مەهەندیس خەیاتی شەپۆلەکانی رادیۆی دەکردە چەکی بەرگری پێشمەرگەی هەتا شەری ئازادی پێبکەن. ئەحمەد شێربەگی

مەهەندیس رەزا خەیاتی ، دایکی رووسووری رادێوی ”دەنگی کوردستانی ئێران” ئەمرۆ بەپوولەی رووحی لە گەل شەپۆلەکانی ئەو دەنگە شوڕشگێرو بەرزەفڕە باڵی گرت و هەردی نیشتمانی جێهێشت… دایکێک کە شەو و رۆژ بەدیار بێشکەی رۆڵە تاقانەکەی دادەنیشت و ونەوزی دەدا و مێهرەبانانە شیری پاکی بە زارێوە دەکرد هەتاچاو لە دەست نەبێ… دایکێک کە لە دژوارترین ساتەکانی شۆڕش دا وەک مۆمێک بۆی پێگەیاندنی دەسووتاو دەتوایەوە، بێ ئۆقرە بوو کە کۆرپە خۆشەویستەکەی گڕوگاڵی بێ، پێبگرێ و باڵا بکات…

ئەوەی ئەو دایکە بەڕحمە، ئەوەی ئەو دایکە مێهرەبانە بۆ پێگەیاندنی ئەو دەنگە شوڕشگێرە کردی کەس نەیتوانی بیکا. ئەو شەپۆلەکانی رادیۆی دەکردە چەکی بەرگری پێشمەرگەی هەتا شەری ئازادی پێبکەن. ئەو شەپۆلەکانی ئەو رادیۆیەی کرد بوە باڵی بە هێزی ئەو تەوارانە کە هەڵفر‌ن و کۆتایی بە نابەرامبەریەکان بێنن. کەسێ کە بیری لە رەگەز، لە زمان و لە ئایین نەدەکردوە ، کەسێ کە سنوورەکانی فیداکاری بڕی و لووتکەی ئینساندۆستی داگیر کرد، کەسێک کە دڵی بۆ خۆشەویستی کەرامەتی ئینسان لێدەدا و ئازادیی ئینسان بۆ ئەو لە هەموو شتێکی پڕبایەختر بوو .

نەمر مەهەندیس رەزا خەیاتی لە ڕێگای ئازادیی کورستان دا ڕەنجێکی زۆری کێشاو زۆری لە خۆی مایە دانا، بە دڵنیایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد هەتا هەتایە بە شانازی یەوە باسی ئەو نەمرە دەکات و چیرۆکی وانەکانی ئینساندۆستی و کورد دۆستی بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم گەلە دەگوێژێتەوە…

یاد و بیرەوەری هاوسەنگەری لە میژینەم مەهنەدیس رەزا خەیاتی بەخێرو هەزارن چەپکە گوڵی ڕێزو ئەمەگ بۆ سەر گڵکۆکەی و بەرامبەر بە رووحە مەزنەکەی سەری کڕنۆش دادەنوێنم…

ئەحمەد شێربەگی

لە فەیسبووکی شێربەگی وەرگیراوە