هەڵوێستی بوێرانەی دوکتور فەرهاد پیرباڵ لە ئاست گیرانی ٨ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

یەکێک لە کەسە دیار و ناسراوەکانی باشووری کوردستان دوکتور فەرهاد پیرباڵ مامۆستای زانکۆ و نووسەرو سیاسەتمەدار بە دژی بریار و حوکمی گیرانی ٨ لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاوانی سازکردنی خۆپێشاندان لە هەولێر بە دژی ئێعدامی لاوانی کورد لە ئێران هاتە سەر شەقام و بە تەنیا داوای ئازادکرانی بێ ئەملاوئەولای ئەو بەندکراوانەی کرد.

ماوی ٢٤ ڕۆژ بە سەر گیرانی ٨ چالاکی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەستی پۆلیس و کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم گیراون تێپەری و لەو ماوەیە دا لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسی‌یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین چالاکی سیاسی و مەدەنی نیشتەجێ لە هەولێر و هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی گیراوەکان هەوڵی جۆراوجۆر بۆ ئازادکرانی ئەو ٨ تێکۆشەرە دراوە کە بەداخەوە تاکوو ئێستاش هەوڵی ئەوانە و کەسانی دیکەش بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەوەش هەم کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیگەران کردووە و هەم دڵی زۆرێک لە تێکۆشەر و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی نائومێد کردووە.

لە دوایین هەوڵ بۆ ئازاد کردنی ئەو ٨ کەسە دوکتور فەرهاد پیرباڵ کاتژمێر ٩ و چەند خولەکی بەیانی بە تەنیا شەقامی نێوان فرۆکەخانە و شاری هەولێری بەست و خوازایاری ئازادی بی ئەملاو ئەولای ئەو تێکۆشەرانە بوو، دوکتور فەرهاد پیرباڵ لە هەڵوێستێکی بوێرانەدا رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ هەرێمی کوردستان بە ماڵی هەموو کوردێک بزانێ و چیدی بۆ بەرژەوەندی خۆی کورد فیدای هەندێک قازانجی کاتی نەکات و داوای لە پارلەمانتێرانی حکومەتی هەرێم کرد کە لە ئاست تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێم دا بێ دەنگ نەبن و مافی وەڵامدانەوە بە خۆیان و خەڵک و حکوومەت بە ڕەوا ببینن و هاوکات چیدی بە دڵی رژێمەکانی دەوربەر نەجووڵێنەوە و لاوانی پەریوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئازار نەدەن و شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فیدای بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان نەکەن، لە بەشێکی لە لێدوانەکەی دا گووتی کە بۆیە دەنگم بە سەرۆک داوە کە کوردی هەموو پارچەکان وەک کورد سەیر بکات نەک تەنیا کوردی هەرێم لە ئامێز بگرێ.

پاش چەند کاتژمێر مانەوە دوکتور فەرهاد پیرباڵ ئاراستەی مانگرتنی خۆی گۆری بۆ بەردەم گرتووخانەی محەتەی هەولێر و لەبەردەم گرتوخانە گووتی: ئەگەر تا کاتژمێر ٩ ی شەو بە کاتی هەولێر گیراوەکان ئازاد نەکرێن ئەوە جەستەی خۆی ئاگر دەدم و خۆم دەکەمە قوربانی ڕیبازی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات بەم کارەی خۆم حکوومەتی هەرێم شەرمەزار دەکەم و دواتریش بە دەم گریانەوە هاواری بژی قاسملووی بەرز کردەوە. لە چەند قسەیەک دا ڕایگەیاند کە بۆ پێشگیری لە زیاتر راگیرانی ئەو بەندکراوانە داوا دەکەم کە خەڵکی بە شەرەف لەگەڵم هاوهەڵوێست بن و ئەوەش وایکرد کە کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژهەڵات لەگەڵ دوکتور فەرهاد پیرباڵ لە بەردەم گرتووخانەی محەتەی هەولێر مان بگرن.

کاتژمێر ٩ ی شەو بۆ پێشگیری لە خۆسووتاندنی دوکتور فەرهاد پیرباڵ بنەماڵە و خزمانی گەیشتنە جێ و داوایان لێکرد کە دەست ڕابگرێ و ئەوەش مەجالێکی دیکەی بە کاربەدەست و حاکمانی هەولێر داوە کە بۆ بەیانی بە دەنگ داخوازی دوکتور فەرهاد پیرباڵ و ئەو چەند مانگرتووەی دیکەوە بێن، بە پێی هەواڵی رادیۆ نەوا لە لایەن وەکیلی گیراوەکانەوە بە گیراوەکان ڕاگەیاندراوە کە تا ٢٤ کاتژمێری‌تر ئازاد دەکرێن.