جامانەی خوێنایی کەریم حاجی رەسووڵی (م-زێڕە)
کتێبی جامانەی خوێناویی پێشمەرگەیەک لە نووسینی کاک هەڤاڵ ئەحمەدی رووداوێکی راستی شۆڕشو پێشمەرگە کانی موکریانە. ئەو پێشمەرگە قارەمانە چۆن بە برینداری بەجێ ماو، کێ یارمەتی کردو، کێ خەمی بۆ خواردو چۆن رزگاری بوو حەق وایە هەموو لاوانی نەوەی نوێ بیخوێننەوەو بزانن ژیانو بەسەر هاتی تێکۆشەرانی گەل چۆن بووە؟ ئەویش لەزمان کەسێکەوە کە بە تەنیا هاوڕێو هاوسەنگەری ئەو پێشمەرگە بووە، بەڵکوو دەکرێ من بڵێم فریادرەسی نەجاتیشی بووە. رازاندنەوەی وشە بەوشەی ئەو رووداوە ناخۆشەو یاد کردنەوەی، ڕێزدانانو نێوهێنانی ئەو کادرو پێشمەرگانەی کە هەرکام نەخشێکی بچووک یا گەورەیان بووە خۆی جێگای سپاسو پێزانینە.
بۆکانو ناوچەکانی، وەک هەموو شوێنەکانیتری کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە، کەژو کێوی بڵندو سەختی کەمە، کەم بەرزایی هەیە ماشێنی بۆ نەچێ، بەو حاڵەش شوێنی قارەمانەتی، شوێنی راپەرینی جووتیاری، جێگای بەربەرەکانیو حەسانەوەی خەباتگێڕانی ساڵەکانی چلو شەشو چل وحەوتە. لەو ناوچە بەدەیان قارەمانەتی کەم وێنە روویداوە. لاوانی موکریان بە بەخشینی خوێنی خۆیان بەخاکی پیرۆزی کوردستان بەدەیان جار لمبۆزی داگیرکەرانی کوردستانیان لە خۆڵ وەرداوە. کاک هەڤاڵ یەکێک لەو لاوانەیە کە هەم بەچەکی پیرۆز وەک پێشمەرگەی پەلێکو هەم بە کۆڵەپشتی پڕ دەرمان وەک تازەلاوێکی دەورەی دەرمانی دیتوو لە نەخۆشخانەی حیزبو هەم بە قەڵەمو دەنگە بەسۆزەکەی کۆری خەباتی هەڵبژاردووەو تێدا ئەسپی خەیاڵی تاو دەدات. هەڤاڵی خوشکەزای هونەرمەندی گەورەی کورد کاک عوسمانەسوور، ئەو کاتانەی لە چوارچێوەی ماڵدا، دادەنیشت لایەلایەی سێحراوی نایە بە سۆزەکەی خاڵی دەبیست. کاتێک دەهاتەبەر دەرگاو یاری لەگەڵ هاوڕێکانی دەکرد، قەڵافەتو سەربەرزی چیای تەرغە شوێنی قارەمانەتی شەهیدانی دەبینی، یاخود بەلای چەپیدا دەینواری، کۆشکی خات زاراو پێمەرەکەی فەرهادی دەدیتو ئارەزووی گەیشتن بۆسەر چیای سەر بەرزی سەنگەرانی لە ئاوێنەی بەختیدا دەبینی. لە بۆکانو دەوروبەری زۆر جار روویداوە کاتێک گەنجەکان لەماڵ هاتوونەتەدەرو چاویان بەتەرەغە (لە زۆربەی هەرە زۆری ئاواییەکان دەبیندرێ) کەوتوە سەنگەری پێشمەرگەکانیان هەڵبژاردووەو ملی رێگایان گرتوو و بەرەو کۆری خەبات وەرێکەوتوون.
کاتێک کتێبی جامانەی خوێناویم (بەمایل) پێگەیشت، وەک هۆگرێکی دەنگو نووسراوەکانی کاک هەڤاڵ دانیشتمو دەستم کرد بەخوێندنەوەو هەتا خڵاسم نەکرد هەڵنەستام. لێتان ناشارمەوە چۆن بۆخۆم لەگەڵ ئەو کاروانە بووم، بەلامەوە سەد هێندەیتر گرینگترو شیرین تربوو. لە هێندێک جێگا دەگریامو فرمێسکەکانم دەهاتن خوارو، برێک جاریش هەستم بە لەخۆبایی بوون دەکرد. گریان بۆ وەبیر هاتنەوەی فەرماندەری ئازا، هونەرمەند کاک برایم قادری کاتێک بریندار بوو، لەسەر عەرز راکێشابوو، ترسەنۆکێک کە پاشان تەسلیمی دوژمن بۆوە وتی: بابەجێی بێڵینو کاک برایم گوێی لەم قسەیە بووو دڵی پڕبوو، یەکی تر دڵخۆشی دایەوەو وتی: خەمەت نەبێ کاکە مەرگم لەگەڵ مەرگی تۆیە. گریانم بۆ وەبیر هاتنەوەی شەهید کاک سەرگورد کەریم عەلیار بوو، کاتێک دوژمن بە تۆپی ١٠٦م لە ئێمەیدا، سێ کەسو ئەسپێک بووین. ئەبوو شەهید بوو کاک کەریمو منیش بریندار، برینەکەی قورس بوو بۆ رزگار کردنی لە دیدی دوژمن، دەستم دایە لە کۆڵی بکەم هەموو زگو پشتی خوێنو جێگای تیکە بوو، هەر لایەکم دەگرت بە لایەکیتریدا ریخۆڵەکانی شۆڕ دەبوونەوە، ئای چ رۆژێکی ناخۆش بوو، فەرمووی زێڕە گیان دامبنێ نامتوانی، تازەمن ناژیم برۆ، ئەوە تفەنگی رووبەروو و راستە (مستقیم) ئێستا لە تۆش دەدەنەوە، هەر دووکمان تۆزاوی، خۆلاوی، بریندار، یەک ئامانج، سەریم بەرزکردەوەو نامە سەر رانم، وەک کوڕێکی باب مردوو ئەملاو ئەولایم ماچ کرد، سەرم هەڵهێناو ئاوی زارم قوت دایەوە، شتێکی زۆررەق لە نێوزارم دابوو وامزانی ددانم شکاوەو هۆشم نیە، کە چاوم لێکرد خاکو خۆڵوخیزی سەر روومەتی فەرماندەی شەهیدمە، بەسووکی چاوەکانیم لێکناو ئەسنادو رەمزی بێسیمو پووڵەکانیم هێناو تەحویلی ڕێبەریم دایەوە. گریانم بۆ تاقانەکەی ئەوکاتی شێرە کوڕێکی قارەمان، چاو نەترس، ئازو بەجەرگی وەک کاک ئەمیر رەسووڵی کادرو فەرماندە بوو، ئەو کەسەی کە سنبوولی برایەتیو دۆستایەتیو فیداکاری بوو، کاتێک کەوتینە نێومەیدانی مینی دوژمنو بەداخەوە کاک ئەمیرو کاک جەلال کۆخانی وەبەر کەوتن، وەک یەکەم کەس گەڕامەوەو خۆم گەیاندە سەر جەستەی لە خوێندا خەڵاتانکراوی کاک ئەمیرو فەرمووی زێڕەگیان ئەوە تۆی؟ بەڵێ، بەڵێ دەگیریمو ئێستاش فرمێسک دەڕێژم بۆ ئەو رۆژانەی کە رۆڵەکانی موکریانو هێزی ١١٠ی بەیان بە نییەت پاکی خاکی پیرۆزی کوردستانیان ماچ دەکرد.
قارەمانەکانی جامانەی خوێناویو نووسەرە خامە جوانەکەی، رۆڵەکانی موکریانو قوتابییەکانی فەرماندەرانی شەهید سەرگورد عەلیارو وەستائەحمەدی کوهگردو عەوڵا شێنانین.
کاتێک خۆت دەخەیتە سەرشەپۆلی دێرەکانی جامانەی خوێناوییو دەگەیەوە ئەو جێگایەی رەحمانو ئەنوەر، عوسمان دەبیننەوەو لەکاتی شاردنەوەدا، عوسمان دەڵێ ئێوە برۆن من تازە نامێنم، یان دەڵێ بچن وڵاغێک بێنن، یان بەری بەیانی کە لە لایەک جاشو پاسدارو تۆپخانە وردە وردە لە پێشمەرگەی بریندار نزیک دەبنەوە، لەلایەکیتریشەوە رۆڵەی برینداری دێمۆکرات دەست لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگوئامادە، یان کاتێک لەو شوێنە کە خوشکە فریشتە دێو بچێتەسەر کانیو لەنەکاو دەنگێکی نامۆ دەبیستێ، یا خود ئەو جێگایە بە کەتری رەشەوە دێو ئاو بۆ بریندارەکە دێنێ، دەبێ خوێنەر چ هەستێکی هەبێ کە دەبینێ لە لایەک گەنجێکی کوردی موکریانی، هەموو خۆزگەو ئاواتەکانی خۆی وەلاناوەو تەنیا یەک هیوای هەڵبژاردووەو ئەویش رزگاریو سەربەستیی گەلەکەیەتی، لەلایەکی تریشەوە سپای سەرکوتو تاڵانکەرو جاشی خۆماڵی هاتوون وڵاتەکەی داگیرو وێران دەکەن؟. کاتێک دەگەیتە ئەو جێگایە کە هەموو خەمەکان، هەموو هەوڵەکان دەبن بەیەک، دادە فرشتە سەنبولی بەشێکی گرینگی کۆمەڵ، کاکی شوان کە بەرەو پیلی رەحمانو ئەنوەر دێ، یارو یاوەری تێکۆشەران، وەرزێرەکان لە هەر سێک لا، چ ئەوەی نانو چا دێنێ بۆ دوو پێشمەرگە هەڵبڕاوەکە، چ ئەوەی بە کاک عەوڵا دەڵێ دوو کەس لەنێو ئەو گەنمە هەر قوتە قوتیانە،چ ئەو دروێنەوانانەی کە من (زێڕە) دەچم بۆ لایانو بۆ هەواڵ رەوانەی ئاوایی باغڵووجەیان دەکەمو چ پێشمەرگەکان هەر کەسەو لەلای خۆیەوە هەوڵ دەدەن بۆ رزگاریی عوسمانی بریندار لەنێو گەرووی دوژمندا. لیرە دایە هەڤاڵو جامانەی خوێناویی زۆر بەروونیو بەراشکاوی بەداگیرکەران دەڵێن: شۆڕشی منی کورد، خەباتو راوەستانی منی کورد تێکەڵاوە لەگەڵ هەموو چین وتوێژەکانی گەلەکەم. پاڵپشتم گەلو کێوو کەژەکانی کوردستانە، ورەو باوەرو ئیمان بەخۆو خەباتە رەواکەمە، دەیان ساڵە دێمۆکراتمو لە خەباتدامو هەتا سەرکەوتنیش ئەو سەنەگەرە چۆڵ نابێ.
کاک هەڤاڵ زەحمەتێکی زۆری کێشاوەو هیوادارم بەردەوام بێت، جامانەی خوێناویی جوانترین رووی ئاوێنەی بەردە، کەئەویش دڵپاکیو بێ غەلو غەشیو بێچاوەروانی نووسەری دێرەکانێتی. من بەنۆرەی خۆم زۆر سپاسی دەکەم، هەم بۆ ڕێزگرتنی لەهاوڕێو هاوسەنگەرەکانیو هەم بۆ هەستو نییەت پاکیی بەنیسبەت من کە لە چەند جێگادا، لەجامانەی خوێناویدا نێوی هێناوم. سپاسی ئەو بەڕێزانەش دەکەم کە یارمەتی کاک هەڤاڵیان کردووە بۆ رێکوپێک کردنو چاپی ئەو کتێبە جوانە.
٢/٢/٢٠١٤