خۆمان لە بانگەوازی ئەو 6 رێکخراوە دەردەبڕین کە رۆژی 23ی خەزەڵوەر ماتەمینی گشتیی بێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ تا بەمجۆرە خەڵکی کوردستان دەنگی یەکگرتووی خۆیان دژ بە ئێعدامی رۆڵەکانیان و بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی پۆلێکی دیکە لە زیندانیی سیاسی و مەدەنیی کورد دەرببڕن.

رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!

با رۆژی پێنجشەممە 23ی خەزەڵوەر، وێڕای بەرپەرچدانەوەی تاران لە گرتن و ئەشکەنجەدان و سەپاندن و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بەسەر چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی کورد، ناڕەزایەتیی خۆمان لە دژی سیاسەتی سەرکوت و کوشتاری سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی نەتەوەکەمان دەرببڕین و پشتگیری و هاوخەمیی هاوبەشمان بۆ زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان بە گەلانی جیهان نیشان بدەین.

1. رێکخراوی یاریکورد (یارسان)

2. رێکخراوی خەڵکیی کورمانجی خۆراسان

3. رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان – نینا

4. رێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستا

5. یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

6. یەکێتی نەتەوەیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان (پێکهاتوو لە 3 رێکخراوی لاوان)

7. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

8. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان

9. پارتی سەربەستیی کوردستان

10. پارتی سەربەخۆیی کوردستان

11. پارتی سەربەستیی رۆژهەڵاتی کوردستان

12. پارتی ئازادیی کوردستان PAK

٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی

12 نۆڤامبری 2713 زایینی